ڕامان و قووڵبوونەوە لە فیكری ئیدریسی هەمیشە لەیاد ... خوێندنەوەیەكی تازەیە بۆ ڕێبازی بارزانی

ڕامان و قووڵبوونەوە لە فیكری ئیدریسی هەمیشە لەیاد ... خوێندنەوەیەكی تازەیە  بۆ ڕێبازی بارزانی
یادكردنەوەی پیاوە گەورەكانی قۆناخی ڕزگاریی نیشتمانی، بۆنەیەكە بۆ هێنانەوە گۆی ئەو فیكر و هەڵوێست و پەیڤە شۆڕشگێڕ و گرنگانە كە ئازادیی نەتەوەیان لەسەر بونیادنراوە، یان نەخشەی ڕێگەن بۆ گەیشتن بەئازادی، هەربۆیە یادكردنەوەی گەورە پیاوانی نەتەوە، هێندەی گەڕانەوەیە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە فیكر و ڕەفتاری ئەوان بۆ ئێستا بخوێنینەوە، هێندە گێڕانەوەی مێژووی ژیانیان نییە، بەڵكو یادكرنەوەیان بۆ ئەوەیە لەكاتی بیركردنەوەو هەنگاوهەڵگرتنمان بۆ ئایندە بەزیندوویی بمێننەوە، بەزیندوویی هێشتنەوە بەمانای دووبارە پیادەكردنەوەی پەیڤ و فیكری ئەوان نییە، بەڵكو بەمانای دووبارە خوێندنەوەیەكی دیكەیە بۆ ئێستایەك نەك لە ڕابردوودا چی وتووە، ڕاشكاوانەتر یادكردنەوەی گەورە پیاوان بۆ ئەوەیە پرسیار لەخۆمان بكەین، ئەوان پێشتر بەمجۆرە بیریان كردۆتەوەو بەمجۆرە ڕەفتاریان كردووە، ئایا ئەگەر ئێستا لەگەڵمان بوونایە بۆ ئێستا چیان دەگوت و چۆن بیریان لەداهاتوو دەكردەوە؟ كەواتە ئەم میتۆدە باس لەوە ناكات ئەم پیاوە گەورەیە، لەساڵی ئەوەندە لەدایك بووەو لەوەندە كۆچی دوایی كردووە، بەڵكو بۆ درێژەپێدانی ئەو مێژووەیە، بۆ نوێكردنەوەی ئەو فیكرو پەیڤ و ڕەفتارانەیە كە دەبنە چوارچێوەیەكی ئەخلاقی و ڕەفتاری ئێستامانی پێ ڕاست دەكەینەوە.

ئەم نووسینە بەو ئاڕاستەیە خۆی دەخاتە نێو یادكردنەوەی ئیدریس بارزانی بەوەی جارێكی دیكە موناقەشە لەگەڵ گیانی ئەم پیاوە گەورەیە بكات و هەوڵبدات سەرلەنوێ فیكر و پەیڤەكانی دووبارە بەدیدێكی هاوچەرخانە بخوێنێتەوە، بۆیە كاتێك یادی دەكەینەوە، لە هاوسەنگەرانی ناپرسین ئیدریس چۆن بووەو چی كردووە؟ بەڵكو پەیڤەكانی بیركردنەوەی دەخەینە بەردەمی نەوەی نوێ، بۆ ئەوەی ئەوان ئێستا جارێكی دیكە لەسەری ڕابمێنن و مانای تازەی بۆ ئێستا لێ هەڵهێنجێنن. مەبەستمان ئەوەیە ئەو خەونە قووڵەی ئیدریس بۆ نەوەی داهاتوو لەكۆڵی نابوو، ئێستا ئەو نەوەیە پێگەیشتووە، ئایا تاچەند ئەم نەوەیە خۆی لەنێو ئەو فیكرە دەدۆزێتەوەو تاچەند دەتوانێت ئەو فیكرەی ئیرادەی خەباتی شۆڕشگێڕانەی بۆ بەگژداچوونەوەی هەموو داگیركاراندا بونیاد نا، ئێستا چۆن دەتوانین بەو فیكرە ئیرادەی بونیادنان و داهێنان و بڕینی ڕێگەی بەرەو سەرفرازی درێژە پێبدەین؟ بۆیە لەم چوارچێوەیەدا كاتێك یادی ئیدریس بارزانی دەكەینەوە، دەگەڕێینەوە بۆ ئەم پیاوە گەورەیە كە چۆن لەبەردەستی بازرانیی نەمر بووە خزمەتكاری خەڵك و لەپێناوی ئازادیی كورد و كوردستاندا چۆن خەباتی كردووەو لەقوربانیدان بێ منەت بووە، بێ منەتیی بەو مانایەی ئەو بۆ ئەوە قوربانی نەداوە تا ئێستا ئێمە بێین پاداشتی بدەینەوە، یان سوپاسی بكەین، ئەو خۆی كردبووە بەردەباز بۆئەوەی هاووڵاتیانی كوردستان لەبڕیاری سەپاوی داگیركارانەوە كە پێیان دەوتین ملكەچیی ئەركی سەرشانتانە، بپەڕنەوە بۆئەوەی بەسەربەرزی بڵێن ئەمە (داواكاریمانە)، ئەم وەرچەرخانەی كە ئیدریس بارزانی ڕۆڵی كاریگەر و گرنگی تێدا گێڕاوە، گۆڕینی (بەڵێ)ی گەلێكی زۆرلێكراوە، بە (نەخێر) بۆ زۆرداری و چەوسانەوەی گەلێكی ئازادیخواز.

