نەخۆشیی سیاسیی عێراق ئەقڵییەتی سیاسیی مالیكییە نەك داعش
January 18, 2017
راپۆرتەکان
لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا ئەم توێژینەوەیەی رۆژنامەنووس نید پاركەر تەنیا مەزندەیەكی رۆژنامەنووسانە بوو، یان لەسەر ئەرزی واقیع بوونی هەبووەو ئەو وەك رۆژنامەنووسێكی راستگۆ ئەو واقیعەی پیشانی جیهان داوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە كریستیان ئامانپور رۆژنامەنووسی بەناوبانگی كەناڵی CNN لە مانگی حوزەیرانی 2013 دەیداتەوە كە لەمیانەی دیمانەیەكی راستەوخۆدا بۆ CNN لە وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی عێراقی پرسی: ئایا عێراق لەبەریەك هەڵوەشاوەو كۆتایی هاتووە؟- is Iraq unraveling-، ئاراستەكردنی ئەم پرسیارە لەلایەن CNN ـەوە بۆ وەزیری دەرەوەی عێراق بەو مانایە نییە كە CNN گومانی هەیە عێراق كۆتایی هاتووە، یان نە، لەبەر ئەوەی بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی 2013 لەوە دەرچوو بوو كە هیچ كەسێك گومانی لەبەریەك هەڵوەشانی عێراق هەبێت، بەڵكو ئەو پرسیارە بەو مەبەستەیە ئاراستەی بەرپرسانی عێراق دەكرا، بەوەی ئایا كاربەدەستانی حكومەتی عێراق خۆیان دان بەو راستییەدا دەنێن كە عێراق لەبەریەك هەڵوەشاوەو كۆتایی هاتووە، یان نییەتی ئەوەیان هەیە سیاسەت و ئەقڵیەتی خۆیان بگۆڕن و بارودۆخەكە راست بكەنەوە؟ بێگومان وەڵامی كاربەدەستانی تیمەكەی مالیكی بۆ ئەو پرسیارانە ئەوە بوو، نەخێر عێراق لەبەریەك هەڵنەوەشاوە و ئەو ئاراستەی لەسەری دەڕۆین هەموو كێشەكان چارەسەر دەكات!
بەڵام تەنیا چەند مانگێگ دوای ئەم وەڵامەی كاربەدەستانی عێراق بۆ پرسیاری: ئایا عێراق لەبەریەك هەڵوەشاوە، یان نە؟ ئەوە بوو لەسەرەتای 2014 داعش وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی خۆی راگەیاند، شەش مانگ دوای ئەم راگەیاندنە موسڵی داگیركردو خەلافەتی ئیسلامی لە سووریا و عێراق راگەیاند. كەواتە زنجیرەی رەفتار و سیاسەتەكانی نوری مالیكی لەماوەی 2012 – 2014 بووە هۆكاری ئەوەی داعش دروست بێت، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا ئێمە وەك كورد كە كەیفمان بە ئەقڵییەتی سیاسیی نوری مالیكی نایەت، ئۆباڵی دروستبوونی داعش دەخەینە ئەستۆی مالیكی، یان ئەمە واقیعەو كەس ناتوانێت نكۆڵی لێ بكات؟ دیارە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو وتارەی فلیپ گۆردن راوێژكاری ئاسایشی سەرۆك ئۆباما تا ساڵی 2015 كە لە ئۆكتۆبەری 2016 بەناونیشانی (چۆن نەخۆشییەكە دەستنیشان بكەین، نەك دەرهاویشتەكانی وەك داعش)، گۆردن لەم وتارەیدا راشكاوانە دەستی خستۆتەسەر رەگی برینەكەو بە ئاشكرا دەڵێت هۆكاری دروستبوونی داعش ئەو ئەقڵییەتە سیاسییە بووە كە نوری مالیكی لە عێراقدا حوكمڕانی پێكردووە، ئەمەش دوای سەرهەڵدانی داعش و داگیركردنی موسڵ و راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی لە ئیدارەی ئۆباما شاردراوە نەبووە، هەربۆیە ئیدارەی ئۆباما هیچ كاردانەوەیەكی نەبوو بەرامبەر داگیركردنی موسڵ لەلایەن داعشەوەو مەرجی بەشداریكردنیشی بەوە گرێدایەوە كە دەبێت نوری مالیكی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق نەمێنێت و مافی ئەوەشی نەبێت خۆی كاندید بكاتەوە.
