كۆماری كوردستان خاڵی وەرچەرخانی پێگەی جیۆپۆلیتیكی هەژموونی ئەمریكا و ئەوروپا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
March 1, 2017
راپۆرتەکان
ئێستا عێراق بەكردەیی لە ناو شەڕێكی ناوخۆیی شیعەو سوننەدایە، مێژووی عێراق پێمان دەڵێت: (بە زۆر مارەكردنی كوردستان لە عێراق كارێكی هەڵە بووە)، لەدوای شەڕی یەكەمی جیهانییەوە هەتا ئێستا هەرگیز كوردستان نەبۆتە بەشێك لە عێراق، لە ماوەی ساڵانی 1961- 1991 كە 30 ساڵ دەكات، كورد بەشی زۆری ئەم ماوەیە لە شەڕێكی خوێناویدا بووە لەگەڵ حكومەتی عێراق، سەرەنجام دوای ئەوەی ئەمریكا دەستتێوەردانی كرد لە شەڕی یەكەمی كەنداو، گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كە نەوای ئارام دروست بكرێت و كوردستانی سەربەخۆ بەشێوەی دیفاكتۆ بێتەئاراوە، ئەم مێژووە پێمان دەڵێت: كورد نایەوێت بەشێك بێت لەعێراق، ئەگەر بەزۆر بلكێندرێتەوە بە عێراقەوە كێشەی گەورەتری بەدوادا دێت.
لە ئێستادا ئەمریكا پێویستی بەوە نییە كێشەی زیاتری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ دروست بێت، ئەو بارودۆخەی كوردستان كە ماوەی چەند ساڵێكە وەك دیفاكتۆ هێڵدراوەتەوە، لە پێناوی ئەوەیە كە كێشەكان كەمتر ببنەوە، بەڵام هێشتنەوەی بارودۆخەكە بەمشێوەیە هەڵەیە، لەبەر ئەوەی لە دوای ساڵی 2011 ـەوە بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێت و پێویستی بە گۆڕانكارییە. هەر لەسەرینی ئەم گۆڕانكارییانەوەیە كە دووساڵ پێش ئێستا عەرەبستانی سعودی راشكاوانە دانی بەو راستییەدا نا، ئەگەر خۆمان نەگۆڕین، ئەوا رێگە ون دەكەین، لەسەر ئەم بنەمایە نابێت مێژووی رابردووی عێراق، ئایندەی عێراق دیاری بكات و دەبێت ئایندەی عێراق وەك رابردووی عێراق نەبێت.
هەر بۆیە ئەگەر لەسەر هەمان رێگەی رابردوو بۆ پاراستنی یەكپارچەیی عێراق هەنگاو هەڵبگرین، ئەوا ئەم ئاراستەیە هەم بۆ كوردستان و عێراق خراپە، هەمیش بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق و ناوچەكەدا.
هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی كوردستان لەناو عێراقدا، بارودۆخەكە خراپتر دەكات، هەروەها دەستووری عێراق دیكۆمێنتێكی باش نییە و چەندین كەموكورتی گەورەی هەیە، لەو دەستوورەدا كورد زۆر لۆژیكانە جەختی لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەكانی و دەسەڵاتەكانی لە چوارچێوەی هەرێمی فیدڕاڵی كوردستان كردۆتەوە، ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی كێشەی دیكە لە عێراقدا دروست ببێت. كەواتە ئەگەر كوردستان لە عێراق جیاببێتەوە، ئەوكات بیر لەوە دەكرێتەوە چۆن پێوەندیی نێوان پارێزگاكانی سوننە لەگەڵ پارێزگاكانی شیعە رێكبخرێتەوەو دەزانرێت چۆن هەوڵدەدرێت بۆ ئەوەی لایەنە مەزهەبگەراییەكانی شیعە و سوننە پێكەوە كۆبكرێتەوە.
ئەم واقیعە تازەیە فەرزی دەكات كە گۆڕانكاری ریشەیی لە عێراقدا بێتەدی، جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی ئایندەی عێراق لەسەر رابردووی عێراق بونیاد بنرێتەوە، كێشە دروست دەكات و كێشە و ئاڵۆزی زۆرتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بۆیە لەم كاتەدا رۆڵی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەبێت دەستپێبكات و چۆن هەنگاوی پێویست بۆ كوردستانێكی سەربەخۆ هەڵدەگیرێت؟ بۆ ئەمە پێویستە ئەمریكا ببێتە ناوبژیوان لەنێوان كوردستان و عێراقدا، سەبارەت بەوەی سنووری نێوان كوردستان و عێراق چۆن دەبێت، ئایا بارودۆخی كەركووك چۆن چارەسەر دەكرێت و ئایندەی كەمینەكان لەكوردستاندا چۆن دەبن. پێوەندیی نێوان كوردستان و عێراق لە ئایندەدا چۆن دەبێت.
راگەیاندنی سەربەخۆیی بە شێوەیەكی یەكلایەنە لەلایەن كوردستانەوە كێشەی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بۆیە پێویستە هاوكاریی كوردستان و عێراق بكرێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ئاشتییانە وەك چیكۆ- سلۆڤاكیای پێشوو پرۆسەكە بەرەو سەركەوتن بەرن.
