كۆڕبەندی داڤۆش و ئەو تەحەددییانەی رووبەڕووی جیهان دەبنەوە كوردستان وەك هێزێكی كاریگەر لەشەڕی دژی داعشدا
January 24, 2017
راپۆرتەکان
لەم روانگەیەوە گرنگە لە بایەخی گرێدانی كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس تێبگەین و بپرسین: ئایا ئامانج لە گرێدانی ئەم كۆڕبەندە لەسەر ئاستی جیهان چییە؟ ئایا بایەخی بەشداربوونی سەركردە سیاسییەكانی جیهان لەم كۆڕبەندە ئابوورییەدا چییە؟
دیارە كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس، ساڵانە بۆ قسەكردن لەسەر ئەو هەڕەشەو مەترسییانەی كە رووبەڕووی جیهانی ئازادو دیموكراتی دەبێتەوە، دەستەبژێری ئابووریناس و زانایانی بواری تەكنەلۆژی و رۆژنامەنووس و سەركردە سیاسییەكان پێكەوە كۆدەكاتەوە بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی بیروبۆچوونە جیاوازەكان نەخشەڕێگەیەك بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە و تەحەددییەكان دروست بكات.
بایەخدانی كۆڕبەندی ئابووری بە پلەی یەكەم، لەو روانگەیەوە سەرچاوە دەگرێت، هەر كاتێك ئابووری ئاراستەی سیاسەت دیاری بكات، ئەوا سەقامگیری لەنێوان دەوڵەت و نەتەوەكان دروست دەبێت، وەك ئەو سەقامگیرییەی كە ئێستا لەنێوان دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا دروستبووە، كە بەردی بناخەی یەكێتی ئەوروپا لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە ئابووری ئاراستەی سیاسەتی نێوان دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپای دیاری كردووە. بەپێچەوانەشەوە ئەگەر سیاسەت ئاراستەی پێوەندییە ئابوورییەكان دیاری بكات، ئەوا ئەو ژینگە سیاسییە ئاڵۆزەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەبێت كە نەك هەر هیچ هاوكارییەكی ئابووری لەنێوان دەوڵەتەكان بوونی نییە، بەڵكو ئێستا هەموو جیهان سەرقاڵی ئەوەیە بە رێگەی جڵەوگیری ئابووری بۆ سیاسەت، ئەو هاوكارییە ئابورییە لەنێوان دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بكەن، بۆ ئەوەی سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچەیەو كۆتایی بە ئاژاوەو پاشاگەردانی بهێنرێت.
لەم بازنەیەداو لە تێڕوانینی دەوڵەتانی دیموكراتی بۆ ئایندەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان، دیموكراتییەت وەك سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی، خۆی وەك سیستمێكی دوولایەنەی سیاسی و ئابووری نمایش دەكات، هەر بۆیە ئەگەر دیموكراتی لەسەر ئاستی سیاسی بریتی بێت لە هەلبژاردنی ئازادو ئازادی رادەبڕین و فرەیی سیاسی، ئەوا لەسەر ئاستی ئابووری بریتی دەبێت لە ئابووری بازاڕ لەسەر بنەمای ململانێی بازاڕ و ململانێ و هاوكاری نێودەوڵەتی، بۆیە ئەگەر ئامانجی دەوڵەتانی دیموكراتی پاراستنی دیموكراتی بێت لە رووە سیاسییەكەیەوە، ئەوا ئەم رووە سیاسییەی ناپارێزرێت، ئەگەر ژێرخانی ئابووری بازاڕەكەی پتەو نەبێت، یان داهاتی تاكەكەس لە ئاستێكی گونجاو نەبێت و چینی ناوەند وەك كۆڵەگەی سیستمی دیموكراتی نەبێتە فاكتەرێكی گرنگ بۆ سەروەریی یاسا و سەقامگیری كۆمەڵایەتی.
