كۆچ و گەڕانەوەی مستەفا بارزانی بۆ ئێستاو ئایندە چیمان پێدەڵێت؟

كۆچ و گەڕانەوەی مستەفا بارزانی  بۆ ئێستاو ئایندە چیمان پێدەڵێت؟
ئەبراهام لنكۆڵن دوای زیاتر لە 80 ساڵ، كاتێك دووبارە بەیانی سەربەخۆیی ئەمریكا دەخوێنێتەوە، دەنگێك رایدەچڵەكێنێت و پێی دەڵێت: ((بەپێی دێڕەكانی ناو ئەم بەیانە دەبێت هەموو ئەمریكییەك ئازاد بێت، كاتێك بە خوێن ئازادیمان بەدەستهێنا، بۆ ئەوە بوو ئەمریكییەكان كۆیلەو ژێردەستەی كەس نەبن، بەڵام ئێستا بەشێكتان كۆیلەی بەشێكی دیكەتانن، ئایا بەیانی سەربەخۆییمان چ مانایەكی هەیە؟)) ئەو دەنگە، دەنگی جۆرج واشنتۆن بوو كە لە ئاهەنگی چاخواردنەوەی بۆستن لەسەر بنەمای (باج دەدەین بە ئاو . نایدەین بە حكومەتی بەریتانیا) بڵێسەی شۆڕشی ئەمریكای راگەیاند. هەر بۆیە لنكۆڵن جارێكی دیكە لەسەر هەمان بەدەنگهێنانەوەی فیكری جۆرج واشنتۆن، شۆڕشی دژی كۆیلایەتی راگەیاند و لە مێژووی ئەمریكادا خۆی گەیاندە پایەی باوكانی دامەزرێنەر و نازناوی میراتی ئازادیشی لە مێژووی ئەمریكادا پێ بڕا.

كەواتە سیمبولەكانی نەتەوە، یان باوكانی دامەزرێنەری بناخەی ئازادیی نەتەوە، ئەو سیمبول و كەسایەتییانەن كە هەر بەزیندوویی لە ویژدانی تاكەكانی نەتەوە دەمێننەوە و لەكاتی پێویستدا دووبارە هەمان فیكر بە زیندوویی وەك فیكرێكی پێویست دەبێتە رێگەنیشاندەر بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ئازادی و قوربانییەكانی نەتەوە لە پێناوی ئازادیدا بكەین.

بۆ ئێمە لە كوردستاندا، مستەفا بارزانی بێجگە لەوەی پایەی گەیشتۆتە باوكانی دامەزرێنەری بیری نەتەوەیی كوردستانی، لە هەمانكاتدا وێستگەكانی تەمەنیشی خۆی بە تەنیا قوتابخانەیەكی جیاوازە بۆ دەوڵەمەندكردن و دووبارە پێناسەكردنەوەی بیری نەتەوەیی لەسەر دەمێكی جیاوازدا. ئەمەش مانای ئەوەیە بیركردنەوەی مستەفا بارزانی تەنیا رامانێكی سەرپێیی نەبووە لە فیكری سەركردەكانی پێش خۆی، بەڵكو هەوڵیداوە كە خۆی ببێتە كاراكتەرێكی چالاك بۆ داهێنانی چەمك و شێوازی تازە بۆ نوێكردنەوەی شێوازی خەبات و وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی لەسەردەمی خۆیدا نەتەوە رووبەڕووی كردۆتەوە.

تایبەتمەندییەكی دەگمەن كە مێژووی خەباتی مستەفا بارزانی لە سەركردەكانی دیكە جیادەكاتەوە، ئەوەیە كە لەم مێژووەدا چەندین وێستگەی كۆچ و گەڕانەوەی لەخۆی گرتووە، نێوان هەر كۆچێك و گەڕانەوەیەك قۆناخێكی نوێ لە فیكری مستەفا بارزانی نمایش دەكات و وەك دابڕانێك لە نێوان دوو قۆناخدا لەیەكتریان جیادەكاتەوە. كەواتە دووركەوتنەوەی مستەفا بارزانی لێمان وەك لاشە مانای دووركەوتنەوەی ئەو نییە وەك رۆح، بەڵكو ئاوێتەبوونێك لەنێوان رۆحی مستەفا بارزانی و رۆحی نەتەوە بوونی هەیە لە هەموو كۆچ و گەڕانەوەیەكدا رۆح و فیكری نەتەوە نوێ دەكاتەوە. ئەمەش مانای ئەوەیە كۆچ و گەڕانەوە لە مێژووی مستەفا بارزانی-دا بوونی هەیە، بەڵام كۆچی دوایی بوونی نییە.
مستەفا بارزانی لە دوای شۆڕشی یەكەمی (بارزان) لە سییەكانی سەدەی رابردوو، یەكەم كۆچی درێژخایەنی خۆی دەستپێكرد و پاشان بۆ ماوەیەكی درێژ لە سلێمانی گیرسایەوە و پاشان دوای زیاتر لە 10 ساڵ جارێكی دیكە گەڕایەوە و یەكەم شۆڕشی نەتەوەیی بەناوی شۆڕشی دووەمی (بارزان) راگەیاند، لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر بەراوردێك لەنێوان شۆڕشی یەكەم و دووەمی بارزان بكەین، ئەوا ئەو جیاوازییە ئاستی بیركردنەوە و جیاوازی بیركردنەوەی مستەفا بارزانی لە دوو قۆناخی جیاوازدا وێنادەكات، قۆناخێك كە تیایدا فیكری مستەفا بارزانی هەوڵیداوە ئەو كاراكتەرە چالاكە بێت كە شێوازی شۆڕش و خەبات و مقاوەمەت لە ناوچەگەرییەوە بگوازێتەوە بۆ شۆڕشێكی سەرتاسەری لەسەر ئاستی كوردستانی گەورەو بەشداری لە پاراستنی كۆماری كوردستاندا لە رۆژهەڵاتی كوردستان بكات.

