كوردستان جوگرافیا جیاوازەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی - 2017

كوردستان جوگرافیا جیاوازەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی - 2017
ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبەردەم هەڕەشەكانی
درۆی پۆپۆلیست و قۆناخی پۆست رۆژئاوا و پۆست سیستمی جیهانی

«لەدوای كۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانەوە، هیچ كاتێك وەك ئێستا ژینگەی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشێلكاری بەخۆیەوە نەبینیوە، بەشێكی زۆر گرنگیی كۆڵەگە سەرەكییەكانی رۆژئاوا و سیستمی لیبڕاڵی نێودەوڵەتی لاواز بوون. فرەیی كۆمەڵگەی كراوە كەوتە بەر هێرش و پەلاماردان. ئەوە راستییەكی ئاشكرایە كە دیموكراتییە لیبڕاڵەكان لەبەردەم شاڵاوی درۆ و چەواشەكاری پۆپۆلیستەكان لاواز بوون و دەكرێت بڵێین لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا چووینە قۆناخی دوای راستی (Post-Truth).
هاووڵاتیانی دەوڵەتانی لیبڕاڵ دیموكراتی قەناعەتیان لاواز بووە بەوەی سیستەمە سیاسییەكەیان توانای ئەوەی هەبێت وەڵامێكی ئەرێنییان بداتەوە، بۆیە ئێستا چارەسەری نەتەوەیی و داخستنی سنوورەكان بە رووی گڵۆبالیزم و كرانەوەدا، بە باشتر دەزانن.
سیستمە نالیبڕاڵەكان جێ پێی خۆیان قایم كردووەو بەدڵنیاییەوە هەنگاو دەنێن، لەبەرامبەردا تواناو ئامادەیی سیستمە لیبڕاڵەكان بۆ فۆرمەلەكردنی سیاسەتی كاروباری نێودەوڵەتی و بەرگریكردن لە بنەما سەرەكییەكانی سیستمی لیبڕاڵی نێودەوڵەتی (Liberal International Order) بەرەو داكشان دەچێت.
وا دەردەكەوێت كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وەك دابینكەری پێداویستییەكانی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرەو سیاسەتێكی زیاتر ناسیۆنالیستی و گۆشەگیر هەنگاو هەڵدەگرێت.
بۆیە ئەم ئاراستەیە بەرەو ئەوەمان دەبات كە بڵێین: پێدەچێت بەرەو قۆناخی پۆست رۆژئاوا هەنگاو هەڵبگرین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە دەبینین كە كاراكتەری غەیرە رۆژئاوایی فۆرمەلەی سیاسەتی كاروباری نێودەوڵەتی دەكات، لە زۆر حاڵەتەدا بە هاوشێوەی رۆژئاوا ئەو رۆڵە دەگێڕێت، یان لەسەر حیسابی ئەو دەوڵەتانەی كە لەدوای كۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانییەوە بناخەی ئەم سیستەمە لیبڕاڵییە نێودەوڵەتییەیان دامەزراندووە. بۆیە ئەم واقیعەی ئێستا ئەو پرسیارە دەورووژێنێت: ئایا ئێسا جیهان پێی ناوەتە قۆناخی پۆست سیستمی جیهانی؟ ئایا لەماوەی ساڵانی داهاتوو چۆن وەڵامی ئەم پرسیارە دەدرێتەوە؟ بێگومان وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەكەوێتە سەرشانی هەموولایەكمان.»

باڵێۆز والفگانگ ئیشنگر
سەرۆكی كۆنفڕانسی میونشن بۆ ئاشایشی جیهانی – شوباتی 2017

رێوڕەسمی كردنەوەی كۆنفرانسی میونشن
بە هاوبەشیی ئەڵمانیاو ئەمریكا

رێوڕەسمی كردنەوەی كۆنفڕانسی میونشن بۆ ئاسایشی جیهان - 2017، بۆ یەكەمین جار بە هاوبەشی لەلایەن ئۆرسۆلا ڤۆن دیرلاین وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و جیمس ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمریكا كرایەوە، لەمەش زیاتر خاتوو ئۆرسۆلا لە گوتاری دەستپێكی كۆنفڕانسەكەدا ئاماژەی بەوەكرد كە دەبێت هەموولایەكمان پێكەوە شان بدەینەبەر دابەشكردنی باری قورس (burden sharing) بۆ دابینكردنی ئاسایش لەجیهاندا، لەبەرامبەریشدا هەر لە دەستپێكی رێوڕەسمی كۆنفرانسەكە جیمس ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمریكا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، دابینكردنی ئاسایش كارێكی دەستەجەمعییە و دەبێت هەموو لایەك بەشداری تێدا بكات.

پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ئایا كردنەوەی كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایشی جیهان بە هاوبەشی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریكا چ مانایەكی تازەی لێدەخوێندرێتەوە؟ ئایا ئەم كۆنفڕانسە ویستی لەمیانەی رێوڕەسمی كردنەوەیدا چ پەیامێك بە جیهان بدات؟ ئەگەر بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە بگەڕێینەوە بۆ ئەو راپۆرتەی كە بۆ كۆنفڕانسی 2017 ئامادەكراوە، ئەوا ئەو راپۆرتە پێمان دەڵێت: ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە دوو جۆر پێناسەی هاوپەیمانیی ئەتڵەسی (ناتۆ) كردووە، لەلایەك پێیوایە ئەم هاوپەیمانییەی ناتۆ (ماوەی بەسەر چووە)، ئەمەش بەو مانایەی هێندەی ئەو بڕە پارەیەی ئەمریكا بۆ دابینكردنی ئاسایش لە رێگەی ئەم هاوپەیمانییەوە تەرخانی دەكات، هێندە سوودی بۆی نەبووە. لەلایەكی دیكەوە هەر ئیدارەی ترەمپ، هاوپەیمانیی ئەتڵەسی (ناتۆ)ی بە گرنگ وەسفكردووە، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر هاوپەیمانیی ئەتڵەسی (ناتۆ) لەسەر ئەو بنەمای ئاسایش و هاوبەشیی دەوڵەتانی هەردوو بەری ئەتڵەسی رێكبخرێتەوەو هەموو دەوڵەتانی ئەندامی ئەو هاوپەیمانییە بەشداری بكەن لەدابینكردنی بودجەی ئەو هاوپەیمانییە، ئەوا ناتۆ گرنگە بۆ دابینكردنی ئاسایشی جیهان و پێویستە بمێنێتەوە.

كەواتە لەسەر بنەمای ئەو پێناسەیەی ئیدارەی ترەمپ بۆ ناتۆی كردووە، ئۆرسۆلا ڤۆن دیر لاین وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە گوتاری كردنەوەی كۆنفڕانسەكەدا رایگەیاند كە دەوڵەتانی ئەوروپای ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ، ئامادەن بە هاوبەشی شانبدەنەبەر خەرجییەكانی (burden sharing) ناتۆ و بە تەنیا بارقورسیی دابینكردنی بودجەی ناتۆ بۆ ئاسایشی جیهان لەسەر شانی ئەمریكا نەبێت.
ئەوەی لەم كۆنفڕانسەدا بە هەڕەشەی جددی و مەترسیدار لەسەر رۆژئاوا لەقەڵەم دراوە، قۆناخی پۆست رۆژئاوایە، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر هاوپەیمانیی ناتۆ كۆتایی بێت، ئەوە كۆتایی رۆژئاوایەو چیدیكە رۆژئاوا بەتایبەتی ئەوروپا ناتوانێت وەك هێزێكی یەكلاكەرەوە رۆڵی خۆی لە چارەسەركردنی كێشەكانی جیهان و دابینكردنی ئاسایشی جیهان بگێڕێت.

بەڵام پرسیاری دیكە لێرەدا ئەوەیە: ئایا بە نەمانی ناتۆ ئەمریكا دەتوانێت بانگەشە بۆ سەركردایەتی جیهان، یان دابینكردنی ئاسایش لە جیهاندا بكات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە هەڵكەوتەی جیۆپۆلیتكی ئەمریكا دەیداتەوە، لەبەر ئەوەی ئەمریكا لە هەردوو كیشوەری ئەمریكای باكوور و باشوور، هەروەها لە هەردوو ئۆقیانووسی ئەتڵەسی و ئارام، رووبەڕووی هیچ هەڕەشەیەكی هێزێكی گەورەی ئەوتۆ نابێتەوە، وەك ئەوەی ئەوروپا لە نەمانی ناتۆدا رووبەڕووی هێزێكی گەورەی وەك رووسیا دەبنەوە، كە ئێستا رووسیا بە ئاشكرا لە سنووری یەكێتی ئەوروپا بوونی هەیەو بە ئاشكراش هەڕەشە لە دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا دەكات كە ئۆكرانیا نموونەیەكی بەرچاوە. ئەمەش مانای ئەوەیە هێندەی یەكێتی ئەوروپا پێویستی بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریكا هەیە، ئەمریكا بەو ئاستە پێویستی بە هاوپەیمانی یەكێتی ئەوروپا نییە، بەتایبەتی لەچوارچێوەی ئەو ستراتیژیەتەی ئیدارەی ترەمپ كە ناوی لێناوە باڵادەستی لە نیوەی رۆژئاوای گۆی زەوی (new Hampshire) و هاوبەشی و شەراكەت لە نیوەی رۆژهەڵاتی گۆی زەوی. لەم حاڵەتەدا ئەمریكا بەتەنیا دەتوانێت سەركردایەتی نیوەی رۆژئاوای گۆی زەوی بكات و لەنیوەكەی دیكەشی ئەو توانایەی هەیە كە هاوسەنگی خۆی و هاوسەنگی نێوان هێزەكانی دیكەش رابگرێت.
لێرەوە كۆنفرانسی میونشن هەر لە رێوڕەسمی كردنەوەی كۆنفڕانسەكە دەیەوێت ئەوە بە جیهان بڵێت كە ئامانجی ئەم كۆنفڕانسە ئەوەیە جارێكی دیكە پێناسەی ئاسایشی جیهان بكاتەوە لەبەر رۆشنایی هاوپەیمانییەكی نوێ لەگەڵ ئەمریكا و دووبارە خۆڕێكخستنەوە بۆ ئەوەی رۆژئاوا رۆڵێكی گرنگ و كاریگەر لە چارەسەری كێشە نێودەوڵەتییەكان بگێڕێت و جارێكی دیكە سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی بپارێزن كە لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی دەوڵەتانی دیموكراتی لیبڕاڵی بناخەیان بۆ داڕشتووەو دایانمەزراندووە.

