سووریا نابێتە ڤێتنیام بەشار ئەسەد چارەنووسی سەدامی دەبێت
April 13, 2017
راپۆرتەکان
دۆناڵد ترەمپ لەوتاری دەستبەكاربوونیدا، سەرچاوەی تیرۆر و توندوتیژی بە رادیكاڵیەتی ئیسلامی دیاریكرد، ئەمەش مانای ئەوەیە رادیكاڵیەتی ئیسلامی سیاسی (شیعە بێت، یان سوننە) هەمان مەترسی هەیە و دەبێت ئەم رادیكاڵیەتە بوونی نەبێت و نابێت هیچ لایەنێكی شیعی، یان سوننی بیر لەوە بكاتەو خەلافەت، یان كۆماری ئیسلامی دابمەزرێنێت و هەوڵبدات سەردەمی فتوحاتی ئیسلامی زیندوو بكاتەوە، یان هەوڵبدات پەرە بە فیكری شیعە، یان سوننە بدات و بەزۆر بەسەر دەوڵەتاندا بیسەپێنێت.
پێدەچێت ئەم پرسە هەتا ئێستا لەلایەن ئێران و وەكیلەكانی لەتەواوی ناوچەكە بەوجۆرە لێكدرابێتەوە كە ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تەنیا دژی سەلەفییەتی جیهادی سوننەن كە ئامانجیان ئەوەیە خەلافەتی ئیسلامی زیندوو بكەنەوە، نەخێر ئەمریكاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە هەمان ئاست دژی ئایدیۆلۆژیەتی شیعەگەرایشن كە دەیانەوێت لەناو جیۆپۆلتیكی ناوچەكەدا هیلالی شیعی دروست بكەن، مەبەستیش لە هیلالی شیعی واتە دامەزراندنی سیستمی دەوڵەت لەسەر بنەمای ویلایەتی فەقیه، ئەم ویلایەتی فەقیهە لەگەڵ خەلافەتی ئیسلامی جیاوازییەكەی ئەوەیە، كە مەزهەبی سوننە ئامانجی ئەوەیە خەلافەت بگێڕێتەوە و مەزهەبی شیعە ئامانجی ئەوەیە شیعە جۆرێك لە حوكمڕانیی ئیسلامی پیادەبكات، هەتا ئیمامی مەهدی دەگەڕێتەوە، لە هەردوو حاڵەتەكەدا ئامانجی گێڕانەوەی خەلافەتی ئیسلامی، ئامانجی داعش بێت، یان ئیخوان موسلمین، لای ئەمریكا هەردووكیان وەك تیرۆریست مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، لەبەرامبەریشدا ئەو هێزەی كە راستەخۆ بۆتە داینەمۆی هەناردەكردنی ئایدیۆلۆژیەتی شیعەگەرایی و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی ویلایەتی فەقیه، ئێستا لە ناو ئیدارەی ئەمریكادا بەوجۆرە باسی لێدەكرێت كە گاردی شۆڕشگێری ئێرانیش بەهەمان شێوەی ئیخوان موسلمینی میسر ناوی لە لیستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا تۆماربكرێت و بەهەمان شێوەیەش مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.
لێرەوە ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و رووسیاش لەسەر ئەوە هاودەنگن كە دەبێت پێناسەی دەوڵەت لەسەر بنەمای پێناسەی دەوڵەتی هاوچەرخ بێت، نەك لەسەر بنەمای ئایینی، هەروەها دەوڵەت دەبێت پابەندی ئەو پرانسیپانە بێت كە رێكخراوی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان سەروەریی دەوڵەتی پێ پێناسە كردووە و دەبێت هەموو دەوڵەتێك رێز لەسەروەریی دەوڵەتانی دراوسێی و دەوڵەتانی دیكەش بگرێت، بەپێچەوانەوە، ئەوا هەر دەوڵەتێك ئامادە نەبێت رێز لەو پرانسیپانە بگرێت، ئەوا دەبێت خۆی لەگەڵ ئیرادەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی و ئیرادەی ئەمریكا بەتایبەتی تاقیبكاتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر سەرنج لە لێدوانەكانی ریكس تیلێرسۆن-ی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بدەین كە دوای لێدانی گورزە سەربازییەكە داویەتی، دەبینین راشكاوانە ئاماژەی بەوە كردووە كە ئامانجی ئەم گورزە سەربازییە بۆ ئەوە نییە رژێمی ئەسەد بڕووخێنێت، یان كێشەی سووریا بە هێزی سەربازی یەكلایی بكرێتەوە و هێشتاش ئەمریكا ئەو بژارەیە پەسەند دەكات كە كێشەی سووریا لەلایەن خەڵكی سووریاوە یەكلایی بكرێتەوە.
