ئەو وەرچەرخانەی بڕیارە بوێرەكەی ترەمپ دروستی كردووە
April 15, 2017
راپۆرتەکان
لەو كاتەوەی ترەمپ بۆتە سەرۆكی ئەمریكا، زۆر لە رۆژنامەنووس و توێژەران و تەنانەت دیپلۆماتكارانیش ئاماژە بەوە دەكەن و دەپرسن : ئایا تیۆرەكەی نیكسۆن بەسەر ترەمپدا جێبەجێ دەبێت، یان نە؟ هەندێك پێیانوایە نیكسۆن، كیسنجەری لەگەڵدا بوو، بۆیە توانی لە چوارچێوەی ئەو تیۆرە سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت، بەڵام ئایا ترەمپ كێی لەگەڵدایە كە بتوانێت هەمان سەركەوتنی نیكسۆن بەدەست بهێێنت؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەشدا ئەوانەی باشتر سایكۆلۆژیەتی ترەمپ و شێوازی سیاسەتكردنی ترەمپ لە چوارچێوەی هونەری گرێدانی سەفقەی بازرگانی دەخوێننەوە، دەڵێن، راستە ترەمپ ئەزموونی نیكسۆنی نییە و هەروەها كیسنجەریشی لەگەڵدا نییە، بەڵام ئەو ستافەی هەڵیبژاردووە بۆ راپەڕاندنی ئەو ستراتیژەی كە بڕوای پێیەتی، ستافێكی لێهاتوو و شایستەن و بەپێی ئەو ستراتیژە هەڵبژێردراون كە ترەمپ دەیەوێت جێبەجێی بكات، بۆیە لەم حاڵەتەدا ترەمپ راستە خۆی دوایین بڕیار دەدات، بەڵام ستافەكەی هاوكاری تەواوی دەكەن و بڕیارەكە بەپیی پێویست دروست دەكەن. لەم حاڵەتەدا مەزندەی ئەوە دەكرێت ئەوەی نیكسۆن لەچوارچێوەی تیۆری پیاوە شێتەكە نەیتوانی لەگەڵ هۆشی مینە و ڤێتنام سەركەوتن بەدەست بهێنێت، ئەوا ترەمپ زۆر بە باشی دەتوانێنت بەرامبەر ئێران و تەواوی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستی بهێنێت.
ئەم ئاراستەیە ئەوەمان بۆ ئاشكرا دەكات، كە ترەمپ بڕیاری سەرپێی نادات و هەروەها موجازەفە و موغامەرەش لەسەر هیچ پرسێك ناكات، هەروەك چۆن ریكس تیلێرسۆن پێش ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بێت، بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئیكسۆن موبیل بووە و هۆكاری سەركەوتنیشی لە بڕیارەكانی ئیكسۆن موبیلدا ئەوە بووە كە هەرگیز موجازەفە و موغامەرەی نەكردووە و بەرژەوەندی ئیكسۆن موبیلیشی لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی دیكە سەیركردووە، بێگومان ترەمپ-یش بەهەمان شێوە سەیری پرسەكان دەكات و بەوجۆرە بڕیار دەدات كە بەرژەوەندیی ئەمریكا لەسەرووی هەموو شتێكی دیكە بێت.
بەرژەوەندیی ئێستای ئەمریكا لەوەدایە كە لەهەر بڕیارێك دەدرێت، ئامانج لێی ئەوەیە ئەو بڕیارە خۆی پەیامێك بێت و كاریگەری لەسەر دۆست و دوژمنەكانی ئەمریكا لەیەك كاتدا هەبێت، ئەمەش واتە لەلایەك دوژمنەكانی ئەمریكا لەو راستییە تێبگەن كە هەوڵنەدەن ئیرادەی ئەمریكا تاقی بكەنەوە و یاری بەئاگر نەكەن، لەلایەكی دیكەش بۆ دۆستان و هاوپەیمانانی ئەمریكا مانای ئەوەیە بەرژوەندیی ئەمریكا لەوەدایە كە دۆست و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا بەهێزبن و بتوانن لە شوێنی خۆیان لەسەر ئاستی بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیان كۆنتڕۆڵی كێشەكان لەناوچەكانی خۆیان بكەن.
