زەروورەتی وەرچەرخان لە گوتاری ئایدیۆلۆژیی حزبییەوە بۆ گوتاری نەتەوەیی و سەربەخۆیی
February 14, 2017
راپۆرتەکان
ئەگەر لەم راستەوە لە ماناو فەلسەفەی دەوڵەتی نەتەوەیی ورد ببینەوە، ئەوا هیگل گوتەنی، پێش هەمووشت پێویستە تاكی نەتەوە لەژێر ئیرادەی دەرەكی بێتەدەرەوەو خۆی خاوەنی سەربەخۆیی و ئازادیی خۆی بێت و پشكداری داڕشتنی یاساكانی ئەو دەوڵەتە بێت، بۆ ئەوەی كاتێك تاكی نەتەوە ملكەچی یاساكانی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دەبێت، ئەوا ملكەچی ئیرادەی خۆی دەبێت، نەك ئیرادەیەكی دەرەكی. ئەمەش واتە دەوڵەت دەبێتە ئەو چوارچێوەیەی كە ئازادیی تاكەكان و كۆی گشتی نەتەوە بەرجەستە دەكات و مانای پێدەبەخشێت.
ئەوجا كاتێك لەچوارچێوەی ئەو دەوڵەتە نەتەوەییەدا، سیستمی سیاسیی دەوڵەت ناتوانێت وەڵامدەرەوەی تەواوی خواست و داوای تاكەكانی نەتەوە بێت، ئەوا حزبی سیاسی وەك پێداویستیی كۆمەڵگەو وەڵامدەرەوەی خواست و داوای ئەو چین و توێژانەی كە سیستمی دەوڵەت ناتوانێت وەڵامیان بداتەوە، دروست دەبێت و نوێنەرایەتی ئەو دەنگە ناڕازییانە دەكات و دەیەوێت ببێتە نوێنەری ئەو دەنگانەو بچێتە دەسەڵات و وەڵامیان بداتەوە.
كەواتە، حزبی سیاسی لە كۆمەڵگەی دیموكراتیدا، پێداویستیی كۆمەڵگە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی دروستی دەكات، نەك حزب ئەو مافە بەخۆی بدات، دەوڵەت بۆ نەتەوە پێویستە، یان پێویست نییە، یان كاتیەتی، یان كاتی نییە.
بەپێی ئەم میتۆدە، نەتەوە پێش ئەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دابمەزرێنێت لەسەر راستەڕێی (نەخێر بۆ ملكەچی و ژێردەستەیی و بەڵێ بۆ ئازادی و سەربەخۆیی)دایە، ئەمەش واتە (بەڵێ و نەخێر) دوو بژارە نین و لەیەكتری جیابكرێنەوە، بەڵكو (بەڵێ و نەخێر)ی نەتەوە بۆ سەربەخۆیی بەو جۆرەیە یەك ئەوی دیكە تەواو دەكات و بە دەنگی بەرز ملكەچی و كۆیلایەتی رەتدەكاتەوە و بە دەنگی بەرز پێشوازیی لە ئازادی و سەربەخۆیی دەكات.
لەمەش گرنگتر پێكەوە گرێدراوی (نەخێر بۆ كۆیلایەتی و بەڵێ بۆ سەربەخۆیی و ئازادی) بە جۆرێكە كە هیچ یاسایەك ناتوانێت بیكاتە دوو بژارەو لەیەكتریان جیابكاتەوە، یان (بەڵێ و نەخێر) بكاتە ئەو دوو پرسیارەی (ئایا بۆ كۆیلایەتی دەڵێت: بەڵێ، یان نەخێر) یان لەسەر ئاستی نەتەوە بیكاتە ئەو پرسیارەی ( ئایا بۆ سەربەخۆیی دەڵێت: بەڵێ، یان نەخێر)، سەبارەت بەم حاڵەتە مێژووی فەلسەفە پێمان دەڵێت: هەر یاسایەك (بەڵێ و نەخێر) وەك دوو بژارە پێكەوە كۆبكاتەوە، مانای ئەوەیە ئەو یاسایە شەرعییەتی یاسایی بە كۆیلایەتی و ئازادی دەدات و وەك دوو شێوازی جیاوازی ژیان پێناسەیان دەكات، لە حاڵەتی لەمجۆرەدا وەك لەیاسای رۆمانیدا بوونی هەبووە، هیگل پێیوایە ئەو یاسایە ئیهانەی كەرامەت و بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی دەكات و هەروەها ئەو یاسایە هیچ بەهایەكی نییە و دەبێت ئەو جۆرە یاسایانە نەمێنن. ئەمەش راشكاوانە ئەوەمان پێدەڵێت: لای هیگل كۆیلە تەنیا یەك بژارەی لەبەردەمە، ئەویش ئەوەیە: نەخێر بۆ كۆیلایەتی و بەڵێ بۆ ئازادی.
