ئیدریس بارزانی ئیرادەی رۆژە سەختەكان بۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد

ئیدریس بارزانی ئیرادەی رۆژە سەختەكان  بۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد
30 ساڵ پێش ئێستا و پێش ئەوەی بۆ دواجار ماڵئاوایيمان لێ بكات، دیاريی ئیدریس بارزانی بۆ شۆڕش و تەواوی خەڵكی كوردستان سەرخستنی پرۆسەی ئاشتەوایی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو، كە هەر ئەم ئاشتەوایيەی نێوان پارتی و یەكێتی بووە بەردی بناخەی بەرەی كوردستانی، ئەو بەرەی كوردستانيیەی كە رابەرایەتی راپەرینی كرد و یاسای ژمارە یەك و دووی دەركرد بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و پاشانیش لە ئاكامی ئەو هەڵبژاردنە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرا و بووە چوارچێوەیەك بۆ ئەو كیانە سیاسيیەی ئەمرۆ لەژێر رابەرایەتی سەرۆك مسعود بارزانیدا هەنگاو بۆ سەربەخۆیی و سەرفرازیی یەكجارەكی هەڵدەگرێت.
ئەوانەی لەو رۆژانەدا لە ریزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون، باش دەزانن كۆتاییەكانی ساڵی 1986 و سەرەتای ساڵی 1987 ، باشووری كوردستان بەرەو چ چارەنووسێكی نادیار هەنگاوی هەڵدەگرت، حكومەتی بەعس و سەدام بەهۆی باڵادەستبوونی تەواوی لە شەڕی دژی ئێراندا بەتەواوی غرور بووبوون و پلانی ئەوەیان دادەنا كە نەك شۆڕشی كوردستان دابمركێننەوە و خامۆشی بكەنەوە، بەڵكو وەك بەڵگەكانی دوای رووخانی رژێمی بەعس و سەدام دەیخەنە روو، بەعس و سەدام بە نیازبوون كە گەلی كوردستان هەر هەمووی رابگوێزن و بەسەر وڵاتانی دیكەی عەرەبی و ئیسلامیدا دابەشی بكەن، ئا لەو ساتەوەختە مێژووییە هەستیارو چارەنووسسازەدا تێگەیشتن و بڕوابوونی ئیدریس بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان لەو ئاستەدا بوو، ئەگەر یەكگرتوو و تەبا بین هیچ هێزێك ناتوانیت بەرامبەر ئیرادەی خۆڕاگریی گەلی كوردستان رابوەستێت.

دوای كۆچی ئیدریسی هەمیشە لە یاد بەعس و سەدام ئەوەی پێشبینی دەكرا نەك هەر بە زیادیشەوە كردی بەڵكو هاوكات دەستی بە پرۆسەی بەدناوی ئەنفال كرد و هاوكاتیش بە چەكی كیمياوی كەوتە قەڵاچۆكردنی پێشمەرگە و ئەو خەڵكانەی لەوناوچانە هاوچارەنووسی پێشمەرگە بوون، تا كار گەیشتە ئەوەی شارێكی گەورەی وەك هەڵەبجەی بە چەكی كیمياوی بۆردومانكردو جیا لەوەی هەر دەستبەجێ زیاتر لە 5000 هاووڵاتی ئەو شارەی شەهید كرد، بە هەزاران كەسیش بریندار بوو و تەواوی خەڵكی هەڵەبجەش ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوون، بەڵام لەبەرئەوەی ناوماڵی كوردستان و نێوانی هێزە سیاسیيەكانی كوردستان یەكریز و یەكگرتوو و تەبا بوون، ئەوا ئەو نەخشە رێیەی ئیدریسی هەمیشە لە یاد بۆ ئاشتەوایی نێوان لایەنە سیاسيیەكان دایڕشتبوو بووە هۆكاری ئەوەی ئیرادەیەكی ئەوتۆ دروست بێتەوە كە یەكپارچە كورد بكاتەوە بەیەك بەو چەكدارانەشی كە لەبەر هەر هۆیەك بێت لەو كاتە چەكیان بۆ رژێمی بەعس هەڵگرتبوو.
ئەمڕۆ دوای 30 ساڵ كە یادی پیاوێكی گەورەی ناو بزاڤی رزگاریخوازی كوردستانی وەك ئیدریس بارزانی دەكەینەوە، گرنگە ئیرادە و خوێندنەوەی ئەو پیاوە گەورەیە بۆ پێشهات و بەرەنگاربوونەوەی رۆژە سەختەكان، رێگە پیشاندەری ئێستامان بێت و بەهەمان ئیرادە و گیانی كوردایەتی ئیدریس بارزانی لە بایەخ و گرنگی ئاشتەوایی و یەكڕیزی نێوان تەواوی لایەنە سیاسيیەكان بەگشتی و پارتی و یەكێتی بەتایبەتی بۆ ئەم قۆناخە تێبگەین و لەسەر بنەمای دەبێت كورد ئەمجارەش گرەوی ئەم قۆناخە بەرێتەوە، تەبایی و یەكڕیزی بونیاد بنێينەوە، نەك لەسەر روانگەی بەرژەوەندی حزبیانە بەوەی ئایا ئەمە لە بەرژەوەندی كام حزبە و كام حزب نیيە.

لە ئێستادا كە بەرەو قۆناخی كۆتایی دەوڵەتێكی تیرۆریستی دڕندەی وەك داعش هەنگاو هەڵدەگرین، دەبێت ئەوەمان لەبەر چاو بێت، ئەگەر جیهان تەنیا یەك دوژمنی هەبێت ناوی داعش بێت، ئەوا كوردستان چەندین دوژمنی هاوشێوەی داعشی هەیە لەژێر ناو دروشمی جیاوازدا، هەر یەكێكیش لەو دوژمنانە بە چاوی داعش سەیری كورد و دەوڵەتی كوردستان دەكات و ئامادەن هاوپەیمانی لەگەڵ شەیتان بكەن بۆ ئەوەی كورد بە ئامانجەكانی خۆی نەگات و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دروست نەبێت.

گرنگە بزانین كورد سەر بەهەر حزبێكی سیاسی بێت، چەپ بێت یان عەلمانی یان ئیسلامی، كوردستانیيەكان كورد بن یان توركمان یان كلدو ئاشور و سریان، لە چاوی دوژمنانی كوردستاندا، هەموویان كورد و كوردستانین، چۆن رژێمی سەدام حوسێن بەبێ جیاوازی نەتەوە و ئایینەكان لە یەك كاتدا مزگەوت و كەنیسە و دێری پێكەوە خاپوردەكرد، چۆن كورد و توركمان و كلدو ئاشوریی پێكەوە كۆمەڵكوژ دەكرد، دوژمنانی ئێستای كوردستانیش هەر هەموویان وەك داعش بەیەك چاو سەیری كورد و كوردستانیيەكان دەكەن و ئەوەی لەسەر ئەم خاكە بژی و بڕوای بە پێكەوەژیان و لێبووردەیی هەبێت، لای دوژمنانی كوردستان، دوژمنە و دەبێت لەناو بچێت.
ئەم قۆناخە وا دەخوازێت ئێمەش بە هەموو حزب و لایەنە سیاسیەكان و تەواوی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستانەوە هەموومان یەكڕیز و تەبا و یەكگرتوو بین بۆ ئەوەی بەیەك دەست بەیەك ئیرادە رووبەڕووی ئەو دوژمنانە ببێنەوە كە چاویان بە سەركەوتن و سەربەخۆیی كوردستان هەڵنایەت.
ئەو كاتەی ئیدریس بارزانی بووە فاكتەری سەرەكی پرۆسەی ئاشتەوایی و رێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد، هەموو ئەگەرێكی خراپ و كارەساتێكی جەرگبڕ دەرگای واڵا بوو رووبەڕووی شۆڕش و كوردستان بێتەوە، بەڵام ئێستا لەگەڵ ئەوەی پێشبینی هەڕەشە و تەحەدی دەكرێت بۆ سەر كوردستان، بەڵام ئاسۆیەكی گەشیش چاوەڕێی كوردستان دەكات و سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەڵگری ئەو مەشخەڵی ئومێدەن كە رێگای ئایندەی هەموو كورد و كوردستانيیەك روون دەكاتەوە، بەڵام بە بیركردنەوەی هاوشێوەی ئیدریسی هەمیشە لەیاد كە بەردی بناخەی هەموو سەركەوتنێك گرێدەداتەوە بەیەكریزی و تەبایی گەلی كوردستانەوە، ئەوا دەتوانین بەرپەرچی هەڕەشە و تەحدییەكان وەك پێویست بدەینەوە و دەشتوانین ئەو ئایندە گەشەی ئیرادە و قوربانیدانی پێشمەرگە درووستی كردووە وەك خۆی لە ئامێزی بگرین.
Top