لەناو هەموو هێزە سیاسیەكانی هەر چوار پارچەی كوردستاندا تەنها پەكەكە لە دەرەوەی بەرەی دژی تیرۆرە

لەناو هەموو هێزە سیاسیەكانی هەر چوار پارچەی كوردستاندا تەنها پەكەكە لە دەرەوەی بەرەی دژی تیرۆرە
لەم قۆناخە ناسك و هەستیارەی ئێستا كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەراستی پێدا تێدەپەرێت، بەهاو گرنگی یەكریزی و یەكهەڵوێستی نێوماڵی كوردستان نەك تەنها لەسەر ئاستی باشور بەڵكو لەسەر ئاستی هەرچوارپارچەی كوردستان ، فاكتەرێكی گرنگی بەهێزێكردنی توخمی كوردە لەناو ئەو هاوكێشە سیاسیەی كە هێزە گەورەكانی جیهان و ناوچەكە گەمەی تێدا دەكەن. هەربۆیە پێویستە هەموو هێزە سیاسیەكانی كوردستان هەوڵبدەن خاڵە سەرەكی و هاوبەشەكانی نێوانیان زیاتر پتەو بكەن و خاڵە جیاوازەكان بهیڵنەوە بۆ دانوستاندن و وتویژی كوردانە لە نێوان خۆیاندا. دیارە تارادەیەكی زۆر لەنێوان سەرجەم هێزەكانی باشور و باكور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا ، بیجگە لەپەكەكە و ئەو حزبانەی كە دروستكراوی دەستی پەكەكەن، ئەم لیكتێگەیشتن و هەماهەنگییە بوونی هەیە و هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن كە ستراتیژیەتێكی هاوبەش بۆ گوتاری كورد و كوردستانی لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان دروستبكرێت و رۆژ لەدوای رۆژیش زیاتر سەنگ و پێگەی كوردستان لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان و لەناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر زیاتر دەردەكەوێت.

گومانی تێدا نیە كوڕان و كچانی كوردستان لە هەر پارچەیەكی كوردستان بن، كاتێك بڕیاری مقاوەمەت و بەرخوردان دەدەن و چەكی كوردایەتی دەكەنە شانیان، ئەو جوامێر و قارەمانانەن كە وەك كورد و كوردستانی سەرنجی جیهان بۆلای خۆیان رادەكێشن، شەڕی ئەمجارەی دژی تیرۆریستانی داعشیش لە باشور و رۆژئاوای كوردستان جیهانی بەوە سەرسامكردووە كە چۆن پێشمەرگە و شەڕڤانی كورد ئەو هێزەن كە دەتوانن هێزێكی دڕندەی وەك تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنن. ئەم جوامێری و قارەمانیەتەی كوڕان و كچانی كوردستان پێویستی بەوە بوو كە پێشمەرگە و شەڕڤان لەیەك بەرەدا پێكەوە شەڕی دوژمنێكی هاوبەش بكەن كە تیرۆریستانی داعشە و پێكەوە بەشێك بن لە هاوپەیمانی نیودەوڵەتی دژی داعش ، بەڵام مخابن تاكە رێگریەك لەرێگەی بوونی پێشمەرگە و شەڕڤان بەیەك هێز بەیەك ئیرادە، ئەو ئایدۆلۆژیەتە ناكوردانەیەی پەكەكەیە كە هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە شەڕڤان و گەریلا دژی پێشمەرگە بەكار بهێنێت و لەبری ئەوەی ئیرادە و هێزی پێشمەرگە و شەڕڤان لەم باردۆخە ناسكەدا ببێتە یەك و چارەنووسی دوو پارچەی كوردستان یەكلایی بكاتەوە، بەڵام وەك دەیبینین هەموو هەوڵی پەكەكە بۆ ئەوەیە كە شەڕێكی نەخوازراو لە نێوان پێشمەرگە و شەڕڤانان دروست بكات كە سەرەنجام ئیرادەی كورد و كوردستان بەرەو كارەسات و ماڵوێرانیەكی گەورە دەبات.

