دەوڵەتان شەڕ هەڵدەگیرسێنن و شەڕیش دەوڵەتی تازە دروست دەكات
April 2, 2017
راپۆرتەکان
دیارە ئامانج و ستراتیژیەتی رێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە لەسەر بنەمای دژایەتی و بەرگرتن بە هەژموونی ئەوروپا و ئەمریكا داڕێژدراوە، بۆیە كارە تیرۆریستییەكانی ئەلقاعیدە هەر هەمووی بۆ رۆژئاوا ئاراستە دەكران و، دوای ئەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە 2001 رژیمی تاڵیبانی لە ئەفغانستان رووخاند، بەڵگە و دیكۆمێنتی زۆر لەسەر بازگەكانی قاعیدە دەست هاوپەیمانان كەوتوون كە هەموویان ئاماژە بەوە دەكەن، ئامانج و ستراتیژیەتی ئەلقاعیدە شكاندنی شكۆ و هەژموونی ئەمریكاو رۆژئاوا بووەو مەشق و راهێنانیان لەسەر ئەو ئامانجانە بە تیرۆریستانی خۆیان كردووە كە خۆیان لەو شوێنانە بتەقێننەوە كە رۆژئاوا وەك سیمبولی خۆی سەیری دەكات، بۆ نموونە وەك (هەردوو تاوەری رێكخراوی بازرگانی جیهانی لە ئەمریكا، كاتژمێری بیگ بن لە بەریتانیا، تاوەری ئیڤل لە فەرەنسا و.. هتد).
لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر سەرنج بدەین، راشكاوانە هەست بەو راستییە دەكەین، كە رێكخراوی قاعیدە و لقەكەی لە عێراق هەتا كۆتایی ساڵی 2011 كە ئەمریكا هێزەكانی لە عێراق كشاندەوە، رێكخراوی قاعیدەی لقی عێراق هەر بەشێك بووە لە ئەلقاعیدەی ئەفغانستان، بەڵام پاش ئەوەی لە كۆتایی 2011 ئەمریكا هیزەكانی لە عێراق كشاندەوە، حوكمڕانیی عێراق تەسلیمی نوری مالیكی كراو ئەویش ئاراستەی حوكمڕانیی دەوڵەتی گۆڕی بۆ حوكمڕانییەكی مەزهەبگەرایی شیعە، لە هەمانكاتدا راپەڕینەكانی گەلانی سوریاش دەستی پێكردو رژێمی بەشار ئەسەدیش زۆر بە توندی هەوڵیدا ئەو خەڵكە سەركوت بكات كە بەشی زۆریان عەرەبی سوننە بوون، ئەوا عەرەبی سوننەی سوریا و عێراق راستەوخۆ كەوتنە بەردەم هەڕەشە و سەركوتكردنی رژێمی بەشار ئەسەدی شیعەی عەلەوی لە دیمەشق و رژێمی نوری مالیكی شیعە لەبەغدا.
ئەم وەرچەرخانەی دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دروستی كرد، دوژمنی سەرەكیی رێكخراوی قاعیدەی لقی عێراقی لە ئەمریكا و رۆژئاوا گۆڕی بۆ هەردوو رژێمی شیعەی عەلەوی بەشار ئەسەد لە دیمەشق و رژیمی نوری مالیكی شیعەگەرا لەبەغدا. لەبەر رۆشنایی ئەم وەرچەرخانەشدا رێكخراوی قاعیدەی لقی عێراق، سوودی لەم بارودۆخە وەرگرت و لەسەر بنەمای بەرگریكردن لە سەركوتكاری شیعە دژی سوننە، خۆی لە رێكخراوی سەرەكیی قاعیدە جیاكردەوەو لە جێگەی ئەودا لەسەرەتای ساڵی 2014 رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام (داعش)ی راگەیاندو هەر هەمان ساڵیش لەمانگی حوزەیراندا پاش ئەوەی موسڵ كەوتە دەستی داعش خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا راگەیاند.
