ئایندەی بەشە عەرەبییەكەی عێراق و ئەقڵییەتی خەیاڵ پڵاوی نوری مالیكی
February 8, 2017
راپۆرتەکان
لە ئێستادا نفوزی ئێران لە عێراقدا بە ئاستێكە كە دەكرێت بڵێین عێراق بۆتە پاشكۆی ئێران، هەر بۆیە كاتێك باسی نفوزی ئێرانی لەناو عێراقدا دەكرێت، هەندێك لەئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە گوشاری زۆر نەخرێتە سەر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق كە نفوزی ئێرانی كەمبكاتەوە، لەبەر ئەوەی ئەگەر كارێكی وابكات، حكومەتەكەی دەڕووخێت و لەوانەیە مالیكی، یان كەسێكی هاوشێوەی مالیكی و وەكیلی ئێران جێگەی حەیدەر عەبادی بگرێتەوە و ببێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئەو كاتیش یان دەبێت بە زەبری هێز ئەو كەسە بگۆڕێت و پرۆسەی سیاسیی عێراق رێكبخرێتەوە، یاخود دەبێت ئەوەی لە ماوەی ساڵانی 2011- 2014 لەسایەی حوكمڕانیی مالیكی هاتەئاراوە و ئەو داعشەی لێ پەیدابوو، ئەوا جارێكی دیكە هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە.
نوری مالیكی باش دەزانێت كە ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شێوازی حوكمڕانی خراپی ئەو بە دروستكەری داعش و ئەو هەموو كارەسات و كاولكارییە دەزانن كە ئێستا لە عێراق روودەدات، بۆیە ئەگەر داعش كۆتایی بێت و هەوڵبدرێت پرۆسەی سیاسیی عێراق ریكبخرێتەوە، ئەوا مالیكی نەك هەر لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا جێگەی نابێتەوە، بەڵكو ئەگەر ژینگەی سیاسیی عێراق لەبار بێت، دەبێت لەسەر سیاسەتە هەڵەكانی كە بوونە هۆی سەهەڵدانی داعش وەك تاوانباری جەنگ و دژی مرۆڤایەتی دادگایی بكرێت.
كەواتە هەوڵەكانی مالیكی بۆ ئاستەنگ دروستكردن بۆ هاوپەیمانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراق بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی دژی داعش و دەستپێكردنەوەی وتووێژەكان لەنێوان هەرێم و بەغدا بۆ دیاریكردنی میكانیزم و شێوازی پێوەندیی نێوان كوردستان و عێراق، بۆ ئەوەیە ئاستەنگ بۆ سەركەوتنی شەڕی دژی داعش دروست بكات، یان لە ئێستاوە وەك لە لێدوانەكانی نەیشاردۆتەوە زەمینەی شەڕ و ئاژاوەیەكی دیكە لە نێوان كوردستان و حەشدی شەعبی دروست بكات. بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش كە ئێستا هەموو ئاواتیان ئەوەیە داعش لە عێراقەوە كۆتایی پێبێت، رێگەدەدەن جارێكی دیكە كەسێكی وەك نوری مالیكی شەڕێكی دیكە لەناوچەكە هەڵبگیرسێنێتەوە؟ سەبارەت بەوەڵامی ئەم پرسیارە و ئەوەی تائێستا لە لێدوان و هەڵوێستی ئەمریكا و دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش و توێژەران و چاودێرانی سیاسی دەخوێنرێتەوە، مەترسییەكە ئەوە نییە كە مالیكی، یان ئەوانەی وەك مالیكی بیردەكەنەوە بتوانن لە نێوان كوردستان و عێراقدا ئاژاوە، یان شەڕێكی دیكە دروست بكەن، بەڵكو مەترسی ئەوەیە چۆن دوای كۆتاییهاتنی شەڕی داعش رێگە لەوە بگیرێت فیتنەیەكی مەزهەبگەرایی لەنێوان عەرەبی شیعەو سوننە دروست نەبێتەوە.
ئەگەر لەسەر بنەمای ئەم بۆچوونانە خوێندنەوەیەك بۆ بالانسی هێزی نێوان كوردستان و عێراق بكەین، ئەوا عێراق ئەگەر وەك پێویست لەچوارچێوەی ئەو پرۆگرامەی بۆ دیاری دەكرێت، هەنگاو هەڵنەگرێت، ئەوا نەك وەك دەوڵەتێكی شكستخواردوو، بەڵكو وەك دەوڵەتێكی بەهەمهێنەری توندڕۆیی مەزهەبگەرایی و سەرچاوەی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، ئەوەشی پێویستە عێراق بیكات و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دڵنیا بكاتەوە دوای تێكشكانی داعش ئەم خاڵانەیە:
1. حكومەتی عێراق دەبێت بۆ ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بیسەلمێنێت كە بەیاسا هێزەكانی حەشدی شەعبی لە هێزێكی مەزهەبگەرایی شیعەوە گۆڕیوە بۆ هێزێكی نیشتمانی لە چوارچێوەی سیستمی بەرگری عێراق و دەبێت فەرماندەی ئەم هێزە، فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق بێت و تەنیا بەم رێگەیە فەرمان وەربگرن و جێبەجێی بكەن.