من هیوادارم هەردوو لایەنی كوردستان و عێراق پێكەوە لەسەر یەك مێزی دانوستاندن كۆببنەوە و بە راشكاوی باسی ئەم پرسە بكەن. لە ئێستادا جێگەی خۆشحاڵییە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان راشكاوانە پرسی سەربەخۆییان لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق باسكردووە. ئەوەی گرنگە لە ئێستادا ئەوەیە كە دەبێت پرۆسەی وتووێژ بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە نێوان هەولێر و بەغدا دەستپێبكات و گرنگ نییە ئەم پرۆسەیە چەند دەخایەنێت، بەڵام زۆر گرنگە ئەمریكا خۆی سەركردایەتی ئەم پرۆسەیە بكات، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئاشتییانە پرسی سەربەخۆیی كوردستان لەگەڵ عێراقدا بە ئەنجام بگات.»
كینس پۆلاك بەڕێوەبەری سەنتەری سابان لە ئامۆژگای برۆكینگز
بەشداربووی پەنێڵی (دەوڵەتی عێراق . كۆماری كوردستان لەدوای داعش) لە رۆژی 23ی شوباتی 2017 لە ئامۆژگای هۆدسۆن .
درێژەدان بە سیاسەتی یەكپارچەیی عێراق
خۆری ئەمریكاو ئەوروپا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاوا دەكات
ئەگەر وەك نەیارانی سەربەخۆیی لە كوردستان پێی شاگەشكە دەبن، وای دابنێین كوردستان هەربەشێك دەبێت لە عێراق و هەوڵەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشیش، دوای ئازادكردنەوەی موسڵ و رووخاندنی خەلافەتی ئیسلامی داعش، هەر بەوجۆرە دەبێت كە دەیانەوێت جارێكی دیكە لە چوارچێوەی عێراقدا كێشەی هەرێمی كوردستان و بەغدا چارەسەر بكەن. بەڵام ئەو پرسیارانەی لەم چوارچێوە سەرهەڵدەدەن ئەوەیە، ئایا هەوڵدانێك بەم ئاراستەیە دەبێتە هۆكاری ئەوەی عێراقێكی ئارام و سەقامگیر و فرەیی و فیدڕاڵی و دیموكراتی بێتەئاراوە؟ ئایا ئەم عێراقە دەبێتە هاوپەیمانێكی جێگە متمانەی ئەمریكاو رۆژئاوا، یاخود هەر خودی عێراق بۆشاییەكی دیكە دروست دەكات بۆ ئەوەی هێزی دیكەی هەرێمی جێگەی پێگەو هەژموونی ئەمریكا و رۆژئاوا بگرێتەوە؟ هەروەك چۆن ئێستا كۆماری ئیسلامی ئێران تا رادەیەكی زۆر گەورە جێگەی پێگەو نفوزی ئەمریكا و رۆژئاوای لە بەشە عەرەبییەكەی عێراقدا گرتۆتەوە.
سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، دیارە هەموو سەنتەرەكانی فیكر و لێكۆڵینەوە و تەواوی دیپلۆماتكار و بڕیارسازانی ئەمریكاو ئەوروپای رۆژئاوا، راشكاوانە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە پەتای تیرۆر و تیرۆریستان (ئەوجا ناوی ئەلقاعیدە بێت، یان داعش، یان هەر ناوێكی دیكە) نەخۆشیی سەرەكیی پرۆسەی سیاسی نییە لە عێراقدا، بەڵكو پەتای تیرۆر و تیرۆریستان دەرهاویشتەی ئەو سیاسەتە هەڵەیەیە كە چەندین ساڵە لەناوی سیاسەتی (یەك عێراق) هەوڵدراوە یەكپارچەیی دەوڵەتێكی دروستكراوی وەك عێراق بپارێزێت. كەواتە ئەم ئاكامەی هەموو لایەك پێی گەیشتوون، راشكاوانە پێمان دەڵێت: (عێراق بەیەك لایەن ئەوجا شیعە بێت، یان سوننە حوكمڕانی ناكرێت و پێكهاتەكانی شیعەو سوننەش ئەو ژێرخانە مەعریفییە دیموكراتییەیان نییە و تیاشیاندا دروست نابێت بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای شەراكەتی راستەقینەو دابەشكردنی دەسەڵات و داهات حوكمڕانیی عێراق بكەن.) هەربۆیە هەرچۆنێك پلان بۆ پابەندبوون بە سیاسەتی یەكپارچەیی عێراقەوە دابڕێژرێت، ئەوا ئاكامەكەی ئەوە دەبێت كە لەساڵی 2014 داعشی لێ پەیدابوو كە دوای داگیركردنی موسڵ خەلافەتی ئیسلامی تیا راگەیاند.
ئەمریكاو ئەوروپا لەشێوازی مامەڵەكردنیان لەگەڵ سووریا و بەپێداگرتنیان لەسەر ئەوەی (هیچ چارەسەرێكی سەربازی بۆ كێشەی سووریا بوونی نییە)، بووە هۆكاری ئەوەی بۆشاییەك دروست بێت و كە رووسیا بە ئاشكرا بڵێت: (تەنیا چارەسەرێك بۆ مانەوەی رژێمی بەشار ئەسەد لەدەسەڵاتدا ئەوەیە كە دەستتێوەردانی سەربازی بكرێت و لەمەشدا رووسیا سەركەوتوو بوو و توانیشی رژێمی ئەسەد بهێڵێتەوە و هاوپەیمانی نێوان دیمەشق و تاران و موسكۆ هیندەی دیكە بەهێز بكات و توركیاش لەناو ناتۆەوە بۆ ئەم هاوپەیمانییە پەلكێش بكات و ئەویش بەمانەوەی رژێمی ئەسەد رازی ببێت)، ئەم ئاكامەی دەستتێوەردانی سەربازی رووسیا لە سووریا دروستی كردووە، لە راپۆرتی كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایشی جیهان ناوی لێنراوە (قۆناخی پۆست رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا) راشكاوانەتر واتە خەریكە رۆژهەڵاتێكی ناوەڕاست دێتەئاراوە كە تیایدا ئەمریكاو رۆژئاوا هیچ رۆڵ و كاریگەرییەكیان نابێت.