تێگەیشتن و ڕامان و قووڵبوونەوە لەفیكری ئیدریس بارزانی خوێندنەوەیەكی تازەیە بۆ ڕێبازی بارزانی و پێویستە ئەم تێگەیشتنە خەسڵەت و ڕەفتارمان نەك هەر لەناو كۆمەڵگە، بەڵكو لەناو خێزانەكانیشماندا بگۆڕێت و ڕێز لەبەرامبەر بگرین، كەواتە كاتێك یادی ئیدریس بارزانی دەكەینەوە، یادی ئەوە ناكەینەوە ئەو چی پێگوتین، بەڵكو یادی ئەوە دەكەینەوە گەل چی بەو گوتووە، چۆن ئەوەی گەل پێی گوتووە بۆتە بەرنامەی ئەو لەكاتی جێبەجێكردندا، (لەبەر ئەوەی ئیدریس سەربازێكی جێبەجێكار بووە) ئێستا وەك گوتەو ڕەفتارو فیكری ئەو دەیخوێنینەوە، ئەوەی بەرەو لایەنێكی دیكەی ژیانی ئیدریس بارزانی-مان دەبات، ئەوەیە كاتێك لاپەڕەكانی مێژووی ئەم پیاوە گەورەیە هەڵدەدەینەوە، هەست ناكەین مێژوو، یان ڕابردوو دەخوێنینەوە، بەڵكو هەست دەكەین لەئێستاداین و هەنگاو بۆ ئایندە هەڵدەگرین، نهێنیی ئەم تێكەڵبوونەوەی ڕابردوو و ئێستا لەناو گیانی ئیدریس بارزانی-دا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئیدریس فێری كردووین گوێمان لێبگرێت چیمان دەوێت، نەك گوێی لێبگرین ئەركی سەرشانمان بۆ دیاری بكات، بۆیە كاتێك دەگەڕێینەوە بۆ جیهانی ئیدریس بارزانی لەناخەوە دەنگێك دەبیستین پێمان دەڵێت (چیتان دەوێ و چی بكەین باشە؟) ئەو لە ئاڕاستەكردنی ئەم پرسیارەدا دەزانێت ئەو پرسیارە ئاڕاستەی نەوەیەك لە زەمەنێكی دیكەدا دەكات، ئەو چاوەڕێی وەڵامی ئێستایە، بۆیە ئێمەش كاتێك لەوپەڕی ڕامان و بیركردنەوەدا دێینە گۆ و بەدەنگی بەرز داواكارییەكانمان دەڵێین، ڕادەچەڵەكێین، ئەم ڕاچڵەكاندنە داوای ئیدریسێكی دیكە دەكات، گوێمان لێبگرێت و فەرمانەكانمان جێبەجێ بكات، چاوەڕێ دەكەین ئیدریس بەپێوە ڕاوەستابێت و پێمان بڵێت ئەمر دەكەن، بەسەرچاو، ئەم ڕۆحەی ئیدریس كە لەناخی هەریەك لەوانەی بەدیداری ئیدریس شادنەبووبن، لەناخماندا ئیدریس دەبێتە ئەو مرۆڤە باڵایەی كە هەر یەكەمان بەجۆرێك وێنای دەكەین و بەڕەفتارەكانی دەیناسینەوە، كە دەچینە بەردەم سندوقی دەنگدان تەنیا ئەو وێنایە دەبینین كە ڕەفتاری ئێستای بەرپرسان كەم تا زۆر، هاوتای وێنای ئیدریسی ناخمان دەبن، بۆیە لەو كاتە دەنگ بەئیدریس دەدەین و دەنگ بەوانە دەدەین كە لەئیدریس دەچن.
ئەم دێڕانە پێدا هەڵدان نییە بۆ مرۆڤێك كە ناوی ئیدریس بارزانییە، لەبەر ئەوەی ئیدریس خۆی فێری كردووین، مرۆڤی باڵا پێویستی بە ستایش و سوپاس نییە، بەڵكو ئەگەر ئاستی بیستنی گوێیەكانمان لەو ئاستە بێت ئەو دەنگە ببیستێت و لێی تێبگات، ئەمە هەوڵێكە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە سوود لە لۆژیك و شێوازی خەبات و قوربانیدانی ئەم مرۆڤە باڵایە وەربگرینەوە، ئەمەش واتە دووبارە بەدەنگ هێنانەوەی پەیڤەكانی ئیدریس بازرانی كە بۆ ئێستا لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستمانە.

ئەم قۆناخەی ئێستامان پێویستی بەبڕیاری بوێرانە بەئاستی ئیرادەی ئیدریس هەیە، دەبێت بزانین قوربانیدان بۆ یەكڕیزی و كۆكردنەوەی تواناكان و جۆشدانیان بۆ ئێستا لۆژیكی بەئاستی لۆژیكی ئیدریس دەوێت، دەبێت بزانین بوون بەخزمەتكاری میللەت و گوێگرتنمان لەداواكانی خەڵك و هەوڵدان بۆ داهێنان لەچۆنیەتی جێبەجێكردنی داواكانی خەڵك، ئەوە بەئاستی ئیدریس سادەیی و كەسێتی جیاوازی دەوێت، لێرەوە ئەگەر لەگەڵ زەردەشت لەخۆمان بپرسین چ لەو كارە مەزنترە بتوانین دەستبەرداری غروور و فیزی خۆمان بین، بۆ ڕۆحی شادی ئیدریس هەموو ئەم هەنگاوە هەڵگرین.
Top