پەیكەری پێشمەرگە پەیامی كوردستانە بۆ كۆنفرانسی میونشن و پێشكەشی ئەمریكا دەكرێت

پەیكەری پێشمەرگە  پەیامی كوردستانە بۆ كۆنفرانسی میونشن و پێشكەشی ئەمریكا دەكرێت
سەر وتاری گوڵان





كۆنفڕانسی ئەمساڵی میونشن بۆ ئاسایشی جیهان، جیاواز لەهەموو ئەو كۆنفڕانسانەی لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا كە ساڵانە گرێی داون، مانایەكی تایبەتی هەیە. بە درێژایی 53 ساڵی دامەزراندنی ئەم پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییە و گرێدانی 52 كۆنفڕانس ئەمە یەكەمین جارە كە كۆنفڕانسی 53هەمینی لەژێر دروشمی (درۆ و چەواشەكاریی پۆپۆلیست، پۆست رۆژئاوا، پۆست سیستمی جیهانی) بۆ ئاسایشی جیهان گرێدەدرێت.





ئەم سێ چەمكەی بۆتە دروشمی 53هەمین كۆنفڕانسی میونشن، هەڵگری زەنگێكی مەترسیدارن، نەك تەنیا بۆ ئاژاوە و پشێوی و بێ سیستمی لە جیهاندا، بەڵكو بە راشكاوانە پێمان دەڵێت كە رۆژئاوا لەسەر ئاستی: (سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی، رۆژئاوا وەك هێزێكی كاریگەر پێكەوە، سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی) لەبەردەم هەڕەشەیەكی زۆر ترسناكدایەو ئەگەر هەموو لایەك پێكەوە فریانەكەوین، ئەوا قۆناخی درۆ و چەواشەكاریی پۆپۆلیست و پۆست رۆژئاوا و پۆست سیستمی جیهانی دەست پێدەكات. ئەم مەترسییە تەنیا داكشانی هەژموون و پێگەی لایەك نییە لەبەرامبەر هەژموون و پێگەی لایەك، یان بەرەیەكی دیكەدا، بەڵكو ئەمە كۆتاییهاتنە بەو هەموو دەستكەوتەی كە مرۆڤایەتی لەماوەی 400 ساڵی رابردووی قۆناخی رۆشنگەری بەدەستی هێناوە.





خستنەڕووی ئەم زانیارییانە، یارمەتیدەرێكی باش دەبێت، بۆ ئەوەی لەناو ئەو ژینگە ئاڵۆزەی كۆنفڕانسی میونشن بۆ ئایندەی ئاسایشی جیهان پێناسەی دەكات، بەشداری كوردستان بخوێنینەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بكەین و بزانین ئایا گرنگیی بەشداریی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی لەم ئاستەدا چەندە كە زیاتر لە 25 سەرۆك دەوڵەت و 80 لە وەزیرانی بەرگری و دەرەوە و بەشدارییان تێدا كردووە؟ یان ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین: بۆچی لەگەڵ دەستپێكی شەڕی داعش و راگەیاندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا، بەشداریی كوردستان لە كۆنگرەی ساڵانەی میونشن بۆ ئاسایشی جیهان بەگرنگ زانراو بەفەرمی بانگهێشتی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان دەكرێت بۆ ئەوەی شان بەشانی سەرۆك دەوڵەت و حكومەتەكانی دیكە لەسەر ئایندەی ئاسایشی جیهان بەشداری ئەم كۆنفڕانسە نێودەوڵەتییە بكات؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە پێوەندی بەو سێ چەمكەوە هەیە كە ئەمساڵ بۆتە دروشمی سەرەكیی كۆنفڕانسەكە، كە ئەویش هەڕەشەی جددییە لەسەر دیموكراتی و رۆژئاوا و سیستمی جیهانی.





