بارزانی مستەفا پێناسەكردنەوەی بیری نەتەوەیی و وەرچەرخان لە ترس و نیگەرانییەوە بۆ ئومێد و متمانە بەخۆبوون
March 13, 2017
راپۆرتەکان
پێناسەكردنەوەی بیری نەتەوەیی لەم فیكرەدا دیدێكی تازەیە بۆ پرسیار و بەرپەرچدانەوە، ئەمەش واتە پرسیاركردن سەبارەت بەوەی كە مومكینە و لەبەردەستەو دەتوانرێت بكرێت، هەروەها بەرپەرچدانەوەشە دژی ئەو دیاردە باوانەی كە لەم سەردەمەدا هەن و ئاستەنگ بۆ كوردایەتی و كوردستانیبوون دروست دەكەن. لەم چوارچێوەیەدا فیكری بارزانی بۆ یەكەمجار لە مێژووی نەتەوەدا ئەو پرسیارە دەورووژێنێت: ئایا دەتوانین بیر لە شۆڕشی سەرتاسەری بكەینەوە و هەموو پێكەوە ناوچەگەری و پەرتەوازەیی رەتبكەینەوە؟ ئەگەر سەرنج لەم پرسیارە بدەین، ئەوا بەشێكی پرسیارەكە لەسەر ئەوەی مومكینە و ئیرادەی نەتەوەی كورد دەتوانێت ئەنجامی بدات، بەشی دووەمیشی رەتكردنەوەیە لەسەر دیاردەی باوی ئەو سەردەمە كە سنووری خەبات و شۆڕش ناوچەگەری تێنەپەڕاندووە.
لەناو ئەم فیكرەدا، بیری نەتەوەیی دەبێتە كرۆكی مێژوو، بەئاگابوون و قاڵبوونەوە لەناو ئەو مێژووەدا دەبێتە هۆكاری ئەوەی لە یەك كاتدا مۆركی رەسەنایەتی و هاوچەرخبوون بە بەری كوردایەتیدا بكات و بیری نەتەوەیی وەك دەرهاویشتەی مێژووی خەبات و قوربانیدان و ئیرادەی نەتەوە بەرجەستە دەكاتەوە، نەك وەك ئەفسانە، یان ئایدیۆلۆژیەتێكی تۆباوی، ئەمەش بەرەنجامی ئەوەیە كە رەسەنایەتی و هاوچەرخبوون لە مێژووی نەتەوە و ئێستای نەتەوەوە سەرچاوە دەگرن و لەخۆی تێدەگات و بەرچاوی رۆشن دەبێتەوە، بۆ ئەوەی هەنگاوی دروست بۆ ئێستا و ئایندە هەڵبگرێت.
كەواتە بیری نەتەوەیی لە فیكری -بارزانی مستەفا-دا لە رۆشنكردنەوەی رێگای نەتەوە لە چوارچێوەی مومكیندا دەست پێدەكات و لە رەتكردنەوەی ناوچەگەری و پەرتەوازەیی نەتەوەدا كۆڵەگە سەرەكییەكانی خۆی لە ناو رەگ و ریشەی مێژوودا دەچەسپێنێت، ئەمەش ئەو پەند و وانە مێژووییەمان فێردەكات، یەكەمجار رۆشنگەری و رۆشنكردنەوەی رێگەی ئێستا و داهاتووی نەتەوە، ئەوجا دووبارە خوێندنەوەو داڕشتنەوەی بیری نەتەوەیی.
لەم بازنەیەدا پێناسەكردنەوەی بیری نەتەوەیی لە فیكری بارزانی-دا نابێتە ئەو ئایدیۆلۆژیایەی كە گوتارەكەی لەسەر ئەرزی واقیع بوونی نییە، بەڵكو گەڕانەوە بۆ ئەم فیكرە هۆشیارییەكمان پێدەبەخشێت كە ئێستامان وەك خۆی بخوێنینەوەو وەڵامی كێشەو ئاستەنگەكانی ئێستامان بدەینەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە بیری نەتەوەیی لە فیكری بارزانی-دا، دەقێكی تۆزلێنیشتووی كتێبە مێژووییەكانی ناو كتێبخانەی نەتەوە نییە، بەڵكو میتۆدێكی گەڕانەوەیە بۆ ناو مێژوو و دەقێكی تازەی مێژووی نەتەوە بەدەستی خۆی دەنووسێتەوە، راشكاوانەتر ئەم فیكرە پێمان دەڵێت: ئێوە مێژووی كۆن جارێكی دیكە نانووسنەوە، بەڵكو بە گەڕانەوەتان بۆ مێژوو دەتوانن مێژووی رابردوو و ئێستا و داهاتوو پێكەوە گرێبدەنەوە.