لە هەندێك وڵاتی دیموكراتی بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی وەك ئیسپانیاو بەریتانیاو كەنەداو بەلجیكا كە لەچوارچێوەی دەوڵەتەكانیاندا نەتەوەی دیكەیان لەگەڵ دەژین و هەر چەند ساڵێك، پرۆسەیەكی گشتپرسی بۆ (بەڵێ، یان نەخێر) بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دەدەن، ئەم گشتپرسییە لەوڵاتانی دیموكراتی ناكەوێتە چوارچێوەی (بەڵێ بۆ ژێردەستەیی و نەخێر بۆ سەربەخۆیی)، بەڵكو (بەڵێ و نەخێر)ـەكەیان بۆ دوو شێوازی مانای (سەربەخۆیی و ئازادییە)، تەنانەت ئەو حزبە سیاسییانەشی لەو وڵاتانە نوێنەرایەتی بەڵێ بۆ جیابوونەوە، یان نەخێر بۆ جیابوونەوە دەكەن، نوێنەرایەتی دوو چەمكی جیاوازی (سەربەخۆیی و ئازادی) دەكەن، هەر بۆ نموونە كوبیكییەكانی كەنەدا كە دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا بۆ ئەوەی بڕیار بدەن جیاببنەوە، یان لە چوارچێوەی كەنەدا بمێننەوە، جیاوازیی ئەو دوو بەرەیە لەسەر ئەوە نییە، ئەو لایەنەی دەیەوێت كوبیك لەگەڵ كەنەدا بمێنێتەوە، دژی سەربەخۆیی فەرەنسی زمانەكانی كوبیكە، نەخێر پرسیاری ئەو لایەنە ئەوەیە: (ئایا جیاوازی نێوان هەرێمی كوبیك لە گەڵ كەنەدا لەگەڵ كوبیك وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ چییە؟) وەڵامی ئەم پرسیارە ئەو بەرەیە نایداتەوە كە لایەنگریی مانەوە لەگەڵ كەنەدا دەكات، بەڵكو حكومەتی كەنەدا دەیداتەوە بۆ ئەوەی فەرەنسی زمانەكانی كوبیك بەرژەوەندیی خۆیان لەگەڵ كەنەدا ببیننەوە، هەروەك چۆن حكومەتی بەریتانیا وەڵامی هەموو خواستەكانی گەلی سكۆتلەندی دایەوە بۆ ئەوەی لە بەریتانیا جیانەبێتەوە.
كەواتە ئەم ئاراستەیە ئەوەمان پێدەڵێت: حزبی سیاسی ئەو مافەی نییە باس لە سەربەخۆیی، یان دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی بكات، یان باس لەوە بكات ئایا كاتی ئەوەیە دەوڵەتی نەتەوەیی رابگەیەندرێت، یان رانەگەیەندرێت، بەڵكو ئەركی حزبی سیاسی لە كۆمەڵگەی دیموكراتی ئەوەیە پشتگیریی دەوڵەتی نەتەوەیی و ئیرادەی نەتەوەیی خۆی بكات، ئەوجا كاتێك ئیرادەی نەتەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەیی رێكدەخرێت، یان ئەگەر دەوڵەتێكی فرەنەتەوە بوو لە چوارچێوەی سیستمێكی فیدڕاڵی رێكخرابێت، ئەوكاتە حزبی سیاسی مافی خۆیەتی باس لە سیستمی سیاسیی دەوڵەت، یان سوود و زیانی مانەوە، یان جیابوونەوە لەگەڵ دەوڵەتە فیدڕاڵییەكە بكات، ئەمەش لەو چوارچێوەیەدا دەوڵەتە فیدڕاڵییەكە بەمانای وشە بیسەلمێنێت كە بڕوای بەوەیە سیستمی فیدڕاڵی واتە (یەكێتییەكی ئارەزوومەندانە لەچوارچێوەی دەستووری ئەو دەوڵەتەدا)، هەروەها دەوڵەتی فیدڕاڵی جیا لە جێبەجێكردنی ئەو دەستوورەی ئەو دوو نەتەوەیە لە چوارچێوەی یەك دەوڵەتدا كۆدەكاتەوە، دەبێت ئامادەباشی زیاتریشی تێدا بێت بۆ وەڵامدانەوەی نەتەوەی بەرامبەری كە بەمانای وشە هەست بكات لە كیانێكی خاوەن سەروەریی دەژی و ملكەچی هیچ ئیرادەیەكی دەرەكی نییەو دەستووری دەوڵەتە فیدڕاڵییەكەش رەنگدانەوەی ئەو ئیرادەیەی خۆیەتی كە لە گشتپرسیدا دەنگی بە دەستوورەكە دابوو.
بەڵام كاتێك دەوڵەتە فیدڕاڵییەكە هەموو ماناكانی سیستمی فیدڕاڵی لەدەست دابێت، وەك ئەوەی ئێستا لە حكومەتی عێراقی دەیبینین و هیچ بڕوایەكی بەوە نەبێت كە سیستمی فیدڕاڵی واتە (یەكێتییەكی ئارەزوومەندانەی نێوان كوردو عەرەب لە چوارچێوەی عێراقدا) و مافی گشتپرسی بۆ كوردستان بە رەوا نەزانێت و ئامادە نەبێت دەستوورەكەی خۆی جێبەجێ بكات، ئەوا ئەو حزبە سیاسییەی لە كوردستانەوە بانگەشە بۆ مانەوەی كوردستان لەگەڵ عێراق بكات و ئاستەنگ و رێگری بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان دروست بكات و لەگەڵ دوژمنانی سەربەخۆیی لەیەك بەرەدا دژی خواستی نەتەوەكەی خۆی رابوەستێت، ئەوا ئەو حزبە سیاسییە وەك پێویستییەك بۆ سیستمی دیموكراتی و بەڕێوەبردنی دەوڵەت بوونی نامێنێت و لەناو پرۆسەی سیاسیشدا وردە وردە دەپووكێتەوە و دەكەوێتە پەراوێزەوە.