لەسەرەتای شەڕی دژی داعش و دوای ئەوەی تیرۆریستان پەلاماری باشوری كوردستانیاندا . بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان بڕیاری شەڕی مان و نەمانی دژی تیرۆریستانی داعش راگەیاند، بەمەش توانرا لەماوەی كەمتر لە 100 كاتژمێر شاری مەخمور ئازاد بكرێتەوە، هەر بە بۆنەی ئەم سەركەوتنەوەش كاتێك سەرۆكی كوردستان شاری مەخموری بەسەركردەوە، ئەوان چۆن سەردانی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد، بەهەمان شێوەی سەردانی ئەو شەڕڤانانەی پەكەكەشی كرد كە لە كەمپی مەخمور پێشتر نیشتەجێ بوون و لەشەڕی ئازادكرنەوەی مەخموردا هاوشانی پێشمەرگە لەدژی داعش لەیەك سەنگەردا بەرگریان كردبوو.
ئەم سەردانە ئەوەی پیشانداین كە ئامانجی سەرۆكی كوردستان ئەوەبوو كە ئەو جیاوازییە لەنێوان پێشمەرگە و شەڕڤان نەهێڵێت كە پێشتر پەكەكە دروستی كردبوو، پاشانیش بۆ پشتگیری و پشتیوانی كانتۆنەكانی رۆژئاوا و هەوڵدان بۆ ئەوەی كانتۆنەكانی رۆژئاواش ببنە ئەزموونێكی دیموكراتی دیكەی هاوشێوەی ئەزموونی دیموكراتی باشوری كوردستان و كیانێكی دیكەی كوردی دیفاكتۆ لە رۆژئاواش دابمەزرێت، دیسان سەرۆك بارزانی هەموو لایەنە سیاسیەكانی رۆژئاوای لەسەر یەك مێز كۆكردەوە و توانرا لە چوارچێوەی رێككەوتنی هەولێر هەموو لایەنەكان لەسەر خاڵە هاوبەشەكانی نێوانیان رێبكەون.
لەگەڵ ئەوەی پەیەدە كە حزبێكە دروستكراوی پەكەكەیە پابەند نەبوو بە بەندەكانی رێككەوتنی هەولێرەوە، بەڵام كاتێك هەرەشە كەوتە سەر كانتۆكانی رۆژئاواو تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر كۆبانێ ، جارێكی دیكە سەرۆكی كوردستان هەوڵیدا لایەنەكانی رۆژئاوا لە دهۆك كۆبكاتەوە و لە چوارچێوەی ریككەوتنی دهۆك ریبكەون.

لەمەش زیاتر كە كار گەیشتە ئەوەی كۆبانێ بكەوێت و تەنانەت سەرۆكی توركیا بەفەرمی رایگەیاند كۆبانێ كەوتووە، ئەوا لەم كاتەدا سەرۆكی كوردستان نامەیەكی ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كرد بۆ ئەوەی بریاربدات كە هێزی پێشمەرگە بەرەو كۆبانێ بجوڵێت، ئەم ئاراستەی سەرۆكی كوردستان بۆ پیشاندانی یەك ئیرادەی كورد لە باشور و رۆژئاوا، بووە هۆكاری ئەوەی سەرۆك ئۆباما خۆی بێتە سەرخەت و توركیا رازی بكات كە هێزی پێشمەرگە بۆ پشتیوانی براكانی لە رۆژئاوا بەناو خاكی توركیادا بچنە كۆبانێ، ئازادكردنی كۆبانێ بە هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و شەڕڤانان، بووە سیمبولی ئیرادە و جوامێری هێزی كورد و كوردستان لە تێروانینی جیهاندا، بەڵام دیسان مەخابن هەڵەكانی پەكەكە نەیهێشت ئەم سیما جوانە بەردەوام بێت و یەك ئیرادەیی كورد لە دوو پارچەی كوردستاندا سەرنجی جیهان رابكێشت.

لەمەش خراپتر لەسەر ئاستی سیاسی ناوی (رۆژاڤا) كە خەریك بوو دەبووە ناوێكی جیهانی بۆ ئەزموونی خۆبەرێوەبەری كورد لەرۆژئاوای كوردستان، سیاسەتی هەڵەی پەكەكە ئەم ناوەی گۆڕی بۆ فیدرالیەتی باكوری سوریا و ناوی كورد و كوردستانی لێكردەوە و، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی ئێستا ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ، پێویستیەكی یەكجار زۆریان بەهێزی شەڕڤانانی رۆژئاوا هەیە بۆ شەڕی دژی داعش و ئازادكردنەوەی رەقە، بەڵام ئەمریكاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئامادەنین تەنها یەك فیشەك بەناوی شەڕڤانانی كوردستانی رۆژئاوا بدەنە ئەو هێزە و مەرجی ئەوەیان لەسەر داناون كە دەبێت ببنە بەشێك لە هێزەكانی سوریای دیموكراتی و ئەمە لەگەڵ ئەوەی هێزی شەڕڤانان زۆرینەی هێزە چەكدارەكانی هێزی سوریای دیموكراتی پێكدەهێنن.