لە كۆنفڕانسی 51ـەمینی میونشن كە بۆ یەكەمین جار كوردستان بەشداری تێدا كرد، گرفتی جیهان ئەوە بوو كە هیچ سەركردەیەك ناتوانێت، پێشبینی بۆ رووداوەكان بكات، كە رووداوەكانیش روودەدەن، هیچ سەركردەیەك ناتوانیت وەڵامدانەوەی پێویستی بۆ ئەو تەحەددییانە هەبێت كە روودەدەن، بۆیە لەناو تەواوی وڵاتان و سەركردەكانی جیهاندا، تەنیا كوردستان و سەرۆكەكەی ئەو ئیرادەو توانایەیان پیشانی جیهاندابوو، ئەگەر نەشتوانرێت وەك خۆی پێشبینی بۆ شەڕێكی گەورەی وەك شەڕی داعش بكرێت، یان وەك خۆی پێشبینی ئەوە نەكرابێت كە كوردستان رووبەڕووی شەڕێكی گەورە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش دەبێتەوە، بەڵام كە رووبەڕووی بووینەوە، ئەوا سەرۆكی كوردستان، ئەو سەرۆكە بوو كە توانی لە ناو ئیرادەی خەڵكی كوردستاندا وەڵامدانەوەی پێویست بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستان و پاراستنی كوردستان دروست بكات، ئەم تایبەتمەندی و جیاوازییەی كوردستان و سەرۆكەكەی، كوردستانی كردە میوانی 51ـەمینی كۆنفڕانسی میونشن.


سەركەوتنەكانی پێشمەرگە تەنیا بریتی نەبوو لە راگرتنی هێرشی تیرۆریستانی داعش، بەڵكو ئیرادەی پێشمەرگە سەلماندی كە پێشمەرگە دەتوانێت تەواوی خاكی كوردستان لە تیرۆریستانی داعش پاكبكاتەوەو شارێكی گەورەی وەك شنگال لە ماوەیەكی هێجگار كورت ( كەمتر لە 48 كاتژمێر) لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش ئازادبكاتەوە. ئەو سەركەوتنانەی پێشمەرگە كە لە ساڵی 2015 بەسەر تیرۆریستانی داعش بەدەستی هێنا، جارێكی دیكە كوردستانی كردەوە میوانی 52هەمینی كۆنفڕانسی میونشن، بەڵام بەشداریی دووەمینی شاندی كوردستان لەو كۆنفڕانسە ئەمجارەیان بۆ خستنەڕووی بۆچوون و تێڕوانینی سەرۆكی كوردستان بوو بۆ چۆنیەتی رێكخستنەوەی ناوچەكەو عێراق لە دوای داعش، سەرۆكی كوردستان لە كۆنفڕانسی 52هەمین، راشكاوانە لەمیانەی كۆبوونەوە تایبەتییەكانی لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی جیهان، ئەوەی بۆ هەموو لایەك ئاشكرا كرد كە پشتگیریكردنی كوردستان بۆ سەربەخۆیی و بوونی كوردستان بە دەوڵەتێكی سەربەخۆ هەنگاوی یەكەم و گرنگی گێڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری دەبێت بۆ ناوچەكەو كوردستان ئەو وڵاتەیە كە سەلماندوویەتی دەتوانێت، تیرۆریستان تێكبشكێنێت و ژینگەیەكی لەبار بۆ لێبووردەیی و پێكەوەژیانی فرەئایینی و فرەنەتەوەیی فەراهەم بكات.





ئەمساڵ جیاواز لەدووساڵی رابردوو، سەرۆكی كوردستان بە یاوەری شاندێك بەشداری كۆنفڕانسی 53 هەمینی میونشن دەكات كە ژمارەیەك لە فەرماندەكانی پێشمەرگە یاوەری دەكەن و هەورەها پەیكەری پێشمەرگە وەك سیبمولی ئازادی و بەرخۆدان و مانادانەوە بە بەهاكانی مرۆڤایەتی دیاری كوردستانە بۆ ئەو كۆنفڕانسە و وەك لە چەند رۆژی رابردووش بینیمان ئەم دیارییە پێشكەشی وەزیری بەرگری ئەمریكا كرا، كە لە هەمانكاتدا بۆ كۆنفڕانسی ئەمساڵ وەزیری بەرگری ئەمریكا بە چاودێر و سەرپەرشتیاری كۆنگرەكە لە قەڵەم دەدرێت و هەر ئەویش لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەڵمانیا رێوڕەسمی دەستبەكاربوونی كۆنفڕانسی ئەمساڵیان كردووە.