ئەم فیكرە هانمان دەدات پرسیار لەو قۆناخە بكەین كە ئێستا خۆمان تیایدا دەژین، هەروەها پێمان دەڵێت: لە خۆتان بپرسن نەتەوە دەتوانێت چی بكات و پێویستە چ رەتبكاتەوە؟ هەوڵدان بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەی مومكین و رەتكردنەوەی پێویست لە یەك كاتدا ئێستا بە رابردووەوە گرێدەداتەوە و لە هەمانكاتدا هۆشیارییەكی ئەوتۆشمان پێدەبەخشێت كە بتوانین لە ئێستای خۆمان تێبگەین و وەڵامی ئەو پرسیارانەش بدەینەوە كە ئەم قۆناخە ئاراستەمان دەكات، ئەو دیاردانەش رەتبكەینەوە كە ئەم قۆناخە لێمان دەخوازێت.
جیاوازیی فیكری بارزانی لەگەڵ هەر ئایدیۆلۆژیەتێكی دیكە ئەوەیە، هیچ ئایدیۆلۆژیەتێك ناتوانێت لەسەردەمە جیاوازەكاندا خوێندنەوەی دروستی بۆ هەموو قۆناخەكان هەبێت، بەڵام فیكری بارزانی وەك میتۆدێك بۆ پێناسەكردنەوەی فیكری نەتەوەیی لە هەموو سەردەمێكدا پێناسەو خوێندنەوەی جیاواز بۆ سەردەمە جیاوازەكان بەرهەمدەهێنێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كاتێك ئەم میتۆدە فێرمان دەكات بگەڕێینەوە بۆ ناو مێژوو، ئەمە بەو مانایە نییە لە بیركردنەوە بۆ تێگەیشتن لە ئێستامان داببڕێین، بەڵكو بۆ ئەوەیە دیالۆگ لەگەڵ مێژووی نەتەوەیی دابمەزرێنین و لەو خاڵەوە دەست پێبكەینەوە كە پێشتر بیری لێ نەكراوەتەوە و تا دەگەینەوە ئەوەی لە ئێستا بیر لە چی بكەینەوە.
لەم تێڕوانینە، فیكری بارزانی تایبەت نییە بە سەردەمێكی دیاریكراو، یان بڵێین سەردەمی بارزانی مستەفا لەم سەردەمەی ئێستامان جیاواز بووە، بەڵكو ئەم فیكرە، فێرمان دەكات، بارزانی لەسەردەمی خۆیدا پرسیاری (چی مومكینە بكەین و پێویستە چی رەتبكەینەوە؟)ی لە چ بارودۆخێكدا كردووەو، ئێستا ئێمە لە چ بارودۆخێكدا هەمان پرسیار و رەتكردنەوە دووبارە دەكەینەوە. ئەمەش مانای ئەوەیە كاتێك دەگەڕێینەوە ناو ئەم مێژووە، دەگەڕێینەوە ناو هەمان میتۆدی پرسیارو رەتكردنەوە، بەڵام چاوەڕێی ئەوە ناكەین، هەمان وەڵامی سەردەمی بارزانی مستەفا-مان دەست بكەوێتەوە، بۆیە پێویستە ئەو هەقیقەتە بێنینە بەرچاومان و لە خۆمان بپرسین: ئایا ئەگەر ئێستا مستەفا بارزانی لە ژیاندا بمایە، هەمان پرسیاری 60-70 ساڵ پێش ئێستای لە قۆناخەكە دەكرد، یان هەوڵیدەدا وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە كە ئەم قۆناخە ئاراستە فیكری نەتەوەیی دەكات؟ ئەمە مانای ئەوەیە فیكری بارزانی داوای ئەوەمان لێدەكات بە دوای ئەوەدا نەگەڕێین كە بارزانی مستەفا لە سەردەمی خۆی چۆن وەڵامی پرسیارەكانی داوەتەوە، بەڵكو دەبێت بە دوای ئەوەدا بگەڕێین، ئایا ئێمەش وەك سەردەمی بارزانی دەتوانین وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە كە لەم قۆناخەدا فیكری نەتەوەیی رووبەڕووی ئێمەی دەكاتەوە؟
پرسیار و رەتكردنەوەی مستەفا بارزانی
لە نوێكردنەوەی بیری نەتەوەییدا
كاتێك دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دروشمی «ئەمریكا پێش هەموو شت» بۆ هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن بەرزدەكاتەوە و هەر بەم دروشمەشەوە دەچێتە كۆشكی سپی و دیسانیش لە رێوڕەسمی سوێندخواردنەكەیدا وەك سەرۆكی ئەمریكا دووبارەی دەكاتەوە، ئەوا ئەم دروشمە داهێنراوی فیكری ترەمپ نییە، بەڵكو ئەمە گەڕانەوەیە بۆ ناو مێژووی سەرۆكەكانی ئەمریكا و گرێدانەوەی ئەو مێژووەیە بە كێشە و پێداویستیەكانی ئێستای ئەمریكاوە. ترەمپ هەمان دروشمی رابردوو دووبارە ناكاتەوە، بەڵكو هەوڵیداوە دروشمە كۆنەكەی ناو مێژوو لەبەر رۆشنایی واقیعی ئێستای ئەمریكا دووبارە پێناسە بكاتەوە و هەوڵدەدات لەناو ئەم مێژووەوە دووبارە هەمان ئەو پرسیارەی سەرۆكەكانی پێش خۆی بكاتەوە، بەڵام چاوەڕێی ئەوە ناكات سەرۆكەكانی پێشتری ئەمریكا چۆن وەڵامیان داوەتەوە، ئەویش هەمان وەڵام دووبارە بكاتەوە، بەپێچەوانەوە لە ئێستادا و بۆ ئەوەی جارێكی دیكە شكۆ و مەزنایەتی بۆ ئەمریكا بگەڕێتەوە، بایەخ بەم پرسیارە دەدات: دەبێت چی بكرێت و پێوستە چی رەتبكاتەوە؟ ئەم پرسیارو رەتكردنەوەیەی ئێستای ترەمپ، تێگەیشتنە لە كێشەكانی ئێستای ئەمریكا و تێپەڕاندنی ئەو چەمكە باوانەی ئێستای جیهانی رۆژئاوایە كە دیموكراتی و لیبڕاڵیزمی پێكەوە كردۆتە ئایدیۆلۆژیەتێكی چەقبەستبوو، كە گوتارەكەی لە واقیعدا بوونی نییە، بەڵام مامەڵەكردن لەگەڵ پرسیاری چی مومكینە بكرێت و چی پێویستە رەتبكرێتەوە، پێویستی بە هەمان ئەو ئیرادەیە هەیە كە سەرۆكەكانی پێشتر توانیویانە وەڵامی پێویست بۆ پرسیاری چی مومكینە بكرێت و پێویستە چی رەتبكرێتەوە، بدەنەوە.
شێوازی مامەڵەكردنی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ئەو پرسیارانەی كێشەكانی ئەمریكا رووبەڕووی دەكەنەوە، هەموو جیهانی دووچاری سەرسامییەكی بێ وێنەكردووە. وەك لە راپۆرتی كۆنفڕانسی میونشن (2017) ئاماژەی پێكراوە، ئەم شێوازەی ترەمپ ترس و نیگەرانی لای دۆست و دوژمنەكانی ئەمریكاش دروست كردووە. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی هەنگاوەكانی ترەمپ بەو ئاراستەیەن كە چیدیكە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا نەكات بە قوربانی جیهانگیری و دەرهاویشتە نەرێنییەكانی وەرچەرخانی دیموكراتی لیبڕاڵی بەرەو ئایدیۆلۆژیەتێكی چەقبەستوو، بەڵكو دووبارە پێناسەكردنەوەی ئەمریكابوونە لەبەر رۆشنایی ئیمكانیەتی ئێستای ئەمریكا و دووركەوتنەوە لە دەرهاویشتە نەرێنییەكان.
ئاماژەكردنمان بۆ دروشمەكەی ترەمپ (ئەمریكا پێش هەموو شتێك)، گەڕانەوەیە بۆ ئەو بنەما سەرەكییەی كە میتۆدی دووبارە پیناسەكردنەوەی بیری نەتەوەیی لە ناو كرۆكیی مێژوودا، داوا لەهەموو نەتەوەكانی جیهان دەكات، ئەمەش بەو مانایەی هەموو نەتەوەكانی جیهان ئەگەر بیانەوێت مامەڵە لەگەڵ ئێستای خۆیان بكەن، دەبێت پێش هەموو شت بگەڕێنەوە ناو مێژووی خۆیان بۆ ئەوەی لە ئێستای خۆیان تێبگەن و بزانن چۆن هەنگاو بۆ ئایندە هەڵدەگرن.
ئەگەر ئێمەی كوردو كوردستانی بمانەوێت لەسەر ئەم میتۆدە قۆناخی رۆشنكردنەوەی نەتەوەكانی جیهان لە ئێستای خۆمان تێبگەین و هەوڵبدەین هەنگاو بۆ ئایندەیەكی رۆشن هەڵبگرین، ئەوا هەوڵدان بۆ لاساییكردنەوەی كوێرانەی گەل و نەتەوەی دیكەو خۆگرێدانەوە بە ئایدیۆلۆژیەتە چەقبەستووەكان، ناتوانن هاوكار و یارمەتیدەرمان بن بۆ ئەوەی بتوانین لە خۆمان تێبگەین و هەنگاو بۆ ئایندەیەكی رۆشن هەڵبگرین، بەڵكو بەپێچەوانە دەبێت بگەڕێینەوە ناو مێژووی خۆمان بۆ ئەوەی رابردوو بە ئێستا و داهاتووەوە گرێبدەینەوە، لێرەدا گرنگە لەسەر شێوازی گەڕانەوە بۆ ناو مێژوو هەڵوەستەیەكی جددی بكەین و بزانین كاتێك دەگەڕێینەوە ناو مێژوو، چۆن مامەڵە لەگەڵ مێژوو دەكەین، ئەمەش بەو مانایەی ئامانج لە گەڕانەوە بۆ ناو مێژوو ئەوە نییە بەجۆرێكی جیاواز مێژوو بخوێنینەوە، بەڵكو ئامانج ئەوەیە چۆن ئێستا و داهاتوو دەكەینە ئەڵقەیەكی پێكەوەگرێدراوی مێژووی رابردوو، بە دیوێكی دیكە زنجیرەی مێژووی نەتەوە لێكناترازێنین و لە قۆناخێكی دیاریكراودا خۆمان بەندی مێژوو ناكەین، بەڵكو هەموو مێژوو وەك زنجیرەیەكی پێكەوە گرێدارو دەخوێنینەوە و هەوڵدەدەین ئەڵقەكانی ئەم زنجیرە زیاتر بكەین.
