گرنگیی دیدارەكانی بارزانی لەپەراوێزی كۆڕبەندی داڤۆسدا

گرنگیی دیدارەكانی بارزانی لەپەراوێزی كۆڕبەندی داڤۆسدا
كوردستان هەتا ئەگەر ببێتە دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی و ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكانیش، چەند پێویستی بە سەردان و پێوەندیی فەرمی لەگەڵ دەوڵەتان و نەتەوەكانی جیهان هەیە، هێندەش پێویستی بە پێوەندی و لێكتێگەیشتن لە میانەی كۆڕو كۆڕبەندە نێودەوڵەتییەكان لەگەڵ سەركردەكانی جیهان و كۆمپانیاكان و دۆزینەوەی بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ تەواوی دەوڵەتانی جیهان هەیە.
لەجیهانی ئەمڕۆدا كە كۆمپانیا گەورەكان و كۆمپانیا فرەڕەگەز و رێكخراوە ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكان تا رادەیەكی زۆر ئاراستەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی جیهانی دەكەن، گرنگە كیانێكی وەك هەرێمی كوردستان بتوانێت خۆی لەناو كاریگەری هاوكێشە تازەكانی جیهاندا بدۆزێتەوە و لەگەڵ ئەم بارودۆخە تازەیەی سیاسەتی جیهانی كارلێك بكات و بوونی خۆی بسەلمێنێت. بێگومان شتێكی شاراوە ناڵێین، ئەگەر ئاماژە بەوە بكەین، زۆر دەوڵەت هەیە چەندین ساڵە ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكانە، بەڵام بە ئاستی ئەم چەند ساڵەی دوایی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە لەناو ئەم ستەیجە تازەی سیاسەتی جیهانیدا پێگەیەك بۆ خۆی دیاری بكات.
بۆیە لە جیهانێكدا كە هەنگاو بەرەو گۆلۆبالیزەیشن و دیجیتالیزەیشنی شۆڕشی تەكنەلۆژیا هەڵدەگرێت، دەبێت لەوە ئاشنا بین زۆر جاران بازنەی دروستكردنی بڕیار، یان دۆزینەوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان، دەكەوێتە دەرەوەی كۆبوونەوە فەرمییە نێودەوڵەتییەكان و زیاتر لەو كۆڕو كۆڕبەندە نێودەوڵەتییانە خۆی بەرجەستە دەكاتەوە كە هەموو كارەكتەرە تازەكانی ناو هاوكێشەی سیاسەتی جیهانی لە شوێنێكدا پێكەوە كۆدەكاتەوە.
بۆیە كاتێك كیانێكی سیاسی وەك هەرێمی كوردستان لەمیانەی ئەم كۆرو كۆڕبەندە نێودەوڵەتییانە دەتوانێت لێكتێگەیشتن، یان بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ كۆمپانیایەكی وەك ئیسكۆن موبیل، یان برتیش پتریلیوم دروست بكات و سەفقەی گەورەیان لەگەڵدا ئیمزا بكات، ئەمە مانای ئەوەیە پێگەی كوردستان لە پێگەیەكی لۆكاڵییەوە دەگۆڕێت بۆ پێگەیەكی نێودەوڵەتی، راستە دروستكردنی ئەم بەرژەوەندی و لێكتێگەیشتنە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەشی ئابووری دروست دەبن، بەڵام رەهەندەكانی ئەم لێكتێگەیشتنە سنوورە سیاسی و فەرمییە نێودەوڵەتییەكان دەبەزێنێت، هەر وەك چۆن گرێدانی كۆنتراكتی نێوان كوردستان و ئیكسۆن مۆبیل بۆ پەرەپێدانی كەرتی نەوت لە كوردستان بووە هۆكاری ئەوەی ئیسكۆن مۆبیل سیاسەتی (یەك عێراقی) ئەمریكا لەبەر چاو نەگرێت و ئەو سیاسەتە بخاتە ژێر پرسیارەوە، ئێستاش سەرۆكی ئیكسۆن مۆبیل وەزیری دەرەوەی ئەمریكایە، واتە سەرۆكی دیپلۆماتییەتی ئەمریكایە لەجیهاندا، ئەمە ئەو گۆڕانكارییە گەورەیەیە كە زۆر زەحمەت بوو لەمیانەی كۆبوونەوە فەرمییە نێودەوڵەتیەكاندا بێتەدی.

