بۆچی راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی پێویستی بە هاوپەیمانی پارتی و یەكێتی هەیە؟
January 31, 2017
راپۆرتەکان
كەواتە گێڕانەوەی هاوسەنگی بۆ ناو پرۆسە سیاسییەكە، بەو مانایەیە كە لەناو پرۆسە سیاسییەكەدا هەردوو بەرەی حوكمڕان و ئۆپۆزسیۆن ئاشكرابن، بەدیوێكی دیكە مانای ئەوەیە كە حزبە سیاسییەكانی كوردستان لەمانای نوێنەرایەتیكردنی حزبی سیاسی لەناو پرۆسەی سیاسی تێبگەن، بزانن ئایا نوێنەرایەتی ئۆپۆزسیۆن دەكەن، یان نوێنەرایەتی حوكمڕانی، ئەگەر نوینەرایەتیی حوكمڕانی دەكەن و دەیانەوێت لەچوارچێوەی حكومەتێكی هاوپەیمانیدا هاوبەش بن، ئەوە دەبێت ئەوە نەشارنەوە و پێیان شەرم نەبێت خۆیان وەك حزبی حوكمڕان لەبەردەم جەماوەر وێنا بكەن و دەبێت شان بدەنە بەر بەرپرسیاریەتیی حوكمڕانی و تەواوی سەركەوتنەكانی بەرنامەی حكومەت بەسەركەوتنی خۆیان بزانن و تەواوی شكست، یان كەموكورتییەكانی بەرنامەی حكومەتیش بە شكست، یان كەموكورتی خۆیان بزانن، بۆیە مانادانەوە بە چەمكی نوێنەرایەتیكردنی حزبی سیاسی لە پرۆسەی سیاسیی سیستمی دیموكراتیدا دەبێتە هۆكاری ئەوەی حزبە سیاسییەكان هەست بە بەرپرسیاریەتی دیموكراتی بكەن، بەرپرسیاریەتی دیموكراتیش مانای ئەوەیە حزبی سیاسی لەبەرەی هاوپەیمانی حوكمڕاندا بێت، یان لەبەرەی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆندا بێت، دەبێت هەستكردنی بە بەرپرسیاریەتی دیموكراتی لەو ئاستەدا بێت كە ئامانجی دروستكردنی هاوسەنگی و پاراستنی سەقامگیری پرۆسە سیاسییەكە بێت.
لەم بازنەیەدا كاتێك راشكاوانە سەیری شلۆقیی پرۆسەی سیاسی، یان لاوازیی دامەزراوەكانی دەوڵەت لە پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا دەكەین، ئەگەر بەوردی لێی وردببینەوە و دەست بخەینە سەر كرۆكیی كێشەكان و بەدوای خودی ئەو نەخۆشییەدا بگەڕێین كە شلۆقی و لاوازی لە پرۆسەی سیاسی و دامەزراوەكاندا دروست كردووە، دەبینین سەرچاوەی ئەو نەخۆشییە ئەدای حزبە سیاسییەكانەو حزبە سیاسییەكان خۆیان ساخنەكردۆتەوە ئایا كاتێك پێناسەی نوێنەرایەتیكردنی خۆیان دەكەن و دەیانەوێت هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی دیموكراتی پیشانی خەڵكی بدەن، لەناو ژینگەی تەمومژاوی و تێكەڵی نێوان حوكمڕان و ئۆپۆزسیۆن بووندا هەم سەریان لە خۆیان و هەم سەریشیان لەخەڵكی شێواندووە.
لەلایەكی دیكەوە حزبە سیاسییەكانی كوردستان كاتێك باسی دەسەڵات و حزبی حوكمڕان دەكەن، هەموویان بێ جیاوازی پێناسەیەكی زۆر ناشیرینی دەسەڵات دەكەن و تەواو تەواو بەمانای (السلطة) لەزمانی عەرەبی بەكاری دەهێنن، نەك دابەشكردنی دەسەڵات (power shearing) وەك لەسیستمی دیموكراتی ئاماژەی پێكراوە، بەڵكو بەكارهێنانی دەسەڵات و حزبی دەسەڵات بۆ سیستمی دیموكراتی كوردستان بەو مانا عەرەبییەیە كە لە كوردستاندا یەك دەسەڵات هەیەو دوو حزب هەن كە دەسەڵاتیان قۆرخكردووە، ئەمە لەكاتێكدا كاتێك دەسەڵات لە سیستمی دیموكراتی دابەش دەكرێت بۆ (دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان و دادوەری) ئەوا هەر لایەك لەم سێ دەسەڵاتە بەشداری بكات، بیەوێت، یان نەیەوێت دەبێت خۆی بە بەشێك لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بزانێت و بەرپرسیار بێت بەرامبەری، بەڵام بەكارهێنانی دەسەڵات بەمانای (السلطة)ی عەرەبی لەلایەن حزبە سیاسییەكانی كوردستان جۆرێكە لەچەواشەكردنی سیستمی سیاسیی دیموكراتی و گۆڕینی سەقامگیریی سیاسییە بۆ گەڕەلاوژەو ئاژاوەی سیاسی، ئەمەش لەبەر ئەوەیە تەنیا شوێنێك لەم جیهانەدا نامۆ بێت بە سیستمی دیموكراتی و پرۆسەی دابەشكردنی دەسەڵاتی وڵاتانی عەرەبییە، لەناو وڵاتانی عەرەبی ئەسڵەن حزبی سیاسیی دیموكراتی بەهێز بوونی نییە هەتا بتوانێت جۆرێك لە رۆشنبیری دیموكراتییانە بڵاوبكاتەوەو خەڵكەكەی بە چەمكەكانی دیموكراتی ئاشنا بكات.
ئەگەر ئەمە واقیع و شێوازی كاركردنی حزبە سیاسییەكانی كوردستان بێت كە بیانەوێت دابەشكردنی دەسەڵات وەك دەسەڵات (السلطة)ی عەرەبی و حزبی حوكمڕان وەك حزبی سوڵتە لەناو رای گشتی كوردستاندا پێناسە بكەن، ئەوا نە مانای نوێنەرایەتیكردنی حزبی سیاسی لە پرۆسەی بوونی دەبێت و نە هەستكردن بە بەرپرسیاریەتیی دیموكراتی بوونی دەبێت، بۆیە ئەگەر هەوڵنەدرێت چەمكی نوێنەرایەتیكردن و هەستكردن بە بەرپرسیاریەتیی دیموكراتی بگەڕێتەوە ناو پرۆسەی سیاسیی كوردستان، كە ئەم كارە تەنیا بەپارتی و یەكێتی دەكرێت، ئەوا چەند هەوڵبدرێت بۆ ئەوەی لەمیانەی كۆبوونەوەی حزبە سیاسییەكانەوە چارەسەرێك بۆ كێشەو قەیرانەكان بدۆزرێتەوە، ئەوا هەر ئەو كۆبوونەوەی حزبانە خۆی دەبێتە سەرچاوە بۆ كێشەو قەیرانی تازە لە كۆمەڵگەدا.