لەوانەیە هەندێك بڵێن ئەو مامەڵەیەی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرامبەر شەڕڤانان و رۆژئاوا دەیكەن، لەژێر گوشار و فشاری توركیایەدا و ئەوە توركیایە وایكردووە كە ئەمریكاو هاوپەیمانی نیودەوڵەتی دژی داعش مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ شەڕڤانان و رۆژئاوا نەكەن، ئەم بۆچوونە لەگەڵ ئەوەی لەوانەیە بەشێوەیەكی رێژەی راستی تێدا بێت، بەڵام هۆكاری سەرەكی ئەوەیە كە پەكەكە نەیهێشت رۆژئاواو باشور وەك یەك هێز و یەك ئیرادە لەبەر چاوی جیهان دەربكەوێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە توركیا هەر ئەو توركیایە بوو كە دەیگووت: پەیەدە بەشێكە لە پەكەكە و ریكخراوێكی تیرۆریستی یە و هیچ جیاوازیەكی لەگەڵ داعش نیە، بەڵام كاتێك سەرۆكی كوردستان رایگەیاند هێزی پێشمەرگە دەنێرێتە كۆبانی و رایگەیاند نابێت كۆبانێ بكەوێت، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی و لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمریكا ، توركیایان رازی كرد ، پێشمەرگە بە خاكەیەدا بچێتە كۆبانی و پشتیوانی ئەو هێزە بكات كە توركیا بە ئاشكرا بە تیرۆریست ناوی دەبردن، ئەمەش مانای ئەوەیە یەك ئیرادەیی كورد و گوشاری نێودەوڵەتی توركیایان ناچار كرد كە نەتوانێت بە پەیەدە بڵێت تیرۆریست، ئەمەش گرنگرترین هەنگاو بوو ئەگەر پەكەكە لێ بگەرایە ئایندەی رۆژئاوای دیاری دەكرد بەڵام پەیەدە لەژیر كاریگەری هەڵەكانی پەكەكە وایكرد ئەسڵەن ناوی رۆژئاوا بگۆرێت بە باكوری سوریا و هەروەها ناوی شەڕڤانیش بگۆرێت بۆ جەنگاوەری سوپای دیموكراتی .

ئەوەی لەمەش سەیرترە ئەوەیە ، ئێستا پەكەكە و پەیەدە بەوە رازین ناوی رۆژئاوا و شەڕڤان نەمێنی، كەچی لە كۆبوونەوەكانی ژنێف و ئەستانەدا، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادەنیە وەك نوێنەری شاندی سوریای دیموكراتیش پەیەدە بەشداری لە كۆبوونەوەكانی ئۆپۆزسیۆن بكات، لەولاشەوە رژێمی بەشەر ئەسەد كە ئێستا بە هۆی روسیاوە مەترسی رووخانی لەسەر نەماوە، بە ئاشكرا بە جیهانی رادەگەیەنێت، كاتی خۆی ئەو ناوچانە بە رێككەوتن دراوەتە پەیەدە و دەبێت پەیەدە ئەو ئەمانەتە بۆ دیمەشق بگێرێتەوە و هەروەها رژێمی ئەسەد زۆر بیباكانە رایدەگەیەنێت كە چەكی داوەتە پەیەدە و هەتا ئێستاش پەیەدە نەیتوانێووە ئەو بانگێشانەی رژیمی ئەسەد پووچەڵ بكاتەوە.
ئەمەش مانای ئەوەیە ئامانجی پەكەكە لە دروستكردنی پەیەدە ئەوەبووە كە كوردستانی رۆژئاوا ئایندەی نەبێت، هەروەك چۆن ئێستا بە تەقاندنەوەی خۆكوژی و بردنە ناوەوەی شەرەكان بۆ ناو شارەكانی باكوری كوردستان ، هەوڵیداوە كە كوردستانی باكوریش هیچ ئایندەیەكی نەبێت.

سەبارەت بە رۆژهەڵاتیی كوردستانیش دیارە پەكەكە ئەوەی نەشاردۆتەوە لە ئێستادا بە ئاشكرا رۆڵی پاسەوانی سنور بۆ سوپای پاسدرانی كۆماری ئیسلامی دەگێرێت و بۆتە رێگرێكی گەورە لەبەردەم پێشمەرگەكانی رۆژهەڵاتدا بۆ ئەوەی نەگەرێنەوە بۆ ئەو پارچەی كوردستان و درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن. لە باشوری كوردستانیش كە لە ئێستادا هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش لە كوردستانن بۆ هاوكاری و پشتگیری هێزی پێشمەرگە، كەچی پەكەكە هەموو هەوڵی خۆی خستۆە گەڕ بۆ ئەوەی شەڕێكی نەخوازراو هەڵبگیرسێنێت و ئارامی و سەقامگیری باشور تێكبدات و ئاستەنگ بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان دروست بكات كە ئێستا هەموو جیهان بەراستەوخۆ و ناراستەوخۆ پشتگیری لێدەكەن.
Top