لە دروستكردن و وەرگرتنی بڕیاری قورس و بوێرانەدا، دەبێت ئیرادەی سیاسی بەرگەی نەیارانی بگرێت
February 4, 2017
راپۆرتەکان
ئەوانەی دیراسەت و توێژینەوەیان لەسەر سیستمی سیاسیی ئەمریكا كردووە، ئاماژە بەوە دەكەن بە درێژای ساڵانی سەدەی بیستەم هەتا رووخانی دیواری بەرلین، هۆكاری سەقامگیری لە سیستمی سیاسیی ئەمریكا دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی كە هەردوو حزبی كۆماری و دیموكراتی لەگەڵ ئەوەی دووحزبی جیاواز بوون، كۆمەڵێك خاڵی هاوبەش پێكەوە كۆی دەكردنەوە كە راگرتنی هاوسەنگی و سەقامگیری سیستمی سیاسیی ئەمریكا بووە، ئەوكات ئەمریكا كە سەركردایەتی جیهانی رۆژئاوای بەتەنیا دەكرد، توانی بەبێ شەڕ یەكێتی سۆڤیەتی پێشان بڕووخێنێت، بەڵام لەدوای رووخانی دیواری بەرلین و لاوازبوونی ئەو خاڵە هاوبەشانە لەنێوان هەردوو حزبی دیموكراتی و كۆماری، لەگەڵ ئەوەی ئەمریكا بووە سۆپەرپاوەری جیهان و بانگەشەی بۆ سەركردایەتی جیهان دەكرد، ئەوا نەك هەر نەیتوانی سەركردایەتیی جیهان بكات، بەڵكو كۆمەڵێك شەڕی لۆكاڵ (نەك جیهانی) دۆڕاند كە دیارترینیان شەڕی عێراق و ئەفغانستان بوو.
ئەم نموونە زیندووەی ئەمریكا پێمان دەڵێت، كاتێك حزبە سیاسییەكان نەیانتوانی وەك پێویست لە سیستمە سیاسییەكە سیاسەت بكەن و ئاراستەی سیاسەتكردنیان گۆڕی بۆ شێوازێك لە جەمسەرگیری حزبی، ئەوا ئەو وڵاتە با ئەمریكاش بێت، بەڵام ناتوانێت كێشەكانی خۆی چارەسەر بكات. هەر بۆیە دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمریكا بۆ بنبڕكردنی ئەم نەخۆشییە بە جۆرێك بڕیار دەدات كە ئیرادەی سیاسی لە ئاستێكدایە دەتوانێت بەرگەی نەیارانی بگرێت. بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ئایا دۆناڵد ترەمپ لەسەر چ بنەمایەك بڕیاری بوێرانەو قورس دەدات بۆ راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی لە ئەمریكا؟ بێگومان وەك لە گوتاری دەستبەكاربوونی راشكاوانە ئاماژەی پێكرد بە (گواستنەوەی دەسەڵات، نەك لە نێوان پارتی كۆماری و پارتی دیموكراتی، بەڵكو بە گواستنەوەی دەسەڵات لە واشنتۆنەوە بۆ گەلی ئەمریكا)، ئەمەش مانای ئەوەیە هەنگاوی یەكەمی ترەمپ ئەوەیە كە پرۆسەی سیاسیی ئەمریكا لەو ململانێ سیاسییە بێتامەی نێوان كۆماری و دیموكراتییەكان رزگار دەكات و بەرژەوەندیی حزبی دەگۆڕێت بۆ بەرژەوەندیی گشتی، لەمەش زیاتر لەبەر ئەوەی ئێستا زۆرینەی هەردوو ئەنجومەنی كۆنگرێس و سەنات لەدەستی كۆمارییەكاندایە، ئەوا ئەمەش ژینگەیەكی ئەوتۆی دروستكردووە كە پرۆسەی دروستكردنی بڕیاری سیاسی نەكەوێتە ناو كێشمەكێشی جەمسەرگیریی نێوان دیموكرات و كۆمارییەكان. ئەم ئاراستە تازەیەی ترەمپ بۆ راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسیی ئەمریكا، هەموو جیهانی دووچاری هێدمە كردووە و چاوەڕوانی ئەوە دەكەن، ئایا سبەی دۆناڵد ترەمپ چ بڕیارێك دەدات، بەڵام ئەوەی لەهەموو شتێكی دیكە جێگەی سەرنج و بایەخە ئەوەیە كە لەگەڵ هەر بڕیارێكی بوێرانەی ترەمپ، ئاست و نرخی دراوی دۆلار زیاتر هەڵدەكشێت و زیاتر ئابووری ئەمریكا رووی لە بووژانەوەیە.
بۆ ئێمە لە كوردستان ئایا چ سوودێك لەم هەنگاوانەی ترەمپ وەردەگرین؟ بێگومان سوودەكەی ئەوەیە كاتێك بمانەوێت بڕیاری سیاسیی بوێرانە بدەین بۆ راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی، یان بۆ ئەكتیڤكردنەوەی سیستمە سیاسییەكە، ئەوا دەبێت پێش هەموو شتێك، پارتی و یەكێتی بگەنە هاوپەیمانییەك بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسیی كوردستان لەو جەمسەرگیریە حزبیەی بێتامە دەرباز بكەن، كە ئێستا كەس نازانێت ئامانجی پرۆسەی سیاسی چییە و دەیەوێت چی بكات.
بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ئایا مەبەست لە جەمسەرگیری حزبی لە كوردستاندا چییە؟ ئایا ئەم جەمسەرگیرییە حزبییە چ كارەساتێكی بۆ كوردستان دروستكردووە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەو ژینگە ناتەندروستەی ناوچەكانی سلێمانی دەیداتەوە كە بزووتنەوەی گۆڕان تیایدا باڵادەستە كە هەموو هەوڵی بۆ ئەوە بوو مانگرتنی مامۆستایان بگۆڕێت بۆ جیاكردنەوەی سلێمانی لەكوردستان و گێڕانەوەی بۆ سەر بەغدا، بزووتنەوەی گۆڕان نەك هەر حاشا لەم راستییانە ناكات، بەڵكو شانازیشی پێوە دەكات.
ئەگەر لەسەر ئەم شێوازی سیاسەتكردنەی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوەستەیەك بكەین و بپرسین: ئایا ئەدای بزووتنەوەی گۆڕان لە نوێنەرایەتیكردنی وەك حزبێكی سیاسی، نوێنەرایەتی بەرژەوەندی كوردستان دەكات، یان دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستانە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە خەڵكی كوردستان دەدەینەوە، ئایا خەڵكی كوردستان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی بە راستی دەیانەوێت بەشێك بن لە عێراق و بەشێك نەبن لە كوردستان؟ ئایا بەرپرسیاریەتی دیموكراتییانەی حزبێكی سیاسی وەك گۆڕان ئەوەندەیە كە كوردستان دابەش بكات، یان ئەوەیە دەبێت پارێزگاری لەسەروەری و یەكگرتوویی كوردستان بكات؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە لەناو گێژاوی ئەو ژینگە سیاسییە ئاڵۆزە ون بووە كە لە غیابی نەبوونی هاوپەیمانی، یان رێككەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی هاتۆتەئاراوە. بەڵام پرسیاری گرنگتر لێرەدا ئەوەیە: ئایا لێكتێگەیشتنی تازەی پارتی و یەكێتی بۆ هەنگاوهەڵگرتن بۆ رێككەوتنێكی تازە، یان هەمواركردنەوەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان كارێكی ئاسانەو هیچ ئاستەنگێكی بۆ دروست نابێت؟ بێگومان لەو كاتەوەی كە قسە لەسەر بایەخی رێككەوتنی پارتی و یەكێتی دەكرێت، دەنگە دژ و نەیارەكان بۆ گێڕانەوەی ناسەقامگیری گەیشتۆتە ئاستێك كە نەك هەر ناتوانن بە ئەقڵێكی سیاسییانە خوێندنەوە بۆ گرنگی و بایەخی ئەم هاوپەیمانییەی نێوان پارتی و یەكێتی بكەن، بەڵكو گەیشتوونەتە ئەو ئاستە كۆنتڕۆڵی خۆیان لەدەست داوە و لەبری ئەوەی دیالۆگی سیاسی بكەن، دەستیان كردۆتەوە بە شەڕەجنێو و سووكایەتی بەم و بەو.
پرسیاری دیكە لێرەدا ئەوەیە: ئایا بۆچی بزووتنەوەی گۆڕان، یان ئەو حزبانەی دەیانەوێت لاسایی گۆڕان بكەنەوە، بە هاوپەیمانیی پارتی و یەكێتی قەڵس دەبن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئاكامەكانی رێككەوتنی ستراتیژی پێشووی پارتی و یەكێتی دەیداتەوە، بەوەی هەم سەقامگیری بۆ پرۆسەی سیاسی دەگەڕێتەوە و هەمیش ئەو ژینگە سیاسییە دروست دەبێتەوە كە بتوانرێت كێشە سیاسییەكان و قەیرانە ئابووری و داراییەكان چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، ئەمەش نەك هەر لە بەرژەوەندی گۆڕان و حزبەكانی هاوشێوەی گۆڕان نییە، بەڵكو ئەگەر پارتی و یەكێتی دووبارە رێكبكەون و هاوپەیمانیی تازە گرێبدەن، ئەوا ئەو حزبانەی كارو كاسبییان لەسەر ئاژاوەو ناسەقامگیریی پرۆسەی سیاسیی كوردستان بووە، ئەوا دەبێت بە خۆیاندا بچنەوە، یان لەناو ژینگەی سەقامگیریی پرۆسەی سیاسی كوردستاندا دەپووكێنەوە.
لایەنیكی دیكەی گرنگ كە دەبێتە بەرهەمێكی دیكەی رێككەوتنی پارتی و یەكێتی، ئەوەیە كاراكتەرەكانی ناو پرۆسەی بڕیاردروستكردن ناسنامەیان ئاشكرا دەبێت، كۆمەڵێك خاڵی هاوبەش كاراكتەرە سیاسییەكان پێكەوە كۆدەكاتەوە، ئەوكات ئەوانەی دەكەونە دەرەوەی دروستكردنی پرۆسەی سیاسیش ناسنامەیان بە تەواوەتی ئاشكرا دەبێت و كاتێك بیانەوێت ژینگەی سەقامگیر و هاوسەنگی پرۆسەكە بۆ مەبەستی حزبییانەی خۆیان بۆ ئاژاوەگێری و ناسەقامگیری بگۆڕن، خەڵكی كوردستان بەرچاوی روون دەبێتەوە، ئەو حزبانە بۆ چ مەبەستێك ئەو كارانە دەكەن و لە ئاستیدا بێدەنگ نابن.