لەو ماوەیە مستەفا بارزانی سەربازی كۆماری كوردستان بووە، ئاستێكی دیكە لە شێوازی بیركردنەوەی بۆ سەربەخۆیی و ئازادی كوردستان دەستپێدەكات، ئەویش دروستكردنی چوارچێوەیەكە كە هەموو حزبەكان و بیروبۆچوونە جیاوازەكان و كەسایەتییە نیشتمانپەروەرەكان لەچوارچێوەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا كۆیان دەكاتەوە، بیركردنەوەی مستەفا بارزانی لە دامەزراندنی پارتێك بەناوی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بنەڕەتدا دامەزراندنی حزبێكی سیاسیی موجەڕەد نەبووە بۆ ئەوەی نەتەوە لەسەر ئایدیۆلۆژیەتێكی دیاریكراو ئاراستەبكات، بەڵكو بیركردنەوەی مستەفا بارزانی پێناسەیەكی جیاوازە بۆ حزب لە قۆناخی رزگاری نیشتمانیداو ئەو كاتەیە كە نەتەوە بە هەموو پێكهاتە و چین و توێژە جیاوازەكانیەوە لەلایەن ئیرادەیەكی دەرەكییەوە ژێردەستەكراوەو مافەكانی پێشێل دەكرێت، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا پارتی لە فیكری مستەفا بارزانی چوارچێوەیەك بووە بۆ یەكڕیزی و یەكبوون و یەك ئیرادەیی بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو ئیرادە دەرەكییەی كە هەموو كوردستانیانی ژێردەستە كردووەو مافەكانی پێشێل كردوون. لێرەدا پێویستیی وردبوونەوەو هەڵوەستەكردن لەسەر ئەم فیكرە بەرەو دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ كێشەكانی سەردەمی خۆمان هەنگاومان پێهەڵدەگرێت و پێمان دەڵێت: مستەفا بارزانی پارتی دیموكراتی كوردستانی دانەمەزراند بۆ ئەوەی دوای دامەزراندنی پارتی، شۆڕشی سەرتاسەری دەست پێبكات، بەڵكو شۆڕشی سەرتاسەری دەستی پێكردبوو، بەڵام پارتیی دامەزراند بۆ ئەوەی یەكبوون و یەكڕیزی و یەك ئیرادەیی دروست بكات كە مەرجی سەركەوتنی هەموو شۆڕش و بەرخودانێك بووە.

