گرنگیی كوردستان لەپرۆسەی سیاسیی دوای نەمانی خەلافەتی داعش
April 1, 2017
راپۆرتەکان
لێرەدا پرسیاری گەوهەری ئەوەیە: ئەگەر كوردستان لەشەڕی دژی داعش و بە ئیرادەی هێزی پێشمەرگە ئەم پێگە گرنگەی بۆ خۆی دروستكردبێت، ئایا دوای نەمانی خەلافەتی داعش و دەستپێكردنی پرۆسەی سیاسی هەمان پێگەو شكۆی دەمێنێت؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا هەندێك لەو سیاسەتمەدارانەی كە ئێستاش بە ئەقڵییەتی سەدەی بیستەم و سەردەمانی شەڕی سارد بیردەكەنەوە، بۆچوونەكانیان لەسەر ئەو ئاراستەیە چڕدەكەنەوە كە دوای نەمانی خەلافەتی داعش بایەخی ئەمریكا و ناتۆ بۆ كوردستان كەم دەبێتەوە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیعیش ئەوەی دەیبینین ئەوەیە، چەند لەكۆتایی شەڕی داعش و رووخانی خەلافەتی ئیسلامی نزیك دەبینەوە، دەبینین ئەمریكاو ناتۆ و ئەوروپا زیاتر روو لە كوردستان دەكەن و باشتر هاوكاری پێشمەرگە دەكەن و چەكی زیاتر بۆ پێشمەرگە دابین دەكەن، ئەم دووحاڵەتە كە تەواو پێچەوانەی یەكترین، ئەو راستییەمان بۆ ئاشكرا دەكات، ئەگەر كوردستان وەك ئەو دەوڵەتە دیفاكتۆیەی ئێستا بوونی هەیە، بوونی نەبوایە، ئایا رۆڵی ئەمریكاو ناتۆ و تەواوی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چی دەبوو؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە راپۆرتی ئەمساڵی كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایشی جیهان دەیدایەوە و كە راشكاوانە ئاماژەی بەوە كردووە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچووە قۆناخی پۆست رۆژئاوا، ئەمەش مانای ئەوەیە بۆ یەكەمجارە لەماوەی 100 ساڵی رابردوو كە رۆژئاوا بێجگە لە كوردستان هیچ پێگەیەكی ستراتیژی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەماوە، خۆ ئەگەر كوردستان وەك هاوپەیمانێكی رۆژئاوا بوونی نەبوایە، ئەوا ئێستا رۆژئاوا بە ئەمریكاشەوە نەیدەتوانی هیچ رۆڵێك لە چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگێڕێت، تەنانەت توركیا كە زیاتر لە 60 ساڵە ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆیە چۆن لە 2003 رێگەی نەدا ئەمریكا بەرەی باكوور لە توركیا بۆ رزگاركردنی عێراق بكاتەوە، ئێستا ئاگاداری هەڵوێستی توركیاین بەرامبەر بە هەموو دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا، كە توركیا نەك نەیتوانیوە ببێتە دەروازەیەكی رۆژئاوا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵكو ئێستا خۆی هەڕەشە لە هەموو دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا دەكات و راشكاوانە پێیان دەڵێت ئەگەر بەم شێوەیە رەفتار لەگەڵ توركیا بكەن، ئەوا توركیا كارێك دەكات كە هیچ هاووڵاتییەكی ئەوروپی نەتوانێت بە ئارامی بەشەقامەكاندا پیاسە بكات، ئەمەش مانای ئەوەیە تەنانەت توركیاش ئێستا ئەو دەوڵەتە نییە بۆ رۆژئاوا بۆ ئەوەی ببێتە دەروازە بۆ ئەوەی رۆژئاوا لەوێوە رۆڵی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگێڕێت.
لایەنێكی دیكە كە دەوڵەتی دیفاكتۆی كوردستان بۆ پێگە و شكۆی رۆژئاوای لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستكردووە، ئەوەیە كە بڕیاری سیاسی لە ئێستادا لەدەستی سەركردایەتی سیاسیی كوردستانە كە سەرۆك بارزانی نوێنەرایەتی دەكات. پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئەگەر كوردستان بەهاوشێوەی دەوڵەتێكی سەربەخۆ خۆی بڕیاری سیاسیی خۆی نەدابایەو ناچار بوایە بگەڕایەتەوە بۆ بەغدا، ئایا دەسەڵاتدارانی شیعە لە بەغدا بەوە رازی دەبن، كوردستان وەك بەشێك لە عێراق ببێتە ئەو پێگە جوگرافیە گرنگە و رۆژئاوا بەوجۆرە بوونی هەبێت؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە ئاشكرایە و عەرەبی عێراق بە شیعە و سوننەوە هەموو رۆژئاوا وەك داگیركار سەیردەكەن، شیعەو سوننە چەند بەخوێنی سەری یەكتری تینوو بن، بەڵام لەدوای 2003 زۆر بە راشكاوی بینیمان كە عەرەبی سوننە و شیعە لە دوو بەرەی جیاواز و لەیەكاتدا و هەردووكیشیان لە ژێر ناوی (مقاوەمەی موحتەل) شەڕی هێزەكای ئەمریكا و دەوڵەتانی دیكەی هاوپەیمانیان دەكرد.
كەواتە بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە سیاسییە كوردستان وەك هاوپەیمانییەكی كارای رۆژئاوا هەر لە دەستی سەركردایەتی سیاسیی كوردستاندا بمێنێتەوە، قۆناخی دوای رووخانی خەلافەتی داعش بۆ پێگە و شكۆی رۆژئاوا فەرزی دەكات كوردستان لە دەوڵەتێكی دیفاكتۆی سەربەخۆوە ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆی خاوەن سەروەریی و هەموو هەوڵەكان لە هەولێرەوە سەرچاوە بگرن و هەولێر ببێتە خاڵی كۆكردنەوەی ئەو كۆڕ و كۆنگرانەی بۆ دووبارە رێكخستنەوەی تەواوی ناوچەكە دەخرێتەگەر، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر پێشتر رێككەوتنی هەولێر بۆ رێكخستنەوەی تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق بۆ گەیشتن بە رێككەوتن بۆ دامەزراندنی حكومەتی عێراق كرابێت، ئەوا ئەمجارەیان هەولێر دەبێتە ئەو پایتەختەی كە هەموو هێزەكانی ناوچەكە و هێزە نێودەوڵەتییەكانی لێ كۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی رێككەوتنی هەولێر ببێتە بنەما بۆ رێكخستنەوەی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە، لەم حاڵەتەشدا هەولێر كە دەبێتە سەنتەری چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەمان رۆڵی برۆكسل وەردەگرێت بۆ گفتوگۆ و رێككەوتن لەسەر تەواوی كێشەكانی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا.