توركیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرنامەی كۆنفڕانسی میونشندا
February 22, 2017
راپۆرتەکان
توركیا لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەشی كۆمەڵێك هەنگاوی تازەی هەڵگرتووە، بەتایبەتی نزیكبوونەوە و رێككەوتنی لەگەڵ رووسیا كە ئەمەش بەو مانایە ئاماژەی پێكراوە كە توركیا خەریكە لە ناتۆ دوور دەكەوێتەوە، یانیش توركیا گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە تەنیا بە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ رووسیا (نەك وەك ئەندامێكی ناتۆ) دەتوانێت بەرژەوەندییەكانی خۆی لەشەڕی سووریا یەكلایی بكاتەوە، كە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ناتۆ دەستەوەستانە لە ئاستی چارەسەركردنی كێشەی سووریا و ئەوەی ناتۆ پێی وابوو (هیچ چارەسەریكی سەربازی بۆ كێشەی سووریا نییە)، بەڵام ئەوەتا رووسیا دەستتێوەردانی سەربازی كردو توانی بەشار ئەسەد لەدەسەڵاتدا بهێڵێتەوە و سەركەوتنی سەربازی بەدەست بهێنێت.
سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش راپۆرتەكە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە لە ئێستادا بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئەوە دەچێت كە قۆناخی پۆست رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربكەوێت، ئەمەش بەو مانایەی ئەوروپا دوودڵە لەوەی هیچ هەنگاوێك بۆ چارەسەری كێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و سووریا بەتایبەتی هەڵبگرێت و ئەمریكاش خۆی خستۆتە لاوە، بەمەش بۆشاییەك دروست بووەو بەئاسانی لەلایەن لایەنەكانی دیكە (رووسیا) پڕكراوەتەوە، بەڵام پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە: ئایا رووسیا بۆ چارەسەركردنی كێشەی سووریا دەستتێوەردانی كردووە؟ یان لەو كاتەی هەستی كرد خەریكە رژێمی بەشار ئەسەد دەڕووخێت، دەستتێوەردانی سەربازی كرد؟ لەمەش زیاتر ئایا كاتێك رووسیا دەستتێوەردانی سەربازی لە سووریا ئەنجامدا، بۆ ئەوە بوو لە تیرۆریستانی داعش بدات، یان یەكەمجار ئۆپۆزسیۆنی سووریای بۆردوومان كرد؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە واقیعی شەڕی سووریا دەیداتەوە و بە ئاشكرا ئەوە دەردەخات كە رووسیا كاتێك دەستتێوەردانی سەربازی كرد كە رژێمی بەشار ئەسەد لەسەر لێواری رووخاندا بوو، هەر بۆیە هێزە سەربازییەكانی رووسیا پێش ئەوەی لە تیرۆریستانی داعش بدەن، لە ئۆپۆزسیونی سووریایان دا بۆ ئەوەی رێگە نەدەن رژێمی بەشار ئەسەد بڕووخێت، ئەم دەستتێوەردانە سەربازییەی رووسیا لە كاتیكدا بوو كە دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا و ناتۆ بە راشكاوی رایاندەگەیاند ( هیچ چارەسەرێكی سەربازی بۆ كێشەی سووریا بوونی نییە)، بەڵام هەر لەو كاتەدا رووسیا و هاوپەیمانەكانی درێژەیان بە كردەوە سەربازییەكانی خۆیانداو بۆ بەرژەوەندی مانەوەی رژێمی ئەسەد بارودۆخەكەیان یەكلایی كردەوە. بۆیە لەم چوارچێوەیەدا راپۆرتەكە دەپرسێت: ( ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قۆناخی پۆست رۆژئاوادایە؟) راشكاوانەتر مانای ئەوەیە ئایا رووسیا و هاوپەیمانەكانی نەبوونەتە ئەو میحوەرەی كە بێ بەشداریی رۆژئاوا، خۆیان چۆن بیانەوێت كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەكلایی دەكەنەوە. لەمەش زیاتر راپۆرتەكە جەخت لەسەر ئەو پێشێلكارییانە دەكاتەوە كە هێزەكانی رووسیا بە ئاشكرا بۆردۆمانی قوتابخانە و نەخۆشخانەیان كردووە، بەڵام ئایا لەسەر ئەم پێشێلكارییانە، سیستمی نێودەوڵەتی هیچ كاردانەوەیەكی هەبووە؟ لەمەش خراپتر هێزەكانی رووسیا لە گرتنەوەی (حەلەب)دا كۆمەڵكوژییەكی هێجگار گەورەیان كرد، لەمەشیاندا ئایا هیچ لایەك دەستتێوەردانی كرد بۆ ئەوەی ئەو كۆمەڵكوژییە رابگیرێت، یان ئایا هیچ لایەك رایگەیاند، ئەوە ژینۆسایدەو ئەنجامدراوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش ئەوەمان پێدەڵێت، ئایا سیاسەتی نێودەوڵەتی لە قۆناخی پۆست سیستمی جیهانی بەڕێوە ناچێت؟
دیارە رووسیا تەنیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان سووریا، بنەماكانی ئاسایش و سیستمی جیهانی پێشێل نەكردووە، بەڵكو لە ئۆكرانیاش كۆمەڵێك پرانسیپی گرنگی ئاسایشی ئەوروپای پێشێلكردووەو ئەو سزایانەشی لەسەر ئەو رەفتارانەی خرایە سەر رووسیا، نەك هەر كاریگەری لەسەر رووسیا نەبووە، بەڵكو بوونە فاكتەری ئەوەی كە رووسیا یەك خاڵی رێككەوتنی (مینسك) جێبەجێ نەكات، ئەمەش پێمان دەڵێت كە رووسیا ئێستا وەك سۆپەر پاوەر لە جیهاندا ئەوەی بیەوێت دەیكات، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە كاتێك ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بانگەشە بۆ ئەوە دەكات كە لەگەڵ رووسیا رێكدەكەوێت، ئایا رێككەوتنی رووسیا و ئەمریكا چ رەنگدانەوەیەكی تازە بە سیستمی جیهانی دەبەخشێت؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەشدا راپۆرتەكە بەوجۆرە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە: ئەگەر ئەمریكا و رووسیا رێكبكەون، مانای ئەوەیە سەردەمێكی تازەی رۆڵی هێزە گەورەكان دێتەوەپێش، بەوەی هێزە گەورەكان دەتوانن چارەنووسی هێزە گچكەكان دیاری بكەن و سیستمی جیهانی هیچ بایەخێكی نامێنێت، واتە هێز دەبێتە فاكتەری یەكلاكردنەوەی كێشەكان، نەك یاسا و رێسای نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی سیستمی جیهانیدا، ئەم مەترسییە وای لە زۆربەی سەركردەكانی ئەوروپا كردووە، (پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ دەستبەكاربێت، هۆشداری ئەوە بدەن) كە ئەو بنەما سەرەكییانەی سیستمی نێودەوڵەتی و ئاسایشی ئەوروپای لەسەر دامەزراوە، بە رێككەوتنی نێوان رووسیا و ئەمریكا هیندەی ئەگەری هەڵایسانی شەڕێكی دیكە خۆش دەكات، هیندە نابێتە هۆكارێك بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە جیهاندا.
سەبارەت بەم مەترسییانەی ئەوروپا و رۆژئاوا لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەگەر هەڵوێستی ئەمریكا و ئەوروپا لەبەرامبەر كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو ئاستە بێت كە دەستەوەستان بن لەئاستی چارەسەركردنی كێشەكان و بەمەش بۆشاییەك دروست بووبێت و رووسیا و هاوپەیمانەكانی بەئاسانی بتوانن پڕی بكەنەوە، ئایا ئایندەی ئازادی و دیموكراتی و سەقامگیری لەم ناوچەیە بەرەو كام ئاراستە هەنگاو هەڵدەگرێت؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە لەوانەیە رەفتارەكانی حكومەتی توركیا دوای كودەتاكەی تەمموزی 2016 بیداتەوە و پێمان بڵێت، بەرەو شێوازی حوكمڕانیی پۆتین لە رووسیا هەنگاو هەڵدەگرێت و زەمینەیەك دروست دەبێت بۆ ئەوەی پشتگیرییەكی فراوان بۆ دەسەڵاتە ئەسۆریتاریانیزمەكان بێتەئاراوە و جارێكی دیكە چارەنووسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چەند رژێمیكی دیكتاتۆری بسپێرێتەوە.