حزبی سیاسی وەك پێداویستیی دەوڵەتی نەتەوەیی و حزبی سیاسیی ئایدیۆلۆژی وەك سەپاندنی ئیرادەی دەرەكی
كارڵ پۆپەر لە كتێبی (كۆمەڵگەی كراوەو دوژمنەكانی) لەسەر خاڵی بەهێزی ئایدیۆلۆژیەتی چەپ و ماركسی هەڵوێستە دەكات و ئاماژە بەوە دەكات، جیاوازی نێوان بیروبۆچوونی چەپ و ماركسی لەگەڵ بیروبۆچوونی جوو بۆ سیستمی حوكمڕانی ئەوەیە، چەپ و ماركسی تەنیا یەك چین (چینی پرۆلیتاریا) بەشایستەی حوكمڕانی دەزانن، بەڵام جوو تەنیا وەك گەلێك كە لەلایەن خواوە دەستنیشان كرابێت (شعب اللە المختار) بە شایستەی حوكمڕانی دەزانن، بۆیە نە جوو، نە ئایدیۆلۆژیای چەپ و ماركسیزمیش ناتوانێت كۆمەڵگەی كراوە دروست بكات.
ئەم بۆچوونەی پۆپەر بۆ هەموو ئەو بیروبۆچوونانە راستە كە خۆیان وەك ئایدیۆلۆژیا پیرۆز دەكەن، ئەوجا ئەو بیروبۆچوونانە (ئیسلامی بێت، یان عەلمانی، یان كاتێك دیموكراتی دەگۆڕێت بۆ ئایدیۆلۆژیایەكی دیاریكراو)، لەمەش زیاتر كاتێك پێشكەوتنەكانی زانستی وەك ئایدیۆلۆژیا بە ئاستی ئایین پیرۆز دەكرێت، وەك پێشكەوتنەكانی ئێستای شۆڕشی تەكنەلۆژیا، هەموو ئەمانە لەبری ئەوەی ببنە هۆكارێك بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەی كراوە، دەبنە هۆكارێك بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادییەكان و دروستكردنی ئاژاوەو پاشاگەردانی لە كۆمەڵگەدا.
بەپێی ئامارێك كە لە ژمارەی مانگەكانی ئاب و ئەیلوولی 2016ی گۆڤاری فۆرین ئەفێرز بڵاوكراوەتەوە، یەكێتی سۆڤیەتی پێشان لەماوەی شەڕی سارددا، نزیكەی 7-10 ملیار دۆلاری بۆ دامەزراندن و پشتگیری لە حزبە چەپ و شیوعییەكان لە جیهاندا خەرجكردووە، لەبەرامبەردا عەرەبستانی سعودیە لە ساڵی 1980 – 2016، نزیكەی 100 ملیار دۆلاری بۆ بڵاوكردنەوەی فیكری وەهابی و سەلەفی ئیسلامی خەرجكردووە.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا ئامانج لە دروستكردنی حزبی ئایدیۆلۆژی ئەوجا (ئیسلامی، یان چەپ و شیوعی) لەلایەن سعودیە و یەكێتی سۆڤیەتی پێشانەوە بۆ چ ئامانجێك بووەو بۆچی ئەو هەموو پارەیەیان بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو دوو بیروبۆچوونە خەرجكردووە؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە ئەو حزبانەی بە پشتیگیری دەرەكی لەچوارچێوەی ئایدیۆلۆژیەتێكی دیاریكراو لە وڵاتانی دیكە دروست دەكرێت، ئامانج لێیان ئەوە نییە كە وەڵامی خواست و داواكاری هاووڵاتیانی خۆیان بدەنەوە، بەڵكو زیاتر نوێنەرایەتی ئیرادەیەكی دەرەكی دەكەن و دەیانەوێت ئایدیۆلۆژیەتێكی دەرەكی بەسەر هاووڵاتیانی خۆیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر فەرزبكەن. زۆر جار بەپێی تایبەتمەندی قۆناخ و هەڵكشان و داكشانی ئەو جۆرە ئایدیۆلۆژییانە لە ناوچەكەو جیهان، ئەو حزبانەش هەڵكشان و داكشانی جەماوەری بە خۆیانەوە دەبینن، ئەمە لە شەست و حەفتاكانی سەدەی رابردوو دیاردەیەكی بەرچاوی هەموو حزبە چەپ و شیوعییەكانی جیهان بووە، بەڵام لەسەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردووەوە كە ئایدیۆلۆژیەتی كۆمۆنیستی رووی لەداكشان كردووە، حزبە چەپ و شیوعییەكانیش رووبەڕووی هەمان دیاردەی داكشانی جەماوەری بوونەتەوە، ئەم حاڵەتە بۆ ئێستای حزبە ئیسلامییەكانیش راستە، بەتایبەتی دوای سەركەوتنی پارتی دادو گەشەپێدان لە توركیا و هەروەها دوای راپەڕینەكانی وڵاتانی عەرەبی لە 2011 و گەیشتنی ئیخوان موسلمین بە دەسەڵات لە میسرو سەركەوتنی حزبی نەهزەی ئیسلامی لە تونس، ئەوانیش