بۆ ئێمە وەك كیانێك كە هێشتا دەوڵەتی سەربەخۆ نین، لەوانەیە بە ئاستی خۆی لە بایەخی ئەم كۆڕو كۆڕبەندە نێودەوڵەتییانە تێنگەین، لەوانەیە لەم راستەوە ناهەقمان نەبێت، چونكە لە بواری دەوڵەتداری و سیاسەتی تازەی جیهانی ئەزموونێكی ئەوتۆمان نییە، بەڵام ئاماژەكردنمان بە رووسیا وەك یەكێك لە پێنج دەوڵەتە هەمیشەییەكەی ئەنجومەنی ئاسایش و یەكێك لە هەشت دەوڵەتە پیشەسازییە گەورەكەی جیهان، ئەو راستییەمان بۆ روون دەكاتەوە كە گرێدانی كۆنتراكت لەگەڵ كۆمپانیایەكی گەورەی وەك ئیكسۆن مۆبیل و بریتیش پتریلیۆم مانای چییە. سەبارەت بەم لایەنە جینیفەر هایەرس توێژەری باڵا لە ئامۆژگای ئەنجومەنی پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا، لە وتارێكدا كە بەناوی (ئەجیندای ریكس تیلێرسۆن) وەك وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بڵاوی كردۆتەوە، تیایدا ئاماژەی بەوە كردووە كە فلادیمیر پۆتینی سەرۆكی روسیا گوتوویەتی: كۆنتراكتی رووسیا لەگەڵ ئیكسۆن مۆبیل و بریتش پتریلیۆم، زۆر لە هاوپەیمانی لەگەڵ ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا بۆ رووسیا گرنگترە. كەواتە ئەگەر ئەم پرسە كە هاوشێوەی هەمان پرسی كوردستانە بۆ رووسیایەك هێندە گرنگ بێت كە لەسەر ئاستی جیهان ململانێ لەگەڵ ئەمریكا دەكات و جیهانی لە تاكجەمسەرییەوە گۆڕیوە بۆ فرەجەمسەری، پرسیار ئەوەیە ئایا دەبێت بۆ هەرێمی كورستان چەند گرنگ بێت كە هێشتا بەفەرمی دەوڵەتێكی سەربەخۆ نییە؟
كەواتە ئەمە مانای ئەوەیە كوردستان جیا لەوەی لەشەڕی دژی تیرۆردا پێگەیەكی تایبەتی هەیەو هەوڵە گەورەكانی بارزانی بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی پێشمەرگەو پاراستنی كوردستانە، بەڵام لەهەمانكاتدا كوردستان لەسەر ئاستەكانی دیكەی سیاسەتی تازەی جیهانی بایەخی هەیە.

بۆ ئێستا كە خەمی سەرەكیی سەرۆك بارزانی بونیادنانی دەوڵەتی كوردستانەو وەك خۆیشی لەمیانەی دیدارێكی رۆژنامەییدا ئاماژەی پێكرد: «ئێمە لە مەسەلەی شەراكەت لەگەڵ عێراق شكستمان هێناوەو دەبێت بیر لەوە بكەینەوە لە ئایندەدا كوردستان و عێراق دوو هاوسێی باش بن پێكەوە.» ئەوا ئەمە مانای ئەوەیە كە لەبیركردنەوەی سەرۆك مسعود بارزانی-دا، پرسی سەربەخۆیی ئەوەڵ و دوایین بژارەی ئێستایە و بێجگە لە سەربەخۆیی بژارەی دیكە نییە، ئەمەشی راشكاوانە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق باس كردووە، بۆیە لەم حاڵەتەدا كە سەرۆك بارزانی گەیشتبێتە ئەو قەناعەتەی بێجگە لە سەربەخۆیی بژارەیەكی دیكەی لەبەردەمدا نییە، ئەوا گومانی تێدا نییە ئەجیندای سەرۆك بارزانی لەمیانەی بەشداریكردنی لەو كۆڕو كۆڕبەندە نێودەوڵەتییانە، هەروەها لەمیانەی ئەو سەردانە فەرمییانەی بۆ وڵاتانی جیهان ئەنجامیان دەدات، بەپلەی یەكەم پاراستنی دەوڵەتی كوردستانە، نەك تەنیا راگەیاندنی دەوڵەتەكە، ئەمەش لەمیانەی خوێندنەوە بۆ لۆژیكی بارزانی دەردەكەوێت كە راشكاوانە بەهەموو جیهانی راگەیاندووە كە بێجگە لە سەربەخۆیی بژارەی دیكە لەبەردەمدا نییەو دەبێت ئەو بڕیارە بدرێت.
لێرەوە ئەگەر هەموو هەوڵی سەرۆك بارزانی بۆ پاراستنی كوردستان بێت، پرسیار ئەوەیە ئایا لە جیهانی ئەمڕۆدا دەوڵەت چۆن دەپارێزرێت؟ بێگومان وەڵامی سادە بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە دەوڵەت پێش هەموو شتێك پێویستی بە سوپایەكی بەهیزە كە بتوانێت لەبەردەم هەڕەشە، یان لەبەردەم دەستدرێژی دەرەكی خۆی رابگرێت، بۆ ئەمە سەرۆك بارزانی درێغی نەكردووە و چەندی لەتوانایدا بووبێت لەدەرگای هەموو دەوڵەتانی جیهانی داوە، بەڵام پرسیاری گرنگتر لێرەدا ئەوەیە ئایا دەوڵەت تەنیا بەسوپایەكی بەهێز دەپارێزرێت، یان بارودۆخەكە گۆڕاوە و پێویستی بە دروستكردنی میكانیزم و شێوازی دیكەی دۆزینەوەی بەرژەوەندیی هاوبەش هەیە لەگەڵ دەوڵەتانی دەوروبەر و جیهانیش؟ كاتێك بەدوای ئەم پرسیارە لەمیانەی دیدار و كۆبوونەوەكانی بارزانی دەگەڕێین، بەئاشكرا هەست دەكەین، ئەو كاتانەی بارزانی لەگەڵ هەموو دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا و جیهاندا باس لە قۆناخی دوای داعش و پێداویستیی رێگرتن لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەكات، لەهەمانكاتدا لایەنێكی دیكەی خەمی بارزانی بۆ ئایندەی كوردستان ئەوەیە قەیرانی ئابووری كوردستان چارەسەربكات و سەرنجی كۆمپانیاو وەربەرهێنەرانی جیهان رابكێشێت بۆ ئەوەی بێنە كوردستان و ئابووری كوردستان ببووژێتەوە.
Top