سیناتۆر جۆن مەكین كە نزیكەی 40 ساڵە لەهیچ كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایشی جیهان دانەبڕاوە، بەڵام لە وتارەكەیدا سەبارەت بە پۆست رۆژئاوا، نموونەی بە قسەیەكی مێردەكەی زازا گابوری ئەكتەری بە ناوبانگی ئەمریكی – هەنگاری هێنایەوە كە لەو شەوەدا پێی گوتووە: (من دەزانم پێویستە كە لەم شەوەدا بیكەم، بەڵام ئەوەی كە نایزانم ئەوەیە چی بكەم بۆ ئەوەی كە كردەوەكانم رەنگدانەوەی بایەخپێدانێكی گەورە بێت.) مەكین مەبەستی لەم قسەیە ئەوەیە كە ئەمریكاو ئەوروپا دەزانن ئەوەی پێویستە دەبێت بیكەن بۆ ئەوەی رۆژئاوا رۆڵی خۆی هەر بمێنێت، بەڵام ئەوەی جێگەی مشتومڕە ئەوەیە كە نازانن چۆن ئەو كارە بكەن بۆ ئەوەی رۆڵی رۆژئاوا رەنگدانەوەی هەژموون و پێگەی رۆژئاوا بێت لە كۆنتڕۆڵكردنی ئاسایش و كێشەكانی جیهاندا بەگشتی و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەتی.
ئەوجا ئەگەر سەبارەت بە هەڵوێستی سیناتۆر مەكین بەرامبەر سەربەخۆیی كوردستان بپرسین، ئایا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك بارزانی چۆن باسی سەربەخۆیی كوردستانی كردووە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆشیال دیموكراتی كوردستان و یاوەری شاندی كوردستان بۆ كۆنفرانسی میونشن، هەر زوو بە میدیاكانی راگەیاند كە (جۆن مەكین لە كورد زیاتر بەپەرۆشە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان)، لێرەوە ئەگەر ئەم هەڵوێستەی مەكین گرێبدەینەوە بە نموونەی ئەو قسەیەی لە وتارەكەی خۆی لە میونشن ئاماژەی پێكرد، ئەوا ئەمە مانای ئەوەیە (سیناتۆر مەكین دەزانێت پێویستە چی بكرێت بۆ ئەوەی هەژموونی ئەمریكاو ئەوروپا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگەرێتەوە ئاستی خۆی، بەڵام ئەوەی پێویستە بیری لێبكرێتەوە و پلانی بۆ دابنرێت، چۆن هەنگاو بۆ سەربەخۆیی كوردستان هەڵبگرێت بۆ ئەوەی رەنگدانەوەی شكۆ و هەژموونی ئەمریكا و ئەوروپا بێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا). لەمەش زیاتر دەزانێت درێژەدان بە سیاسەتی یەكپارچەیی عێراق، یان جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی كوردستان بەشێك بێت لە عێراق، عێراق دەكاتەوە زۆنێكی دیكەی نائارامی بۆ گەشەكردنی تیرۆریستان و مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكاو ئەوروپاو سەرەنجامیش دەبێتە هەڕەشەی جددی لەسەر ئەو بەهایانەی كە مایكل پینس جیگری سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی پێكردن كە بریتین لە (دیموكراتی، دادپەروەریی، سەروەریی) كە هەردوولا -ئەمریكاو ئەوروپا- خۆیان بەخاوەنی ئەو بەهایانە دەزانن و شانازییان پێوە دەكەن.
لێرەوە ئەگەر ئەو پرسیارە بورووژێنین، ئایا بۆچی چارەسەركردنی كێشەی عێراق و سەربەخۆیی كوردستان دەبنە دەروازەی دووبارە گێڕانەوەی هەژموونی ئەمریكا و ئەوروپا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟ دیارە لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا جوگرافیای تەنگژەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێمان دەڵێت: (بۆ ئەوەی رۆژئاوا هەژموون و پێگەی بۆ بگەڕێتەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەبێت رۆڵێكی گرنگ لە چارەسەركردنی كێشەكانی – عێراق، سووریا، یەمەن، لیبیا- بگێڕێت، واتە چوار دەروازەی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە وەك هێزێكی یەكلاكەرەوە بێتەوەناو كێشەكانی ئەم ناوچەیە، بەڵام لە هەر سێ دەروازەی (سووریا، یەمەن، لیبیا) رۆژئاوا بۆشاییەكی ئەوتۆی دروستكردووە كە هێز و لایەنی دیكە پڕیان كردۆتەوە، بۆیە تاكە دەروازە كە دەتوانێت لێوەی بگەڕێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەكی گشتی عێراقەو بەتایبەتی كوردستانە كە تیایدا دەتوانێت هەموو هێزی رۆژئاوا پێكەوە كۆبكاتەوە بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و پاشانیش پلانێكی سیاسی و ستراتیژی ئەوتۆ دابڕێژێت كە جێگەپێی خۆی دووبارە لە ناوچەكە پێناسە بكاتەوە، ئەو خاڵە جیوپۆلیتیكەشی كە رۆژئاوا دەتوانێت خۆی لەسەر رابگرێتەوە، كوردستانە نەك هەموو