ئەم جەختكردنەوەی ئەمریكا كە بێگومان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراقیشەوە قبوڵیان كردووە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەتا نوری مالیكی لە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بێت، ئەوجا چ وەك سەرۆك وەزیران، یان وەك سەرۆكی حزبی دەعوا كە ئێستا بەو ناوە چالاكیی سیاسی دەكات، ئەوا بەردەوام ژینگەی سیاسیی عێراق بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕوات كە ببێتە ژینگەیەكی بەپیت بۆ بەرهەمهێنانی فیكری توندڕۆیی رادیكاڵیی ئایدیۆلۆژی جیاواز كە هەر هەموویان وەك باڵی سیاسیی داعش هەمان ئەو ئامانجانە جێبەجێ دەكەن كە باڵی سەربازی داعشی دروست كردووە.
لە ماوەی شەڕی دژی داعشدا، مانای وشەی داعش تەنیا بریتی نییە لە كوتكراوەی (دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام)، هەروەك نازی-یش تەنیا بریتی نییە لە سۆشیالیزمی نەتەوەیی(Nationalsozialismus) یان بۆ پارتی نەتەوەیی سۆشیالیزمی كریكارانی ئەڵمانیا، بەڵكو نازی لە ناو ئەدەبیاتی سیاسیی جیهاندا مانایەكی دیكەی وەرگرتووەو ئاماژەیە بۆ (رەگەزپەرستی، رێزنەگرتنی مافەكانی مرۆڤ، دڕندایەتی و وەحشیگەری و كۆمەڵكوژی و ژینۆساید) بۆیە هەر فیكرێكی سیاسی كە ئەو سیفەتانەی تێدا بێت، بە نازی هەژمار دەكرێت، لە ئێستاشدا داعش بۆتە هاوتای (مەزهەبگەرایی و توندڕەوی، تەكفیر و وەحشیگەری، بڵاوكردنەوەی رق و كینەو بڕوا نەبوون بە دیالۆگ و پێكەوەژیان)، هەر بۆیە ئێستا لە ناوەندەكانی فیكر و لێكۆڵینەوەی سیاسی هەر بزووتنەوەیەكی سیاسی بە هاوشێوەی داعش رەفتار بكات، ئەوا بەداعش ناودەبرێت، ئەم ئاماژەكردنە، ئاماژەكردن نییە بۆ ناوە ئەسڵییەكەی داعش، بەڵكو ئاماژەیە بۆ هاوشێوەیی رەفتارەكانی ئەو لایەنە لەگەڵ رەفتارەكانی داعشدا.
لەسەر ئەم بنەمایە ئەگەر داعش دەرهاویشتەی ئەقڵییەتی فیتنەی مەزهەبگەرایی مالیكی بێت دژی سوننە، ئەوا لە بنەڕەتدا سەرەتانی ئەم فیتنەیە ئەقڵییەت و فیكری مالیكییە نەك داعش، ئەوجا بۆ ئەوەی كاتێك داعش لە رووی سەربازییەوە تێكدەشكێندرێت و جارێكی دیكە لەسەر ئاستی سیاسی دروست نەبێتەوە، ئەوا دەبێت هەوڵبدرێت ئەم سەرەتانە (ئەقڵییەت و فیكری مالیكی) لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا لە ریشەوە هەڵبكێشێندرێت، ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە دوای ئەوەی داعش لە رووی سەربازییەوە تێكدەشكێندرێت، ئەو تێكشكاندنە ببێتە سەرەتایەك بۆ پێكەوەژیان لەناو پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق، نەك ببێتە سەرەتای فیتنەیەكی دیكە كە دروستبوونی شەڕێكی ناوخۆی خوێناوی شیعەو سوننەیە كە ئێستا هەموو چاودێران ئەم مەترسییە وەك مەترسی پلەیەك و سەرەكی بۆ دوای داعش لەبەرچاو دەگرن.