جۆرێك لە هەڵكشان، یان زیادبوونی مەدی جەماوەرییان بە خۆیانەوە بینی، بەڵام شكستی ئیخوان و ناسەقامگیریی حوكمڕانیی تونس و دووركەوتنەوەی حزبی دادو گەشەپێدانی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا بوونە هۆكاری ئەوەی حزبە ئیسلامییەكانیش لە ناوچەكەو كوردستانیش روو لە داكشانێكی گەورە بكەن و لە كوردستاندا ئێستا هەست بەو مەترسییە دەكەن، ئەگەر لایەنە ئیسلامییەكان خۆیان لەبەرەیەك، یان لە لیستێكی هاوبەشدا رێكنەخەن، زیاتر گۆشەگیر دەبن و جەماوەریان لێ دوور دەكەوێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە حزبی ئایدیۆلۆژی بڕوای بە چەمكی دەوڵەتی نەتەوەیی بە مانای سیستمی دیموكراتی و لیبڕاڵی نییە، هەربۆیە كاتێك ئەم جۆرە حزبانە دێنە ناو پرۆسەی دیموكراتی و دەیانەوێت ببنە حزبی پەرلەمانی و لاسایی حزبە سۆشیال دیموكراتەكانی سەرەتای سەدەی بیستەم بكەنەوە، كە بە رێگەی هەڵبژاردن چوونە پەرلەمان و دەسەڵات لە حكومەتەكانی ئەوروپای رۆژئاوا، ئەوا ئەو حزبە ئایدیۆلۆژییانەی وڵاتانی هاوشێوەی ئێمە، لاسایی ئەو حزبانەی ئەوروپایان پێناكرێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە حزبە چەپ و ماركسی و كرێكارییەكانی ئەوروپای رۆژئاوا، لەناو ژینگەی دیموكراتیی ئەو وڵاتانە دروست بوون و بڕوایان بە هەیكەلی ئەو دەوڵەتە نەتەوەییە هەیە كە لەدوای رێككەوتنی ویستفالیا دامەزراوە، بۆیە ئامانجی ئەوان گۆڕینی سیستمە سیاسییەكە نییە، بەڵكو راگرتنی باڵانس و هاوسەنگییە لە نێوان دەرهاویشتە نەرێنییەكانی سەرمایەداری و تێكەڵكردنی هەندێك لایەنی باشی سوشیالیستی، هەر بۆیە دەبینین لە دەوڵەتانی ئەوروپای رۆژئاوا جۆرێك لە سۆشیال بۆ هاوكاریی هاووڵاتیانی خۆیان هەیە، بەڵام لە ئەمریكا سیستمی سۆشیال بوونی نییە.
بەڵام ئەو حزبە ئایدیۆلۆژییانەی لە وڵاتی ئێمەو وڵاتانی هاوشێوەی ئێمە دروست دەكرێن، بەرهەمی ژینگەی سیاسیی وڵاتەكەی خۆیان نین، بەڵكو دروستكراون بۆ ئەوەی پشتگیری لە جۆرێكی دیكەی سیستمی سیاسی بكەن كە وەك خۆیان دەڵێن لاساییكردنەوەی سیستمی دەوڵەتداریی رۆژئاوا نەبێت كە مەبەستیان (دەوڵەتی نەتەوەیی هاوچەرخە)، لەبری ئەمە ئایدیۆلۆژیەتی چەپ و شیوعییەت بانگەشەی بۆ دیكتاتۆریەتی پرۆلیتاریا دەكرد، ئایدیۆلۆژیەتی ئیسلامیش بۆ گێڕانەوەی خەلافەت، یان دەوڵەتی ئیسلامی، ئەم حاڵەتە لەوانەیە لە قۆناخە جیاوازەكانی كاری سیاسیی ئەو جۆرە حزبانە جۆرێك لە جیاوازی تێبكەوێت، بەڵام كە دەگەنە دەسەڵات وەك حزبی شیوعیی كوبا، یان ئیخوان موسلمینی میسر، یان پارتی دادو گەشەپێدانی توركیا، بەتەواوەتی ئامانجی خۆیان ئاشكرا دەكەن، هەر بۆ نموونە كاسترۆ لە كۆتایی پەنجاكانی سەدەی رابردوو سیستمێكی كۆمونیستی زۆر رادیكاڵانەی لە كوبا پیادەكردووەو هەتا ئێستاش بەردەوامە، ئیخوانەكانی میسر هەر گەیشتنە دەسەڵات ئامانجی خۆیان ئاشكرا كرد، لەهەمووشیان گرنگتر حزبی دادو گەشە پێدانی توركیایە كە ئێستا بە ئاشكرا بانگەشە بۆ گەڕانەوەی خەلافەتی عوسمانی دەكات.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەم حزبە ئایدیۆلۆژییانە كاریگەرییان لەسەر رەوتی ژیانی حزبایەتی و پرۆسەی بیری نەتەوەیی لەسەر ئێمە و گەلانی هاوشێوەی ئێمە كردووە؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە واقیعی 50-60 ساڵی رابردووی سیاسیی كوردستان دەیداتەوەو بە راشكاوی ئەو كاریگەرییە لەسەر حزبە سیاسییە دیموكراتی و نەتەوەییەكان رەنگدانەوەی هەبووە.
