گرنگیی داڤۆس بۆ كوردستان و پێگەی كوردستان لەشەڕی دژی داعشدا
January 24, 2017
راپۆرتەکان
ئەوەی لەم هاوكێشە تازە نێودەوڵەتییەدا بۆ پێگەی كوردستان لەناو هاوكێشەی سیاسیی تازەی جیهاندا گرنگە، ئەوەیە كوردستان لە بەرەی پێشەوەی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشەو لەو شەڕەشدا سەركەوتنی بەدەست هێناوە، لەمەش گرنگتر خاوەنی هێزی پێشمەرگەیە كە لەیەك كاتدا توانای ئەوەی هەیە لەبەرەكانی شەڕدا تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنێت و لەهەمانكاتدا ژینگەیەكی ئەوتۆی سیاسی دروست بكات كە نەبێتە سەرچاوەی گەشەكردنی فیكری توندڕۆیی و یەكتری رەتكردنەوە.
لەسەر ئەم دوو ئاستە، هیچ دەوڵەتێك لەم جیهانەدا نییە بەدەست یەكێك لەم دوو كێشەیەوە نەناڵێنێت، هەر بۆ نموونە ئوسترالیا كە لەوپەڕی رۆژهەڵاتی جیهانە لەگەڵ باشووری ئەفریقیا كە لەو پەڕی باشووری زەوییە و لەگەڵ دەوڵەتانی ئەسكەندەناڤی كە لەوپەڕی باكووری زەوین، لەگەڵ هەرسێ ئەمریكای باكوور و ناوەڕاست و باشوور، هیچ لایەكیان لەمەترسیی تیرۆر و تیرۆریستان دوور نین، بەڵام هیچ لایەكیشیان نەیانتوانیوە لەسەر ئاستی ناوخۆ سنوورێك بۆ تیرۆریستان دابنێن، یان ژینگەیەكی ئەوتۆ فەراهەم بكەن كە فیكری توندڕۆیی تێیدا گەشە نەكات.
ئەوجا ئەگەر لەسەر ئەم ئاراستەیە سەیری رۆڵ و پێگەی بارزانی وەك سەرۆكی كوردستان لە كۆڕبەندی ئابووری داڤوس بكەین، ئەوا دەبینین، جیا لەوەی سەرۆكی كوردستان لەیەكێك لە پەنێڵەكان و سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی سووریا و عێراق بەشداری كرد، بەڵام لەمیانەی دیدارەكانی لە پەراوێزی كۆڕبەندی داڤۆسدا هەر لە جێگری سەرۆكی ئەمریكاوە تا دەگاتە سەرۆكی ئازەربایجان و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری چەندین دەوڵەتی یەكێتی ئەوروپا، دیدار و كۆبوونەوەی تایبەتی هەبوون، لەهەموو ئەو دیدار و كۆبوونەوانەشدا پرسی سەرەكی قارەمانیەتیی پێشمەرگەو پێگەی كوردستان بووە لەشەڕی دژی داعشدا. ئەمە بێجگە لەوەی دەیان دیپلۆمات و رۆژنامەنووس لەگەڵ بەڕێزیان كۆبوونەوە بۆ ئەوەی لە روانگەی بۆچوونی سەرۆكی كوردستانەوە سەیری شەڕی دژی داعش و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان بكەن.
بەشداریی سەرۆك بارزانی لەو كۆڕ و كۆڕبەندە نێودەوڵەتییانەدا بۆ بارودۆخی ئێستای كوردستان، بایەخ و گرنگی لە رادەبەدەری هەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر لەمیانەی ئەو سەردانە فەرمییانەی سەرۆكی كوردستان بۆ وڵاتانی جیهان ئەنجامیان دەدات، بەرنامەی سەردانەكە دیاریكراو بێت، ئەوا لەمیانەی ئەو كۆڕو كۆربەندە نێودەوڵەتییانە بەرنامەكە كراوەیەو دەكرێت باسی زۆر شت بكرێت كە مەرج نییە بەو راشكاوییە لە سەردانە فەرمییەكاندا باسی بكرێت، وەك نموونەیەكی زیندوو لەسەر بایەخی ئەم كۆڕو كۆڕبەندە نێودەوڵەتییانە، كاتێك لەساڵی 2016 سەرۆكی كوردستان بەشداری كۆنفرانسی میونشنی كرد بۆ ئاشتیی جیهانی، لەگەڵ ئەوەی بڕیار بوو سەرۆك بارزانی بەشداری پەنیڵێك بكات لەسەر بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام دیدارو كۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەركردەكانی جیهان و دیپلۆماتكاران هێندە چڕوپر بوون و هێندە بەبایەخ بوون بۆ ئایندەی كوردستان، سەرۆك داوای لە رێكخەرانی كۆنفرانسەكە كردبوو لەبەشداریكردنی لەو پەنێڵە بیبەخشن كە ناتوانێت ئامادەبێت، بەڵام دوای ماوەیەك نووسەری ئەم دێڕانە لەگەڵ سیاسەتمەدارێكی كوردو لەمیانەی دیمانەیەكدا دووبارە ئەم پرسەی نوێكردەوە، ئەو سیاسەتمەدارەی كورد لەسەر بنەمای زانیاری ورد پێی گوتین: سەرۆك بارزانی لە كۆنفرانسی میونشن سەرقاڵی پەیداكردنی پشتگیری و هاوكاری بووە بۆ پێشمەرگە و ئێستا ئاكامەكەی هەوڵەكانی ئەو لە كۆنفرانسی میونشن دەبینین كە پێنتاگۆن یاداشتی لێكتێگەیشن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان ئیمزا دەكات.
كەواتە راستە كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس، یان كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایشی جیهان، لە رووكاری دەرەوە گرێدانی كۆمەڵێك پەنێڵە بۆ قسەكردن لەسەر ئەو هەڕەشە و تەحەددایانەی رووبەڕووی هەموو جیهان دەبێتەوە، بەڵام ئەوەشمان لەبیر نەچێت ئەو كۆڕبەند و كۆنفرانسە نێودەوڵەتییانە، باخچەیەكی پشتەوەشی هەیە كە زەمینەیەكی لەبار بۆ سیاسەتمەداران و سەرۆكی دەوڵەتان دروست دەكات، هەتا بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دیداری گرنگ و گەورە ئەنجام بدەن و نەخشەی رێگە بۆ پێوەندیی داهاتوو دیاری بكەن.