بۆیە لەم روانگەیەوە كاتێك لەناو فیكری بارزانی-دا خۆمان فێری خوێندنەوەی مێژوو دەكەین، دەبینین لەگەڵ فیكری بارزانی-دا مێژووی كوردو كوردستان دەبێتە زنجیرەیەكی پێكەوە گرێدراو و شێوازی خەبات و مامەڵەكردنی بارزانی لەگەڵ ئەو مێژووە دەبێتە ئەڵقەیەكی دیكەی ئەو مێژووە، ئەوسا بارزانی بە رابردوو گرێدەداتەوە. ئەمەش یەكێكە لە بەرهەمە گرنگەكانی دووبارە پێناسەكردنەوەی بیری نەتەوەیی لە فیكری بارزانی-دا كە كۆتایی بەناوچەگەری دەهێنێت و هەموو كوردستان وەك یەك پارچەو یەك جوگرافیا مامەڵەی لەگەڵ دەكات، بەڵام لە هەمانكاتیشدا تایبەتمەندیی قۆناخەكە و شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ هەموو جوگرافیای كوردستان فەرامۆش ناكات. ئەمەش بەو مانایەی دەكرێت شێوازی بیركردنەوەی بارزانی مستەفا بۆ خەباتی سەرتاسەری لە هەر چوار پارچەی كوردستان دووبارە بكرێتەوە و هەموو لەسەر یەك بنەمای بیری نەتەوەیی هەنگاو بۆ شۆڕش و خەبات و سەربەخۆیی كوردستان هەڵبگرن، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی قۆناخەكە و تایبەتمەندیی هەر پارچەیەكی كوردستان.
ئێمە لە ئێستادا كاتێك پێویستمان بەوەیە بگەڕێینەوە بۆ ناو مێژووی نەتەوە، مەبەستمان ئەوە نییە بگەڕێینەوە ناو قۆناخێكی مێژووەكە، بەڵكو گەڕانەوەیە بۆ مێژوو، وەك زنجیرەیەكی پێكەوە گرێدراو، بۆ ئەوەی ئەو مێژووە بەردەوامیی هەبێت، ئێمەش وەك سەركردەكانی پێش خۆمان شەرەفی نووسینەوەی مێژوومان پێبڕێت، بەڵام تەواوكردنی هەمان مێژوو، نەك رەتكردنەوەی مێژوو و هەوڵدان بۆ سەپاندنی مێژوویەكی خواستراو بەسەر نەتەوەدا.
بیری نەتەوەیی لە فیكری بارزانی-دا لەسەر بنەمای بوونی كوردو كوردستان بۆ تێگەیشتن لەو سەردەمەی كورد تیایدا دەژی و كوردستانی پێدا تێپەڕدەبێت خۆی پێناسە دەكاتەوە، ئەمەش بەو مانایەی بارزانی هەوڵیداوە، هەوڵدان بۆ بینینی پڕشنگی هەستكردنی نەتەوە بە بوونی خۆی ئەو شەوە تاریكە رۆشن بكاتەوە كە خەریكە نەتەوە تیایدا ون دەبێت، ئەم رێگەیە ئەگەرچی لە قۆناخە جیاوازەكاندا رێچكەی جیاواز دەگرێت، بەڵام لە ئامانج و گەیشتن بە دوایین ئامانج هەمان ئەو رێگەیەیە كە بەرەو سەرفرازیی یەكجارەكیمان دەبات و ئەو راستییە دەكاتە هەقیقەت كە بوونی نەتەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی سەربەخۆدا بەرجەستە دەبێت و شكۆی نەتەوە لەچوارچێوەی دەوڵەتی سەربەخۆدا دەردەكەوێت.
