ئایندەی كورد لەبەرەی دژەتیرۆردایە نەك نەیارانی دژی سەربەخۆیی كوردستان

ئایندەی كورد لەبەرەی دژەتیرۆردایە نەك نەیارانی دژی سەربەخۆیی كوردستان
ئەگەر پرسیاری ئەوە بكەین ئایا تێڕوانینی پەكەكە بۆ ئایندەی كوردستان دەبێت چی بێت؟ ئەوا ئەوە گرنگ نییە كە پەكەكە بانگەشەی بۆ دەكات و خەڵكی پێ چەواشە دەكات، بەڵكو ئەوە گرنگە كە بزانین ئەو بەرەیەی پەكەكە خۆی تیادا دەبینێتەوە چۆن سەیری كوردو ئایندەی كوردستان دەكەن.

لە ئێستادا جگە لەپەكەكە، هەموو هێزە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان خوازیاری ئەوەن كە كورد خۆی لەبەرەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش ببینێتەوە، هەروەها هەموو كورد و هێزە سیاسییەكان پشتگیریی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن كە بە رێگەی باشووری كوردستان نوێنەرایەتی كورد لەچوارچێوەی ئەم هاوپەیمانییە دەكات.

خاڵی گرنگ كە دەوڵەتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لەگەڵ پێشمەرگەو باشووری كوردستان مامەڵەی پێدەكەن، پێشێلكردنی سیاسەتی (یەك عێراقە)، راشكاوانەتر پشتگوێخستنی سەروەریی عێراقە وەك دەوڵەتێكی یەكپارچەو یەكگرتوو، بەڵام ئەم شێوازە بە جۆرێك پیادە دەكەن كە حكومەتی عێراقیش بەو ئەمری واقیعە رازی بێت كە دەوڵەتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش مامەڵەی سەربەخۆ لەگەڵ باشووری كوردستان بكەن، ئەم ئاراستەی شێوازی مامەڵەی بەشی هەرە زۆری دەوڵەتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش پێمان دەڵێت كە سەربەخۆیی كوردستان هەنگاوێكی گرنگە بۆ سەركەوتن لەشەڕی تیرۆردا، ئەوجا دژی داعش بێت، یان قاعیدە یان هەر ناوێكی دیكە.

بەڵام لەبەرامبەردا پەكەكە خۆی لەبەرەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش یاخی كردووەو خۆی خزاندۆتە بەرەی ئێران، رژێمی بەشار ئەسەد، حەشدی شەعبی و تەیاری نوری مالیكی لەعێراق و خۆگرێدانەوەی بە میلیشیای حزبوڵاكانەوە. لێرەدا گرنگە ئەو پرسیارە بكەین، ئایا ئەو بەرەی پەكەكە خۆی تێدا دەبینێتەوە چۆن سەیری كوردستان دەكەن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەچەند خاڵێك دەدەینەوە:

1. ئەوەی رابەرایەتیی ئەم بەرەیە دەكات، ئێرانەو هەرگیز ئەو راستییەی نەشاردۆتەوە كە ئەو دژی هەڵوەشانەوەی خاكی سووریا و عێراقەو پابەندە بەیەكپارچەیی ئەو دوو دەوڵەتەوە و نابێت هیچ گۆڕانكارییەكیان بەسەردا بێت، كەواتە هەر هێزێكی سیاسیی كوردستانی ببێتە هاوپەیمانی ئێران لانیكەم دەبێت لەسەر ئەو خاڵە گرنگەی كە ئێران كردوویەتە خاڵێكی ستراتیژی بۆ دروستكردنی هیلالی شیعی، دەبێت لەو خاڵەدا لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئێران یەكبگرێتەوە، ئەمەش واتە دەبێت دژی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بێت لەو دوو پارچەیەی كە مەزندەی ئەوەی لێدەكرێت هەر دوو دەوڵەتی عێراق و سووریا لەبەر یەك هەڵدەوەشێن، بێگومان كە دژی دەوڵەتی كوردستان بن لە عێراق و سووریا، ئەوا دەبێت یەكپارچەیی ئێران وەك شتێكی پیرۆز سەیربكرێت و ئەگەر كوردی رۆژهەڵات هەر جووڵەیەك بكات، دەبێت پێش ئێران ئەو لایەنە دژایەتی بكات و سەركوتی بكات. دیارە پەكەكە نەیشاردۆتەوە لەم خاڵەدا لەگەڵ ئێران یەك ئامانجیان هەیە، جیاوازی نێوان دەربڕینی ئێران و پەكەكە ئەوەندەیە، ئێران بەناوی پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق و سووریا بانگەشەی بۆ دەكات، پەكەكە بەناوی بڕوانەبوون بەدەوڵەتی نەتەوەیی و بەسەرچوونی دەوڵەتی نەتەوەیی بانگەشەی بۆ دەكات.
2. ئێستا پەكەكە شانازی بەوە دەكات وەك میلیشیایەكی حەشدی شەعبی حیسابی بۆ بكرێت و هەروەها شانازی دەكات كە هاوپەیمانییەكی پتەوی لەگەڵ نوری مالیكی هەبێت. پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو میلیشیایەی حەشدی شەعبی كە هاوشێوەكانی مەهدی موهەندیس و قەیس غەزعەلی و نوری مالیكی سەرپەرشتی دەكەن، بۆچوونیان سەبارەت بە كوردو ئایندەی باشووری كوردستان چییە؟ بێگومان ئێمە بە ئاشكرا لە زاری مەهدی موهەندیس و نوری مالیكی و قەیس غەزعەلی بۆچوونی ئەوانمان نەك هەر گوێ لێبووە، بەڵكو گوێمان لەو هەڕەشانەشیان بووە كە داوادەكەن هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ سنوورەكانی 19ی مارتی 2003 واتە پێش رووخانی رژێمی سەدام حوسێن، هەروەها هەڕەشەی ئەوەمان لێدەكەن دوای موسڵ كوردستان داگیردەكەنەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو هاوپەیمانەی پەكەكە لەگەڵیدا یەكدەگرێتەوە و دەیەوێت وەك حەشدی شەعبی لە شنگال خۆی بناسێت و داوای ئەوەمان لێدەكات حەشدی شەعبی فەرمانی پێبكات لە شنگال بكشێنەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە هیچ جیاوازییەك لەنێوان بۆچوونی پەكەكەو حەشدی شەعبی بەرامبەر بە دەوڵەتی كوردستان نییە.

