رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان و ئامادەباشی بۆ سەربەخۆیی

رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان و ئامادەباشی بۆ سەربەخۆیی
لەئێستادا بە ئاشكراو بە راشكاوی لەسەر ئاستی كۆڕ و كۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەكان باس لەوە دەكرێت كە تەنیا رێگە بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ عێراق و ناوچەكە و سەركەوتن لەشەڕی دژی تیرۆر، هەوڵدانە بۆ ئەوەی كۆماری كوردستان بە ئاشتی لەدایك بێت و رابگەیەندرێت، بەڵام بەداخەوە لەسەر ئاستی بارودۆخی سیاسی كوردستان هەندێك لایەنی سیاسی لە رێگەی پەرلەمانتارو هەڵسووڕاو و كادیرەكانیانەوە، كاری سەرەكییان بۆتە دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان و هەوڵدەدەن خەڵكی كوردستان لەسەر ئەم پرۆسە سیاسییە چارەنووسسازە نائومێد بكەن.

كێشەی سەرەكی لەسەر پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان لە ناو پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا، لەو چوارچێوەیەدا نییە كە لایەنێكی سیاسی بیركردنەوەیەكی جیاوازی سەبارەت بە شێواز و میكانیزمی هەنگاوهەڵگرتن بۆ سەربەخۆیی هەبێت و لە لایەنەكانی دیكە جیاواز بێت، بەڵكو كێشەی سەرەكی بەرەی سەربەخۆیی لەگەڵ ئەو یەك دوو لایانەی بە ناڕاستەوخۆ دژی سەربەخۆیی كاردەكەن ئەوەیە، ئەوان بەشێوەیەكی ریشەیی دژی سەربەخۆیین و نایانەوێت كوردستان سەربەخۆ بێت، لەمەش زیاتر بۆ ئەوەی گومان بخەنەسەر دەسەڵاتی سیاسی لە كوردستان، گلەیی و گازندەكانی خۆیان ئاراستەی پەرلەمان و حكومەتی عێراق دەكەن، بەمەش دەیانەوێت خزمەتێكی بەلاش بەو لایەنە عەرەبییانە بكەن كە دژایەتیی سەربەخۆیی كوردستان بە ئەركێكی پیرۆزی سەرشانیان دادەنێن، بەداخەوە یەكگرتنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و بەشێك لە كادیرانی كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ ئەو لایەنە عەرەبییانەی دژی سەربەخۆیی كوردستانن، ئەمە پێی ناگوترێت جیاوازی بیروڕای سیاسی سەبارەت بەسەربەخۆیی، یان پێی ناگوترێت ئازادی رادەربڕین، كاتێك دژی سەربەخۆیی كوردستان، ژینگەی سیاسیی كوردستان ژەهراوی دەكەن.

سەبارەت بەم لایەنە وەك لە رۆژی هەینیی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا راشكاوانە هەندێك لەمیدیاكانی ئەمریكای ناولێنا: «دوژمنی ئەمریكا» بە ئاشكرا رایگەیاند ئەو میدیایانەی درۆ و چەواشەكاری بڵاودەكەنەوە (دوژمنایەتی ئەمریكا) دەكەن، بۆیە بە پشتبەستن بە دەستووری ئەمریكا كە مافی رادەبڕینی راستی داوە، ئەوا من دژی ئەو میدیایانە رادەوەستمەوە كە درۆ و چەواشەكاری بڵاو دەكەنەوە.
لەم روانگەیەوە ئەوانەی لە كوردستان بەناوی ئازادی رادەربڕین، یان بۆ مەبەستی سیاسی و تایبەتی خۆیان نوێنەرایەتی گەلی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان و عێراق، بۆ دوژمنایەتی گەلی خۆیان و سەربەخۆیی وڵاتی خۆیان بەكار دەهێێن، دەبێت ئەمانە لە چوارچێوەی كاری سیاسیی ئازادو دەربڕینی ئازاد بهێنرێنەدەرەوە و راستەوخۆ لەبەردەم گەلی كوردستاندا نییەت و ئامانجە سیاسییەكانیان ئاشكرا بكرێت.
بۆ ئێستای كوردستان یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كارێكی زۆر گرنگە و دەبێت لەسەرووی هەموو ئەجیندایەكی دیكەوە سەیر بكرێت، بەڵام ئەگەر لایەنێك، یان دوو لایەنی سیاسی بڕیاریاندابێت و رێگە نەدەن ئەم یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییە بەهەر نرخێك بێت دروست بێت، ئەوا گرنگە ئەو لایەنە سیاسییانەی خۆیان لەبەرەی سەربەخۆیی دەبیننەوە و خۆیان وەك بەشێك لە پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان پێناسە دەكەن، یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی خۆیان رابگەیەنن و پێكەوە لەگەڵ تەواوی گەلی كوردستان قسەبكەن، بۆ ئەوەی چیدیكە ئەو لایەنە سیاسییانەی وەك بزووتنەوەی گۆڕان بە ئاشكرا دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، لەپەنای پڕوپاگەندەی دروستكراودا خۆیان نەشارنەوە و راستی و دروستی هەڵوێستی سیاسی هەموولایەك لەبەردەم خەڵكی كوردستاندا ئاشكرا بێت.

