دوای نەمانی خەلافەتی داعش توندڕۆیی شیعە و سوننە وەك یەك مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت
April 5, 2017
راپۆرتەکان
ئەم هەنگاوەی ترەمپ لەلایەن دەوڵەتانی سوننەی عەرەبەوە لەسەرووی هەمووشیانەوە عەرەبستانی سعودیە بەگەرمی پێشوازی لێكرا و بەوەرچەرخانێكیان لەقەڵەم دا كە ئیتر بەرەی شیعە ناتوانێت تێكشكانی تیرۆریستانی داعش وەك سەركەوتنی شەڕ بۆ خۆیان تەماشا بكەن، یان بەوجۆرە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، لەهەمانكاتیشدا دەوڵەتانی عەرەبیش بە گەشبینی سەیری واقیعی ئێستا دەكەن، هەروەك چۆن لە لوتكەی كۆمكاری عەرەبی كە هەفتەی رابردوو لە شاری بەحرولمەیت لە ئوردن بەڕێوەچوو، تیایدا بۆ یەكەمین جار پادشای سعودیە شا سەلمان بۆخۆی بەشداری تێدا كرد و، زۆر بە توندی پێداگری ئەوەیان كرد كە ئێران مەترسییەكی گەورەیە لەسەر ئاستی ناوچەكەو دەبێت سنووری بۆ دابنرێت، سنووردانان بەو مانایەیە كە چیتر ئێران بەو شێوەیەی پێشان هەوڵنەدات كە ببێتە هۆكاری ناسەقامگیریی تەواوی ناوچەكە لە یەمەنەوە تا دەگاتە كەنداوی عەقەبە لە ئوردن. هەروەها لەو كاتەشەوە تا ئێستا دەبینین بڕیارەكانی ترەمپ بۆتە لغاوێك بۆ مالیكی و سەركردە توندڕۆكانی حەشدی شەعبی هاوشێوەی غەزعەلی و موهەندیس كە نەتوانن بە ئارەزووی خۆیان هەڕەشە و لێدوانی توندئامێز دژی كوردستان و هەروەها دژی سوننەش بدەن. ئەمە لە كاتێكدا پێشتر زۆر بەئاشكرا لە هۆیەكانی راگەیاندن بە هێزەكانی حەشدی شەعبی-یان دەگوت: (حەشدی موقەدەس). دیارە ئەگەر حەشد موقەدەس بێت، ئەوا شەڕەكەی دەبێتە شەڕێكی موقەدەس و شەڕی موقەدەسیش بێگومان بە تێگەیشتنی ئیسلامی (ئەوجا مەزهەبەكە شیعە بێت، یان سوننە) بەو شەڕە دەگوترێت كە دەچێتە قاڵبی جیهاد و بەرامبەرەكەشی وەك مورتەد و كافر سەیردەكرێت، ئەمەش ئەو مەترسییە گەورەیەیە كە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لێی دەترسێت و ستراتیژیەتی لایت فوتپرنێت لەبەر یەك هەڵدەوەشێنێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سەركەوتنی سیاسەتی پشتگیری لە جێگە پێیەك بۆ شەڕی تیرۆر، یان لایت فوتپرنێت، ئەوكاتە سەركەوتوو دەبێت كە ئەو هێزەی لەسەر زەوی شەڕی دژی تیرۆریستانی دژی داعش دەكات، داب و نەریت و ئەخلاقی نەتەوەیی رێگەی ئەوەی پێنەدات رەفتاری قێزەوەن و دڕندانە لەبەرامبەر ئەو خەڵكە ئەنجام بدات كە دوای تێكشكاندنی تیرۆریستان لە شوێنەكانی خۆیان دەمێننەوە، بەڵام لەماوەی چەند ساڵی رابردوو لە چەندێن شوێنی وەك تكریت و فەلوجە و رومادی رەفتاری حەشدی شەعبی لەلایەن رێكخراوەكانی چاودێری مافی مرۆڤ و خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە تۆماركراون كە چۆن بەشێوەیەكی دڕندانە مامەڵە لەگەڵ دانیشتووانی عەرەبی سوننەی ئەو ناوچانە دەكەن كە دوای تێكشكاندنی داعش دەكەونە بەردەستی هێزەكانی حەشدی شەعبی، ئەم مەترسییە لەسەردەمی ئیدارەی باراك ئۆباما-شدا هەستی پێكرابوو، هەر بۆیە گوشار خرایە سەر حكومەتی عێراق بۆ ئەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە هێزێكی میلیشیای مەزهەبگەراییەوە بەیاسا بگۆڕێت بۆ هێزێك لەچوارچێوەی سوپا و هێزەكانی ئاسایشی عێراق و راستەوخۆش فەرمان لە فەرماندەی گشتی هێزەكانی عێراقەوە وەربگرن.
