دەوڵەتی كوردستان بەرهەمی بڕیاری شەڕی مان و نەمانە

دەوڵەتی كوردستان بەرهەمی بڕیاری شەڕی مان و نەمانە
ساموئیل هنتنگتن پێیوایە هۆكاری سەرەكیی روودانی كارەساتی 11ی سێپتەمبەر دووركەوتنەوەو هەستنەكردنی ئەمریكییەكانە لە ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەگەر ئەمریكییەكان مەبەستیان بێت جارێكی دیكە كارەساتی هاوشێوەی 11ی سێپتەمبەر روونەداتەوە، ئەوا پێویستە لەسەریان بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناسنامە نەتەوەییەی كە باوكانی دامەزرێنەری كۆماری ئەمریكا دروستیان كردووەو هەموو لەدەوری ئاڵای ئەمریكا كۆببنەوە كە هێمایە بۆ نەتەوەیەك كە ناوی ئەمریكایە.
هنتنگتن لە كتێبی (ئێمە كێین؟) دژی ئەو بۆچوونانە دەوەستێتەوە كە پێیانوایە نەتەوەی ئەمریكا نەتەوەی كۆچبەرانەو پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت كە ئەو خەڵكانەی لە بەریتانیا و ئۆسكتلەندا و ئیرلەنداوە هاتوونەتە ئەمریكا و لەوێ نیشتەجێ بوون، لەسەر بنەمای كەلتوور و ئایین و زمانێك نەتەوەیەكیان دروست كردووە كە هیچ جیاوازییەكی نییە لە نەتەوەی ئەنگلۆ سەكسۆنی، لەمەش زیاتر هەر لەسەر بنەمای فیكری رۆشنگەری ئەوروپا ئەمریكییەكان دژی دەسەڵاتی بەریتانیا شۆڕشیان كردووەو كۆماری ئەمریكایان دامەزراندووە، بۆیە دەبێت ئەمریكییەكان رێز لەو كەلتوورەی خۆیان بگرن و ئینتیمایان بۆ نەتەوەكەی خۆیان هەبێت.

لەسەر ئەم بنەمایە هنتنگتن راشكاوانە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، ئەگەر ئەمریكییەكان هەست بە ئەمریكیبوونی خۆیان نەكەن، ئەوا نازانن بەرژەوەندیی نەتەوەییشیان چییە، بۆیە داوایان لێدەكات یەكەمجار بزانن خۆیان كێن و ناسنامەیان چییە، ئەوجا هەوڵبدەن بزانن بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئەمریكا چییە. بۆ ئەم مەبەستەش هنتنگتن پەنا بۆ قسەیەكی سیاسەتمەداری ئینگلیزی مایكل هاوارد لەكتێبی (شەڕ و دەوڵەتی نەتەوەیی) دەبات كە دەڵێت: «هیچ نەتەوەیەك بەمانای راستەقینەی وشە بەبێ شەڕ لە دایك نابێت و ناتوانێت ببێتە یاریزانێكی سەرەكی، ئەگەر شەڕی چەكداری نەكات، یان شەڕێكی سەربازی نەبووبێتە هەڕەشە لە سەر مان و نەمانی ئەو نەتەوەیە.» ئاماژەكردنی هنتنگتن بەم قسەیەی مایكل هاوارد، واتە پشتگیریكردنی ئەو بۆچوونەیە كە پێیوایە كاتێك هەڕەشەی مان و نەمان دەكەوێتە سەر نەتەوەیەك، ئەوا نەتەوە نەك هەر دەتوانێت ئەو هەڕەشەیە تێپەڕێنێت، بەڵكو ئەو هەڕەشەیە دەبێتە هۆكاری ئەوەی نەتەوە یەكگرتوو بێت و ببێتە یاریزانێكی سەرەكی لەسەر شانۆی سیاسیی جیهان. ئەمەش بەو مانایەی هنتنگتن دەیەوێت بە ئەمریكییەكان بڵێت كارەساتی 11ی سێپتەمبەر كە ئێستا بۆتە هەڕەشەیەكی گەورە لەسەر مان و نەمانی نەتەوەی ئەمریكا، پێویستە بكرێتە دەروازەیەك بۆ ئەوەی هەموو تاكێك بگەڕێتەوە بۆ ناسنامەی خۆی و لەدەورەی ئاڵای خۆی كۆببێتەوە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئەمریكا هەر بە یاریزانی سەرەكی لەسەر شانۆی سیاسەتی جیهانی بمێنێتەوە.