كەواتە مامەڵەكردن لەگەڵ پرسیار و رەتكردنەوە لە فیكری بارزانی-دا، دەبێتە هۆكاری ئەوەی لەو شەوەزەنگە تێبگەین كە ئێستا سیاسەتی حزبەكان لە كوردستاندا دروستیان كردووە. دۆخەكە راشكاوانە پێمان دەڵێت، هۆكاری سەرەكیی ئەو شەوەزەنگەی ئێستا حزبەكان دروستیان كردووە، هەلومەرجی بابەتی و خودی قۆناخی ئێستای كوردستان نییە، بەڵكو شێوازی سیاسەتكردنی حزبەكانە كە بیری نەتەوەییان لە مێژووی نەتەوە دابڕیوەو مێژوویەكی خواستراویان بۆ دروستكردووە، یان بەشێكیان بە تەواوەتی خۆیان لە مێژوو دوورخستۆتەوە، ئەمەش گوتارێكی ئایدیۆلۆژیی مردووی دروستكردووە كە لەناو ئەو گوتارەدا پرسیارو رەتكردنەوەی ناو بیری نەتەوەیی بوونی نییە، ئەم حاڵەتەش ژینگەیەكی لەباری بۆ ڤایرۆسی پەرتەوازەیی و لێكدووركەوتنەوە دروستكردووە كە هەتا ئەو بازنەیە نەشكێندرێت، یان تێنەپەڕێندرێت، یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی دروست نابێتەوە، لەمەش زیاتر لەناو ئەم بازنە ناتەندروستەی كە خۆی لە مێژوو دابڕاندووە، چەند كۆبوونەوەو وتووێژ بكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی قۆناخی ئێستامان، بێجگە لە خوولانەوە لەناو بازنەیەكی بۆشدا هیچی دیكەی لێ بەرهەم نایەت و لەمەش خراپتر هەموو حزبەكان نە دەزانن لەسەر چی ناكۆكن و نە دەشزانن لەسەر چی رێكدەكەون، سەرەنجامی ئەمەش لەبری ئەوەی ئومێدو متمانەبەخۆبوون لەناو هاووڵاتیان و رای گشتی دروست بكەن، جۆرێك لە ترس و دڵەڕاوكێ بڵاودەكەنەوە، هەروەك چۆن لە واقیعی ئێستاماندا بەئاسانی هەستی پێدەكەین.
رایەڵەی پێكەوە گرێدانەوەی هەموو توخمەكان بۆ بونیادنانی نەتەوەیەكی خاوەن ئیرادە
مێژووی نەتەوە ئازادەكان ئەو راستییەمان بۆ ئاشكرا دەكات، كە هیچ نەتەوەیەك پێش دروستبوون و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، بیری لە دامەزراندنی حزبی سیاسی نەكردۆتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئامانجی هەموو نەتەوەیەك پێش دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی گەیشتن بە ئازادییە، بۆیە كاتێك ئەم ئازادییە لەچوارچێوەی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی دێتەدی، ئەوا حزبی سیاسی دەبێتە پێویستییەك بۆ ئەوەی پارێزگاری لەو ئازادییە بكرێت، لەم روانگەیەوە لە فیكری مستەفا بارزانی-دا حزبی سیاسی بەمانای نوێنەرایەتیكردنی بەشێك، یان چینێك، یان توێژێكی نەتەوە بوونی نییە، بەڵكو چەمكی حزبی سیاسی بریتییە لە كۆكردنەوەی پەرتەوازەیی و رێكخستنی هەموو تواناكانی نەتەوە بۆ گەیشتن بە سەرفرازی و سەربەخۆیی، بەڵام سەرباری ئەمەش بەهیچ جۆرێك لە فیكری بارزانی-دا جیاوازی لە بۆچوونی سیاسی و ئایدیۆلۆژیەتی جیاواز رەتنەكراوەتەوە، ئەگەر بیروبۆچوون و ئایدیۆلۆژیەتە جیاوازەكان لەبازنەی فراوانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا هەموو لایەكی پێكەوە كۆكردبێتەوە. كەواتە لەفیكری مستەفا بارزانی-دا رێزگرتن لە بازنەی فراوانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و پابەندبوون بە بنەما سەرەكییەكانی ئەو بزاڤەوە، هەموو رەنگ و بیروبۆچوونە سیاسییەكان تیایدا دەبێتە یەك ئیرادە، كە ئەویش ئیرادەی گەلی كوردستان پیشاندەدات.