لێرەوە دەكرێت بگەڕێینەوە سەر تەوەری سەرەكیی ئەم كۆنفڕانسە، كە بایەخدانە بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەم ناوچەیەشی بەو جۆرە وەسف كردووە كە خەریكە وەك ناوچەیەكی دوای رۆژئاوا خۆی دەخاتەڕوو، ئەمەش بەو مانایەی خەریكە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە ئەو ناوچەیەی كە نە سیستمی جیهانی و نە رۆڵی رۆژئاوا بە هیچ جۆرێك كاریگەری لەسەر نابێت.





بەڵام وێڕای ئەوەی كوردستان بەشێكە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كەچی كوردستان ئەو جوگرافیا جیاوازەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كە تیایدا پێشمەرگە توانیویەتی جارێكی دیكە هەموو رۆژئاوا لە كوردستاندا پێكەوە كۆبكاتەوە و پێكەوە بەرنامە بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش دابڕێژن و پێكەوە شانازی بە سەركەوتنەكانی مرۆڤایەتی و جیهانی ئازاد بەسەر تیرۆریستاندا بكەن.


لایەنێكی دیكە كە بۆتە مەترسی لەسەر سیاسەتی دەوڵەتانی لیبڕاڵ دیموكراتی لە رۆژئاوا، بریتییە لە درۆ و چەواشەكاریی پۆپۆلیست، ئەم پەتایە لە كوردستانیش بوونی هەیە، بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانیویەتی و سەركەوتوو بووە لەوەی سنوورێكی تەواو بۆ پۆپۆلیستەكان دابنێت و خۆی تێكەڵاوی ئەو ژینگەیە نەكات، هەروەها رێگەی نەدا درۆ و چەواشەكاریی پۆپۆلیستەكان سەقامگیریی كوردستان بشێوێنێت، لەمەش زیاتر لە 20ی دیسمبەری 2016 دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگە توانی دوایین خاڵی ئامانجەكانی خۆی لە چوارچێوەی پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ ئازادبكات، سەرۆكی كوردستان بەئاشكرا پەردەی لەسەر درۆ و چەواشەكارییەكانی پۆپۆلیستەكان هەڵماڵی و رایگەیاند ئەو بۆمب و لوغمانەی تیرۆریستانی داعش بۆیان دانابووین، پێشمەرگە توانی هەموویان پووچەڵ بكاتەوە، بۆیە بە راشكاوی ئاماژەی بەوە كرد، ئەو لوغمە سیاسییانەش كە پۆپۆلیستەكان لەناو پرۆسەی سیاسی دایدەنێن، ئەوانیش بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان پووچەڵ دەكرێتەوە و رێگە نادەین كە ئیرهابی فیكری لە كوردستان درێژەی هەبێت. ئەمەش بەو مانایەی بوار نەدرێت درۆ و چەواشەكاری جێگەی سیاسەت بگرێتەوە، یان درۆ و چەواشەكاریی تیرۆریستان وەك راستی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.


كەواتە ئەگەر پەیكەری پێشمەرگە بكرێتە دیاری كوردستان بۆ ئەم كۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەی تایبەت بە ئاسایشی جیهان، ئەوە ئەمە مانای ئەوەیە، پەیامی شاندی كوردستان بۆ ئایندەی ئاسایشی جیهان ئەوەیە كە دەبێت جیهان بیر لە دروستكردنی هێزێكی هاوشێوەی پێشمەرگە بكاتەوە كە توانای ئەوەی هەیە لەسەر زەوی تیرۆریستان تێكبشكێنێت، لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆی دەوڵەتیش توانای ئەوەی هەیە سنوور بۆ درۆ و چەواشەكاریی پۆپۆلیستەكان دابنێت و رێگەنادات كە ژینگەیەكی درۆ و چەواشەكاریی ئەوتۆ دروست بێت، كە ببێتە نەوایەكی ئارام و شێدەر بۆ گەشەی فیكری توندڕۆیی و بەرهەمهێنانی تیرۆریستان.
Top