عێراق، بۆیە بەپشتگیری رۆژئاوا بۆ سەربەخۆیی كوردستان، دەتوانرێت كۆنتڕۆڵی پرۆسەی سیاسیی بەشە عەرەبییەكەی عێراق بكرێت و سەرلەنوێ پێوەندییەكی تازە لە نێوان عەرەبی شیعەو سوننە دروستبكرێتەوە و رێگری لە شەڕێكی خوێناوی لە ناوخۆی شیعەو سوننە لە عێراقدا بكرێت، هەروەها ئەو بۆشاییەش پڕدەكرێتەوە كە لە غیابی كاریگەریی ئەمریكا لایەنی دیكە وەك كۆماری ئیسلامی ئێران پڕی كردۆتەوە. بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئایا كۆماری ئیسلامی ئێران بەم چارەسەرەی رۆژئاوا بۆ ئایندەی عێراق رازی دەبێت، یان راشكاوانەتر هیچ بەرهەڵستییەك بۆ دروستبوونی سەربەخۆیی كوردستان دروست ناكات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە قسەكانی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە كۆنفرانسی میونشن وەردەگرینەوە كە تیایدا راشكاوانە گوتی: ئەمساڵ ساڵی گۆڕانكارییە لەسەر ئاستی جیهان و حەزدەكەم لەسەر قۆناخی دوای رۆژئاوا و سیستمی جیهانی قسەبكەم، لە بارودۆخێكی لەمجۆرە پێویستمان بە وەرچەرخانێكی مەعریفی هەیە كە بگونجێت لەگەڵ راستییەكاندا، ئەم وەرچەرخانە تەحەددای گەمەی كۆ سفری (Zero sum Game) لەسەر ئاستی گلۆباڵی دەكات و هەموومان پێویستمان بەوەیە كە درك بەو راستییە بكەین كە بەدەستهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر حیسابی ناسەقامگیری ئەوانی دیكە كارێكی ناواقیعییە و گریمانەیەكی بێ ئاكامە. لەم روانگەیەوە رێگرتن لە توندڕەوی و توندوتیژی و تیرۆر، پێویستی بە بەرهەمهێنانی دینامیكییەتێكی تازە هەیە، بەبڕوای من هەنگاوی یەكەم و پێویست بۆ دیاریكردنی هەڕەشەكان، پێویستی بەدووبارە پێناسەكردنەوەی كێشەكان هەیە.
ئەگەر سەرنج لە نەزمی قسەكانی وەزیری دەرەوەی ئێران بدەین، سەبارەت بەچۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچەكە، كە هاوكاتە لەگەڵ سەردانی شاندی ئێران بۆ هەر یەكە لە سوڵتاننشینی عومان و دەوڵەتی كوەیت، ئەوا دەبینین دەستپێكی قسەكانی بەوە دەستپێكردووە كە ئەمساڵ ساڵی (گۆڕانكارییە)، بەڵام گۆڕانكاری لەچیدا؟ بێگومان لە جیۆپۆلیتكی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پیشاندانی ئامادەباشیی كۆماری ئیسلامییە بۆ تەفەهومی ئەو گۆڕانكارییانە، بەمەرجێ نەبنە هۆكاری ناسەقامگیری بۆ ئێران، دیارە لەمیانەی سەردانی شاندی یەكگرتووی ئیسلامیش بۆ ئێران وەك مامۆستا هادی عەلی ئەندامی شاندی ناوبراو بە میدیاكانی راگەیاندووە، راستەوخۆ بەرپرسیارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بە شاندەكەی یەكگرتوویان گووتووە، ئەگەر سەربەخۆیی كوردستان نەبێتە هۆكاری ناسەقامگیری بۆ ئێران، ئەوان تەفەهومی دەكەن و ئامادەن مامەڵەی لەگەڵدا بكەن.
یەكگرتنەوەی قسەكانی بەرپرسانی ئەمریكی و ئەوروپا لەگەڵ قسەی بەرپرسانی ئێرانی سەبارەت بە حەتمیەتی گۆڕانكاری لە ناوچەكە، هەموویان ئاماژەن بۆ ئەوەی كە چارەسەركردنی كێشەكان پێویستی بە گۆڕانكاری لە نەخشەی جیۆپۆلیتكی ناوچەكە هەیە، لەم حاڵەتەشدا كە خاڵی دەستپێكی رۆژئاوا لە دەروازەی عێراقەوە دەست پێبكات، ئەوا مانای ئەوەیە جیاكردنەوەی كوردستان لە بەشە عەرەبییەكەی عێراق، هەنگاوی دەستپێك دەبێت و هەر رۆژئاوا بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی سەركردایەتی ئەم پرۆسەیە و سەربەخۆیی كوردستان دەكەن.
رووخانی خەلافەتی داعش
كۆتایی تیرۆر و تیرۆریستان نییە
كاتێك پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ كۆتایی دێت، ئایا بارودۆخی سیاسی لە بەشە عەرەبییەكەی عێراق و پێوەندیی نێوان كوردستان و عێراق چۆن دەبێت؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا خاتوو بەیان سامی عەبدولڕەحمان لە پەنێڵی (دەوڵەتی عێراق. كۆماری كوردستان دوای داعش) بەمجۆرە روانگەی كوردستان بۆ ئەم پرسە دەخاتەڕوو و ئاماژە بەوە دەكات كە راستە دوای ئازادكردنی موسڵ، خەلافەتی ئیسلامی داعش دەڕووخێت، بەڵام رووخانی خەلافەت مانای كۆتاییهاتنی تیرۆر نییە، بەڵكو تیرۆر هەڕەشەی داهاتووی بەردەمی كوردستان و عێراق و هەموو لایەك دەبێت، ئەوجا لەژێر ناوی قاعیدە بێت، یان داعش، یان هەر ناوێكی دیكە.