3. رژێمی بەشار ئەسەد تا رادەیەكی زۆر مەترسیی رووخانی لەسەر دووركەوتۆتەوەو ئێستا ئەمریكاش بەشێوەیەك لە شێوەكان هێندەی پرسی تێكشكاندنی رووخانی خەلافەتی داعش و ئازادكردنی رەققەی لاگرنگە، رووخانی رژێمی ئەسەدی لا گرنگ نییە، هەر بۆیە شێوازی قسەكردن، یان پەیامەكانی بەشار ئەسەدیش بۆ ئیدارەی تازەی ئەمریكا جۆرێك لە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو ئەسەد بە ئاشكرا رایگەیاند ئەگەر ئەمریكا دەیەوێت بۆ شەڕی داعش هێز بنێرێتە سووریا، ئەوا دەتوانێت بە هەماهەنگی و هاوكاری لەگەڵ دیمەشق ئەو كارە بكات، ئەمەش مانای ئەوەیە رژێمی بەشار ئەسەد ئێستا خۆی بۆ ئەوە ئامادە دەكات، كۆنگرەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا وەك شانۆگەرییەك بەڕێوەبچن و خۆیشی لە ناوخۆ خۆی بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوی سووریا ئامادەبكات، ئەمەش مانای ئەوەیە مەترسیی لەبەریەك هەڵوەشانی سووریا دووركەوتۆتەوە، ئاشكراشە هێشتا رژێمی ئەسەد دانی بەوەدا نەناوە كە ناسنامەی سووریا بداتە هاووڵاتیانی رۆژئاوا، بەڵام هەموو كارئاسانییەك بۆ كوردانی سووریا دەكات بۆ ئەوەی ببنە چەكداری پەكەكە، ئەمەش مانای ئەوەیە كوردانی سووریا چەكداری پەكەكە بن، یان سوپای سووریا لای ئەسەد هیچ جیاوازییەكیان نییە.

لێرەوە گرنگە ئەو پرسیارە بكەین، كاتێك مەترسیی ئەوە هەبوو كە رژێمی بەشار ئەسەد بڕووخێت، بۆچی نوری مالیكی میلیشیای عەسائبی ئەهلی هەقی ناردە نزیك دیمەشق و حەسەن نەسڕولا میلیشیاكانی حزبوڵای ناردە نزیكی مەزاری سەیدە زەینەب، قاسم سولەیمانی -یش خۆی لە دیمەشق سەرپەرشتی شەڕەكانی دەكردو هەروەها هێزەكانی پەیەدە و پەكەكەش باكووری سووریان بۆ ئەسەد كۆنتڕۆڵ كرد؟ بێگومان نوری مالیكی و حەسەن نەسروڵا راشكاوانە رایانگەیاند ئەوان (بەرگری لەشیعە دەكەن، نەك ئەسەد)، بەڵام هێزەكانی پەكەكەو پەیەدە ئەوانیش بە ئاشكرا رایانگەیاند (دژی دەوڵەتی نەتەوەیین و دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەرچووە)، دیارە ئێستا مەترسیی رووخانی ئەسەد دووركەوتۆتەوە، هەروەها باكووری كوردستانیش بەتەواوەتی شڵەژاوە و مەترسیی هێزەكانی رۆژهەڵاتیش لەسەر ئێران كەم بۆتەوە، هەر بۆیە ئەوەی لە تێڕوانینی ئەم بەرەیەدا وەك هەڕەشە سەیردەكرێت، ئەو ئومێدەیە كە لەباشووری كوردستان خەریكە پرۆسەی سەربەخۆیی سەردەكەوێت، بۆیە وەك دەبینین هەموو ئەو لایانانە پەكەكەیان كردووە بە وەكیلی خۆیان بۆ ئەوەی فیتنەیەك لە باشووری كوردستان دروست بكەن، پاشان وەك چۆن هەموویان لە دیمەشق یەكیان گرتەوە، ئەمجارەیان لە شنگال یەكبگرنەوە، بەڵام ئەمە خەیاڵ پڵاوەو زیاتر لە خەونی حوشتر دەچێت، ئەوەی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان تاقی بكاتەوە كە ئێستا بەرەی پێشەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە دژی تیرۆر، ئەوا ئەوەی خۆی بخاتە بەرامبەر ئەم بەرەیە وەك ئەوانە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت كە پێشتر ویستیان خۆیان لەگەڵ ئیرادەی پێشمەرگە تاقی بكەنەوە.
Top