ئەم لێدوانەی تیلێرسۆن راشكاوانە پەیامێكی پێشوەختەی ئەمریكایە، پێش ئەوەی تیلێرسۆن لە رۆژی 12ی نیسانی داهاتوو سەردانی مۆسكۆ بكات، بەدیوێكی دیكەدا دەیەوێت بە رووسیا بڵێت: ئەو گورزە سەربازییەی ئەمریكا دژی ئەسەد بۆ رووخانی رژێمی ئەسەد نییە، بەڵكو بۆ ئەوەیە ئەسەد ملبدات بۆ ئەوەی دەوڵەتێكی مەدەنی عەلمانی لەماوەی 18مانگی قۆناخی وەرچەرخانی سیاسی لەچوارچێوەی رێككەوتنی ژنێف دابمەزرێت، ئەوكات گەلانی سووریا بە بەشار رازی دەبن، یان لای دەبەن، ئەوە كێشەیەك نابێت و بەرژوەندییەكانی رووسیاش پارێزراو دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەسەد بەو نیازە بێت بە پشتی ئێران و حزبوڵا و میلیشیا شیعیەكانی دیكە ئەمری واقیعێكی دیكە فەرز بكات و هەوڵە نێودەوڵەتیەكان ژێر پێ بنێت، ئەوا دەبێت رێگە بە ئەسەد نەدرێت ئەو ئامانجەی بێتەدی.
لەم راستەوە ئەگەر جارێكی دیكە هەڵوەستە لەسەر كرۆكی كێشەی سووریا بكەین، هەست دەكەین لەنێوان ئەمریكا و رووسیا تا رادەیەكی زۆر لێكتێگەیشتن هەیە و ئەم لێكتێگەیشتنەش تا رادەیەك توركیا و ئیسرائیل و سعودیەش پێی رازین، بەڵام ئەوەی لەم هاوكێشەیەدا جێگەی نابێتەوە، رۆڵی گەورەی ئێرانە كە نایەوێت سووریا دەوڵەتێكی مەدەنی و عەلمانی بێت، بەڵكو مەبەستێتی دەوڵەتێكی شیعە بێت لە چوارچێوەی سیستمی ویلایەتی فەقیهدا، یاخود دەوڵەتێك بێت سیاسەت و ستراتیژیەتی لە خزمەتی هیلالی شیعیدا بێت، لەم حاڵەتەدا كە لەناو كرۆكیی هاوكێشەكەدا ئامانجی لایەنی شیعە و ئێران لەسەر شەڕی سووریا و مانەوەی بەشار ئەسەد روون دەبێتەوە، دەبینین بەرەی ئێران و شیعە بە تەنیا دەمێنێتەوە و بەرەی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پشتگیری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەدەوری خۆی كۆدەكاتەوە.
لایەنێكی دیكە كە شیعە و ئێران ناتوانن بارودۆخی ناوچەكە بكەن بە ڤێتنامێكی دیكە بۆ ئەمریكا ئەوەیە، ئەگەر ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، خۆیان لەشەڕی دژی داعش بكشێننەوە، ئایا چارەنووسی شیعەی عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن و ئێران و شوێنەكانی دیكە بەكوێ دەگات؟ بێگومان سەرەتای سەهەڵدانی داعش و كەوتنی موسڵ و راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە، ئەگەر ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نەهاتنایەتنە ناو شەڕەكە و بەشدار نەبوونایە لەشەڕی دژی داعشدا، ئەوا ئێران و هێزەكانی شیعە نەك هەر نەیاندەتوانی پێشرەوییەكانی داعش رابگرن، بەڵكو دوور نەبوو بەغداش بكەوتایە دەستی داعش، بۆیە لە ئێستادا لایەنی زەرەرمەند ئەمریكاو هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی نین كە لەناوچەكەدان، بەڵكو زەرەرمەندی سەرەكی ئێران و شیعە دەبێت ئەگەر ئەمریكاو هاوپەیمانان لە ناوچەكە بوونیان نەمێنێت. هەر بۆیە ئەگەر ئێران و شیعە وەك كاردانەوە بەرامبەر گورزە سەربازییەكەی دژی رژێمی ئەسەد بیانەوێت بە رێگەی شەڕی بەوەكالەت هێرش بكەنە سەر هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان، ئەوا ئەمریكا هەر خۆی بەتەنیا ئەو توانایەی هەیە لەیەك كاتدا دوو بەرەی شەڕ بەرێوەببات و سەركەتووش بێت، بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ئایا ئێران و میلیشیا شیعیە وەكیلەكانی ئەو توانایەیان هەیە دووبەرەی شەڕ لەیەك كاتدا بەڕێوەبەرن كە یەكێكیان داعش و ئەوی دیكەشیان ئەمریكاو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بێت؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئەو وەرچەرخانە گەورەیە دەیداتەوە كە گورزە سەربازییەكەی ئەمریكا دروستی كردووەو راشكاوانە بە ئێران و وەكیلەكانی دەڵێت: دەبێت لەو راستییە تێبگەن كە هەوڵدان بۆ زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و هەوڵدان بۆ دروستكردنی مەترسی لەسەر هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەناوچەكە و جیهان، باجێكی قورسی دەبێت و دەبێت ئێران و شیعە ئامادەبن ئەو باجە بدەن.