مستەفا بارزانی لەدوای رووخانی كۆماری كوردستان و دامەزراندنی پارتی جارێكی دیكە كۆچی پەڕینەوەی لە رووباری ئاراس دەستپێكردو ئەمجارەیان 12 ساڵ لێمان دوور كەوتەوە، لێرەوە ئەگەر هەڵوەستە لەسەر ساڵی 1946 بكەین كە مستەفا بارزانی بڕیاری كۆچی كاروانە مێژووییەكەی پەڕینەوەی لە ئاوی ئاراسی دا، ئەو وەك سوپاسالاری كۆماری كوردستان كۆچی كرد، بەڵام كاتێك لە ساڵی 1958 گەڕایەوە وەك سەركردەیەكی جیهانی و هاوشانی جەمال عەبدولناسر كە بە رابەری نەتەوەی عەرەب دادەنرا، لە میسرەوە گەڕایەوە، كە گەڕاشەوە بۆ عێراق، تەنیا وەك رابەری نەتەوەی كورد نەگەڕایەوە، بەڵكو وەك سەركردەیەكی نێودەوڵەتی هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی عێراقی بەكورد و عەرەب و توركمان و كلدان و ئاشوری لە فڕۆكەخانەی موسەنا بۆ پێشوازیكردنی پێكەوە كۆكردەوە. ئەمە مانای ئەوەیە ئەمجارەشیان مستەفا بارزانی ئەو كاراكتەرە چالاكە بوو كە فیكری نەتەوەیی بە شێوازێكی جیاواز پێناسەكردەوە و ئەم تێگەیشتنە تازەیەی بووە هەوێنی شۆڕشی ئەیلوول و گرێدانەوەی خەباتی دیپلۆماتی بە خەباتی سیاسی و چەكدارییەوە، بەرهەمەكەشی وەك لە رێككەوتنی ئاداری 1970 بینیمان، ئەوە بوو بۆ یەكەمین جار لەمێژووی نەتەوەییماندا یەكێك لەدەوڵەتە داگیركارەكانی كوردستان بە فەرمی و بەیاسا دانی بەمافی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستاندا نا، ئەم رێككەوتنە ئەگەرچی دواتر حكومەتی ئەو كاتی عێراق لێی پەشێمان بووەوە و لەچوارچێوەی پیلانێكی نێودەوڵەتیدا بەشێك لە عێراق درا بە ئێران بۆ ئەوەی شۆڕشی كوردستان تووشی نسكۆ بێت، بەڵام ئەم دیكۆمێنتە هەر ئەو دیكۆمێنتە بوو كە لەساڵانی دواتر نەك هەر تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵكو هەر لایەنێكی سیاسی، ئەوجا سوشیالیست بووبێت، یان یەكێتی نیشتمانی و تەنانەت بەرەی كوردستانیش كاتێك ویستوویانە دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی عێراق بكەن، گەڕاونەتەوە بۆ دیكۆمێنتی رێككەوتننامەی ئاداری 1970 كە لەسەر دەستی رابەری نەتەوەییمان مستەفا بارزانی بەدەست هاتبوو.

كۆچێكی دیكەی بارزانی دوای ساڵی 1975 بەهۆی نەخۆشییەوە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەست پێدەكات، لەماوەی مانەوەی لە ئەمریكا، لەگەڵ ئەوەی ئەمریكا لەو كاتەدا خاوەنی گەورەترین هێزی سەربازی و خاوەنی 30%ی ئابووریی هەموو جیهان بوو، بەڵام سانسۆری لەسەر دیدار و چالاكییەكانی مستەفا بارزانی دانابوو، لەبەر ئەوەی ئەمریكییەكان قەناعەتی تەواویان بەوە هەبوو كە راستە توانییان لە چوارچێوەی پیلانێكی نێودەوڵەتی نسكۆ بەسەر شۆڕشی كوردستاندا بهێنن، بەڵام لەوە دڵنیابوون چۆن سۆڤیەت پیلانی لە كۆماری كوردستان گێڕاوە و مستەفا بارزانی شێوازێكی نوێتری خەباتی داهێنایەوە، ئەمجارەش لە ئەمریكاوە شێوازێكی نوێی خەبات دەست پێدەكاتەوە، بەڵام هەموو ئەمانە نەیانتوانی رێگە لە پەیامی بارزانی بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان بگرێت و كاتێك بانگهێشت كرا بۆ یادی دامەزراندنی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەمریكا، مستەفا بارزانی زۆر راشكاوانە پێی گوتن: سەیری بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكانم دەكرد، ئاڵای هەموو نەتەوەكان دەشەكێتەوە، بەڵام ئاڵای نەتەوەی كوردم نەبینی. ئەم قسەیەی مستەفا بارزانی لەو پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییە ئەو پەیامەیە كە پێیان دەڵێت: ئێوە چۆن وەك رێكخراوێكی نێودەوڵەتی باس لە مافی مرۆڤ دەكەن كە مافی چارەی خۆنووسین و هەقی دەوڵەتی سەربەخۆ بە كورد رەوا نابینن؟