لایەنێكی دیكەی گرنگی ئەم كۆنفڕانسە مامەڵەكردنە لەگەڵ ئەو كارتانەی دۆناڵد ترەمپ لەبەردەستیەتی و دەیەوێت لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا بەكاری بهێنێت، سەبارەت بەم پرسەش راپۆرتی ئامادەكراوی كۆنفڕانسەكە ئاماژە بەوە دەكات، كێشەی مامەڵەكردن لەگەڵ كارتەكانی دەستی ترەمپ ئەوەیە كاتێك ئێمە یاری دەكەین، ترەمپ كارتەكانی دەستی ئێمە دەبینێت و نازانێت ئەو یاری بە چ كارتێك دەكات، بەتایبەتی كە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە كە ئەو وەك سەرۆكی ئەمریكا ئامادە نییە تەفسیری هیچ پلانێكی تایبەتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بكات، ئەم لێدوانە وەك راپۆرتەكە جەختی لەسەر دەكاتەوە، بۆ هاوپەیمانەكانی ئەمریكا هەم جۆرێكە لە ئومێد و هەمیش جۆرێكە لە نیگەرانی، ئومێدەكە ئەوەیە دۆناڵد ترەمپ هەوڵدەدات پارێزگاری بە ژمارەیەك بژارەی بەردەستی بكات و جۆرێك لەبواری بۆ كۆمپرۆمایز هێشتۆتەوە، بەڵام لایەنە نیگەرانییەكەی ئەوەیە كە دۆناڵد ترەمپ زۆر جار لەسەر بنەمای چارەسەری رووكەش و قازانجی خێرا هەنگاو هەڵدەگرێت، ئەمەش واتە ستراتیژەكەی دەبێت جۆرێك لەگەمەی (كۆی سفر- Zero-sum game)، ئەمەش واتە هاوپەیمانە دێرینەكان فەرامۆش دەكات و بیر لە هاوپەیمانی تازە دەكاتەوە، ئەمەش خراپە و جۆرێك لە نیگەرانی دروست دەكات.
بەڵام وەك لە رۆژانی كۆنفڕانسەكە و لەمیانی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریكا لە كۆنفڕانسەكە گوێبیستی بووین، هەست بەوە دەكرێت ئەگەر دەوڵەتانی ئەوروپا ئامادەبن قورسیی خەرجییەكانی ناتۆ لەگەڵ ئەمریكا دابەش بكەن، یان هاوبەشیی ئەمریكا وەك پێویست بكەن لەدابینكردنی بودجەی پێویست بۆ دابینكردنی ئاسایش لەجیهاندا، ئەوا ئەمریكا ئەو نییەتەی نییە لە ئەوروپا دوور بكەوێتەوەو ئامانجی سەرەكی ئەوەیە بە هاوبەشی لەگەڵ ئەوروپا، هەم شكۆ و هەیبەتی رۆژئاو بگێڕێتەوە، هەمیش رێگە نەدات سیستمی جیهانی بەو ئاستە كۆتایی بێت كە بڵێن گەیشتووینەتە قۆناخی پۆست سیستمی جیهانی لە ئێستادا.

درۆ و چەواشەكاریی پۆپۆلیست
وەك مەترسییەكی گەورە لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی

لە ساڵی 2015وە رێكخەرانی كۆنگرەی میونشن بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی، راپۆرتێكی تێرو تەسەل و پڕ زانیاری لەسەر كۆنگرەكە ئامادە دەكەن و ئەم راپۆرتە دەبێتە نەخشەی ریگە بۆ ئەو باسانەی كە دەبنە هەڕەشەی جددی لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی، بۆ ئەمساڵ راپۆرتەكە سێ مەترسیی سەرەكی دیار كردووە كە بریتین لە (درۆ و چەواشەكاریی پۆپۆلیست (Post Truth، پۆست رۆژئاوا (Post Western)، پۆست سیستمی جیهانی (Post Order). ئەوەی لە دانانی ئەم سێ چەمكە بۆ ناونیشانی كۆنگرەیەكی هاوشێوەی كۆنگرەی میونشن بۆ ئاسایشی جیهانی جێگەی هەڵوەستەكردنە، دەركەوتنی دیاردەی درۆ و چەواشەكاری سیاسەتمەدار و سەركردە و حزبە پۆپۆلیستەكانە وەك هەڕەشەیەكی مەترسیدار لەسەر دیموكراتی لیبڕاڵی و سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی، سەبارەت بەم مەترسییە لە راپۆرتەكەی میونشندا هاتووە: «لە رۆژئاوا و وڵاتانی دیكەش، جیهان رووبەڕووی سەردەمێكی نالیبڕاڵی (illiberal) دەبێتەوە و ئەم هێزانە لە ناوخۆی وڵاتدا گۆڕەپانی سیاسەتیان داگیركردووە و بەهۆی دەركەوتنی پۆپۆلیستەوە رۆژئاوا دوچاری كێشەیەكی گەورە بۆتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە پۆپۆلیستەكان دژی هەموو كۆڵەگەو ئەو توخمە سەرەكییانەن كە سیستمی لیبڕاڵیی رۆژئاوای لەسەر بونیاد نراوە. پۆپۆلیستەكان زۆر شارەزان لە سیاسەتی درۆكردن و هاندانی خەڵك لەسەر بنەمای درۆ، لەمەش زیاتر بڕوایان بە كەلتووری مۆدێڕنە نییەو برەو بە سیاسەتی چەواشەكاری دەدەن و زۆر جاران راستییەكان هەڵدەگێڕنەوە، یان لەسەر بنەمای ئەوەی خۆیان بڕوایان پێیەتی قسە بۆ جەماوەر دەكەن، بەمەش مەزڵوومییەتی دەنگدەران ئیستغلال دەكەن و لەلایەن دەنگدەرانیشەوە سزا نادرێن كە نەیانتوانیوە چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكان بخەنەڕوو. لەسەر ئاستی دەرەوەش سیستمە نالیبڕاڵەكان تەحەددایەكی گەورەی سیستمی لیبڕاڵیی رۆژئاوا دەكەن و هەوڵیانداوە رووی رووناكی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی و سیستمی جیهانی چەواشە بكەن و بە تاریكی پیشانی بدەن. لەمەش زیاتر دەوڵەتانی لیبڕاڵ دیموكراتی رۆژئاواش بە ئاشكرا هەست بە بێ توانایی خۆیان دەكەن كە ناتوانن چارەسەرێكی كاریگەرو چالاك بۆ كێشە نێودەوڵەتییەكان بدۆزنەوە، بۆ نموونە كێشەی سووریا».

ئەگەر سەرنج لەو دەستنیشانكردنە ورد و بەرزەی راپۆرتەكەی میونشن بۆ ئاسایشی جیهان بدەین، ئەوا راپۆرتەكە ئەو راستییەی بە راشكاوی بۆ هەموو جیهان ئاشكراكردووە، كاتێك درۆ و چەواشەكاریی پۆپۆلیست دەبێتە بەشێك لە سیاسەتی هەر وڵاتێكی دیموكراتی، ئەوا سیستمەكە و دامەزراوەكانی ئەو وڵاتە پەكی دەكەوێت و ژینگەیەكی ترس و درۆی ئەوتۆ دروست دەبێت كە هاووڵاتیان لە سیستمی سیاسیی خۆیان بە گومان بن. ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی سیستمی سیاسی و دامەزراوەكانی وڵات نەتوانن بە ئاستی چاوەڕوانیی هاووڵاتیان، وەڵامی خۆیان لە حكومەت و سیستمە سیاسییەكەی خۆیان وەربگرن.

