نێچیرفان بارزانی و گەیاندنی پرسی سەربەخۆیی کوردستان

نێچیرفان بارزانی و گەیاندنی پرسی سەربەخۆیی کوردستان
جیا لەوەی بەڕێز نێچیرفان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو تەنگ و چەڵەمەیەی کە لە کوردستاندا هەیە لە ڕووی ئابووری و سیاسی و سەربازی سەرکەوتووانە کاروباری حکومەتەکەی بەرێوە دەبات، لەهەمانکاتدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدانوسانکارێکی بەهیزیش بەناوبانگە چ لەگەڵ عیراق چ لە لەگەڵ دەرەوەی کوردستان.
هەر لەو کەناڵانەشدا لە پرسی سەربەخۆیی کوردستان و دەولەت بوونی کورد ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە.

ئەوەش نموونەی چەند بەشێکین:

١- نێچیرڤان بارزانی بۆشاندی (هەرێمی ئێل دوو فرانسی) فەرەنسی 4/12/2016:
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیداریدا لەگەل شاندی (هەرێمی ئێل دوو فرانسی) فەرەنسی رایگەیاند، گەلی كوردستان وەك مافێكی رەوای خۆی سەیری سەربەخۆیی دەكات و پێویستە لەسەر پرسی سەربەخۆیی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بكرێت. دەشڵێت "دوای نەمانی داعش پێویستە گفتوگۆی زیاتر لەسەر بابەتی حكومڕانی و داهاتووی عێراق بەگشتی بكرێت".

٢- كۆنفرانسی "سه‌ربه‌خۆیی، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و ده‌رفه‌ت" 15/12/2016:
لە پانێلی دوای نیوەڕۆی كۆنفڕانسەكەدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و هەڵوێستی وڵاتانی دەوروبەر لەسەر ئەم پرسە، بەڕێزیان گوتی: "پرسی سەربەخۆیی كوردستان مافێكی ئێمەیە و مافێكی ئاسایی گەلەكەمانە. ئێمە لە ناوچەكەدا گەلێكی جیاین و زمان و كەلتوورمان لەگەڵ گەلانی ناوچەكە جیاوازە. دوو شت لەم مەسەلەیەدا زۆر گرنگن، یەك كاتێك باسی سەربەخۆیی دەكەین باسی هەرێمی كوردستانی عێراق دەكەین و كاتێكیش ئەم پرسە دەورووژێنین، مانای ئەوە نییە كێشە بۆ عێراق دروست بكەین، بەڵكو ئەم مەسەلەیە بۆ ئەوە دەورووژێنین كە چارەسەرێك هەبێت بۆئەوەی بەیانی نەوەی پاش ئێمە لە ئایندەی خۆی پشتڕاست بێت و ئەمەش بە چی چارەسەر دەبێت؟ چارەسەر ئەوەیە كە ئەمە بەشێوەیەكی جددی گفتوگۆ بكرێت و یەكەم ولاتیش كە ئەم گفتوگۆیەی لەگەڵ بكرێت، پێویستە بەغدا بێت. كاتیەتی یان كاتی نییە، بەڵی هەموو دەمێك كاتیەتی و ئێستا باشترین كاتە، ڕاست نییە كە بڵێین كاتی ئەوە نییە، ئەو فاكتەرانەی كە ئێستا هەن دەخوازێت ئێمە بچین لەگەڵ بەغدا ئەم پرسە بە جددی باس بكەین. كاتێك من چوومە بەغدا و دواتر جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش سەردانی بەغدای كرد، ئێمە ئەم پرسەمان لەگەڵ بەغدا باس كردووە، ئەوانەی لە بەغدا ئەو پرسەمان لەگەڵ باسكردن، تێگەیشتنیان بۆ ئەم پرسە هەبوو و ئەوە نییە كە ئەوان گوتبێتیان نایانەوێت ئەو مەسەلەیە باس بكەن.