پرسیاری دیكە لەدوای رووخانی خەلافەتی داعش ئەوەیە، ئایا لەسەر چ بنەمایەك پرۆسەی سیاسی دەست پێدەكاتەوە بۆ ئەوەی رێگە لەدووبارە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و شەڕی ناوخۆی نێوان شیعەو سوننە بگیرێت؟ یان ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ كوردستان دەكرێت بۆ ئەوەی لەشەڕی دژی تیرۆری دوای داعشیش هەمان رۆڵی شەڕی تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش بگێڕێت؟ دیارە بۆ بارودۆخی ئاڵۆز و نادیاری دوای ئازادكردنی موسڵ، وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بەو ئاستە ئاسان نییە كە تەنیا بە بانگهێشتێك هەموو لایەنەكان و نوێنەری پێكهاتەكان لە سەر مێزێك كۆببنەوە و بڕیار لەسەر ئایندە بدەن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كاتێك هەوڵەكان دەخرێنەگەڕ بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی لەدوای رووخانی خەلافەتی داعش دەستپێبكاتەوە، بەئاستێك بێ متمانەیی لە نێوان پێكهاتە سەرەكییەكان، (كوردو عەرەب، كوردو شیعە، كوردو سوننە، هەروەها شیعەو سوننە) بوونی هەیە، ئەمەش دەبێتە تەحەددایەكی گەورە بەوەی چۆن لەسەر زەمینەی ئەو بێمتمانەییە قووڵەی لەنێوان پێكهاتەكان هەیە، زەمینەی لێكتێگەیشن و وتووێژ و دیالۆگ دروست دەكرێتەوە، یان چۆن زەمینەیەك دەڕەخسێت بۆ گێڕانەوەی ئەو ئاوارانەی كە لە ئاكامی شەڕی دژی داعش مال و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و ئێستا نزیكەی 1.8 ملیۆن هاووڵاتی عێراقی تەنیا لە كەمپەكانی كوردستان دەژین، ئایا چۆن ئەو هەموو خەڵكە دڵنیادەكرێتەوە و چۆن دووبارە لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان نیشتەجی دەكرێنەوە؟
ئەو تەحەددایانەی دوای رووخانی خەلافەتی داعش دروست دەبن، ئەگەر مامەڵەیەكی واقیعییانە و لۆژیكییانەی لەگەڵ نەكرێت، دەبنە هۆكاری ئەوەی زەمینەیەك دروست بێت كە بەئاسانی گروپی دیكەی تیرۆریستی لەناویاندا گەشە بكات، یان پاشماوەی تیرۆریستانی داعش دووبارە خۆیانی تێدا رێكبخەنەوە.
پرسیاری دیكە كە لەناو كاراكتەرەكانی پرۆسەی سیاسیی عێراقدا سەرهەڵدەدات، ئەوەیە كە دوای ئازادكردنی موسڵ و رووخانی خەلافەتی داعش، هێزەكانی حەشدی شەعبی (كە بەشێكیان لەچوارچێوەی یاسا چارەسەركراون و بەشێكیان لەدەرەوەی یاسان) وەك هێزێكی سەركەوتوو و براوەی شەڕەكە خۆیان وێنا دەكەن، فەرماندەی ئەو هێزانە بەتایبەتی كەسانی وەك قەیس خەزعەلی فەرماندەی میلیشیای عەسائبی ئەهلی هەق و مەهدی موهەندیس كە رۆڵێكی كاریگەریان لەناو هەموو هێزەكانی حەشدی شەعبی هەیە، لەمیانەی هەڵبژاردەكانی عێراقدا ببنە كاراكتەری سیاسی و بڕیار بەدەست لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، ئایا لە حاڵەتی لەمجۆرەدا چۆن دەتوانرێت لەگەڵ خەڵكانی وەك قەیس خەزعەلی و مەهدی موهەندیس كار بۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی عەرەبی شیعەو سوننە بكرێت، یان رێگە لەوە بگیرێت ئەوانە هەڕەشە لە كوردستان بكەن؟
سەبارەت بەم خەڵكانە پڕۆفیسۆر مایك پێرگنت توێژەری باڵا لە ئامۆژگای هۆدسن و تایبەتمەند لەسەر گروپ و میلیشیاكانی عێراق، راشكاوانە ئاماژە بەوە دەكات، بارودۆخی دوای رووخانی خەلافەتی ئیسلامی داعش، بۆ عەرەبی سوننە وەك ساڵانی 2004 و 2005 وایە، ئەوكات عەرەبی سوننە متمانەی بە شیعە و كورد و ئەمریكا نەبوو، بۆیە بەشداری هەڵبژاردنی نەكردو سەرەنجامیش زەمینە بۆ شەڕی ناوخۆی شیعەو سوننە دروست بوو، لە ئێستاشدا بارودۆخەكە لەو كاتە خراپترە، هەر بۆ نموونە كەسێكی وەك مەهدی موهەندیس هێندەی پابەندە بە فەرمانەكانی ئێران، هێندە پابەند نابێت بە حكومەتی عێراقەوە، مەهدی موهەندیس لەدوای دەرچوونی هێزەكانی ئەمریكا لەگەڵ قاسمی سولەیمانی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران گەڕاوەتەوە بۆ عێراق، كەسێكی وەك قەیس خەزعەلیش، لەوكاتەی ئەمریكا لە عێراقدا بووە لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە دەستگیر كراوە، بۆیە ئەگەر ئەوانە ببنە سەركردەی سیاسی و بڕیاربەدەست لە عێراقدا، ئەوا كارێكی حەتمییە كە شەڕی ناوخۆی نێوان شیعەو سوننە زۆر خراپتر سەرهەڵدەداتەوە و زەمینەش دروست دەبێت بۆ ئەوەی گروپی توندڕۆتر لە داعش و قاعیدە سەر هەڵبداتەوە.