پرسیاری دیكە لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەقڵییەتی سیاسیی نوری مالیكی تەنیا كاریگەری لەسەر بەشە عەرەبییەكەی عێراق هەیە، یان پەلیهاویشتووەو كوردستانیشی گرتۆتەوە؟ گومانی تێدا نییە نوری مالیكی هەوڵیداوە پەتا و سەرەتانی ئاژاوە و توندڕەوی بە شێوازی جۆراوجۆر هەناردەی كوردستان بكات و لەمەشدا توانیویەتی جۆرە هاوپەیمانییەك لەگەڵ هەندێك لایەنی سیاسیی كوردستان دروست بكات كە زۆر راشكاوانە رۆڵی باڵی سیاسیی داعش لەناو پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا بگێڕن. ئەم هەوڵەی مالیكی بۆ دروستكردنی باڵی سیاسیی داعش لەلای سەركردایەتی سیاسیی كوردستان شاراوە نییەو سەرۆك بارزانی لە وتارەكەی رۆژی 16ی 11ی 2016 لە باشیك زۆر راشكاوانە دەستی خستەر سەر ئەم مەترسییەو گوتی: «ئەو لوغمانەی داعش داینابوون، پێشمەرگە هەڵیگرتنەوەو كوردستانی پاك كردەوە، ئەو لوغمە سیاسییانەی ئێوەش لەسەر ڕێگای ئێمە داتانناوە، زۆرمان هەڵگرتنەوەو ئەوانی دیكەش هەڵدەگرینەوە.» ئەم گوتانەی سەرۆك بارزانی راشكاوانە ئاماژەیە بۆ بوونی باڵێكی سیاسیی داعش لەناو پرۆسەی سیاسیی كوردستان و ئێستا هەوڵێكی جددی لەسەر ئاستی پرۆسەی سیاسیی كوردستان لەئارادایە بۆ ئەوەی ئەو باڵە ناچاربێت لەگەڵ ئەمری واقیعی سیاسیی كوردستان مامەڵە بكات، بەپێچەوانەشەوە ئەوا ئەگەر هەر دوای ئەقڵییەتی نوری مالیكی بكەون و بیانەوێت توندڕەویی ئایدیۆلۆژی سیاسی لەبری فیتنەی مەزهەبگەرایی لەكوردستان دروست بكەن، ئەوا بەجۆرێكی دیكە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.
لە بەرامبەردا مەترسیی گەورە لەسەر بەشە عەرەبییەكەی عێراقە كە زۆر زەحمەتە بتوانرێت لە ژینگەی باڵادەستیی حەشدی شەعبی شیعەدا فیكرو ئەقڵییەتی نوری مالیكی ریشەكێش بكرێت، لە بنەڕەتدا حەشدی شەعبی شیعە بۆ بەرگریكردن لە شیعە دروست بووە، نەك بۆ بەرگریكردن لە عێراق، هەروەها حەشدی شەعبی شیعە لەسەر هەمان ریتمی كاردانەوەی داعش ئاراستەی خۆی دیاری دەكات. هەروەك چۆن ئەبوئیزرائیل كە یەكێكە لە فەرماندەكانی حەشدی شەعبی شیعە، زۆر راشكاوانە لە موسڵەوە رایگەیاند، هەر كەسێك پەرداخێك ئاویشی دابێتە دەستی تیرۆریستانی داعش، ئەوا كوشتنی حەڵاڵ دەبێت، ئەمەش مانای ئەوەیە لەبەشە عەرەبییەكەی عێراقدا هەردوو باڵی سەربازی و سیاسیی فیكری داعش درێژەی دەبێت، بەڵام بە دوو شێوەی جیاواز، لای شیعەكان وەك حەشدی شەعبی شیعەو لای سوننەكانیش ئەگەر داعشیش كۆتایی بێت، وەك سەلەفی جیهادی قیتالی بەردەوامیی دەبێت.