ریفراندۆم سەركەوتنی ئیرادەی نەتەوەیەك بەشێوەیەكی ئاشتییانە نەك شەڕ
April 6, 2017
راپۆرتەکان
كەواتە ئەوانەی لە پرۆسەی ریفراندۆمدا دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەدەن، تەنیا كورد نین، بەڵكو كورد و عەرەب و توركمان و كلدو ئاشووری و موسڵمان و مەسیحی و كریستیان و ئێزیدی و ئەرمەن و سائبە و شەبەكن كە هەموو بۆ پێكەوەژیان و برایەتی و لێبووردەیی بڕیار لەسەر سەربەخۆیی وڵاتەكەیان دەدەن. بەمجۆرە ئەمە یەكەمین جار دەبێت لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی هاوچەرخەوە كە كۆمەڵێك نەتەوەو ئایینی جیاواز پێكەوە بەشداری پرۆسەی ریفراندۆم بن بۆ ئەوەی چارەنووسی نیشتمانێكی هاوبەش لە چوارچێوەی دەوڵەتی كوردستاندا بۆ خۆیان دیاری بكەن.
ئەم حاڵەتەی كە هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان پێكەوە بڕیار لەچارەنووسی خۆیان دەدەن، پرۆسەیەك نییە هەر لەخۆڕا دروست بووبێت، بەڵكو بەدرێژایی مێژوو ئەم پێكەوە ژیان و لێبووردەییە لە نێوان نەتەوەو ئایینە جیاوازەكانی كوردستان هەبووە، هەر بۆیە لە قۆناخی دەستپێكردنی شۆڕشی كوردستانەوە هەموو نەتەوەو ئایینە جیاوازەكان پێكەوە بەرخۆدانیان كردووە و بەگژ داگیركاراندا چوون و یەك چارەنووسیان هەڵبژاردووە، هەر بۆیە زۆر جاران داگیركاران لەیەك كاتدا مزگەوت و كەنیسە و پەرستگاكانی كوردستانیان كاولكردووە و تەقاندوویانەتەوە، لەشەڕی دژی داعشیشدا هێزی پێشمەرگە وەك سوپای بەرگریگاری كوردستان تەواوی پێكهاتە و نەتەوەو ئایینە جیاوازەكانی لەخۆی گرتووەو هەموو پێكەوە لەیەك سەنگەردا شەڕیان لەدژی داعش كردووە، ئەم هاوخەباتی و پێكەوەژیانە، هاوچارەنووسیی بۆ هەموو لایەك دروستكردووە، بۆیە هەمووش پێكەوە لە پرۆسەی ریفراندۆمدا بەدەنگی بەڵێ بڕیاری سەربەخۆیی كوردستان دەدەن.
ئەوەی بۆ گەلی كوردستان جێگەی شانازییە ئەوەیە كە مەرجەعییەتی هەموو ئایینەكان لە فاتیكانەوە تادەگاتە ئەزهەر، لەمەزاری شەبەك و كاكەییەوە تادەگاتە لالشی ئێزیدییەكان، هەر هەموویان پێكەوە پشتگیری لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەكەن و شەرعییەتی ئایینی پێدەبەخشن، ئەمەش حاڵەتێكی نموونەییە لە دروستبوونی دەوڵەتی هاوچەرخ هەر لەسەرەتای دروستبوونی ئەم شێوازەی دەوڵەت لە 400 پێش ئێستاوە.
لەبەرامبەردا ئەگەر ئەو ژینگە لەبارەی ئێستا لە كوردستاندا بوونی هەیە، هەمان ژینگە بۆ هەر یەكێك لە دەوڵەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامی فەراهەم بكرێت و خەڵكەكەی ئازاد بكرێت كە ئارەزوومەندانە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، ئەوا هەر یەك لەو ڵاتانە دەبێتە چەندین پارچە و هیچ پێكهاتەیەك ئامادە نابێت كە بڕیاری پێكەوەژیان لەگەڵ نەتەوە، یان ئایینە جیاوازەكەی بدات، هەر بۆ نموونە توركیا و ئێران و سووریا و عێراق كە هەر چواریان دراوسێی كوردستانن، لە هەر كام لەو دەوڵەتانە ریفراندۆم بكرێت، دەبینین نەتەوەی سەردەست كە خۆی بەناسنامەی دەوڵەتەكە دەزانێت، دەبێتە كەمینەیەك لە دەوڵەتێكی بچووكدا، نەك زۆرینە لە هەریەك لەو دەوڵەتانەدا، لەمەش زیاتر ئەگەر سبەی لەبەشە عەرەبییەكەی عێراقیشدا بوار بدرێت، عەرەبی سوننە ریفراندۆم بكات، ئەوا عەرەبی سوننە ئامادەیە لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل بژی، بەڵام ئامادە نابێت لە دەوڵەتێكدا بژی كە شیعەگەرایی باڵادەستی بەسەر حوكمڕانیدا گرتبێت.
ئەو راستییانەی كە ئێستا لەكوردستاندا بوونی هەیە، لای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان بوونەتە ئەو هەقیقەتەی كە سەریان لێی سوڕ دەمێنێت و بە تەنیا كلیلی كۆتاییهێنان و بردنەوەی شەڕی دژی داعشی دەزانن، لەبەر ئەوەی شەڕی دژی داعش تەنیا رووخاندنی خەلافەتی داعش نییە، بەڵكو لە ریشەهەڵكێشانی ئەو فیكرە توندڕەو و رادیكاڵەیە كە دەبێتە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی تیرۆر و رێكخراوی تیرۆریستی و دڕندەی هاوشێوەی داعش.
لەم كۆی ئەم هاوكێشەیەدا بەشێوەیەكی گشتی و بۆ ئەوەی لە قۆناخی دوای داعش، شەڕی دژی داعش نەگۆڕێت بۆ شەڕی نیوان شیعە و سوننە، ئەوا دەوڵەتی كوردستان پێویستە بۆ ئەوەی ببێتە نموونەیەك بۆ راگرتنی باڵانس لەنێوان هەردوولادا، هەروەها بۆ ئەوەی شەڕی دژی داعش بەسەركەوتنی هاوپەیمانان و جیهانی ئازاد كۆتایی بێت، ئەوا دەوڵەتی كوردستان پێویستە ببێتە هاوپەیمانێكی گرنگی بەرەی دژە تیرۆر لە جیهاندا.