لەلایەكی دیكەوە ئەمە یەكەمینجارە لەسەر ئاستی كۆنفڕانسێكی نێودەوڵەتی و ئەكادیمی و سیاسی جیهانی وەك كۆنگرەی میونشن بە راشكاوی ئەو راستییە ئاشكرا بكرێت كە حزب و سەركردە پۆپۆلیستەكان، دژی هەموو بنەماكانی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی و دژی كەلتووری مردێرنەن و ئامانجیان ئەوەیە هەموو ئەو كۆڵگە و توخمانە ژێرپێ بنێن كە سیستمی دیموكراتی و لیبڕاڵی و قۆناخی مۆدێڕنیتەی لەسەر بونیادنراوە.
پێدانی ئەولەوییەت بە مەترسیی (درۆ و چەواشەكاریی پۆپۆلیست) لەسەر شكۆی دەوڵەت و ئایندەی هەموو نەتەوە ئازادەكانی جیهان، ئەمە مانای ئەوەیە برەودان بە سیاسەتی درۆ و چەواشەكاری باشترین ژینگەیە بۆ گەشەكردنی فیكری تیرۆریستی و توندڕۆیی لە رۆژئاوا، بەدیوێكی دیكەدا ئەم راپۆرتە پێمان دەڵێت: (درۆ و چەواشەكاریی پۆپۆلیستەكان لە مەترسیی فیكری تیرۆریستی داعش ترسناكترە)، سەبارەت بەم مەترسییە سەرۆكی پێشووی ئەڵمانیا یواخیم گاوك لە گوتاری كۆتاییهاتنی پۆستەكەی جەخت لەسەر ئەم مەترسییە لەسەر دیموكراتییەكانی رۆژئاوا دەكاتەوە و دەڵێت: (گرنگە ئەوەمان لەیاد بێت، كاتێك شتێك وەك راستی وەردەگرین، یان پێمانوایە راستییە، ئەگەر نیوەڕاستی بێت، یان تەفسیرێكی چەواشەكارانە بێت لەبەر رۆشنانی تیۆری پیلانگێڕیدا، هەموو ئەمانەش وەك راستی مامەڵەیان لەگەڵدا بكەین، ئەوا رێگە بۆ سەركەوتنی دیماگۆژییەكان و ئۆتۆكراتەكان تەخت دەبێت و بەئاسانی دەگەنە دەسەڵات).
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: بۆچی راپۆرتی كۆنگرەی میونشن، ئەولەوییەتی داوە بە مەترسیی سیاسەتی درۆ و چەواشەكاریی پۆپۆلیستەكان، بەڵام ئەولەوییەتی نەداوە بە مەترسیی بڵاوبونەوەی فیكری داعش لە ژینگەی سیاسیی ئەوروپای رۆژئاوادا؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە گرنگە بەچەند خاڵێك هەڵوەستەی لەسەر دەكەین:

1. لەساڵی 2007ـەوە وڵاتانی رۆژئاوا بە ئەمریكاشەوە رووبەڕووی هەڵاوسانێكی گەورەی ئابووری بوونەتەوە، ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی داهاتی تاكەكەس لە 2007 تا ئێستا، ئەگەر بەرەو خوارەوە داشكانی بەخۆیەوە نەبینیبێت، ئەوا بۆ سەرەوەش هەڵنەكشاوە، ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی هاووڵاتی هەست بە مەغدوورییەت بكات، ئەم مەغدوورییەتە لەلایەن پۆپۆلیستەكانەوە قۆزتراوەتەوە بۆ دژایەتیی دیموكراتی و دروشمی دژایەتی دژی هاتنی كۆچبەران بۆ رۆژئاوا، بەبێ ئەوەی پۆپۆلیستەكان هیچ هەوڵێكیان دابێت، یان بەشداری بكەن لە چارەسەركردنی ئەو هەڵاوسانە ئابوورییەی كە رووبەڕووی رۆژئاوا بۆتەوە، بەڵكو كاریان لەسەر ئەوە كردووە، هەڵاوسانی ئابووری بەكاربهێنن بۆ ئامانجە سیاسییەكانیان، ئەوجا لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتدا هەڵاوسانی ئابووری بوونی هەیە، ئەوا پۆپۆلیستەكان ئەم راستییەیان چەواشەكردووە بۆ ئامانجە سیاسییەكانی خۆیان، هاوكات لەگەڵ راپەڕینەكانی وڵاتانی عەرەبیش لە 2011 كە هۆكاری سەرەكیی ئەو خۆپیشاندانانە دەگەڕێتەوە بۆ نایەكسانی و كەمتەرخەمیی رژێمە عەرەبییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوا باڵی سەلەفی جیهادی قیتالی لەناو رەوەندی عەرەبی لە رۆژئاوا ژینگەیەكی لەباری بۆ دروست بوو كە دروشمی (ئیسلام چارەسەرە لەبری دیموكراتی) بەرزبكاتەوە، لەمەش زیاتر بە سوودوەرگرتن لە لاساییكردنەوەی پۆپۆلیستەكانی رۆژئاوا دەستیان كرد بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین لەچوارچێوەی یاساكانی ئازادی رادەربڕین و چالاكیی سیاسیی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتیدا و بە ئاشكرا دروشمی (شەریعەت بۆ بەریتانیا و هۆڵەندا و فەرەنسا و ئەڵمانیاو .. هتد) بەرز بكەنەوە، لەمەش زیاتر باڵی سەلەفی جیهادی قیتالی توانی لەم ژینگە لەبارەدا، تیرۆریست و توندڕۆی ناوخۆ لە ئەوروپا دروست بكات و رەوانەی سووریا و عێراق و لیبیایان بكات بۆ ئەوەی بچنە ریزەكانی داعشەوە.