ئەم خاڵە كە مەرجی سەرەكییە بۆ حكومەتی عێراق، مانای ئەوەیە دوای داعش بە هیچ شێوەیەك رێگە نادرێت، عێراق لەژێر مەترسیی ملیشیاكانی حەشدی شەعبیدا بێت و لەدەرەوەی حكومەتی عێراق فەرمان لە ئێران وەربگرن، یان ئەو كەسانەی خۆیان بە وەكیلی ئێران دەزانن، بۆ ئەمەش ئەگەر حكومەتی عێراق بتوانێت ئەم كارە بكات، ئەوا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستخۆشی لێدەكات، نەشتوانێت ئەم كارە بكات، یان توانای ئەوەی نەبێت ئەم كارە بكات، ئەوا ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆیان چارەسەری كێشەی حەشدی شەعبی دەكەن و رێگەچارەی بۆ دەدۆزنەوە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا نابێت حەشدی شەعبی وەك هێزێكی میلیشیایی بمێنێتەوە و كەسێكی وەك مالیكی فەرمانیان بۆ دەربكات.
2. عێراق و كوردستان بە ئامادەبوونی ئەمریكا لە چوارچێوەی پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ رێككەوتوون، كە دەبێت عێراق ئەمری واقیعی سنووری هەرێمی كوردستان تا رۆژی 17ی ئۆكتۆبەری 2016 قبووڵ بكات، ئەمەش مانای ئەوەیە كاتێك عێراق و كوردستان دەكەونە گفتوگۆ لەسەر پێوەندییەكانی ئایندەی كوردستان و عێراق، كێشەی خاك تا رادەیەكی زۆر لەنێوان هەردوولا چارەسەر بووە و ئەوەی كەماوە نابێتە رێگر بۆ سەرخستنی وتووێژەكان و دیاریكردنی پێوەندی نێوان كوردستان و عێراق. ئەوەی لەم خاڵەدا جێگەی هەڵوەستەیە ئەم رێككەوتنەی نێوان عێراق و كوردستان، رێككەوتنێكە لەسەرووی سەروەریی عێراق ئیمزا كراوەو لە نێوان هەر سێ حكومەتی (كورستان و عێراق و ئەمریكا) ئیمزای لەسەر كراوە و هەرسێ لایەن دەبێت پێوەی پابەند بن.
ئەمەش خاڵێكی زۆر گرنگە نوری مالیكی و ئەوانەشی لە عێراق و كوردستان وەك مالیكی بیردەكەنەوە، هەوڵدەدەن خۆیان لەگرنگی و بایەخی ئەم رێككەوتنە گیل بكەن، یان وەك خۆی دان بە راستییەكاندا نەنێن. مالیكی خۆی باش دەزانێت، دەستكاریكردنی ئەم رێككەوتنەی نێوان كوردستان و عێراق بە شاهیدی ئەمریكا كە هەرسێ لا ئیمزایان لەسەر كردووە، كارێكی ئاسان نییەو ئەم رێككەوتنە ناچێتە ناو پەرلەمانی عێراق هەتا موناقەشەی لەسەر بكرێت، بەڵكو لە پرۆسەی رێكخستنەوەی عێراقی عەرەبی و رێكخستنەوەی پێوەندییەكانی نێوان عێراق و كوردستان، ئەم رێككەوتنە دەبێتە نەخشەی رێگە بۆ سەركەوتنی وتووێژەكان.
ئەمەش نهێنی ئەو وەڵامەی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستانە كاتێك رۆژنامەی شەرقولئەوسەت پرسیاری لێدەكات، ئەگەر مالیكی بووەوە بە سەرۆك وەزیران چی دەكەیت؟ لەوەڵامدا سەرۆك بارزانی دەڵێت: راستەوخۆ سەربەخۆیی كوردستان رادەگەیەنم، ئەوكات چی دەبێت، با ببێت.