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو بارودۆخە ئاڵۆزە چاوەڕوانكراوەی كە لەدوای ئازادكردنی موسڵ رووبەڕووی دەبینەوە، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا پێشنیاری ئەوە دەكات كە ناكرێت ئەمریكا بەوجۆرە رەفتار لەگەڵ ئەو قۆناخە هەستیارە بكات كە لەدوای ساڵی 2003 مامەڵەی لەگەڵ كێشەكانی عێراق كردووە، لەمبارەوە باس لەوە دەكات كە لە دەستووری عێراقی ساڵی 2005 و لە ماددەی 140 میكانیزمێك ئاماژەی پێكراوە بۆ چارەسەری ئەو ناوچە كوردستانییانەی لەدەرەوی ئیدارەی هەرێمی كوردستانن، بەڵام كێشەكە هەر ئەوەندە نییە كە حكومەتی عێراق نایەوێت ئەم ماددە دەستوورییە جێبەجێ بكات و ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت، بەڵكو كێشەی سەرەكی ئەوەیە كە ئەمریكاو ئەوروپاش گوشار ناكەن بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێت، ئەوان ماددەیەكیان دیاری كردووە بۆ چۆنیەتی چارەسەركردن، بەڵام جێبەجێ بكرێت، یان نەكرێت جێگەی بایەخی ئەوان نییە، بۆیە كاتێك كێشەكان چارەسەر نەكرێن، دەبێت چاوەڕێی بارودۆخی زۆر خراپتر بكرێت.
لەم حاڵەتەدا بارودۆخی عێراق و شێوازی بەڕێوەبردنی پرۆسەی سەربەخۆیی لەنێوان كوردستان و عێراق پێویستی بەوەیە كە هێزی ئەمریكا لەكوردستان و عێراق بوونی هەبێت و لەدانیشتنی نێوان كوردستان و عێراق ئامادەبوونی هەبێت، بۆ ئەوەی پرۆسەكە بە ئاشتی و سەركەوتوویی كۆتایی پێبێت.
ئەوانەی بایەخ بە پرسی (دژایەتی تیرۆرو رێگرتن لەوەی جارێكی دیكە ژینگەی عێراق ببێتەوە بە نەوای ئارام بۆ تیرۆریستان) دەدەن، جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە پێویستە ئەمجارەیان ئەمریكا سوود لە هەڵەكانی رابردووی وەربگرێت، بەتایبەتی كاتێك لە كۆتایی ساڵی 2011 هەموو هێزەكانی لە عێراق كشاندەوە و عێراقی بێ كاریگەری نفوز و هێزی خۆی بۆ نوری مالیكی بەجێهێشت، ئەو هەڵەیە وایكرد كە كارەساتی گەورەی سەرهەڵدانی داعش و دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی رووبدات و ئەمریكا ناچاربێت جارێكی دیكە بگەڕێتەوە بۆ عێراق، بەڵام گرنگە لێرەدا هەڵوەستە لەسەر ئەو راستییە بكرێت كە بارودۆخی دوای رووخانی خەلافەتی ئیسلامی زۆر ئاڵۆزتر و هەستیارترە وەك لە بارودۆخی كۆتایی 2011 و ئەوكات وەك ئێستا كێشە و تەنگژەكانی نێوان عەرەبی شیعەو سوننە بەو ئاستە قووڵ نەبووبوونەوە و بەو ئاستە بێ متمانەیی لەنێوان شیعەو سوننە نەبوو، بەڵام لە ئێستادا عەرەبی سوننە وێڕای ئەوەی جارێكی دیكە وەك لایەنی دۆڕاوی شەڕی دژ داعش لە چاوی عەرەبی شیعەدا سەیر دەكرێت، لەهەمانكاتدا هەموو شار و شارۆچكەكانی عەرەبی سوننە كاول بوون و وەك ماوەیەك پێش ئێستا پارێزگاری ئەنبار رایگەیاند كە تەنیا ئاوەدانكردنەوەی ئەنبار پێویستی بە زیاتر لە 11 ملیار دۆلار هەیە كە پارێزگای ئەنبار هێندەی شاری موسڵ كاول نەبووە، ئەمە بێجگە لەوەی زیاتر لە 2 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆی عەرەبی سوننە لە عێراقدا هەن كە تەنیا ئەوانەی روویان كردۆتە كوردستان نزیكەی دوو ملیۆن هاووڵاتی دەبن، بۆیە لەم حاڵەتەدا كە بارودۆخی عەرەبی سوننە لەهەموو روویەكەوە لە خراپترین حاڵەتدایە، ئەوا ئەگەر مامەڵەیەكی تایبەت و تەندروستی لەگەڵ نەكرێت بۆ ئەوەی شارەكانیان بۆ ئاوەدان بكرێتەوەو بەشێوەیەكی عادیلانە تێكەڵی پرۆسەی سیاسی نەكرێنەوە، ئەوا جارێكی دیكە مەزندەی ئەوە دەكرێت كارەساتی گەورەتر لە عێراقدا رووبداتەوە.