لایەنێكی دیكەی مەترسیدار، دووبارە سەرهەڵدانەوەی شەڕی خوێناوییە لە نێوان شیعە و سوننە و دروستبوونی رێكخراوی هاوشێوەی داعشە لەناو هەردوو مەزهەبەكەدا، لەبەر ئەوەی بە تێكشكاندن و رووخاندنی خەلافەتی ئیسلامی داعش لە سووریا و عێراق، داعش وەك فیكر و رێكخراوی تیرۆریستی كۆتایی پێنایەت و ئەو چەكدارانەی دوای نەمانی خەلافەتی داعش دەمێننەوە، زۆر بە ئاسانی دەتوانن خۆیان بگەیەننە رێكخراوە تیرۆریستییەكانی دیكەی هاوشێوەی رێكخراوی تیرۆریستی ئەلشەباب لە سوماڵ و داعش لە لیبیا و قاعیدە لە نیمچە دوورگەی عەرەبی، لەناو عێراق و سووریاشدا زەمینە خۆش دەبێت بۆ شێوازێكی دیكەی یاخیبوون و شەڕی گروپی بچووك و دووبارە خۆڕێكخستنەوەیان بۆ تۆڵەسەندنەوە.
كەواتە ئەو ئاماژانەی ئێستا لە كۆتاییەكانی شەڕی دژی داعشەوە دەردەكەون، ئێستا لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشەوە هەستی پێكراوە و دەیانەوێت بەهەر نرخێك بێت رێگەنەدەن كە شەڕی نێوان شیعە و سوننە بەشێوەیەكی دیكە بەردەوام بێت، یان لە كۆتایی شەڕەكەدا بەوجۆرە بشكێتەوە، شیعە وەك لایەنی براوە و سوننە وەك لایەنی دۆڕاو دەربكەوێت.