بڕوابوونی بارزانی مستەفا بەم بازنە فراوانە بۆ كۆكردنەوەی هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەكانی ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، كێشەی سەرەكی و لاوەكی لەناو حزبەكاندا پۆلێنكردبوو، ئەمەش واتە هەموو لایەك لەسەر كێشە سەرەكییەكان هاودەنگ بوون و كێشە لاوەكییەكانیش وەك جیاوازیی تێڕوانینی پارتی و حزبی شیوعی عێراق، یان كاژیك لەسەر پرسێك نەدەبووە هۆكاری ئەوەی ئەو یەك ئیرادەیی و یەكهەڵوێستییە درزی تێبكەوێت، ئەمەش وایكردبوو بارزانی مستەفا بەیەك مەسافە لەنێوان هەموو حزبەكاندا رابوەستێت و كێشە لاوەكییە حزبییەكان فەرامۆش بكات، هەر بۆیە زۆر جاران لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی شیوعی عێراقی لەوانەیە كێشەی لاوەكی لەسەر بیروبۆچوونی جیاواز بوونی هەبووبێت، بەڵام لەنێوان سەركردایەتی حزبی شیوعی و بارزانی-دا هیچ كێشەیەك نەبووە، بەهەمان شێوە لەنێوان كاژیك و پارتی دیموكراتی كوردستاندا زۆر جار لەوانەیە كێشە هەبووبێت، بەڵام لە نێوان كاژیك و بارزانی-دا نەك هەر كێشە نەبووە، بەڵكو ئەندامانی كاژیك هەر بارزانی مستەفا-یان بە رێبەری نەتەوەیی كورد زانیوە.
لەناو پارتی دیموكراتی كوردستانیشدا كە بەداخەوە لەساڵی 1964 لێكترازان دروستبوو و باڵی مەكتەبی سیاسی جیابوونەوە، لەگەڵ ئەوەی ماوەی نزیكەی شەش ساڵ لە بارزانی دووركەوتنەوە، بەڵام هەتا ئێستاش هیچ كام لەبرادەرانی باڵی مەكتەبی سیاسی نە لەسەر جیابوونەوەكەیان ئاماژەیان بە جیاوازی، یان كێشەیەك لەگەڵ مستەفا بارزانی كردووە، نە ئاماژەشیان بەوە كردووە دوای ساڵی 1970 لەسەر چی لەگەڵ مستەفا بارزانی رێككەوتنەوە.
نووسینی ئەم دێرانە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی مێژووی لێكترازان و جیابوونەوەی نێوماڵی كوردستان نییە، بەڵكو بۆ تێگەیشتنە لەو راستییەی كە لە فیكری مستەفا بارزانی بوونی هەبووە، كە ئەویش ئەوە بووە نابێت لە قۆناخی رزگاری نیشتمانیدا لەسەر جیاوازی ئایدیۆلۆژیەت و تێڕوانینی جیاوازی سیاسی كێشەی گەورە دروست بێت و حزبە سیاسییەكان لەیەكتری جیابكاتەوە.
لایەنێكی دیكەی گرنگ لە فیكری مستەفا بارزانی-دا، خوێندنەوەی ئەم فیكرەیە بۆ بوونی نەتەوە، وەك نەتەوەیەكی ئازاد، لەمەش زیاتر پێناسەكردنەوەی نەتەوەی ئازاد بەو مانایەی كە نەتەوەی ئازاد لەژێر سێبەری یاساو لە ناو گیانی لێبووردەیی و پێكەوەژیاندا، پێناسەی ئازادیی خۆی دەكاتەوە. بۆیە لەم ئاراستەیەدا ئەگەر لە فیكری بارزانی-دا پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە جارێكی دیكە بخوێنینەوە، ئەوا هەست بەو راستییە دەكەین، كە پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە لە فیكری بارزانی-دا، تەنیا دیاریكردنی ئەو توخمە سەرەكییانە نین كە هەر نەتەوەیەكی پێ پێناسە دەكرێت و لە سیاسەتدا پێی دەڵێن: «توخمە سەرەكییەكانی نەتەوە» وەك: (زمان، خاك، فەرهەنگ، مێژوو، داب و نەریت)، بەڵكو لە فیكری بارزانی-دا ئەوە گرنگ بووە كە رایەڵەیەكی بەهێز بۆ پێكەوە گرێدانەوە هەبێت و هەموو ئەم توخمانە پێكەوە كارلێك بكەن بۆ ئەوەی ئیرادەی نەتەوەیەكی ئازاد لەسەر خاكی كوردستان بەرجەستە بكاتەوە.
لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ رۆژانی سەردەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، دیاردەیەكی زۆر دەگمەن لەناو مێژووی هەموو شۆڕشەكانی جیهان هەست پێدەكەین، ئەویش ئەوەیە شۆڕشی ئەیلوول تاكە شۆڕشی رزگاریخوازە لەناو هەموو نەتەوەكانی جیهاندا كە لەژێر چەتری سەروەریی یاسا شۆڕشی كردووە، ئەم حاڵەتە دەگمەنەی شۆڕشی ئەیلوول لە هیچ شۆڕشێكی دیكەی جیهاندا بە هەردوو شۆڕشی فەرەنسا و ئەمریكاشەوە بوونی نییە. دیارە پرسیاری گرنگتر لەمەش ئەوەیە، ئایا مەبەست لە شۆڕشكردن لەژێر سێبەری سەروەریی یاسادا بەچ مانایەك؟ ئایا یاسا تەنیا بۆ رێكخستنی پێوەندیی رۆژانەی نێوان پێشمەرگەو هاووڵاتی بووە، یان بۆ رێكخستنی سەرتاسەری لە ژیانی رۆژانەی خەڵك و پاراستنی سیاسەتی كۆمەڵایەتی و مافی ئافرەتان و پاراستنی ژینگەو پاراستنی سەرجەم گیاندارو پەلەوەرە بەسوودەكانی كوردستان بووە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە خەڵكی كوردستان دەیداتەوە كە خۆیان لەناو ئەو واقیعەدا ژیاون و هەموو پێكەوە پێمان دەڵێن، لەناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕشی ئەیلوولدا، سەروەریی یاسا فەزایەكی تەندروستی ئەوتۆی دروستكردبوو، كە نەك هەر تەنیا هاووڵاتیانی كوردستان بە ژن و پیاوەوە هەستیان بەئارامی و متمانەبەخۆبوون دەكرد، تەنانەت گیانلەبەر و پەلەوەر و دارستانەكانیش هەستیان بە ئارامی دەكردو هیچ كەسێك نەیدەتوانی دارێك ببڕێتەوە، یان راو بكات و گیانلەبەرە بەسوودەكانی كوردستان بكوژێت، یان ئەگەر لەكات و وادەی خۆیدا نەبووبێت، رێگە نەدراوە راوی ماسیش بكرێت.
لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر هەڵوەستەیەك لەسەر مانای ئازادی لە فیكری بارزانی بكەین، دەبینین هەوڵیداوە كوردستانییەكان وەك نەتەوەیەكی ئازاد پیشانی جیهان بدات، ئەوا كوردستانییەكان بەجیاوازی نەتەوەو ئایینەوە، ئەو گەلە بوون كە لەژێر چەتری سەروەریی یاسا خەباتیان بۆ ئازادی كردووەو ئازادیش بەمانای رێزگرتن بووە لەهەموو ئەو مافانەی كە كوردستانێكی ئازاد دەیكاتە فەرمان بەسەر هاووڵاتیانیەوە. لەمەش زیاتر هەوڵیداوە نەتەوەو ئایینە جیاوازەكانی كوردستان لە ناو چوارچێوەی نەتەوەی ئازاد هەر یەكەیان سەربەخۆ پێناسەی خۆی بكاتەوەو نەتەوەی ئازاد ئەوەی مانای پێدابوو (هەر نەتەوە و ئایینێك هەوڵبدات نەتەوە، یان ئایینێكی دیكە بچەوسێنێتەوە، ئەوا خۆیشی وەك نەتەوە و ئایین ئازاد نییە)، ئەم بنەمایە جۆرێك لە لێبووردەیی و پێكەوە ژیانی ئەوتۆی لەنێو نەتەوەكانی كوردستاندا دروستكردووە، كە لەئێستادا بۆتە گەورەترین سەرمایەیی مەعنەوی بۆ كوردستان و لەناو هەموو گەل و نەتەوەكانی جیهاندا شانازی پێوە دەكەین.
بۆ ئەم قۆناخە كام پرسیار لەخۆمان بكەین و پێویستە چی رەتبكەینەوە؟
ئەگەر یادكردنەوەی رۆژی لەدایكبوونی رێبەرانی نەتەوە پەیامێك بێت بۆ نەوەكانی ئێستا، ئەوا ئەو پەیامە ئەوەیە كە ئیرادەی رێبەرانی نەتەوە بە زیندوویی بهێڵینەوە و هەوڵبدەین لە رۆژە سەخت و دژاوارەكاندا هەمان ئیرادە دووبارە زیندوو بكەینەوە، بۆ ئەوەی كێشە و قەیرانەكانی ئێستامانی پێ چارەسەر بكەین، ئەمەش مانای ئەوەیە كاتێك یادی رێبەرانی نەتەوە دەكەینەوە، ئەوە ئەوان نین كە پێویستیان بەوە بێت، ئێمە یادیان بكەینەوە، بەڵكو ئەوە ئێمەین پێویستمان بەوەیە لە ئیرادەی ئەوانەوە فێری ئەوە بین كە لەناو ئاسمانی تەمومژاوی و شەوەزەنگی قەیرانەكاندا پەنجەرەیەكی رووناكی بە رووی نەتەوەدا بكەینەوە.
نازناوی رێبەرانی نەتەوە بە سەركردەی ئاسایی نابەخشرێت، بەڵكو بەو سەركردانە دەبەخشرێت كە لە دووڕیانی مان و نەمانی نەتەوەدا دەبنە فریادڕەس و بڕیاری قورس و چارەنووسساز دەدەن و ئایندەی نەتەوە لە كارەساتەوە دەگۆڕن بۆ رزگاری و سەفرازیی، هەر ئەمەش ئەو سەركردەیە دەكاتە كاریزمایەك كە نەتەوە نەك هەروەك سەرۆك، بەڵكو وەك رۆحی نەتەوە پێناسەی دەكاتەوە.