كەواتە ئەم باكگراوەندە ئەوەمان پێدەڵێت، ئەگەر لە بنەچەدا (قاعیدە و داعش) هەردووكیان یەك رێكخراوی تیرۆریستی بووبن، ئەوا دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و سەركوتكاریی بەشار ئەسەد دژی راپەڕینی گەلانی سوریا لە دوای 2011، ئەوا داعش و قاعیدە نەك هەر جیاوازن، بەڵكو سەرانی ئەلقاعیدە، سەرانی داعش رەتدەكەنەوە و بە پێچەوانەشەوە داعشیش قاعیدە رەتدەكاتەوە. هەر لەم روانگەیەشەوە بوو كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمریكا، لەدوای كەوتنی موسڵ و راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی لەلایەن داعشەوە، هەمان مامەڵەی قاعیدەیان لەگەڵ داعش نەكردو وەك دەرهاویشتەی شەڕ و ململانێی نێوان شیعەو سوننە سەیریان كرد، بەڵام كاتێك سەرانی تیرۆریستی داعش لە خۆیان بایی بوون و پەلاماری كوردستانیان داو بۆ جیهانیان سەلماند كە ئەمانیش دژی هەموو مرۆڤایەتی و ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی دیكەن، ئەو كات ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری دەركرد و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش پێكهات و ئەمریكا هاتە ناو شەڕی دژی داعشەوە. داعشیش وەك كاردانەوەیەك بۆ ئەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییە كە لەدژی دروست ببوو، كەوتە ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی دژی ئەو وڵاتانەی كە لە هاوپەیمانییەكەدا بەشداربوون.
لە ئێستادا لەگەڵ ئەوەی شەڕی دژی داعش بۆتە شەڕێكی جیهانی دژی تیرۆر و 68 دەوڵەت لەم شەڕەدا بەشدارن و شەڕەكەش بەرەو كۆتایی و رووخاندنی خەلافەتەكەی داعش هەنگاو هەڵدەگرێت، دەبێت هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ قۆناخی دوای نەمانی داعش، ئەو راستییە لەبەر چاو بگرێت كە دروستبوونی قاعیدە هاوشێوەی دروستبوونی داعش نییە. ئەگەر قاعیدە وەك ئاكامی پێكدادانی شارستانییەتی ئیسلام و كریستیان بخوێندرێتەوە، ئەوا داعش دەبێت وەك ئاكامی شەڕ و ململانێی نێوان هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننەی ئیسلام بخوێندرێتەوە و مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، لەمەش زیاتر پێویستە درك بەو راستییە بكرێت كە پێكدادانی مەزهەبگەرایی نێوان شیعەو سوننە زۆر لە پێكدادانی شارستانییەتی ئیسلام و كریستیان ترسناكترە و هەروەها ئەو رێكخراوە تیرۆریستییەی پێكدادانی مەزهەبگەرایی شیعە و سوننە بەرهەمی دەهێنێت (داعش) زۆر لەو رێكخراوە تیرۆریستییە ترسناكترە (ئەلقاعیدە) كە پێكدادانی شارستانیەتی ئیسلام و كریستیان بەرهەمی دەهێنێت، لەهەمانكاتیشدا كاردانەوەی دروستبوونی رێكخراوێكی تیرۆریست و دڕندەی وەك داعش بۆتە هۆكاری ئەوەی بە هەمان ئاست و خراپتریش رێكخراو و میلیشیای مەزهەبگەرا لەناو شیعەشدا دروست ببن.
