ئەوانەی لە كوردستان بۆ مالیكی هەڵدەپەڕن بەنیازن چییان دەست بكەوێت؟

ئەوانەی لە كوردستان بۆ مالیكی هەڵدەپەڕن بەنیازن چییان دەست بكەوێت؟
كاتێك ستیفن هادلی راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا دەڵێت: سیستمی سیاسیی عێراق هێچ جیاوازییەكی لەگەڵ رژێمەكەی بەشار ئەسەد نییە و دەبێت لە ریشەوە بگۆڕدرێت، ئەمە مانای ئەوەیە هەتا سیستمێكی نوێ بۆ عێراق دووبارە بونیاد دەنرێتەوە، دەبێت سیستمێكی كاتی هەبێت و جۆرێك لێكتێگەیشتنی لەگەڵدا دروست بكرێت و هەرێمی كوردستانیش كە هەر بەناو لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بەشداری ماوە، دەبێت لەم تایبەتمەندییە بگات و موراعاتی سیستمە كاتییەكەی عێراق بكات.

لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر سەیری سیستمی سیاسیی عێراق بكەین، راشكاوانە هەست بەوە دەكەین كابینەكەی د.حەیدەر عەبادی لەو سیستمە كاتییە دەچێت كە جێگەی هەموو سیستمی سیاسیی عێراقی گرتۆتەوە، بەڵام ژینگەی ئاڵۆزی ناو بەشە عەرەبییەكەی عێراق بە رادەیەك ئاڵۆزە، ئەگەر لەلایەن كوردستانەوە موراعاتی حكومەتەكەی عەبادی نەكرێت، لەوانەیە بەئاسانی ئەو حكومەت بڕووخێت، لەم چوارچێوەیەدا كاتێك سەیری پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عەبادی دەكەین، دەبینین، كوردستان راشكاوانە ئامادەباشی دەربڕیوە پشتگیری حكومەتەكەی عەبادی بكات، لەهەمانكاتدا حكومەتەكەی عەبادیش بە راشكاوی رایگەیاندووە، بەغدا تەنیا لە رێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێوەندییەكانی خۆی لەگەڵ هەرێم رێكدەخاتەوە، ئەمانە هەمووی لە كاتێكدان كە بەشداریی كوردستان لە حكومەت و پەرلەمانی عێراق لە بەشدارییەكی كاراوە بۆتە بەشدارییەكی رەمزی، پەرلەمانی عێراق بۆتە ئەو شوێنەی كە بە ئاشكرا دژی كوردستان و پێشمەرگە یاسای تێدا پەسند دەكرێت، بەڵام نە ئەو یاسانەی لەپەرلەمانی عێراق دژی كوردستان و پێشمەرگە پەسند دەكرێن، كاریگەرییان لەسەر كوردستان و پێشمەرگە هەیە، نە كوردستانیش چاوەڕێی ئەوەیە لە رێگەی پەرلەمانی عێراقەوە پێوەندی خۆی لەگەڵ حكومەتی عێراق رێكبخاتەوە.

ئەم هاوكێشە تازەیە لەدوای شەڕی داعش و لەچوارچێوەی پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ، كۆمەڵگەی نێودەوڵەی و عێراق و كوردستان پێكەوە كۆدەكاتەوە، لەسەر ئاستی ئەو لایەنانەی كە خۆیان وەك دژی پرۆسەی سەربەخۆیی نیشان دەدەن، لێی تێناگەن و بەوجۆرە هاوكێشەكە دەخوێننەوە كە هێشتا پێوەندی نێوان كوردستان و عێراق لە چوارچێوەی سیستمە كۆنەكەدایەو پێیانوایە بەغدا دەتوانێت ئاراستەی سیاسەتی كوردستان دیاری بكات، لەسەر ئاستی شەقامی سیاسیی شیعەش كە تا رادەیەك خۆیان بە براوەی شەڕی دژی داعش دەزانن، نەك هەر لەم هاوكێشە تازەیە تێناگەن، بەڵكو مەزندەی ئەوەش ناكەن كە ئێستا پێوەندی نێوان كوردستان و عێراق هاوشێوەی نێوان دوو دەوڵەتە.