2. بەشێكی زۆر لە بیرمەندان و توێژەران كە كار لەسەر سەرهەڵدانی فیكری توندڕۆیی سەلەفی جیهادی قیتالی لە رۆژئاوا دەكەن، جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە لەدوای راپەڕینەكانی بەهاری عەرەبی لە ساڵی 2011وە، ئاراستە و شێوازی كاركردنی باڵی سەلەفی قیتالی لە رۆژئاوا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، پێش ئەم بەروارە شێوازی كاركردنی باڵی سەلەفی جیهادی لە رۆژئاوا شێوازێكی هەرەمی ستوونی هەبووە، ئەمەش واتە ئەندامانی لایەنە سەلەفییەكان مەرجەعێكیان هەبووەو لەو مەرجەعەوە رێنماییان بۆ دەهاتەخوارەوە، بەڵام لەدوای ساڵی 2011 شێوازی كاركردنی سەلەفییە جیهادییەكان گۆڕاوە بۆ شێوازێكی ئاسۆیی، ئەمەش واتە هەر ئەندامێكی ناو تەیاری سەلەفی جیهادی جێگەی مەرجەعەكەی پێشووی گرتۆتەوە و رێنمایی و فەتوای خۆی بە گرووپەكەی خۆی داوە، ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی كە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكان نەتوانن بە ئاسانی چاودێری ئەو خەڵكە توندڕۆیانە بكەن و ئەوانیش بەئاسانی گەشە بكەن، هەروەها بە ئاسانی كاری تیرۆریستی لە وڵاتانی رۆژئاوا ئەنجام بدەن، تیرۆریستەكانیش هەموو ئەم كارو چالاكییانەی خۆیان لەناو ئەو ژینگە ئاڵۆزەی دژ بە دیموكراتییە بشارنەوە كە پۆپۆلیستەكان دروستیان كردووە. لەمەش زیاتر جارێكی دیكە پۆپۆلیستەكان، دەرهاویشتەی گەشەسەندنی فیكری سەلەفی جیهادییان لە ئەوروپا و رۆژئاوا بەكارهێناوەتەوە بۆ دژایەتی كۆچبەران و داخورانی بنەماكانی مۆدێرنە و لیبڕاڵیزم لە رۆژئاوادا.

كەواتە ئەوەی ئەم راپۆرتە پێمان دەڵێت و هۆشداریمان سەبارەت بە مەترسییەكانی درۆ و چەواشەكاریی پۆپۆلیست لە كۆمەڵگە پێدەدات، ئەوەیە كە لە هەر كۆمەڵگەیەكدا درۆ و چەواشەكاریی پۆپۆلیست بووە بەشێك لە سیاسەتی ئەو وڵاتە، ئەوا ژینگەیەكی لەبار لەو كۆمەڵگەیە دروست دەبێت بۆ گەشەكردنی فیكری توندڕۆیی و زەمینەخۆشكردن بۆ كاری تیرۆریستی، هەر بۆیەشە لە راپۆرتی ساڵی 2017 ی كۆنگرەی میونشن ئەولەوییەت دراوە بە مەترسیی سیاسەتی درۆ و چەواشەكارانەی پۆپۆلیست وەك دیاردەیەكی ترسناكتر لەو مەترسییانەی تیرۆریستانی داعش لە كۆمەڵگەی رۆژئاوا دروستی دەكات. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەم كۆنگرەیە ساڵانە وەك پلاتفۆرمێك قسە لەسەر ئەو سیاسەتەی ئاسایشی جیهانی دەكات، لە ئێستاشدا گەورەترین مەترسی لەسەر كۆتاییهاتنی رۆژئاوا و كۆتاییهاتنی سیستمی نێودەوڵەتی، ئەو ژینگە ناتەندروست و ترسناكەیە كە پۆپۆلیستەكان لە سیستمە لیبڕاڵ دیموكراتەكاندا دروستیان كردووە.

توركیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لە بەرنامەی كۆنفڕانسی میونشندا