لەسەر ئەم بنەمایە و بۆ ئەوەی ستراتیژیەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ رووبەڕووی ئەو ئاكامە نەخوازراوە نەبنەوە كە ئیدارەی ئۆباما لە 2014 لەعێراق و لە 2015 لەیەمەن تووشیان بوو، ئەوا بۆ شێوازی مامەڵەی ئەمریكا لەگەڵ ئەو هێزە لۆكاڵانەی دەكەونە بەرەی شەڕی دژی تیرۆر، دوو چەمكی تازە بۆ ستراتیژیەتی لایت فوتپرنێت زیاد كراوە، كە یەكەمیان بریتییە لە دەستنیشانكردنی توندڕۆیی رادیكالیزمی ئیسلامی (واتە شیعە و سوننە) بۆ هاندانی تیرۆر كە دەبێت هەردووكیان پێكەوە ریشەكێش بكرێن، دووەمیشیان ئەوەیە كە ئەمریكا بەكردەیی لەسەر زەوی بە ژمارەیەكی دیاریكراو بوونی هەبێت و پاشانیش بە رێگەی هێزی ئاسمانی و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و مووشەكی دوورهاوێژ تەنانەت ئەگەر پێویست بكات بە رێگەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزە تایبەتەكان، هەڕەشەی ئەو لایەنە توندڕەوە رادیكالە ئیسلامییانە سەركوت بكرێت، كە دەبێتە هۆكاری هاندانی تیرۆر و رەفتاری دڕندانە. راشكاوانە ئەم گۆڕانكارییە مانای ئەوەیە ئەگەر لەدوای ئازادكردنی پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ هەوڵە سیاسییەكان كەوتنە كار بۆ دووبارە رێكخستنەوەی عێراقی عەرەبی لەنێوان عەرەبی شیعە و سوننەدا، ئەوا ئەمریكا لێ ناگەڕێت سوننە وەك لایەنی دۆڕاوی شەڕەكە دەربكەوێت و شیعە وەك لایەنی براوە، بەڵكو هێزێكی سەربازی و ئاسایش لەناو پێكهاتەی عەرەبی سوننە دروست دەكرێت، ئەم هێزە راستە بەشێك دەبێت لە سوپا و هێزەكانی ئاسایشی عێراق، بەڵام بەشێوەیەكی لامەركەزی لەلایەن سوننەوە سەرپەرشتی دەكرێت و ئەگەر هێزی شیعە و حەشدی شەعبی بووە هەڕەشە لەسەر عەرەبی سوننە، ئەوا ئەمریكا وەك هاوبەشێكی خۆی لەشەڕی دژە تیرۆر بەهەموو ئەو شێوازانە هاوكارییان دەكات و رێگەنادات كە هێزەكانی شیعە، عەرەبی سوننە لەناوچەكانی خۆیان سەركوت بكەن.
دیارە سەركەوتنی ئەم ستراتیژە لە تێڕوانینی ئەمریكا و هاوپەیمانیی دژی داعش، هەروەها لەگفتوگۆی نێوان رووسیا و ئەمریكا بۆ ئایندەی ناوچەكە پاش داعش، جۆرە لێكتێگەیشتنێكی هاوبەشی لە ناو خۆیان و لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەش دروست كردووە، بەوەی كە هەنگاوی یەكەم ئەوەیە دوای كۆتاییهاتنی داعش شەڕەكە بەجۆرێكی دیكە لەنێوان شیعەو سوننە بەردەوامی نەبێت، خاڵی سەرەكی و گرنگیش بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجە ئەوەیە كە هێزەكانی ئێران و دەستڕۆیشتوویی ئێران لە عێراق و سووریا و تەواوی ناوچەكە كۆتایی پێبێت، ئامانج لەم داخوازییە هاوبەشە كە خەریكە دەبێتە داخوازییەكی گشتی بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی دژی داعش، ئەوەیە كە سیمای شەڕەكە لە شەڕێكی ئایینی پیرۆزكراوی نێوان هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە بگۆڕێت بۆ شەڕێكی ئاسایی كە بتوانرێت لەسەر مێزی وتووێژ و دانوستاندن رێگەچارەی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە. بەپێچەوانەوە ئەگەر ئێران دەستڕۆیشتوویی و باڵادەستی و نفوزی وەك ئێستا لە ناوچەكەدا بەردەوام بێت، ئەوا سەرەنجام نەك هەر شەڕەكە كۆتایی نایەت، لەهەمانكاتدا ستراتیژیەتی شەڕی دژی تیرۆریستان لەسەر ئاستی هەموو جیهان شكست دەهێنێت، ئەمەش دەبێتە هاندەرێكی گەورە بۆ تیرۆریستان كە هێندەی دیكە پەل و پۆی خۆیان لەسەر ئاستی ناوچەكەو جیهان فراوان بكەن، هەروەها رێژەیەكی گەورەی گەنجانی توندڕۆ لەسەرانسەری جیهانەوە پێوەندی بە رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە بكەن.