بێگومان هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كوردستان نەك هەر هاوشێوەی كارەساتی 11ی سێپتەمبەری ئەمریكا بووە، بەڵكو مەترسییەكی راستەقینەشی لەسەر مان و نەمانی كوردستان دروست كرد، ئەوجا ئەگەر لەسەر ئەم دیدوبۆچوونەی هنتنگتن هەوڵێك بدەین بۆ ئەوەی ئێمەش خۆمان بخوێنینەوە، ئەوا راشكاوانە دەگەینە ئەو راستییەی كە گەلی كوردستان ئەوكاتە بووە یاریزانێكی سەرەكی لەسەر شانۆی شەڕی جیهانیی دژی تیرۆر كە سەرۆك بارزانی بڕیاری شەڕی مان و نەمانی دژی تیرۆریستانی داعش دا و خۆی وەك پێشمەرگەیەك چووە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ، ئەم بڕیارەی بارزانی لەگەڵ ئەوەی هەڵقوڵاوی بڕوابوونی بوو بە ئیرادەی نەتەوەكەی، لە هەمانكاتدا ئەوەشی بۆ هەموو جیهان سەلماند كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەو هێزەیە كە دەتوانێت ئەفسانەی تیرۆریستانی داعش بەتاڵ بكاتەوە كە هەموو جیهان لە ئاستیدا نەیاندەتوانی بڕیار بدەن.

بەڵام پرسیاری سەرەكی و گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەو پێگە و شكۆیەی بڕیارەكەی بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ نەتەوەكەمانی لە شەڕی دژی داعش درووستیان كردووە، چۆن دەتوانین بیپارێزێن؟ بێگومان بە پابەندبوونی هەموومان بە ناسنامەی نەتەوەیی خۆمان و پشتگیریی سەرۆك بارزانی بۆ ئەوەی ئەم ناسنامەیە لە چوارچێوەی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستاندا بەرجەستە بێت، ئەم دەوڵەتە كە دەبێتە دەربڕی ناسنامەی نەتەوەییمان دەبێتە ئامرازێك بۆ ئەوەی ئامانجە نەتەوەییەكانی خۆمان لەچوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا دیاری بكەین و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوەییمان بۆ ئایندە هەنگاو هەڵبگرین.

ئەوەی هەتا ئێستا بۆتە جێگەی ئومێدو گەشبینی بۆ ئایندە ئەوەیە كە لەسەر ئاستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەو گردبوونەوەیە لەدەوری ئاڵای كوردستان و ناسنامەی نەتەوەییمان بوونی هەیە، هەر ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی نەتەوەكەمان بە ئایندەی خۆی گەش بین بێت. ئەم یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییەی پێشمەرگە تا رادەیەكی زۆر كێشەو ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوان حزبە سیاسییەكانی كوردستانی شاردۆتەوەو لە هەمان كاتدا تا رادەیەكی گەورەش ئەو راستییەی بۆ خەڵك و جەماوەر روون كردۆتەوە كە كێشەو ناكۆكیی نێوان حزبە سیاسییەكان هۆكاری دەستێوەردانی دەرەكی ئەو دەوڵەت و لایەنانەیە كە دژی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانن. بۆیە ئەم كێشانە ئەو كاتە بەتەواوەتی چارەسەر دەبن، كە دەوڵەتی سەربەخۆ رابگەیەندرێت و بەتەواوەتی سنوور بۆ دەستێوەردانی دەرەكی دابنرێت، ئەم حاڵەتە بۆ زۆربەی نەتەوەكانی دیكەی جیهانیش راستە كە دوای ئەوەی دەوڵەتی سەربەخۆ راگەیەندراوە، ئەوجا توانراوە یەكڕیز و هاوهەڵوێستی تەواو لە بەرژوەندیی نەتەوەیی دروست بكرێت، ئەمەش سەلمێنەری ئەو قسەیەی هنتگتن-ـە كە دەڵێت: هەتا نەتەوە نەبێتە خاوەنی كیان و ناسنامەی سیاسیی خۆی، ناتوانێت بەتەواوەتی لەوە تێبگات كە بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی چین.
لە ئێستا كە بەڕێز مسعود بارزانی هەموو هەوڵەكانی خۆی چڕكردۆتەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، تەواو تەواو لەوە دڵنیایە كە بەرژەوەندیی نەتەوەیی لەناو دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستاندا بەرجەستە دەبێت و دەتوانرێت بەسەر هەموو كۆسپ و ئاستەنگانە زاڵ ببین كە بۆتە هۆكاری ئەوەی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی نێوماڵی كورد بەو ئاستە نەبێت كە ئومێدی بۆ دەخوازین.
Top