ئەگەر سەرنج لەبڕیاری وەشاندنی گورزی سەربازیی ئەمجارەی ئەمریكا لە رژێمی ئەسەد بدەین، دەبینین هەموو نەیار و دوژمنەكانی ئەمریكا لەوە تێگەیشتن كاتێك بەرژەوەندی و شكۆی ئەمریكا پێویستی بەهەر بڕیار و كاردانەوەیەك هەبێت، ئەمریكا چاوەڕێی ئەوە ناكات ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی شەرعییەتی نێودەڵەتی پێببەخشێت و ماوەی چەندین مانگ لەناو ئەنجومەنی ئاسایشدا دانوستاندنی لەسەر بكرێت و پاشانیش بڕیارەكە نەدرێت، لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمریكاش ئەو پەیامەی پێداین كاتێك بەرژەوەندیی ئەمریكا پێویستی بە وەڵامدانەوەی پێویست و بڕیاری بوێرانە هەبوو، ئەوا ئەمیشیان پێویست ناكات لە كۆنگرێسدا بڕیارەكە بكەوێتە بەردەمی ململانێی حزبی دیموكراتی و كۆمارییەكان و بڕیارەكە بەمردوویی لەدایك بێت، بەپێچەوانەوە دەستووری ئەمریكا ئەو دەسەڵاتەی داوە بە سەرۆك كە بڕیاری خۆی بدات و پاشان كۆنگرێس پرسیاری لێ بكات، ئەو بڕیارەی لەسەر چ بنەمایەك داوە، ئەم شێوازە بۆ یەكەمین جار لە مێژووی ئەمریكادا ئەبراهام لنكۆڵن داویەتی و لەهەمانكاتیشدا كەپیتۆڵ هۆڵی نوێكردۆتەوە بۆ ئەوەی لە بینانە نوێیەكەی كەپیتۆڵ هۆڵ لەسەر بڕیاری شەڕی دژی كۆیلایەتی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت. لەم بڕیارەدا ترەمپ بە هاوشێوەی لنكۆڵن بڕیاریداوە و ئامادەشە كۆنگرێس لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكات، ئەمە لەكاتێكدا بڕیارە بۆ بەرژەوەندیی ئێستای ئەمریكا ئەوەندە گرنگ بوو كە پێش ئەوەی كۆنگرێس لێی بپرسێت چۆن بڕیارەكە دراوە، پشتگیری خۆیان بۆ بڕیارەكەی ترەمپ دەربڕی.
كەواتە ئەگەر پەیامی ئەم بڕیارە بۆ نەیار و دوژمنەكانی ئەمریكا ئەوە بووبێت كە لەگەڵ ئەمریكادا یاری بە ئاگر ناكرێت، ئایا پەیامی ئەم بڕیارە بۆ دۆست و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا چی بووە؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا دەنیس رۆس لە وتارەكەیدا دەڵێت: ئەم بڕیارە ئاوێكی ساردی كرد بە دەروونی گەرم و تووڕەی دۆست و هاوپەیمانەكانمان لە عەرەب و ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوەیان بۆ دەركەوت كە ئیدارەی تازەی ئەمریكا خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر بە كێشەكانی ناوچەكە و چیدیكە ئێران وەك بەشێك لەچارەسەری كێشەكان سەیر ناكات، بەڵكو وەك سەرچاوەی كێشەكانی ناوچەكە مامەڵەی لەگەڵدا دەكات، هەر ئەم تێگەیشتنەش لە پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی شا سەلمانی پادشای سعودیە و پشتگیری ئیسرائیل و تەواوی دەوڵەتانی عەرەبی دەخوێندرێتەوە كە خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەو بڕیارە دەربڕی و دەوڵەتانی ناتۆ و یەكێتی ئەوروپاشی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی رۆژئاوای لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێكەوە كۆكردەوە.
لەم بازنەیەدا ئەوە روون دەبێتەوە كە ئەگەر گەورەترین كێشەی ئەمریكا و دەوڵەتانی ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا و هاوپەیمانەكانی رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەهەمبەر خوێندنەوەی كێشەكان و یەكخستنی هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە، نەبوونی یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی بووبێت، ئەوا ئەم بڕیارە ئەو گرفتەی نەهێشت و هەموو گەیشتنە ئەو قەناعەتەی لەگەڵ ئەوەی كە زۆر جار پەنابردن بۆ هێزی سەبازی كارەساتی مرۆیی نەخوازراو بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام مێژووی دیپلۆماتییش ئەو راستییەی سەلماندووە، لە زۆر حاڵەتدا ئەگەر هەوڵە دیپلۆماتییەكان بە هێزی سەبازی پشتگیری لێ نەكرێت و هێزی سەربازی نەكرێتە ئامێرێك بۆ خزمەتی هەوڵە دیپلۆماتییەكان، ئەوا شەڕی هاوشێوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆتایی نایەت و پاشاگەردانی لەناوچەكەدا كۆتایی پێنایەت.