مووشەك تۆماهۆك وەڵامێك بوو بۆ ئەوانەی دەیانویست ترەمپ تاقیبكەنەوە
April 12, 2017
راپۆرتەکان
كەواتە وەك دەنیس رۆس گەورە دیپلۆماتكاری ئەمریكا لە وتارێكیدا دوای ئەم كردەوە سەربازییە ئاماژەی پێكردووە، ئەم بڕیارەی سەرۆك ترەمپ بە لێدانی گورزێكی سەربازی لە رژێمی ئەسەد، پەیامێكە دەگاتە ئێران و كۆریای باكوور و رووسیاش، راستە لەوانەیە ئەم گورزە سەربازییە نەبێتە هۆكاری ئەوەی دینامیكیەتی شەڕەكە لە سووریا بگۆڕێت، بەڵام لەهەمانكاتدا ئەم گورزە سەربازییە كردنەوەی پەنجەرەیەكی تازە بوو بە رووی پەنابردن بۆ رێگەی دیكە بەرامبەر ئەو دەوڵەت و لایەنانەی كە دەیانەوێت ئیرادەی ترەمپ تاقی بكەنەوە، یاخود وەك خۆی گوێ بۆ هۆشداریدان و ئاگاداركردنەوەكانی ئیدارەی تازەی ئەمریكا راناگرن.
چاودێران پێیانوایە لەگەڵ ئەوەی هێشتا زووە تا بەتەواوەتی ئەوە بزانرێت كاردانەوەكانی رژێمی ئەسەد لەلایەك و ئێران و رووسیا لەلایەكی دیكە بەرامبەر وەشاندنی ئەم گورزە سەربازییەی ترەمپ چۆن دەبێت، بەڵام لەهەموو حاڵەتێكدا و پێش هەمووان رژێمی ئەسەد ئەگەر وەك تەحەددایەك پەنابباتەوە بەر بەكارهێنانی چەكی كیمایی، ئەوا هەمان هێرش دووبارە دەكرێتەوە بۆ سەر ئەو بنكە ئاسمانییەی ئەو فڕۆكانەی لێوە دەفڕن و بەمەش هێزی ئاسمانی رژێمی ئەسەد زۆر لاواز دەبێت و دەبێتە هۆی بەهێزكردنی چەكدارانی دژی رژێم و نزیكبوونەوەی رووخاندنی رژێمی ئەسەد. هەر بۆیە چاودێران پێیانوایە جارێكی دیكە بەشار ئەسەد زاتی ئەوە ناكات، پەنا بۆ بەكارهێنانی چەكی كیمایی بەرێت، بەڵام مەزندەی ئەوە دەكەن وەك پێشتر بەردەوام بێت لە بۆمبارانكردن بە ناپاڵم و بەرمیل بۆ سەر ئەو ناوچانەی كە ئێستا بەدەستی چەكدارانی دژی رژێمی ئەسەدەوەیە و ئەمەش بەو ئامانجە دەكات ئەو خاكەی لەبەر دەستی ئەو چەكدارانەیە دووبارە كۆنتڕۆڵیان بكاتەوەو لە هەمانكاتیشدا نابێتە بیانوویەك بەدەستی ئەمریكاوە بۆ ئەوەی هێرشی هاوشێوەی دیكە بكاتە سەر رژێمەكەی. بەڵام سەبارەت بەم سیناریۆیەش چاودێران پێیانوایە لە ئێستادا رژێمی ئەسەد بەشی پێویست هێزی زەمینی نەماوە كە بتوانێت ئەو ناوچانە هەمووی بگرێتەوە و هێزی پێویستیان تێدا بڵاوبكاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت بیانپارێزت، بۆیە ئەگەر كارێكی لەو جۆرە بكات، دەبێت پشت بەو میلیشیا شیعانە ببەستێت كە ئێران لە شوێنە دوورەكانی وەك ئەفغانستانەوە هێناونی بۆ سووریا، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا لایەنی ئێرانی ئامادەیە وەك كاردانەوە بۆ ئەم گورزە سەربازییەی ئەمریكا دژی رژێمی ئەسەد، مەترسییەكە بگەیننە ئەو ئاستە و بەوجۆرە رووبەڕووی ئەمریكا ببنەوە؟ ئەمە لە كاتێكدا ئێران زۆر باش دەزانێت كە ئەوە رژێمی بەشار ئەسەدـە چەكی كیمیایی بەكارهێناوەو بۆتە هۆكاری ئەوەی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر سووریا بگۆڕێت، سەرۆك ترەمپ-یش دوای بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە لایەن رژێمی ئەسەدەوە راشكاوانە ئەوەی راگەیاندووە، ئەم كارە بۆتە هۆكاری ئەوەی سیاسەتی خۆی بەرامبەر رژێمی ئەسەد بگۆڕێت، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەمریكا بەشێوەیەك لە شێوەكان جۆرێك لێكتێگەیشتنی لەگەڵ رووسیا سەبارەت بە ئایندەی سووریا دروستكردووەو لەمەش زیاتر ئەمریكا پێش ئەوەی فەرمانی لێدانی ئەو گورزە سەربازییە جێبەجێ بكات، مۆسكۆی ئاگادار كردۆتەوەو پێدەچێت مۆسكۆش بەشێوەیەك لە شێوەكان رازی بووبێت، بۆیە نەیویستووە بە رێگەی رۆكێتی s300، s400 ئاراستەی رۆكێتەكانی ئەمریكا تێكبدات، هەر بۆیە ئەگەر لەم راستەوە سەیری كاردانەوە سەرەتاییەكانی مۆسكۆ بەرامبەر ئەم گورزە سەربازییە بكەین، دەبینین بێجگە لەسەركۆنەكردنی كردەوە سەربازییەكە و بەرگریكردن لە رژێمی ئەسەد بەوەی چەكە كیمیاییەكان لای نەیارانی ئەسەد بوون، نەك حكومەتی سووریا، پاشانیش هەڵپەساردنی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان ئەمریكا و رووسیا هەبووە لەسەر ئاسمانی سووریا، كاردانەوەی دیكەی نەبووە، بەڵام ئەوەی كە سەرۆك پۆتینی نیگەران كردووە ئەوەیە كە ئەو نایەوێت ئەمریكا بە شێوەیەكی یەكلاكەرەوە پەنا بۆ هێز ببات.