لە راپۆرتەكەی كۆنفڕانسی میونشن توركیا لەژێر تایتلی (توركیا: تۆماری كودەتا) باسكراوە هەروەها رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەژێر تایتڵی (رۆژهەڵاتی ناوەڕاست: دەستتێوەردانەكان)، سەبارەت بە توركیا راپۆرتەكە ئاماژە بەو بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوخۆی توركیا دەكات، دوای كوتادەكەی تەمموزی 2016 كە حكومەتی توركیا و سەرۆك ئەردۆگان بەبێ رەچاوكردنی هیچ پرانسیپێكی دیموكراتی، یان پێوەرەكانی یەكێتی ئەوروپا، ئەوەی ویستوویەتی دوای ئەنجامدانی كودەتاكە كردوویەتی، سەبارەت بەم رەفتارانەی توركیاش، راپۆرتەكە ئاماژەی بە قسەیەكی راشكاوانەی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا كردووە كە لەوەڵامی رەخنەكاندا گوتوویەتی: (گرنگ نییە پێم دەڵێن دیكتاتۆر، یان هەر شتێكی دیكە، ئەم قسانە لەم گوێیەم دەیبیستم و لەو گوێیەی ترم دەچێتە دەرەوە)، ئاماژەكردنی راپۆرتەكە بەم قسەیەی ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا مانای ئەوەیە لەو كاتەی توركیا بەرەو سەدساڵەی دامەزراندنی كۆماری توركیای نوێ لە 2023 هەنگاو هەڵدەگرێت، گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كەچیتر توركیا بە سیستمی دیموكراتی بەڕێوەناچێت و هەنگاو بۆ ئاراستەیەكی دیكەی حوكمڕانی هەڵدەگرێت، بەتایبەتیش كە ئەم رەفتارانەی دوای كودەتاكە بەتەواوەتی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا دوور خستۆتەوە، توركیاش لە بوون بە ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا نائومێد بووە.

توركیا لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەشی كۆمەڵێك هەنگاوی تازەی هەڵگرتووە، بەتایبەتی نزیكبوونەوە و رێككەوتنی لەگەڵ رووسیا كە ئەمەش بەو مانایە ئاماژەی پێكراوە كە توركیا خەریكە لە ناتۆ دوور دەكەوێتەوە، یانیش توركیا گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە تەنیا بە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ رووسیا (نەك وەك ئەندامێكی ناتۆ) دەتوانێت بەرژەوەندییەكانی خۆی لەشەڕی سووریا یەكلایی بكاتەوە، كە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ناتۆ دەستەوەستانە لە ئاستی چارەسەركردنی كێشەی سووریا و ئەوەی ناتۆ پێی وابوو (هیچ چارەسەریكی سەربازی بۆ كێشەی سووریا نییە)، بەڵام ئەوەتا رووسیا دەستتێوەردانی سەربازی كردو توانی بەشار ئەسەد لەدەسەڵاتدا بهێڵێتەوە و سەركەوتنی سەربازی بەدەست بهێنێت.

سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش راپۆرتەكە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە لە ئێستادا بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئەوە دەچێت كە قۆناخی پۆست رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربكەوێت، ئەمەش بەو مانایەی ئەوروپا دوودڵە لەوەی هیچ هەنگاوێك بۆ چارەسەری كێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و سووریا بەتایبەتی هەڵبگرێت و ئەمریكاش خۆی خستۆتە لاوە، بەمەش بۆشاییەك دروست بووەو بەئاسانی لەلایەن لایەنەكانی دیكە (رووسیا) پڕكراوەتەوە، بەڵام پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە: ئایا رووسیا بۆ چارەسەركردنی كێشەی سووریا دەستتێوەردانی كردووە؟ یان لەو كاتەی هەستی كرد خەریكە رژێمی بەشار ئەسەد دەڕووخێت، دەستتێوەردانی سەربازی كرد؟ لەمەش زیاتر ئایا كاتێك رووسیا دەستتێوەردانی سەربازی لە سووریا ئەنجامدا، بۆ ئەوە بوو لە تیرۆریستانی داعش بدات، یان یەكەمجار ئۆپۆزسیۆنی سووریای بۆردوومان كرد؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە واقیعی شەڕی سووریا دەیداتەوە و بە ئاشكرا ئەوە دەردەخات كە رووسیا كاتێك دەستتێوەردانی سەربازی كرد كە رژێمی بەشار ئەسەد لەسەر لێواری رووخاندا بوو، هەر بۆیە هێزە سەربازییەكانی رووسیا پێش ئەوەی لە تیرۆریستانی داعش بدەن، لە ئۆپۆزسیونی سووریایان دا بۆ ئەوەی رێگە نەدەن رژێمی بەشار ئەسەد بڕووخێت، ئەم دەستتێوەردانە سەربازییەی رووسیا لە كاتیكدا بوو كە دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا و ناتۆ بە راشكاوی رایاندەگەیاند ( هیچ چارەسەرێكی سەربازی بۆ كێشەی سووریا بوونی نییە)، بەڵام هەر لەو كاتەدا رووسیا و هاوپەیمانەكانی درێژەیان بە كردەوە سەربازییەكانی خۆیانداو بۆ بەرژەوەندی مانەوەی رژێمی ئەسەد بارودۆخەكەیان یەكلایی كردەوە. بۆیە لەم چوارچێوەیەدا راپۆرتەكە دەپرسێت: ( ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قۆناخی پۆست رۆژئاوادایە؟) راشكاوانەتر مانای ئەوەیە ئایا رووسیا و هاوپەیمانەكانی نەبوونەتە ئەو میحوەرەی كە بێ بەشداریی رۆژئاوا، خۆیان چۆن بیانەوێت كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەكلایی دەكەنەوە. لەمەش زیاتر راپۆرتەكە جەخت لەسەر ئەو پێشێلكارییانە دەكاتەوە كە هێزەكانی رووسیا بە ئاشكرا بۆردۆمانی قوتابخانە و نەخۆشخانەیان كردووە، بەڵام ئایا لەسەر ئەم پێشێلكارییانە، سیستمی نێودەوڵەتی هیچ كاردانەوەیەكی هەبووە؟ لەمەش خراپتر هێزەكانی رووسیا لە گرتنەوەی (حەلەب)دا كۆمەڵكوژییەكی هێجگار گەورەیان كرد، لەمەشیاندا ئایا هیچ لایەك دەستتێوەردانی كرد بۆ ئەوەی ئەو كۆمەڵكوژییە رابگیرێت، یان ئایا هیچ لایەك رایگەیاند، ئەوە ژینۆسایدەو ئەنجامدراوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش ئەوەمان پێدەڵێت، ئایا سیاسەتی نێودەوڵەتی لە قۆناخی پۆست سیستمی جیهانی بەڕێوە ناچێت؟