لەناو مێژووی كوردو كوردستاندا، مستەفا بارزانی یەكێكە لە رێبەرانی نەتەوە، بەڵام جیاوازیی ئەو لەگەڵ رێبەرانی دیكەی نەتەوەییمان ئەوەیە، مستەفا بارزانی جڵەوی رێبەرایەتی لە رێبەرانی پێش خۆی (شێخ مەحمودی حەفید و پێشەوا قازی محەمەد) وەرگرتووە و شێوازی خەباتی لە ناوچەگەرییەوە گۆڕیوە بۆ خەباتی سەرتاسەری كوردستانی و هەموو رێبەرانی نەتەوەی پێكەوە كۆكردۆتەوە. لەگەڵ قۆناخی خەباتی بارزانی مستەفا كە وێستگەیەكی پرشنگدارە لە مێژووی خەباتی نەتەوەییمان، بیركردنەوەیەكی تازە دەست پێدەكات، بۆیە كاتێك كە دەگەڕێینەوە بۆ مێژووی بارزانی مستەفا بە دیداری هەموو رێبەرانی نەتەوە شاد دەبین و كاتێك یادی لەدایكبوونی دەكەینەوە، یادی لەدایكبوونی هەموو رێبەرانی نەتەوە دەكەینەوە.
بۆ ئێستامان گرنگە كاتێك یادی لەدایكبوونی مستەفا بارزانی دەكەینەوە، ئەم یادە وەك گەڕانەوە بۆ ناو مێژووی هەموو بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان سەیربكەین و لەناو ئەم مێژووەوە بیر لە چارەسەركردنی كێشەكانی ئێستامان بكەینەوە و هەوڵبدەین فیكری بارزانی چۆن مامەڵەی لەگەڵ قۆناخ و كێشەكانی سەردەمی خۆی كردووە، ئێمەش بەهەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناخەو كێشەكانی ئێستامان بكەین، بۆیە ئەم گەڕانەوەیە بۆ ناو مێژوو، لەسەرمان فەرزی دەكات بۆ ئێستا ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین: ئایا چی مومكینە كە ئێستا نەتەوە دەتوانێت بیكات و پێویستە چی لە چارەنووسی نەتەوە دوور بخەینەوە؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە جەختكردنەوەی لەسەر هەوڵەكانی سەرۆك مسعود بارزانی پێویستە، كە بەئاشكرا بە هەموو جیهانی راگەیاندووە لە ئێستادا مومكینەو كورد دەتوانێت بڕیاری سەربەخۆیی بدات و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان رابگەیەنێت، هەروەها گوێگرتنە لەو پەیامەی سەرۆك مسعود بارزانی كە بە هەموو كوردستانییانی راگەیاندووە، دەبێت و پێویستە لە پەرتەوازەیی و سیاسەتی كورتبینانەی حزبی و ئایدیۆلۆژی دوور بكەینەوەو پێكەوە ئیرادەیەكی یەكگرتوو دروست بكەین و پێكەوە بڕیاری چارەنووسساز بەرەو سەربەخۆیی بدەین.
ئەم هەوڵانەی سەرۆك مسعود بارزانی، تەنیا بە قسە پشتگیری لێ ناكرێت و پێویستی بە هەنگاوی كردەیی هەموولایەك هەیە، ئەمەش بەو مانایەی پێویستە هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر هەنگاوی یەكەم بۆ گەڕانەوە بۆ ناو مێژووی نەتەوە رێكبكەون و لەناو ئەو مێژووەوە ئەو پرسیارە ئاراستەی خۆیان بكەن: ئایا چۆن دەتوانین ترس و دڵەڕاوكێ بگۆڕین بۆ ئومێدو متمانەبەخۆبوون؟ ئایا دەبێت چی بكرێت و پێویستە چی رەتبكرێتەوە؟ ئاشكرایە ئەگەر ئەم پرسیارانە لەناو مێژووی نەتەوە ئاراستە بكرێت، ئەوا ئیرادە و فیكری بارزانی مستەفا پێمان دەڵێت، ئەوەی مومكینە بكرێت و نەتەوە داواتان لێدەكات، ئەوەیە بازنەی تەسكی حزبایەتی بەجێ بهێڵن و لەناو بازنەی فراوانی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستاندا هەمووتان ببنە یەك ئیرادە بۆ ئەوەی نەتەوەكەتان وەك نەتەوەیەكی ئازاد پێناسە بكەنەوەو ئومێد و متمانەبەخۆبوونی بۆ بگێڕنەوە، كە گەیشتنە ئەم ئامانجە و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دروست بوو، ئەوكاتە كێشەی سەرەكی چارەسەر دەبێت و دەتوانن خۆتان بە كێشەی لاوەكیی حزبایەتییەوە سەرقاڵ بكەن.