هەر بۆ نموونە پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1946 وەك بەرەیەك بۆ كۆكردنەوەی بیروبۆچوونە سیاسییە جیاوازەكانی كوردستان (بە چەپ و نەتەوەییەوە) دامەزرێندرا، ئامانج لە دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان هێندەی بۆ رێكخستنی توانای سەرجەم چین و توێژەكانی كوردستان بوو، هێندە وەك پارتێكی سیاسی نەبووە كە بە ئایدیۆلۆژیەتێكی دیاریكراو كاربكات، ئەوەی لە حزبەكان دیكە پێی دەگوترێت رۆشنبیركردنی حزبی (التثقیف الحزبی)، بۆیە پارتی وەك چادرێكی گەورە هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەكانی كۆكردبووەوە، بەڵام ئەو كاتیش كە لەسەر ئەم بنەمایە پارتی دیموكراتی كوردستان دامەزراو لەبەر ئەوەی مۆدێلی حزبی چەپ و شیوعی مۆدێلی ئەو سەردەمە بوو، لە غیابی بارزانیی مستەفا كە لە یەكێتی سۆڤیەتی پێشان ئاوارە بوو، پەتای ئایدیۆلۆژیەتی چەپ هاتە ناو پارتی دیموكراتی كوردستانیش و پاش گەڕانەوەی بارزانیی مستەفا لە ساڵی 1958 لەیەكێتی سۆڤیەت و گرێدانی كۆنگرەی پارتی، جارێكی دیكە هەیكەلی پارتی وەك حزبێكی جەماوەری و دیموكراتی رێكخرایەوە و شۆڕشی ئەیلوولیش هەڵگیرسا، كە نەك تەنیا كادرو ئەندامەكانی پارتی، بەڵكو تەواوی خەڵكی كوردستان بووە پاڵشت و جەماوەر و پێشمەرگەی ئەم شۆڕشە. ئەم پارتە جەماوەرییە تەنیا لەماوەی كەمتر لە سێ ساڵی رێبەرایەتیكردنی شۆڕشی ئەیلوول، رژێمی ئەو كاتی عێراقی ناچار كرد دانوستاندن لەگەڵ شۆڕشی كوردستان بكات، بەڵام ئیدی لێرەوە لێكترازانی 1964 لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان روودەدات، ئەم لێكترازانە بووە هۆكاری ئەوەی باڵی مەكتەبی سیاسی لەبری ئەوەی درێژە بەخەباتی جەماوەری و دیموكراتی بدات، بەرەو شێوازێك لە ئایدیۆلۆژیەتی چەپی (ماوتسیتۆنگی) هەنگاو هەڵبگرن، ئەمەش واتە جیاوازیی حزبی شیوعیی عێراقی لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە لەگەڵ باڵی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوە بوو كە ئەوانە خۆیان بە پێرەوی ماوتسیتۆنگی (ماوی) دەناساندو ئەوی دیكەیان بە پێڕەوی ماركسی لینینی، سەرەنجامیش لەناو ژینگەی باڵی مەكتەبی سیاسی رێكخراوێكی سیاسی بە ناوی (رێكخراوی ماركسی لینینی) دروست بوو كە چوارچێوەی خەباتی كوردستانی گرێدابووەوە بە خەباتی سەرتاسەریی عێراقەوە، پاشانیش كە دوای نسكۆی 1975 ئەم رێكخراوە بووە بەشێك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بانگەوازیان بۆ شۆڕش كرد، شۆڕشەكەیان ناولێنا: (شۆڕشی عێراق) نەك شۆڕشی كوردستان، ئەمەش لەو روانگەیەوە كە كورد بەتەنیا ناتوانێت رژێمی عێراقی بڕووخێنێت و دەبێت هاوخەبات بێت لەگەڵ تەواوی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی. بەڵام دوای گەڕانەوەی جەلال تاڵەبانی وەك سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەدەرەوە، ئاراستەی ئایدیۆلۆژییانەی یەكێتی نیشتمانی كاڵكردەوە و هەوڵیدا دروشمی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش لە شۆڕشی عێراقەوە بگۆڕێت بۆ شۆڕشی گەلی كوردستان، هەروەها لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو هەوڵیدا كە بەتەواوەتی یەكێتی نیشتمانی لەو ئایدیۆلۆژییەتە چەپە ماركسییە رزگار بكات و بە كردەیی یەكێتی بەرەو حزبێكی جەماوەری و دیموكراتی بەرێت.
ئەمە بووە هۆكاری جۆرێك لە لێكتێگەیشتنی تەواو لە نێوان پارتی و یەكێتی لەساڵی 1986 دروست بێت و دوای ئەوەی رێككەوتنی ئاشتییان ئیمزا كرد، هەنگاو بۆ دامەزراندنی بەرەی كوردستانی هەڵبگرن، ئەم هەنگاوەش بە دامەزراندنی بەرەی كوردستانی دەكرێت بڵێین هاوشێوەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1946 هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەكان لە بازنەیەكدا كۆبكرێنەوە.
جیاوازیی نێوان دامەزراندنی پارتی لە 1946 و بەرەی كوردستانی لەدوای ساڵی 1987، ئەوە بوو حزبەكان لە ساڵی 1946 هەموویان لەژێر ناوی پارتی كۆبوونەوە، بەڵام لەدوای 1987 حزبەكان وەك هەیكەلی خۆیان مانەوە، بەڵام لەچوارچێوەی بەرەی كوردستانیدا كۆبوونەوە، بەمەش جارێكی دیكە جۆرێك لە هیواو ئومێد بۆ خەڵكی كوردستان گەڕایەوەو لە هەڵبژاردنەكانی ئایاری 1992 كە بەپێی یاسای بەرەی كوردستانی رێژەی 7% بۆ بەشداریی حزبەكان لە پەرلەمانی كوردستان دانرابوو، بێجگە لە پارتی و یەكێتی، هیچ حزبێكی دیكەی ئایدیۆلۆژی نەیتوانی رێژەی 7% تێپەڕێنێت.
پارتی و یەكێتی وەك دوو حزبی
دیموكراتی و جەماوەری لە دوای ساڵی 1992
لەگەڵ ئەوەی لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان زوو شەڕی ناوخۆ لەسەر دەسەڵات هەڵگیرسا، بەڵام زووش نەك هەردوولا بەڵكو ئەمریكا و ئەوروپاش گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كە بارودۆخی كوردستان تەنیا بە دوو حزبی جەماوەری و دیموكراتی بەڕێوەدەچێت كە ئەویش (پارتی و یەكێتی)یە.