سەبارەت بە كوردستان كە لەدوای ئازادكردنی موسڵ و رووخانی خەلافەتی ئیسلامی داعش، رێككەوتنێكی سەربازی لەگەڵ بەغدا بە شاهیدی و ئامادەبوونی ئەمریكا هەیە، ئەوا كوردستان بارودۆخێكی زۆر تایبەتتری لە ساڵی 2003 هەیە، ئەم بارودۆخە تایبەتەی كوردستان، ئەمری واقیعی دەوڵەتێكی سەربەخۆیە لەگەڵ عێراق و دەبێت عێراق وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ بكات و دەست بكات بە وتووێژ بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ئاشتییانە دوو دراوسێی باشی یەكتری بن، لە ئێستاداو سەبارەت بەمەزندەكردن بۆ دەستپێكردنی ئەو دیالۆگە لەنێوان كوردستان و عێراقدا، هەستدەكرێت ئەو لایەنە شیعەیانەی كە نایانەوێت وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی مامەڵە لەگەڵ عەرەبی سوننە بكەن، هەوڵدەدەن كێشەیەك لەنێوان كوردستان و عێراق دروست بكەن، بۆ ئەوەی كێشەی مەزهەبگەرایی نێوان شیعەو سوننە بگۆڕن بۆ كێشەی نێوان كورد و عەرەب و كێشە سەرەكییەكەی پێ بشارنەوە، لەم حاڵەتەدا پێویستە ئەمریكا ئەمجارەیان هێزی پێویستی لە عێراق و كوردستاندا هەبێت، بۆ ئەوەی رێگە لەو ئاژاوەیە بگرێت و لەمەش زیاتر وەك پرۆفیسۆر كینس پۆلاك سەرۆكی سەنتەری سابان بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشنیاری كردووە، پێویستە ئەمریكا بە هاوشێوەی رێككەوتنی كامپ دەیڤید لەنێوان میسر و ئیسرائیل، سەرپەرشتی رێككەوتنێكی هاوشێوە لەنێوان كوردستان و عێراق بكات و گرنگە ئاستی بەشداری ئەمریكا لەو رێككەوتنە لە رێككەوتنی كامپ دەیڤید كەمتر نەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر كوردستان بووە دەوڵەتێكی سەربەخۆ و لەعێراق جیابووەوە، ئەوا ئاسانتر دەتوانرێت بەشە عەرەبییەكەی عێراق رێكبخرێتەوە، یان پێوەندی لەنێوان پارێزگاكانی عەرەبی سوننە و پارێزگاكانی عەرەبی شیعە دروستبكرێتەوە و بەئاسانیش زەمینەی ئەوە دەڕەخسێت بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكانی شیعەو سوننە لەدەوری مێزێك كۆبكرێنەوە.
رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان و
ئامادەباشی بۆ سەربەخۆیی
لەئێستادا بە ئاشكراو بە راشكاوی لەسەر ئاستی كۆڕ و كۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەكان باس لەوە دەكرێت كە تەنیا رێگە بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ عێراق و ناوچەكە و سەركەوتن لەشەڕی دژی تیرۆر، هەوڵدانە بۆ ئەوەی كۆماری كوردستان بە ئاشتی لەدایك بێت و رابگەیەندرێت، بەڵام بەداخەوە لەسەر ئاستی بارودۆخی سیاسی كوردستان هەندێك لایەنی سیاسی لە رێگەی پەرلەمانتارو هەڵسووڕاو و كادیرەكانیانەوە، كاری سەرەكییان بۆتە دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان و هەوڵدەدەن خەڵكی كوردستان لەسەر ئەم پرۆسە سیاسییە چارەنووسسازە نائومێد بكەن.
كێشەی سەرەكی لەسەر پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان لە ناو پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا، لەو چوارچێوەیەدا نییە كە لایەنێكی سیاسی بیركردنەوەیەكی جیاوازی سەبارەت بە شێواز و میكانیزمی هەنگاوهەڵگرتن بۆ سەربەخۆیی هەبێت و لە لایەنەكانی دیكە جیاواز بێت، بەڵكو كێشەی سەرەكی بەرەی سەربەخۆیی لەگەڵ ئەو یەك دوو لایانەی بە ناڕاستەوخۆ دژی سەربەخۆیی كاردەكەن ئەوەیە، ئەوان بەشێوەیەكی ریشەیی دژی سەربەخۆیین و نایانەوێت كوردستان سەربەخۆ بێت، لەمەش زیاتر بۆ ئەوەی گومان بخەنەسەر دەسەڵاتی سیاسی لە كوردستان، گلەیی و گازندەكانی خۆیان ئاراستەی پەرلەمان و حكومەتی عێراق دەكەن، بەمەش دەیانەوێت خزمەتێكی بەلاش بەو لایەنە عەرەبییانە بكەن كە دژایەتیی سەربەخۆیی كوردستان بە ئەركێكی پیرۆزی سەرشانیان دادەنێن، بەداخەوە یەكگرتنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و بەشێك لە كادیرانی كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ ئەو لایەنە عەرەبییانەی دژی سەربەخۆیی كوردستانن، ئەمە پێی ناگوترێت جیاوازی بیروڕای سیاسی سەبارەت بەسەربەخۆیی، یان پێی ناگوترێت ئازادی رادەربڕین، كاتێك دژی سەربەخۆیی كوردستان، ژینگەی سیاسیی كوردستان ژەهراوی دەكەن.