دیارە رووسیا تەنیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان سووریا، بنەماكانی ئاسایش و سیستمی جیهانی پێشێل نەكردووە، بەڵكو لە ئۆكرانیاش كۆمەڵێك پرانسیپی گرنگی ئاسایشی ئەوروپای پێشێلكردووەو ئەو سزایانەشی لەسەر ئەو رەفتارانەی خرایە سەر رووسیا، نەك هەر كاریگەری لەسەر رووسیا نەبووە، بەڵكو بوونە فاكتەری ئەوەی كە رووسیا یەك خاڵی رێككەوتنی (مینسك) جێبەجێ نەكات، ئەمەش پێمان دەڵێت كە رووسیا ئێستا وەك سۆپەر پاوەر لە جیهاندا ئەوەی بیەوێت دەیكات، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە كاتێك ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بانگەشە بۆ ئەوە دەكات كە لەگەڵ رووسیا رێكدەكەوێت، ئایا رێككەوتنی رووسیا و ئەمریكا چ رەنگدانەوەیەكی تازە بە سیستمی جیهانی دەبەخشێت؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەشدا راپۆرتەكە بەوجۆرە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە: ئەگەر ئەمریكا و رووسیا رێكبكەون، مانای ئەوەیە سەردەمێكی تازەی رۆڵی هێزە گەورەكان دێتەوەپێش، بەوەی هێزە گەورەكان دەتوانن چارەنووسی هێزە گچكەكان دیاری بكەن و سیستمی جیهانی هیچ بایەخێكی نامێنێت، واتە هێز دەبێتە فاكتەری یەكلاكردنەوەی كێشەكان، نەك یاسا و رێسای نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی سیستمی جیهانیدا، ئەم مەترسییە وای لە زۆربەی سەركردەكانی ئەوروپا كردووە، (پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ دەستبەكاربێت، هۆشداری ئەوە بدەن) كە ئەو بنەما سەرەكییانەی سیستمی نێودەوڵەتی و ئاسایشی ئەوروپای لەسەر دامەزراوە، بە رێككەوتنی نێوان رووسیا و ئەمریكا هیندەی ئەگەری هەڵایسانی شەڕێكی دیكە خۆش دەكات، هیندە نابێتە هۆكارێك بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە جیهاندا.

سەبارەت بەم مەترسییانەی ئەوروپا و رۆژئاوا لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەگەر هەڵوێستی ئەمریكا و ئەوروپا لەبەرامبەر كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو ئاستە بێت كە دەستەوەستان بن لەئاستی چارەسەركردنی كێشەكان و بەمەش بۆشاییەك دروست بووبێت و رووسیا و هاوپەیمانەكانی بەئاسانی بتوانن پڕی بكەنەوە، ئایا ئایندەی ئازادی و دیموكراتی و سەقامگیری لەم ناوچەیە بەرەو كام ئاراستە هەنگاو هەڵدەگرێت؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە لەوانەیە رەفتارەكانی حكومەتی توركیا دوای كودەتاكەی تەمموزی 2016 بیداتەوە و پێمان بڵێت، بەرەو شێوازی حوكمڕانیی پۆتین لە رووسیا هەنگاو هەڵدەگرێت و زەمینەیەك دروست دەبێت بۆ ئەوەی پشتگیرییەكی فراوان بۆ دەسەڵاتە ئەسۆریتاریانیزمەكان بێتەئاراوە و جارێكی دیكە چارەنووسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چەند رژێمیكی دیكتاتۆری بسپێرێتەوە.
Top