لێرەوە دەكرێت راشكاوانە بڵێین:
ئەگەر شەڕی دژی تیرۆریستانی ئەلقاعیدە شەڕی نێوان رێكخراوێكی تیرۆریستی و جیهانی ئازاد بووبێت، ئەوا شەڕی دژی داعش شەڕێكی ئایینی نێوان دوو مەزهەبی جیاوازی یەك ئایینە و دەرهاویشتەی ئەم شەڕە پەلی هاویشتووە بۆ شەڕێكی دیكە كە ئێستا بەشەڕی تیرۆریستان و جیهانی ئازاد لەقەڵەم دەدرێت. لەمەش زیاتر كارە تیرۆریستییەكانی داعش كاریگەری لەسەر تەواوی لقەكانی رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە لە پاكستانەوە تا نەیجیریا هەبووە و بەتەواوەتی داعش ئەلقاعیدەی بچووك كردۆتەوە، هەربۆیە ئەگەر ئامانجی شەڕی دژی داعش لە ریشەهەڵكێشانی فیكری داعش بێت، ئەوا دەبێت بە مانایەكی دیكە لە ریشەهەڵكێشانی شەڕ و ململانێی نێوان شیعەو سوننە بێت. دیارە لە ریشەهەڵكێشانی شەڕی ئایینیش وەك ئەزموونی شەڕی 30 ساڵەی ئایینی لە ئەوروپا پێمان دەڵێت، دەبێت ئەو دەوڵەتانەی لەژێر پەردەی ئاییندا بوونە ماكی ئەم شەڕە دڕندە و خوێناوییە، گۆڕانكارییان بەسەردا بێت و لەبەر رۆشنایی ئاكامی شەڕەكە دووبارە سنوور بۆ هەندێك دەوڵەت دابنرێت و ئەو دەوڵەتانەشی كە بوونە گۆڕەپانی شەڕەكە بەجۆرێك نەخشەكانیان دابڕێژدرێتەوە كە دەوڵەتی غەیرە ئایینی بن و هەروەها گەرەنتییەكیش بۆ ئەو نەتەوە و ئایین و مەزهەبە جیاوازانە دروستبكرێت كە دەوڵەتانی هۆكاری شەڕەكە پێشتر نەیانتوانیوە لەسەر بنەمای گیانی لێبووردەیی و پێكەوەژیان حوكمڕانی بكەن.
بێگومان هەموو بۆچوونەكان لەسەر ئەوە كۆكن كە لەماوەیەكی كورتدا ئیدی دەوڵەتێك بەناوی خەلافەتی ئیسلامی داعش بوونی نامێنێت، بەڵام ئەو فیكرەی داعشی دروستكردووە وەك بەرەنجامی شەڕ و ململانێی نێوان شیعە و سوننە بوونی هەر دەمێنێت، بۆیە ئەگەر میكانیزمێكی جیاواز بۆ لێكجیاكردنەوەی شیعەو سوننە نەگیرێتەبەر، ئەوا ئاستی دوژمنایەتی و رق و كینەی نێوان شیعەو سوننە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە مەحاڵە جارێكی دیكە بتوانن پێكەوە بژین، لەمەش زیاتر لەماوەی شەڕی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا، شەڕی شیعە دژی سوننە و شەڕی سوننە دژی شیعە پیرۆز كراوە، بۆیە لەم حاڵەتەدا كە شیعە بە حەشدی شەعبی دەڵێت حەشدی موقەدەس و بەشێكی سوننەش لەدەوری داعش كۆبوونەتەوەو بەشەكەی تریشیان بێدەنگییان بەرامبەر حەشدی شەعبی هەڵبژاردووە، ئەمە مانای ئەوەیە جارێكی دیكە هەوڵدان بۆ ئەوەی شیعە و سوننە لە چوارچێوەی یەك وڵاتدا كۆبكرێتەوە، كارێكە وەك تاقیكردنەوەی ژەهرە بۆ خواردنەوەو ئەگەر ئەم رێگەیە تاقی بكرێتەوە، ئەوا زۆر نزیكە ئەمجارەیان شەڕی نێوان شیعەو سونە لە داعش خراپتر دروست بكاتەوە.
لەناو ئەم هاوكێشە ئاڵۆزەی دوای نەمانی داعش، كوردستان ئەو كیانەیە كە لەگەڵ ئەوەی نەبۆتە بەشێك لە شەڕ و ململانێی شیعە و سوننە، كەچی هەردوولایەنی شیعەو سوننە خۆیان بە دوژمنی سەرسەختی كوردو كوردستان دەزانن، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا تەواوی دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی خەریكە بەتەواوەتی دەگەنە ئەو قەناعەتەی پارێزگاریكردن لە دەوڵەتی دیفاكتۆی كوردستان و پشتگیریكردنی بەرەو سەربەخۆیی تەواو، پرسێكە ناكرێت تێكەڵی هیچ پرسێكی دیكە بكرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو دەوڵەتانەی بوونەتە فاكتەری دروستبوونی ئەم شەڕە خوێناوی و پڕ كاولكارییە، شایەنی ئەوە نین بە یەكگرتوویی بمێننەوە، ئەو نەتەوەیەشی وەك گەلی كوردستان بەرگری لە مان و نەمانی خۆی كردووە و تیرۆریستانی تێكشاندووە، شایەنی ئەوەیە رێزی لێ بگیرێت و پشتگیری بكرێت بۆ ئەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی رابگەیەنێت.