بۆیە لەم چوارچێوەیەدا، ئەوانەی بە ئەقڵییەتی شۆڤێنی عەرەب (سوننەو شیعە) بیردەكەنەوەو چاویان بەسەربەخۆیی كوردستاندا هەڵنایەت و ئەوانەشی لە كوردستان خوا سەری لێ تێكداون و دژی سەربەخۆیی وڵاتی خۆیان دەهۆڵ بۆ مالیكی لێدەدەن، لەبەرەیەكدا یەكیان گرتووە و هەرچی پێیان كرابێت، دژی سەربەخۆیی و پێشمەرگەو كوردستان كردوویانەو خۆیان كردووە بە شایەری ناو كەناڵە تەلەفزیۆنەكانی سەر بە نوری مالیكی و ئەوەی خراپ و ناشیرینە بە كوردستان و پێشمەرگەی دەڵێن.
بەڵام بێ ئاگایی و تێنگەیشتنیان لەم هاوكێشە تازەیە، گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە لەو نهێنییە تێناگەن بۆچی هەرێمی كوردستان موراعاتی وەزعی حكومەتەكەی عەبادی دەكات، یان بەهەموو تێگەیشتن و قەناعەتی خۆیان دەیانەوێت خۆیان بەوجۆرە پیشانی خەڵكی كوردستان بدەن، بەوەی دەتوانن حكومەتی هەرێمی كوردستان ناچاربكەن پابەندی ئەو یاسایانە بێت كە پەرلەمانی عێراق دەریان دەكات، لە كاتیكدا نە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی دەبێت و نە حكومەتی عەبادیش ئەو مافە بەخۆی دەدات قسەی زیاتر لەسەر ئەو یاسایە بكات، ئەو سەرلێتێكچووانەی كوردستان لەوە تێناگەن، ئەگەر پەرلەمانی عێراق یاسایەك دەربكات و لەبەرژەوەندی عەبادی بێت و كوردستان پێوەی پابەند بێت، ئەوە كوردستان زەرەردەكات، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر لەژێر گوشاردا یاسایەك بۆ بەرژەوەندی كوردستان لەپەرلەمانی عێراقەوە دەربچێت، ئەوا حكومەتی عەبادی نەك هەر زەرەر دەكات، بەڵكو حكومەتەكەی دەڕووخێت.

كەواتە ئەم واقیعە تازەیەی سیاسەت لە نێوان كوردستان و عێراق، تەنیا ئەمری واقیعێكی لۆكاڵی نێوان حكومەتێكی هەرێم و دەوڵەتێكی فیدڕاڵی نییە، بەڵكو ئەمری واقیعی نێوان دوو دەوڵەتە كە راگەیاندنی پێویستی بە ژینگەیەكی لەبار و پشتگیری نیودەوڵەتی و تێگەیشتنی زیاتر كارەكتەرە سیاسیەكانی عەرەبی عێراقی هەیە، لەم حاڵەتەشدا ئەوانەی لە كوردستان خۆیان بە دژی پرۆسەی سەربەخۆیی دەزانن و بەتەمان لە رێگەی مالیكییەوە ئەو خواستەیان بۆ بێتەدی، پێویستە بزانن كە مالیكی خۆی باش دەزانێت ئەوەی ئامانجیەتی جارێكی دیكە بۆی نایەتەدی و ئەوەشی پشتی بە مالیكی بەستووە، ئەگەر زوو بەئاگا نەیێتەوە، ئەوا هەم لە بەڵێنەكانی مالیكی دەستخەڕۆ دەبێت و هەمیش لە ناو پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا جێگەی نابێتەوە.
Top