پێش ئەوەی ئەمریكا ببێتە ناوبژیوان لە نێوان پارتی و یەكێتی لەماوەی ساڵانی شەڕی ناوخۆدا، بەشێك لە دەوڵەتانی ئەوروپا و لەسەرووی هەمووشیانەوە بەریتانیا هەوڵیاندا چەند جارێك ناوبژیوانی لەنێوانیاندا بكەن، بۆ ئەوەی ئاشتەوایی لەنێوان پارتی و یەكێتی بێتەئاراوە، بەڵام سەرەنجام لە ئەیلوولی 1998 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەفەرمی بووە ناوبژیوان و بە ئامادەبوونی مادلین ئۆلبرایت كە ئەوكات وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بوو، رێككەوتنی واشنتۆن لەنێوان پارتی و یەكێتی ئیمزا كراو ئەم رێككەوتنە بووە نەخشەی رێگە بۆ ئەوەی پارتی و یەكێتی بەرەو رێككەوتنی ستراتیژی و یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی (هەولێر و سلێمانی) لەچوارچێوەی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەنگاو بنێن.
كەواتە رێككەوتنی واشنتۆن چوارچێوەیەكی بۆ كاری هاوبەش و حوكمڕانی لە نێوان یەكێتی و پارتی دروستكردو هەردوو بەڕێزانیش جەنابی مسعود بارزانی و جەنابی جەلال تاڵەبانی وەك دوو دەوڵەتمەدار لە گرنگیی ئەم رێككەوتنە ستراتیژییە تێدەگەیشتن و بەمەش توانییان لە ناو دەستووری عێراقی ساڵی 2005 كۆمەڵێك دەستكەوتی گرنگ و مێژوویی بۆ كوردستان تۆمار بكەن. بەڵام سەقامگیریی سیاسیی ناو یەكێتی نیشتمانی لە دوای ساڵی 2005 بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی یەكێتی جۆرێك ئاڵۆزیی بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتی دوای ئەوەی باڵی نەوشیروان مستەفا لەناو هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی یەكێتیدا شكستی خوارد، ئەمەش ژینگەیەكی سیاسی و ئاڵۆزی ئەوتۆی دروستكرد، كە نەوشیروان مستەفا لەیەكێتی جیاببێتەوە، ئەوجا چۆن لە ساڵی 1964 بەلێكترازانی پارتی، باڵی مەكتەبی سیاسی بەرەو حزبێكی ئایدیۆلۆژی هەنگاوی هەڵگرت، ئەوا لەدوای 2005 لە لێكترازانی یەكێتی، باڵی نەوشیروان مستەفا بەرەو ئاراستەیەكی پۆپۆلیستی دژی دیموكراسی هەنگاوی هەڵگرت.
دیارە جیابوونەوەی باڵی نەوشیروان مستەفا لە یەكێتی نەبووە هۆكاری ئەوەی رێككەوتنی ستراتیژی درزی تێبەكەوێت، هۆكاری مانەوەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوانیشیان دەگەڕێتەوە بۆ بایەخ و گرنگیی یەكریزیی نێوان پارتی و یەكێتی لەبیركردنەوەو تێڕوانینی هەردوو بەڕێزان مسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی 2009 پارتی و یەكێتی بە یەك لیستی هاوبەش بەشداری هەڵبژاردن بكەن و هەڵبژاردنەكەش ببنەوە و كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنن.
بەڵام لەبەر ئەوەی هەر لەسەرەتاوە ئامانجی باڵی نەوشیروان مستەفا كە پاشان بووە (بزووتنەوەی گۆڕان) ئەوە بوو كە رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا دوای نەخۆشكەوتنی بەڕێز مام جەلال لە 2012، لەگەڵ ئەوەی بەپێداگیریی پارتی دیموكراتی كوردستان نەوشیروان مستەفا ئەو خەوەی بۆ نەهاتەدی رێككەوتنی ستراتیژی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام توانی گوشار بكاتە سەر كادر و بنكەی جەماوەری یەكێتی بۆ ئەوەی یەكێتی بە لیستی هاوبەش لەگەڵ پارتی بەشداری هەڵبژاردنەكانی 2013 نەكات، بەمەش راستە رێككەوتنی ستراتیژی كۆتایی نەهات، بەڵام جۆرێك لەسڕبوونی بەخۆیەوە دی و نەیتوانی وەك پێشان هاوسەنگی و سەقامگیری لەناو پرۆسەی سیاسیی كوردستان و عێراقدا رابگرێت.
هۆكاری سەرەكی بۆ دروستنەبوونی لێكتێگەیشتن لەنێوان یەكێتی و گۆڕان لەلایەك و پارتی و گۆڕان لەلایەكی دیكە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە شەخسی نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەكەشی وەك بزووتنەوەی گۆڕان، وەك سەركردە و حزبێكی پۆپۆلیستی، بڕوایان بە چەمكی دەوڵەتی نەتەوەیی نییە كە سیستمەكەی دیموكراتی و لیبڕاڵی بێت، بەڵام لەنێوانی پارتی و یەكێتی بەتایبەتی ئەو باڵانەی نەكەوتوونەتە ژێر كاریگەریی بیروبۆچوونی پۆپۆلیستانەی نەوشیروان مستەفاوە، لێكتێگەیشتنێك سەبارەت بە دەوڵەتی نەتەوەیی، هەروەها سیستمە سیاسییەكەشی وەك سیستمی دیموكراتی هەیە، ئەم لێكتێگەیشتنەی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر پرسی دەوڵەت و سیستمی حوكمڕانی كە ئێستا هەردوولاش زیاتر بەم ئاراستەیە هەنگاو هەڵدەگرن، كە جارێكی دیكە بەهەمان شێوەی ساڵانی دوای 1987 لە چوارچێوەی گوتارێكی نەتەوەیی پرۆسەی سیاسی رێكبخەنەوە، ئەم رێكخستنەوەیە بەو مانایە نییە كە هەموو حزبە سیاسییەكان بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە بگەنە قەناعەت و لەیەك گوتاردا خۆیان بەرجەستە بكەن، بەڵكو ئەم لێكتێگەیشتنەی پارتی و یەكێتی ئاراستەیەكی راشكاوانە دیاری دەكات كە بەرەی ئەو حزبانە پێكەوە كۆدەكاتەوە كە ئامانجیان سەرخستنی پرۆسەی سەربەخۆییە، ئەو لایەنانەش جیادەكاتەوە كە بانگەشە بۆ عێراقێكی یەكگرتوو، یان شیوەن بۆ یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەن.