مستەفا بارزانی لە مارتی 1979 گەڕایەوە كوردستانی رۆژهەڵات و ماوەی نزیكەی 14 ساڵ میوانی خەڵكی شاری شنۆی رۆژهەڵات بوو. گەرچی ئەم گەڕانەوەی مستەفا بارزانی لە ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان ناوی لێنراوە (كۆچی دوایی)، بەڵام كۆچی دوایی نەبوو، لەبەر ئەوەی لە 6ی ئۆكتۆبەری 1993 جارێكی دیكە لەگەڵ ئیدریسی هەمیشە لەیاد پێكەوە ئەمجارەیان لەهەورامانی دەلالەوە بەرەو بارزان گەڕایەوە، گەڕانەوەی بارزانی لە ساڵی 1993 لەگەڵ گەڕانەوەی ساڵی 1979ی بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان، دیسان نەك دوو قۆناخی جیاواز لە شێوازی خەبات بەرجەستە دەكات، بەڵكو دوو سەردەمی جیاوازی ژێردەستەیی و ئازادی پیشاندەدات. مستەفا بارزانی لە گەڕانەوەی ساڵی 1993 دووبارە پێی گوتینەوە ئازادی و سەرفرازی یەكجاری بەو یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییە دروست دەبێت كە من ئێستا لە هەورامانەوە بۆ بارزان و لە بادینانەوە بۆ بارزان دەیبینم و ئەگەر دەتانەوێت بگەنە سەرفرازی یەكجارەكی، ئەم یەكڕیزی و یەك ئیرادەییە مەشێوێنن و بێجگە لەیەك هەڵوێستی و یەك ئیرادەیی بیر لە هیچ شتێكی دیكە مەكەنەوە. پێی گوتین: ئەگەر ئەم ئیتفاقە لەنێوانتاندا هەبێت، دەتوانن چەوسێنەرانتان بكەن بە خزمەتكاری خۆتان.

بارزانیی مستەفا لەساڵی 1998 جارێكی دیكە دەبێتەوە میوانی زانكۆی ئەمریكی لە واشنتۆن لەناو سەنتەری ئاشتی بۆ جیهان، مەڵبەندی مستەفا بارزانی بۆ ئاشتی دەكرێتەوە، لە رێوڕەسمی كردنەوەی ئەم مەڵبەندەدا، بنیامین لەندەر سەرۆكی ئەوكاتی زانكۆی ئەمریكا گوتی: بەناو هەموو مێژووی كوردو كوردستاندا گەڕاین، لە مستەفا بارزانی شایستەتر نەبوو مەڵبەندێكی بە ناو مەڵبەندی ئاشتی بەناویەوە بكرێتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە زانكۆیەكی وەك زانكۆی ئەمریكی گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە ئەوە گرنگ نییە چۆن بیر لە بەدیهێنانی ئاشتی دەكرێتەوە، بەڵكو ئەوە پێویستە بگەینە ئەو فكرەی كە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی زەروورییە.
بۆ ئەمڕۆ كە یادی 38 ساڵەی یەكێك لە كۆچەكانی مستەفا بارزانی دەكەینەوە، ئایا دەتوانین ناوی لێ بنێین كۆچی دوایی و جارێكی دیكە مستەفا بارزانی ناگەڕێتەوە، یان پێویستمان بە كۆچ و گەڕانەوەیەكی دیكەی نییە؟ یان پێداویستیمان بۆ وەرگرتنی رێنمایی لە فیكری بارزانی دەگاتە ئەو ئاستەی وەك ئەبراهام لنكۆڵن كە چۆن دوای 80ساڵ جۆرج واشنتۆنی بەدەنگ هێنایەوە و مانای دایەوە بە بەیانی سەربەخۆیی، ئایا ئێمەش بە هەمان شێوە دەتوانین لە ناو ئەو فیكرەدا مستەفا بارزانی بەدەنگ بێنێنەوە و رێگەی ئایندەمان بۆ رۆشن بكاتەوە؟

لە ئێستادا كاتێك سەرۆك مسعود بارزانی دەبینین وەك قوتابییەكی پەروەردەی فیكری بارزانی و كاراكتەرێكی چالاك هەوڵدەدات فیكری پێویست بۆ رۆشنكردنەوەی رێگەی ئایندەمان دابهێنێت و شێوازی تازە بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەرفرازی پیادە بكات، دەگەینە ئەوەی كە ئەمجارەیان مستەفا بارزانی لەجەستەی سەرۆك مسعود بارزانی-دا گەڕایەوە، ئەوە نییە كاتێك دەگەڕێینەوە بۆ پێناسەی مستەفا بارزانی لە مێژوودا، دۆست و دوژمن دەڵێت: بارزانی لەسەدەی بیستەمدا كوردی بە جیهان ناساند، بەڵام بارزانیی سەدەی بیست و یەك كە مسعود بارزانی -یە هەموو كوردی كرد بە پێشمەرگە و پێشمەرگەی كرد بەسیمبول و پارێزەری بەهاكانی مرۆڤایەتی. ئەمجارەیان بارزانیی سەدەی بیست و یەكەم هەمان بارزانیی سەدەی بیستەمە، بەڵام لە قۆناخ و سەردەمێكی جیاواز و هەموو كورد دەستەو نەزەر راوەستاوە بۆ ئەوەی مسعود بارزانی بڕیار بدات و هەموو پێكەوە سڵاو لە ئاڵای سەربەخۆیی كۆماری كوردستان بكەین.
Top