ئەمە جاری یەكەم نییە لە مێژووی نەتەوەكانی جیهان بۆ سەربەخۆیی و ئازادی لایەنێكی سیاسی دژی ئیرادەو خواستی نەتەوە و گەلی خۆی رابوەستێتەوە، یان هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنێكی دەرەكی گرێبدات كە دژی نەتەوەكەی خۆی بێت، هەر بۆ نموونە لەو كاتەی مەهاتما گاندی هەموو هەوڵی خۆی بۆ سەربەخۆیی هیندستان بەشێوازی ئاشتییانە تەرخان كردبوو، بەرۆژوو دەبوو بۆ ئەوەی یەكڕیزی لەنێوان گەلانی هیندستان دروست بكات و ئیمپریالیزمی بەریتانی ناچاربكات هیندستان بەجێ بهێڵێت، كەچی لەو كاتەدا كەسێكی وەك سباهس چاندرا دەچوو هاوپەیمانی لەگەڵ هیتلەری نازی دەكرد بۆ ئەوەی پرۆسەی سەربەخۆیی هیندستان لەسەر دەستی گاندی سەركەوتوو نەبێت، هەروەها لە فەرەنسا ئەولادەكانی فیشی دەستیان تێكەڵی ئەڵمانیای نازی كردبوو بۆ ئەوەی فەرەنسا سەربەخۆ نەبێت، بەڵام گەلی هیندستان و فەرەنسا توانییان ئەو جۆرە بیروبۆچوونانە ریسوا بكەن و پرۆسەی سەربەخۆیی سەربخەن.

بۆ ئێستای كوردستان خاڵی ئیجابی ئەوەیە كە هێزی پێشمەرگەی كورستان یەكڕیز و یەكگرتووەو هیچ لایەنێكی سیاسی ناتوانێت بە ئاشكرا دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان بكات، بەڵكو بڕو بیانوو دروست دەكات بۆ ئەوەی ئامانج و مەرامەكانی خۆی لە ژێردا بشارێتەوە، هەر بۆیە كاتێك بەرەی سەربەخۆیی پەردە لەسەر ئەو بروبیانووانە هەڵدەماڵێت، ئەوا، یان ناچار دەبن بگەڕێنەوە نێو بەرەی سەربەخۆیی، یانیش بەتەواوەتی خۆیان ئاشكرا دەكەن و ئەوكاتیش میللەت خۆی بڕیار دەدات چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات.

لایەنێكی دیكە كە زۆر گرنگە بەرەی سەربەخۆیی پێی پشتئەستور بێت، ئەوەیە كە سەربەخۆیی كوردستان بۆتە بەرژەوەندیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تێكشكاندنی داعش و شەڕی تیرۆر لەدوای رووخانی خەلافەتی ئیسلامی داعش، ئەمەش لەبەر ئەوەیە تەنیا بە پشتگیری بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەتوانرێت ستراتیژیەتی تێكشكاندن و لە ریشە هەڵكێشانی داعش و تیرۆریستانی دوای داعشیش سەركەوتوو بێت.
Top