بەڵام پرسی گرنگ لێرەدا ئەوەیە: كاتێك هەڕەشە و تەحەددا لەسەر ئەم ئامانجە دروست دەبێت، ئایا چۆن پێكەوە رووبەڕووی ئەم هەڕەشەو تەحەددییانە دەبنەوە؟ یاخود ئایا ئەو هەڕەشە و تەحەددییانەی رووبەڕووی جیهانی ئازادو دیموكراتی دەبنەوە، دەبنە تەحەددی و هەڕەشەی هاوبەش بۆ هەموو دەوڵەتانی دیموكراتی و ئازاد؟ وەڵامی ئەم پرسیارە تا ئاستێكی زۆر رێژەییە، لەبەر ئەوەی بەشێك لەو كێشەو هەڕەشە و تەحەدییانەی رووبەڕووی سیستمی دەوڵەت دەبنەوە، خۆیان دەرهاویشتەی ئابووریی بەهێزو پێشكەوتنە زانستییەكان و شۆڕشی تەكنەلۆژیان، بەشێكی دیكەشیان وەك پرسی توندڕەویی و تیرۆر دەبنە هەڕەشەی هاوبەش بۆ جیهانی ئازادو دیموكراتی، بەڵام بەشێكیشی پێوەندی بە جیهانی دیموكراتی و ئازادەوە هەیە كە وەك پێویست مامەڵەی لەگەڵ ئەو پرسانە نەكردووە، پێش ئەوەی ببنە هەڕەشە و تەحەددا لەسەر كۆی جیهان و مرۆڤایەتی.
لەم چوارچێوەیەدا داڤوس ساڵانە لەسەر ئاستی فراوانی هەموو كێشەو هەڕەشەكان، كۆڕبەندی خۆی بۆ هەڵسەنگاندن و دروستكردنی نەخشەی رێگە بۆ رووبەڕووبوونەوەیان گرێدەدات، بەڵام هاوشانی داڤوسیش كۆرو كۆبوونەوەی ساڵانە سەبارەت بە پرسی ئاسایشیش گرێدەرێت، هەروەك چۆن لەمانگی شوباتی داهاتوو كۆبوونەوەی ساڵانە میونشن بۆ ئاسایشی جیهانی گرێدەدرێت، بەڵام تایبەتمەندی داڤۆس لەگەڵ كۆڕو كۆبوونەوەكانی دیكە ئەوەیە، داڤۆس دەیەوێت ئابووری جڵەوگیری سیاسیەت بكات و بەرژەوەندی هاوبەش دەرگای دیالۆگ بۆ كێشە سیاسییەكان بكاتەوە، ئەم ژینگەیەش كە ژینگەیەكی كراوە بۆ یەكتربینینی سەركردە سیاسییەكان دروست دەكات، هەنگاوی باش بۆ كردنەوەی قەیران و كێشە سیاسییەكان دروست دەكات.
لەم چوارچێوەیەدا بەشداریی كوردستان بەنوێنەرایەتی سەرۆك بارزانی لەكۆڕبەندی داڤۆس، جیا لەوەی پیشاندەری ئەوەیە كوردستان بەشێكە لەچارەسەری كێشەیەكی جیهانی كە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشە، لەهەمانكاتدا كوردستان وەك كیانێكی دیموكراتی پێویستی بەوەیە كە ئابووری ئاراستەی سیاسەتەكەی دیاری بكات و بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ دەوڵەتانی جیهان و یەكێتی ئەوروپا یەك بگرێتەوە، بۆیە لەم راستەوە بەشداریی كوردستان لە داڤۆس، هەم بۆ پێگەی كوردستان گرنگە لەشەڕی دژی تیرۆریستان، هەمیش بۆ پەرەپێدان و رێكخستنەوەی ژێرخانی ئابوورییش گرنگە كە ئابووری فاكتەری گرنگە بۆ دروستكردنی بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ تەواوی دەوڵەتانی جیهاندا.