پارتی و یەكێتی وەك دوو حزبی دیموكراتی و جەماوەری لە دوای ساڵی 1992

پارتی و یەكێتی وەك دوو حزبی دیموكراتی و جەماوەری لە دوای ساڵی 1992
لەگەڵ ئەوەی لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان زوو شەڕی ناوخۆ لەسەر دەسەڵات هەڵگیرسا، بەڵام زووش نەك هەردوولا بەڵكو ئەمریكا و ئەوروپاش گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كە بارودۆخی كوردستان تەنیا بە دوو حزبی جەماوەری و دیموكراتی بەڕێوەدەچێت كە ئەویش (پارتی و یەكێتی)یە.
پێش ئەوەی ئەمریكا ببێتە ناوبژیوان لە نێوان پارتی و یەكێتی لەماوەی ساڵانی شەڕی ناوخۆدا، بەشێك لە دەوڵەتانی ئەوروپا و لەسەرووی هەمووشیانەوە بەریتانیا هەوڵیاندا چەند جارێك ناوبژیوانی لەنێوانیاندا بكەن، بۆ ئەوەی ئاشتەوایی لەنێوان پارتی و یەكێتی بێتەئاراوە، بەڵام سەرەنجام لە ئەیلوولی 1998 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەفەرمی بووە ناوبژیوان و بە ئامادەبوونی مادلین ئۆلبرایت كە ئەوكات وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بوو، رێككەوتنی واشنتۆن لەنێوان پارتی و یەكێتی ئیمزا كراو ئەم رێككەوتنە بووە نەخشەی رێگە بۆ ئەوەی پارتی و یەكێتی بەرەو رێككەوتنی ستراتیژی و یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی (هەولێر و سلێمانی) لەچوارچێوەی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەنگاو بنێن.
كەواتە رێككەوتنی واشنتۆن چوارچێوەیەكی بۆ كاری هاوبەش و حوكمڕانی لە نێوان یەكێتی و پارتی دروستكردو هەردوو بەڕێزانیش جەنابی مسعود بارزانی و جەنابی جەلال تاڵەبانی وەك دوو دەوڵەتمەدار لە گرنگیی ئەم رێككەوتنە ستراتیژییە تێدەگەیشتن و بەمەش توانییان لە ناو دەستووری عێراقی ساڵی 2005 كۆمەڵێك دەستكەوتی گرنگ و مێژوویی بۆ كوردستان تۆمار بكەن. بەڵام سەقامگیریی سیاسیی ناو یەكێتی نیشتمانی لە دوای ساڵی 2005 بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی یەكێتی جۆرێك ئاڵۆزیی بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتی دوای ئەوەی باڵی نەوشیروان مستەفا لەناو هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی یەكێتیدا شكستی خوارد، ئەمەش ژینگەیەكی سیاسی و ئاڵۆزی ئەوتۆی دروستكرد، كە نەوشیروان مستەفا لەیەكێتی جیاببێتەوە، ئەوجا چۆن لە ساڵی 1964 بەلێكترازانی پارتی، باڵی مەكتەبی سیاسی بەرەو حزبێكی ئایدیۆلۆژی هەنگاوی هەڵگرت، ئەوا لەدوای 2005 لە لێكترازانی یەكێتی، باڵی نەوشیروان مستەفا بەرەو ئاراستەیەكی پۆپۆلیستی دژی دیموكراسی هەنگاوی هەڵگرت.

دیارە جیابوونەوەی باڵی نەوشیروان مستەفا لە یەكێتی نەبووە هۆكاری ئەوەی رێككەوتنی ستراتیژی درزی تێبەكەوێت، هۆكاری مانەوەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوانیشیان دەگەڕێتەوە بۆ بایەخ و گرنگیی یەكریزیی نێوان پارتی و یەكێتی لەبیركردنەوەو تێڕوانینی هەردوو بەڕێزان مسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی 2009 پارتی و یەكێتی بە یەك لیستی هاوبەش بەشداری هەڵبژاردن بكەن و هەڵبژاردنەكەش ببنەوە و كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنن.

بەڵام لەبەر ئەوەی هەر لەسەرەتاوە ئامانجی باڵی نەوشیروان مستەفا كە پاشان بووە (بزووتنەوەی گۆڕان) ئەوە بوو كە رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا دوای نەخۆشكەوتنی بەڕێز مام جەلال لە 2012، لەگەڵ ئەوەی بەپێداگیریی پارتی دیموكراتی كوردستان نەوشیروان مستەفا ئەو خەوەی بۆ نەهاتەدی رێككەوتنی ستراتیژی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام توانی گوشار بكاتە سەر كادر و بنكەی جەماوەری یەكێتی بۆ ئەوەی یەكێتی بە لیستی هاوبەش لەگەڵ پارتی بەشداری هەڵبژاردنەكانی 2013 نەكات، بەمەش راستە رێككەوتنی ستراتیژی كۆتایی نەهات، بەڵام جۆرێك لەسڕبوونی بەخۆیەوە دی و نەیتوانی وەك پێشان هاوسەنگی و سەقامگیری لەناو پرۆسەی سیاسیی كوردستان و عێراقدا رابگرێت.
هۆكاری سەرەكی بۆ دروستنەبوونی لێكتێگەیشتن لەنێوان یەكێتی و گۆڕان لەلایەك و پارتی و گۆڕان لەلایەكی دیكە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە شەخسی نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەكەشی وەك بزووتنەوەی گۆڕان، وەك سەركردە و حزبێكی پۆپۆلیستی، بڕوایان بە چەمكی دەوڵەتی نەتەوەیی نییە كە سیستمەكەی دیموكراتی و لیبڕاڵی بێت، بەڵام لەنێوانی پارتی و یەكێتی بەتایبەتی ئەو باڵانەی نەكەوتوونەتە ژێر كاریگەریی بیروبۆچوونی پۆپۆلیستانەی نەوشیروان مستەفاوە، لێكتێگەیشتنێك سەبارەت بە دەوڵەتی نەتەوەیی، هەروەها سیستمە سیاسییەكەشی وەك سیستمی دیموكراتی هەیە، ئەم لێكتێگەیشتنەی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر پرسی دەوڵەت و سیستمی حوكمڕانی كە ئێستا هەردوولاش زیاتر بەم ئاراستەیە هەنگاو هەڵدەگرن، كە جارێكی دیكە بەهەمان شێوەی ساڵانی دوای 1987 لە چوارچێوەی گوتارێكی نەتەوەیی پرۆسەی سیاسی رێكبخەنەوە، ئەم رێكخستنەوەیە بەو مانایە نییە كە هەموو حزبە سیاسییەكان بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە بگەنە قەناعەت و لەیەك گوتاردا خۆیان بەرجەستە بكەن، بەڵكو ئەم لێكتێگەیشتنەی پارتی و یەكێتی ئاراستەیەكی راشكاوانە دیاری دەكات كە بەرەی ئەو حزبانە پێكەوە كۆدەكاتەوە كە ئامانجیان سەرخستنی پرۆسەی سەربەخۆییە، ئەو لایەنانەش جیادەكاتەوە كە بانگەشە بۆ عێراقێكی یەكگرتوو، یان شیوەن بۆ یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەن.
Top