راستكردنەوەی ئاراستەكان و
دیالۆگی راشكاوانە بە شاهیدی خەڵكی كوردستان
ئەگەر بمانەوێت قسە لەسەر میكانیزمێك بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان حزبە سیاسییەكانی كوردستان بەگشتی و چارەسەركردنی كێشەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بكەین، ئەوا دەبێت بگەڕێین بۆ ئەوەی بزانین سەرەداوی كێشەكان بەگشتی چین و سەرەداوی كێشەكانی نێوان پارتی و گۆڕان لە كوێوە دروستبوون. یان دەبێت ئەو پرسیارە بورووژێنین كە ئایا كێشەیەك بوونی هەیە، یان ئەم كێشەیە دروستكراوە بۆ شاردنەوەی مەرامی دیكە؟ دیارە وەڵامی ئەم پرسیارە سەرەتا پێویستی بەوە هەیە كە ئەو راستییە دەستنیشان بكەین و بپرسین، ئایا كێشەیەك بوونی هەیە، یان كێشەكە دروستكراوە؟ ئەگەر دروستكراوە بە چ ئامانجێك دروستیان كردووە؟ ئایا كێشەی دروستكراو چۆن چارەسەر دەكرێت؟
ئەوانەی لەكوردستان چاودێری سیاسین، یان رۆژنامەنووسن، ئاگاداری ئەو راستییەن كە هەتا ئایاری 2015 كە شاندی كوردستان لەئەمریكا گەڕایەوە، هیچ كێشەیەك لەنێوان پارتی و گۆڕان و لە نێوان هیچ كام لەو حزبانە نەبووە كە بەخۆیان دەگوت (پێنج حزبە سەرەكییەكە!!)، ئەو كێشەیەی بەزۆر دروستیان كردو ناویان لێنا پرۆژەی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ئەسڵەن هەتا مانگی ئایاری 2015 هیچ پرۆژەیەك نەبووە بەناوی (پرۆژەی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان) لەلایەكی دیكەش ئەم پرۆژەیە كە دەكرێت پێشی بڵێین (گۆڕینی شێوازی حوكمڕانی لە كوردستان) نەك هەر بە پرۆژەی ئەم حزب و ئەو حزب هەموار ناكرێتەوە، بەڵكو هەتا ئەگەر لەدەستووریشدا سیستمی سیاسی، یان پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەو جۆرە دابڕێژدرێت كە بزووتنەوەی گۆڕان بانگەشەی بۆ دەكرد، ئەوا هەتا لە پرۆسەیەكی گشتپرسیدا خەڵكی كوردستان دەستوورەكە پەسەند نەكات، ئەو شێوازە نابێتە سیستمی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا.
سەبارەت بە هەڵوێستی شەخسی بەڕێز مسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزبی سەرەكی لە پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا، بۆ هەموو لایەك ئاشكرایەو شەخسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەك هەر داوای نەكردووە لەو پۆستەدا بمێنێتەوە، بەڵكو داوای لە حزبە سیاسییەكان كردبوو كە لە ناو خۆیاندا رێكبكەون و كەسێك دیاری بكەن بۆ ئەوەی زۆر بە سادەیی ئەو پۆستەی لەگەڵ ئاڵۆگۆڕ بكات، سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستانیش، ئاشكرایە كە پارتی رایگەیاند، گۆڕینی سیستەم، یان گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، یان ئەوەتا دەستووری كوردستان چارەسەری بكات و پاشان دەستوورەكە دەخرێتە گشتپرسییەوە، یان ئەوەیە تەنیا بۆ ئەم پرسە گشتپرسی بكرێت و گەلی كوردستان چی بڕیارێكی دا، هەموو لایەك پێوەی پابەند دەبین، بەڵام ئەم پرسە بە پرۆژە و پرۆژەكاری حزبەكان و كەمینە و زۆرینەی پەرلەمانی چارەسەر ناكرێت. بزووتنەوەی گۆڕان بۆ چارەسەری ئەم پرسە هەستیارە بنەمای سازانی نیشتمانی پێشێل كردو ویستی بە رێگەی كەمینەو زۆرینەی پەرلەمانی كودەتایەك بەسەر پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا بكات، بەڵام ئەوە بوو ئەم گەمەیەی دۆڕاند، بۆیە هەوڵیدا ئەم دۆڕاندنەی بە سووتاندنی كوردستان پەردەپۆش بكات، لەم حاڵەتەدا پارتی دیموكراتی كوردستان ناچار بوو بە بزووتنەوەی گۆڕان بڵێ بەسەو دەبێت سنووری بۆ دابنرێت، لەم چوارچێوەیەدا هاوپەیمانی خۆی بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم لەگەڵ گۆڕان هەڵوەشاندەوە و بە ئاشكراش رایگەیاند هەر لایەنێكی سیاسی دەیەوێت لاسایی گۆڕان بكاتەوە، ئەوا دەتوانێت ئەویش هاوپەیمانیی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و لە حكومەت بكشێتەوە.