٣- ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر 26/12/2016:
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەدیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر لەوەلامی پرسیارەکانی عەمبەرین زەمان، لێكۆڵەر و ئەكادیمیست لە ناوەندی ودرۆ ویلسن لە واشنتن، رۆژنامەنووسی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر کە پرسیاری لێدەکەن لە بارەی پرسی سەربەخۆی کەبەشێوەیەكی بەرچاو لە ئەجێندای حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بێت. نەخشەڕێی سەربەخۆییتان چییە؟ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: كاتێك پرسی سەربەخۆیی دەهێنینە پێشەوە، مەبەستمانە چارەسەرێك بۆ كێشەیەكی هەڵواسراو بدۆزینەوە، نەك ئەوەی ناسەقامگیری دروستبكەین. بە پێچەوانەوە، ئێمە بڕوامان وایە سەربەخۆیی كوردستان لە سەقامگیری ناوچەكەدا رۆڵی دەبێت و بەرەوپێشی دەبات. ناتوانین چیدی بەو مۆدێلەی هەتا ئێستا هەبووە لەگەڵ بەغدا بەردەوام بین. پرسی كورد لە عێراق پرسێكی كۆنە.
كوردەكانی عێراق لەگەڵ بەشە عەرەبییەكەی عێراقدا تێكەڵ نەبوون. من یەكەم كەس بووم كە پرسی سەربەخۆییم بە شێوەیەكی فەرمی لەگەڵ بەغدا هێنایە بەرباس. ئەم پرسەم لەگەڵ سەرۆك وەزیران حەیدەر عەبادی و هاوپەیمانێتی شیعەی عێراق هێنایە بەرباس. من دیالۆگی زۆر جیدی لەگەڵ بەغدا بە نەخشەڕێیەك دەزانم. ئەمە گرنگترین هەنگاوە. بۆ ئەوەی مەسەلەكە روونتر بێتەوە دەڵێم، ئەگەر بەبێ راوێژ و هیچ دیالۆگێك لەگەڵ بەغدا سەربەخۆیی رابگەیەنین، ئەوە سەربەخۆییەكەمان لەڕووی پراكتیكییەوە مومكین نییە. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە یەكەم دیالۆگی فەرمیمان بۆ سەربەخۆیی لەگەڵ بەغدا بێت، دەبێ دانیشتنی فەرمیمان لەگەڵ بەغدا هەبێت و ئەم تابووە بشكێنین و باسی بكەین. بە عەبادیم گوت، بە هاوپەیمانێتی شیعەم گوت، دواجار ئامانجی ئێمە سەربەخۆییە و ئێوەش دەبێ زۆر بە جیدی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بكەن. هەردوو لایەن دەیانگوت تووشی شۆك بوون بەوەی من پێمگوتوون، بەڵام پێزانینیشیان هەبوو كە من راشكاوانە قسەم لەگەڵیان دەكرد. دەیانگوت ئەوە یەكەمجارە گوێیان لێبێت كە پرسی سەربەخۆیی بەشێوەیەكی فەرمی باسی دەكرێت. پێیانم گوت كە لە رابردوودا ئەم پرسە لە رێگەی میدیاكانەوە دەگوازرایەوە، بەڵام ئێستا من بە فەرمی پێتان رادەگەیەنم كە ئامانجی ئێمە سەربەخۆییە و دەبێ كومیتەیەك پێكبهێنین ئەم پرسە تاوتوێ بكەن.

٤-كۆنفرانسی (بەرەو گوتاری ئایینیی هاوسەنگ لەسەر بنەمای مرۆڤدۆستی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی) 8-11-2016:
لەوتارێکەیدا سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان رایگەیاند: سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان خاوەن ئامانجی نەتەوەیی و نیشتمانییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەو باوەڕەدایە كە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان لەوەدایە دراوسێی ناوچەیەكی ئارام و سەقامگیر بێت، نەك لەگەڵ ناوچەیەک دراوسێ بێت کە پڕ بێت لە ناکۆکی ناوخۆیی و تایفی. گەلی كوردستان و سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان، بە قوربانیدان و بەرگریی هێزی پێشمەرگەی خۆی نیشانیدایەوە كە گەلێكی دژی تیرۆرە و ئامادەیە بۆ ئەوپەڕی هاوكاریكردن لەپێناو دروستبوون و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەكەدا، ئەمەش لە فیكر و مێژووی نەتەوەی كورد لە پێكەوەژیان و هاوكاری لەگەڵ گەلانی دیكەدا سەرچاوە دەگرێت.
Top