ئەگەر لەمیانەی كاردانەوەكانی رووسیا لەهەمبەر گورزە سەربازییەكەی ئەمریكا بۆ سەر بنكە ئاسمانییەكەی شوعەیرات هەڵوەستەیەكی ورد بكەین، بە ئاشكرا بۆمان دەردەكەوێت كە رووسیا ئەوەی مەبەستی بوو لە سووریا دەستی بكەوێت، وەك: هێشتنەوەی رژێمی ئەسەد، فراوانكردنی رێڕەوی سەربازی، دامەزراندنی بنكەی سەربازی، ئەمانەش هەمووی دەستكەتووە، بۆیە لە ئێستادا هێندەی دەیەوێت ئەم دەستكەوتانە بپارێزێت و بیانچەسێنێت، هێندە نایەوێت زیاتر خۆ تیوە بگلێنێت و باجی گەورەتر بدات.
ئەگەر هەتا ئێستا كاردانەوەكان بەمجۆرە بوون، ئایا سەرۆك ترەمپ ئەم گورزە سەربازییەی تەنیا لەبەر ئەوەندە بوو كە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی باجێكی گەورەی بەدوادا دێت، یان ئەم گورزە سەربازییە پەیامێكی گەورەترە بۆ هەریەكە لە رووسیا و ئێران و ترەمپ مەبەستێتی بە باشی هەردوولا لە پەیامی ئیدارەكەی تێبگەن و هەوڵنەدەن ئیرادەی ترەمپ تاقیبكەنەوە و چیتر لەگەڵ ئیدارەی تازەی ئەمریكا یاری بە ئاگر نەكەن؟ دیارە ئەم بڕیارەی ترەمپ بە تایبەتی بۆ رووسیا ئەو پەیامەی بۆ ناردووە كە هەتا ئێستاش چەكدارانی رژێمی ئەسەد هەرماون و هێشتا مانەوەی رژێمی ئەسەد گەرەنتی نییە، بۆیە ئەگەر رووسیا نەیەوێت بارودۆخەكە زیاتر هەڵبكشێت و باجی گەورەتر نەدات، ئەوا ئەمریكا ئامادەیە كار لەگەڵ رووسیا بكات و پشتگیری لە پرانسیپەكانی پرۆسەی ئاشتیی ژنێف بكات، دیاریشە كە جێبەجێكردنی پرانسیپەكانی ژنێف، دەستكەوتەكانی رووسیا لە سووریا دەپارێزێت، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر رووسیا رەفتار بكات، ئەوا ترەمپ كارتی دیكەی لەبەر دەستە بۆ ئەوەی بەتەواوەتی سیاسەتی خۆی بگۆڕێت بۆ رووخانی رژێمەكەی ئەسەد، سەبارەت بە ئێرانیش كە زۆربەی شارەزایان پێیانوایە ئێران ئەو توانایەی هەیە شەڕی بەوەكالەت بە میلیشیا شیعەكان لە عێراق و سووریا دژی سوپای ئەمریكا ئەنجامبدات، بەڵام ئەگەر ئێران ئەم كارە بەرامبەر سوپای ئەمریكا جێبەجێ بكات، بەشێوەیەك لە شێوەكان مانەوەی داعش درێژدەكاتەوە و داعشیش دوژمنی سەرسەختی شیعەیە، نەك هەر لە عێراق و سووریا، بەڵكو لەتەواوی ناوچەكە و جیهانیشداو ئەوەشی ئێستا داعش وەك كاردانەوە بەرامبەر رۆژئاوا بەشێوەیەكی گشتی دەیكات، لەبەر ئەوەیە رۆژئاوا وەك پشتگیری شیعە و ئێران لە قەڵەم دەدات و دەیەوێت تۆڵەی شیعە لە شەڕی دژی داعش لە رۆژئاواو هاوپەیمانی نیودەوڵەتی دژی داعش بكاتەوە.