ماوەی نزیكەی 18 مانگە ئەم حاڵەتە لە كوردستان روویداوەو پرۆسەی سیاسی جۆرێك لە چەقبەستوویی و سڕبوونی پێوە دیاربووە، بەڵام لە ئێستادا خەریكە هەنگاوەكان بەرەو ئەوە دەچن كە جۆرێك لێكتێگەیشتنی تازە لەنێوان بەشێك لە حزبەكان بێتەئاراوەو ئەو چەقبەستوویی و سڕبوونەی پرۆسە سیاسییەكە كۆتایی پێبێت. بەڵام كۆتاییهاتن و دووبارە بەگەڕخستنەوەی پرۆسەی سیاسی نەك تەنیا فراوانكردنی بازنەی (پێنج حزبەكە)ی پێویستە، بەڵكو دەبێت بازنەی دیالۆگ و وتووێژ بۆ دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ دەرچوون لەم كێشە دروستكراوە بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە كێشەی دروستكراوی دیكە دروست نەكرێتەوە، بۆ ئەمەش پێوستە بازنەكە بە ئاستێك فراوان بێت كە دیالۆگ و وتووێژ بە ئاشكرا و لەبەردەمی خەڵكی كوردستان و شەفافانە ئەنجام بدرێت و چیدیكە بۆ مەرامی سیاسیی حزبەكان كارتەكان تێكەڵ نەكەن و راستییەكان لە خەڵكی نەشارنەوە.
لەماوەی ئەم 18 مانگەی پارتی دیموكراتی كوردستان هاوپەیمانیی خۆی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوەشاندۆتەوە، هەموو هەوڵی كادرو هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان و هەندێك لە پەرلەمانتارانی لایەنەكانی دیكە، ئەوە بووە كە بە هەر نرخ و شێوازێك بۆیان دەكرێت، باری سەقامگیریی سیاسی كوردستان بشێوێنن و، هەوڵیانداوە بە هەموو شێوەیەك لەناو پەرلەمانی عێراق دژایەتی بەرژەوەندییەكانی كوردستان و پێشمەرگە بكەن، لەمەش زیاتر بە ئاشكرا لەسەر زاری هەڵسووڕاوێكی بزووتنەوەی گۆڕان كە ئێستا جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقە، داواكراوە سلێمانی بگێڕنەوە بۆ سەر بەغدا و لەكوردستان دایببڕێنن و لە ئێستادا كە خەریكە پرۆسەی وتووێژ لە نێوان هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانیی لایەنە شیعەكان بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان دەست پێدەكات، كادرو هەڵسووڕاوەكانی گۆڕان زۆر بە ئاشكرا بەرگری لە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەن و دەیانەوێت بەوجۆرە پیشانی بدەن كە خەڵكی كوردستان لەگەڵ سەربەخۆییدا نییە و حەزی لە پاشكۆیی و بندەستیی حوكمڕانیی دەسەلاتدارانی عێراقە.
كادر و هەڵسووڕاو و پەرلەمانتارانی بزووتنەوەی گۆڕان لەبەغدا، هەر جارەی بە بیانوویەك دەیانەوێت بیانوو بۆ رەفتار و لێدوانەكانیان دژ بە كوردستان و پێشمەرگە بهێننەوە، مەبەستیانە پرۆسەی سیاسیی كوردستان سەقامگیری بۆ نەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەسەر چەواشەكاری و دژایەتی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان بەردەوام بن.
لە حاڵەتی لەمجۆرەدا كە پەرلەمان كراوە بە ئامێرێكی شەڕ بەدەستی لایەنێكەوە و رێگەنادات پەرلەمان ئەكتیڤ بكرێتەوەو لەناو پرۆسەی سیاسیشدا چۆتە سەر داری عینادو نایەتە خوارەوەو دەیەوێت خۆی بەسەر هەموو لایەكدا فەرزبكات، ئەوا تەنیا ریگەی دروست بۆ كردنەوەی تەلیسمی ئەم ئاژاوەگێڕی و عینادییە ئەوەیە راستەوخۆ لەگەڵ خەڵكی كوردستان قسە بكرێت، یان خەڵكی كوردستان ئاگاداری هەموو ئەجیندای سیاسی كوردستان بن و شاهید بن بەسەر پرۆسە سیاسییەكەوە.
لەوانەیە بۆ دژایەتی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان بەتەنیا نەبێت و لە باخچەی پشتەوەی سیاسەت خەڵكی دیكەش لەدەورەی كۆببێتەوە، بەڵام ئەوەی زۆر بەئاشكرا سەركردایەتی ئەم رەوتە ئاژاوەگێڕییە دەكات و رۆڵی پاڵەوانی فیلمەكە دەگێڕێت، هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕانن، ئەوجا بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان بزانن كە گۆڕان بۆ چ مەبەستێك ئەم كارە دەكات و كێی تریش لە باخچەی پشتەوە لەگەڵی یەكدەگرێتەوە، ئەوا ئەو كاتە رەش و سپی لای خەڵك ئاشكرا دەبێت و با خەڵكی كوردستان خۆیان بڕیاربدەن، ئایا بە قسەی گۆڕان و هاوپەیمانەكانیان دەكەن كە دەیانەوێت كوردستان بكەنەوە بە بەشێك لە عێراقێك كە هیچ سیفەتێكی دەوڵەت و حوكمڕانی تیدا نەماوە، یان لەدەوری پرۆسەی سەربەخۆیی كۆدەبنەوە كە هەر خۆیان رابەرایەتی سەركەوتنی دەكەن.