پەكەكە بۆ دەیەوێت لوولەی تفەنگەكەی ئاراستەی سنگی براكانی بكات؟

پەكەكە بۆ دەیەوێت لوولەی تفەنگەكەی  ئاراستەی سنگی براكانی بكات؟
هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستان بێجگە لە پەكەكە بڕوایان بەو بنەمایە هەیە كە هەر پارچەیەكی كوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیەو پێویستی بەشێوازێكی تایبەتی خۆی هەیە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی كۆمەڵێك خاڵی هاوبەشیش لەنێوان هەموو هێزە سیاسییەكاندا بوونی هەیەو هەموو هێزە سیاسییەكانیش رێزی لێدەگرن، ئەم رێزگرتنە لەو تایبەتمەندییانە واتە بوار بە خۆنەدان بەدەستتێوەردانی راستەوخۆی هیچ هێزێكی سیاسی لە كاروباری ناوخۆی پارچەیەكی دیكەدا، هەروەها واتە رێزگرتن لەئاسایش و سەقامگیری هەر پارچەیەك و هیچ لایەك هەوڵنەدات لەسەر حیسابی پارچەیەكی دیكە سیاسەت بكات، لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر سەیری هەوڵەكانی ناوبژیوانیی سەرۆكی كوردستان بكەین لەنێوان هێزەكانی رۆژئاوا و باكوور و رۆژهەڵات، ئەوەی هەتا ئێستا تێبینیمان كردووە، سەرۆكی كوردستان تەنیا یەك راسپاردەی بۆ هەموو هێزەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان هەبووە و پێی گوتوون: ئێوە خۆتان لەناو خۆتاندا یەكڕیز و یەكهەڵوێست بن و چ چارەسەرێك بۆ بەرژەوەندیی كوردی ئەو پارچەیە بە پەسەند دەزانن، ئێمە پشتگیری لەو چارەسەرە دەكەین كە ئێوە پێشنیاری دەكەن.

ئەگەر سەرنج لەم پەیامەی سەرۆكی كوردستان بدەین، ئەوا بە راشكاوی هەست دەكەین سەرۆكی كوردستان بێجگە لەوەی خۆی رێز لە تایبەتمەندیی شێوازی خەباتی هەر پارچەیەكی كوردستان دەگرێت، لە هەمانكاتدا پێشمان دەڵێت دەبێت هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستان رێز لەو بنەمایانە بگرن بۆ ئەوەی هەموومان پێكەوە لەچوارچێوەی كۆنگرەیەكی نەتەوەییدا، خیتابێكی یەكگرتووی نەتەوەیی دروست بكەین.
ئەم بنەمایانە بە دیوێكی دیكەدا ئەوەمان پێدەڵێت، هێزە سیاسییەكانی هەر پارچەیەك كاتێك لەبەر هەر هۆكارێك دەچنە پارچەیەكی دیكەی كوردستان، راستە هەمووی خاكی كوردستانە، بەڵام دەبێت رێز لەسەركردایەتی سیاسیی ئەو پارچەیە بگرن و هاوكار و هەماهەنگی ئەو سەركردایەتییە سیاسییە بكەن، نەك ئاستەنگی بۆ دروست بكەن، یان خۆیان بە جێگرەوەی ئەو سەركردایەتییە سیاسییەی ئەو پارچەیە بزانن.

بۆیە لە چوارچێوەی ئەو بنەما ئەخلاقییانەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان لەسەری وەستاوە، ئەگەر هێزێكی سیاسیی باشوور بچێتە باكووری كوردستان و لەوێ خۆی فەرزبكات و شەڕ لەگەڵ سەركردایەتی سیاسیی باكوور، یان بۆ نموونە پەكەكە بكات، ئەوا لەناو خاكی باكووری كوردستاندا ئەو هێزەی باشوور دەستدرێژیكەرەو پەكەكە بەرگری لەخۆی دەكات، بەهەمان شێوە ئەگەر وەك ئێستا پەكەكە لە باشووری كوردستان بوونی هەیە، ئەگەر هەوڵبدات رەوشی ئاسایشی هەرێمی كوردستان تێكبدات، یان خۆی بەسەر حكومەت و هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا فەرزبكات، ئەوا پەكەكە دەبێت بزانێت ئەو تەعەدا لە حكومەت و پێشمەرگە دەكات و حكومەت و پێشمەرگەش مافی خۆیانە بەرگری لەخۆیان بكەن. هەروەها هاتنی پەكەكە بۆ كوردستانی باشوور، لەسەر پەكەكە فەرزی دەكات كە پابەند بێت بە شەرعییەتی دامەزراوە سیاسییەكان و فەرمان و بڕیار و یاساكانی هەرێمی كوردستانەوە و دەبێت بەپێی یاساكانی هەرێمی كوردستان بجووڵێتەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر رێز لەسەروەریی و یاساكانی هەرێمی كوردستان نەگرێت، ئەوا ئەمە مانای ئەوەیە وەك تەنێكی نامۆ دەیەوێت فیتنەیەك لە كوردستاندا دروست بكات، بۆیە لەم حاڵەتەشدا دوورخستنەوەی فیتنە دەبێتە بەرگری لەخۆكردن و دەبێت رای گشتی كوردستان سەرچاوەی فیتنەو دەستدرێژی ریسوا بكات.

بەداخەوە پەكەكە هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە هەوڵیداوە ئەو بنەمایانەی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستانی لەسەر بونیادنراوە پێشیلی بكات و هیچ رێزێك بۆ تایبەتمەندی و سەركردایەتی سیاسیی بەشەكانی دیكەی كوردستان دانەنێت، ئەم حاڵەتە لەدوای دەستگیركردنی بەڕێز ئۆجەلانەوە هێندەی دیكە لەناو پەكەكە رەنگدانەوەی هەبووەو پەكەكە هەوڵیداوە جڵەوی خۆی بخاتە دەستی داگیركەرانی كوردستان و ئەوان هەر كاتێك ویستبێتیان هەوڵیانداوە پەكەكە وەك ئامێرێك بۆ فیتنەو ئاژاوەگێری بەكار بهێنن، لە ئێستادا ئەم پیلانەی پەكەكە بەوەكیلی چەند لایەنێك بەڕێوەی دەبات، لای سەركردایەتی سیاسیی كوردستان بەگشتی و سەرۆكی كوردستان بەتایبەتی ئاشكرایە، بۆیە هەموو هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن كە لە شوێنی خۆیدا سنوورێك بۆ دەستدرێژییەكانی پەكەكە دابنرێت و تەشەنە نەكات و بارودۆخەكە هێور بكرێتەوە، بەڵام هێوركردنەوەی بارودۆخەكە پێویستی بەهەنگاوی كوردانەو راشكاوانەی پەكەكە هەیە كە رێز لە شكۆ و سەروەریی كوردستان بگرێت و خۆی نەكات بە جێگرەوەی حكومەت و پێشمەرگە لە كوردستاندا، ئەگەر پەكەكە ئەم بڕیارە لەدەستی خۆیدا بێت و نەیەوێت باشووری كوردستانیش بە دەردی بەشەكانی دیكەی كوردستان ببات، ئەوا كێشەكە بەئاسانی چارەسەر دەكرێت، بەڵام ئەگەر ئەو ئەركەی پێی سپێردراوە، ئەوە بێت كە فیتنەو ئاژاوە لە كوردستان دروست بكات، ئەوا لەم حاڵەتەدا كە هیچ كوردێك ئومێدی بۆ ناخوازێت، پێشمەرگە رێگەنادات فیتنەو ئاژاوە لە كوردستان دروست بێت.
Top