سەبارەت بەم لایەنە وەك لە رۆژی هەینیی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا راشكاوانە هەندێك لەمیدیاكانی ئەمریكای ناولێنا: «دوژمنی ئەمریكا» بە ئاشكرا رایگەیاند ئەو میدیایانەی درۆ و چەواشەكاری بڵاودەكەنەوە (دوژمنایەتی ئەمریكا) دەكەن، بۆیە بە پشتبەستن بە دەستووری ئەمریكا كە مافی رادەبڕینی راستی داوە، ئەوا من دژی ئەو میدیایانە رادەوەستمەوە كە درۆ و چەواشەكاری بڵاو دەكەنەوە.
لەم روانگەیەوە ئەوانەی لە كوردستان بەناوی ئازادی رادەربڕین، یان بۆ مەبەستی سیاسی و تایبەتی خۆیان نوێنەرایەتی گەلی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان و عێراق، بۆ دوژمنایەتی گەلی خۆیان و سەربەخۆیی وڵاتی خۆیان بەكار دەهێێن، دەبێت ئەمانە لە چوارچێوەی كاری سیاسیی ئازادو دەربڕینی ئازاد بهێنرێنەدەرەوە و راستەوخۆ لەبەردەم گەلی كوردستاندا نییەت و ئامانجە سیاسییەكانیان ئاشكرا بكرێت.
بۆ ئێستای كوردستان یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كارێكی زۆر گرنگە و دەبێت لەسەرووی هەموو ئەجیندایەكی دیكەوە سەیر بكرێت، بەڵام ئەگەر لایەنێك، یان دوو لایەنی سیاسی بڕیاریاندابێت و رێگە نەدەن ئەم یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییە بەهەر نرخێك بێت دروست بێت، ئەوا گرنگە ئەو لایەنە سیاسییانەی خۆیان لەبەرەی سەربەخۆیی دەبیننەوە و خۆیان وەك بەشێك لە پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان پێناسە دەكەن، یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی خۆیان رابگەیەنن و پێكەوە لەگەڵ تەواوی گەلی كوردستان قسەبكەن، بۆ ئەوەی چیدیكە ئەو لایەنە سیاسییانەی وەك بزووتنەوەی گۆڕان بە ئاشكرا دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، لەپەنای پڕوپاگەندەی دروستكراودا خۆیان نەشارنەوە و راستی و دروستی هەڵوێستی سیاسی هەموولایەك لەبەردەم خەڵكی كوردستاندا ئاشكرا بێت.
ئەمە جاری یەكەم نییە لە مێژووی نەتەوەكانی جیهان بۆ سەربەخۆیی و ئازادی لایەنێكی سیاسی دژی ئیرادەو خواستی نەتەوە و گەلی خۆی رابوەستێتەوە، یان هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنێكی دەرەكی گرێبدات كە دژی نەتەوەكەی خۆی بێت، هەر بۆ نموونە لەو كاتەی مەهاتما گاندی هەموو هەوڵی خۆی بۆ سەربەخۆیی هیندستان بەشێوازی ئاشتییانە تەرخان كردبوو، بەرۆژوو دەبوو بۆ ئەوەی یەكڕیزی لەنێوان گەلانی هیندستان دروست بكات و ئیمپریالیزمی بەریتانی ناچاربكات هیندستان بەجێ بهێڵێت، كەچی لەو كاتەدا كەسێكی وەك سباهس چاندرا دەچوو هاوپەیمانی لەگەڵ هیتلەری نازی دەكرد بۆ ئەوەی پرۆسەی سەربەخۆیی هیندستان لەسەر دەستی گاندی سەركەوتوو نەبێت، هەروەها لە فەرەنسا ئەولادەكانی فیشی دەستیان تێكەڵی ئەڵمانیای نازی كردبوو بۆ ئەوەی فەرەنسا سەربەخۆ نەبێت، بەڵام گەلی هیندستان و فەرەنسا توانییان ئەو جۆرە بیروبۆچوونانە ریسوا بكەن و پرۆسەی سەربەخۆیی سەربخەن.
بۆ ئێستای كوردستان خاڵی ئیجابی ئەوەیە كە هێزی پێشمەرگەی كورستان یەكڕیز و یەكگرتووەو هیچ لایەنێكی سیاسی ناتوانێت بە ئاشكرا دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان بكات، بەڵكو بڕو بیانوو دروست دەكات بۆ ئەوەی ئامانج و مەرامەكانی خۆی لە ژێردا بشارێتەوە، هەر بۆیە كاتێك بەرەی سەربەخۆیی پەردە لەسەر ئەو بروبیانووانە هەڵدەماڵێت، ئەوا، یان ناچار دەبن بگەڕێنەوە نێو بەرەی سەربەخۆیی، یانیش بەتەواوەتی خۆیان ئاشكرا دەكەن و ئەوكاتیش میللەت خۆی بڕیار دەدات چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات.
لایەنێكی دیكە كە زۆر گرنگە بەرەی سەربەخۆیی پێی پشتئەستور بێت، ئەوەیە كە سەربەخۆیی كوردستان بۆتە بەرژەوەندیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تێكشكاندنی داعش و شەڕی تیرۆر لەدوای رووخانی خەلافەتی ئیسلامی داعش، ئەمەش لەبەر ئەوەیە تەنیا بە پشتگیری بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەتوانرێت ستراتیژیەتی تێكشكاندن و لە ریشە هەڵكێشانی داعش و تیرۆریستانی دوای داعشیش سەركەوتوو بێت.