ئەم وەڵامەی سەرۆك بارزانی كە مالیكی و ئەوانەشی شوێن مالیكی كەوتوون دەیانەوێت بیشێوێنن، یان مانای دیكەی بەبەردا بكەن، لە بنەڕەتدا یەك مانای هەیە، كە ئەو رێككەوتنەی لەنێوان عێراق و كوردستاندا لە 17ی ئۆكتۆبەری 2016 ئیمزا كراوە، دانپێدانانە بە ئەمری واقیعی كوردستان لە رووی (سەروەریی، سنوور، حوكمڕانی، سیاسەتی ئابووری). راشكاوانەتر گریمان لە میانەی گفتوگۆكانی نێوان كوردستان و عێراق هەردوولا لەسەر ئەوە رێككەوتن كوردستان و عێراق پێكەوە دوو دەوڵەتی كۆنفیدڕاڵی بن و بۆ ئەم یەكێتییە كۆنفیدڕاڵییەش پێویستە دەستوورێكی هاوبەش هەبێت، ئەوا بەپێی ئەم رێككەوتنە، دەستووری بەشە عەرەبییەكەی عێراق چۆن دەینووسنەوە و چۆن دایدەڕێژنەوە ئەوە كێشەی كوردستان بێت، بەڵكو دەستووری كوردستان وەك ئەمری واقیع دەبێتە ئەو دەستوورەی بۆ پێوەندی تازەی عێراق و كوردستان دەنووسرێتەوە، ئەمە دروست وەك بەشداربوونی كوردستان وایە لە پرۆسەی ئازادكردنی عێراق لە ساڵی 2003، چۆن لە ساڵی 2003 پەرلەمان و حكومەت و تەواوی دامەزراوەكان و یاساكانی كوردستان بەفەرمی لەلایەن دەستووری عێراقەوە ئیعترافی پێكراو كوردستان نەبووە بەشێك لە پرۆسەی بونیادنانەوەی دەوڵەتی رووخاوی عێراق، ئەوا ئەمجارەش كوردستان بە ئەمری واقیعی 17ی ئۆكتۆبەری 2016 لەگەڵ عێراق دەكەوێتە گفتوگۆ و هەموو ئەو دەسەڵاتانەی تا ئێستا لە چوارچێوەی سەروەریی هێز و سیاسەتی ئابووری و حوكمڕانی پیادەی كردووە، هەر هەمووی دەبێت دانی پێدابنرێت و ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن.
ئەم ئەمری واقیعە كە ئێستا بۆتە دیكۆمێنت و حكومەتی عێراق پێوەی پابەندە و بەشیی زۆری هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە پێی رازین و ئامادەن لەگەڵ كوردستان لەسەر ئەو ئەمری واقیعە كۆبوونەوە و وتووێژ بكەن، ئەوا ئەمە زۆر بە راشكاوی مانای ئەوەیە ئەم رێككەوتنە وەك رێككەوتنی نێوان دوو دەوڵەت وایە و پەرلەمانی عێراق ناتوانێت رای خۆی لەسەر بەشەكەی كوردستان بدات، هەروەك چۆن پەرلەمانی كورستانیش ناتوانێت رای خۆی لەسەر بەشی عێراقی عەرەبی بڵێت.
لەسەرینی ئەم راستییانەوە كە بوونە دیكۆمێنتی فەرمی و پڕۆتۆكۆلی، ئایا ئامانجی مالیكی لە قسەی ناماقووڵ و لێدوانی هەڕەشەئامێز بۆ كوردستان چییە؟ دیارە وەڵامی ئەم پرسیارە لە ناو ژینگەی سیاسی شەقامی شیعەو شۆڤێنیزمی عەرەبی شیعەو سوننە پێكەوە وەردەگیرێتەوە و دەیەوێت سوود لەو ژینگەیە وەربگرێت بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و پێگەی خۆی پێ بەهێز بكات، بەڵام مالیكی خۆی پێش هەموو لایەك دەزانیت كە ئەو رێككەوتنەی لەنێوان عێراق و كوردستان ئیمزا كراوە، لەتوانای حكومەتی عێراقدا نییە كە هەڵیبوەشێنێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی هەتا ئەگەر حكومەتی عێراقیش لێی پاشگەز ببێتەوە، ئەمری واقیعی كوردستان هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نایەت، هێندە نەبێت بەپێی ئەم رێككەوتنە میكانیزمی پرۆسەی سەربەخۆیی بە رێككەوتن و لێكتێگەیشتنی نێوان كوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت، ئەگەر عێراق پاشەگەز ببێتەوە، ئەوا ئەو كۆبوونەوانە كۆتاییان دێت و رێگەی سەربەخۆیی نزیكتر دەبێتەوەو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمریكا كە خۆی شاهیدی رێككەوتنەكەی نێوان عێراق و كوردستانە، رێز لە ئیرادەی كوردستان دەگرێت و شەرعییەتی سەربەخۆیی كوردستان قبووڵ دەكات و دانی پێدادەنێت.