ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و وەرچەرخانێكی گەورە لە سیاسەتی جیهانیدا
January 17, 2017
راپۆرتەکان
ئەوەی لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی ترەمپ جێگەی سەرنجی بەشێك لە چاودێران و توێژەرانی جیهانە، ئەوەیە كە ترەمپ لە 9/11/2016 بووە سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، ئەم بەروارە ئەگەر لە گەڵ 9/11/ 1989 و 11/9/2001 بەراورد بكەین، ئایا دەكرێت بڵێین ئەو بەروارەی لە 11/9/2001 ئوسامە بن لادن و رێكخراوی قاعیدە بۆ وەرچەرخانی جیهان دروستیان كرد، بە هەڵبژاردنی ترەمپ لە 9/11/2016 هەمان بەراوری 9/11/1989 دووبارە دەكاتەوە، یان هەڵبژاردنی ترەمپ دیوارێكی دیكەی بەرلین دەڕووخێنێت كە ئێستا لەبەردەم شكۆی ئەمریكا دروست بووەو ترەمپ دەڵێت: جارێكی دیكە ئەمریكای مەزن دروست دەكەینەوە؟
كاتێك ئەم دێڕانە دەنووسین هێشتا چەند رۆژێكی ماوە دۆناڵد ترەمپ لەسەرۆكی هەڵبژێردراوەوە بگۆڕێت بۆ سەرۆكی ئەمریكا لەكۆشكی سپی، جارێ نازانرێت لەگوتاری دانانی وەك سەرۆك چی ئاراستەی جیهان دەكات، بەڵام ئەوەی دەزانرێت و وەك خاڵێكی ئیجابی و سەركەوتوو بۆ ئیدارەی ترەمپ دەخوێندرێتەوە، ئەوەیە كە سەركەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنەكاندا هاوكاتە لەگەڵ نەمانی ناسەقامگیریی سیاسی، یان ململانێی حزبی لەنێوان دیموكراتی و كۆمارییەكان لە كۆنگرێسدا، هەربۆیە پرۆسەی دروستكردنی بڕیار و وەرگرتنی بڕیار بۆ دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەكەی زۆر ئاسانتر دەبێت، لەهەر سیستمێكی حوكمڕانیشدا كە ململانێی سیاسی نەبێتە ئاستەنگ بۆ وەرگرتنی بڕیاری سیاسی، ئەوا ئەدای ئەو حكومەتە لەوانی دیكە باشتر دەبێت. بۆیە لەوانەیە هیچ زیدەڕۆیی نەبێت، ئەگەر بڵێین هۆكاری سەرەكی كە ئیدارەی ئۆباما نەیتوانی وەك پێویست مامەڵە لەگەڵ كێشەكانی ناوخۆی ئەمریكاو كێشە جیهانییەكان بكات، قورسیی وەرگرتنی پرۆسەی دروستكردن و وەرگرتنی بڕیار بووە.
كۆمارییەكان لەوانەیە هەقی خۆیان بێت، شانازی بەمێژووی دوورو نزیكی خۆیان بكەن، بەتایبەتی كە توانیویانە هەم لەسەر ئاستی ئەمریكاو هەمیش لەسەر ئاستی جیهان شۆڕش و گۆڕانكاریی گەورە بەرپا بكەن، كە نەك هەر ئەو شۆڕشانە بوونەتە هۆكاری ئەوەی ئەمریكا زیاتر بەهێز و باڵادەست بێت، بەڵكو زەمینەی ئازادییان بۆ مرۆڤایەتی و جیهان فەراهەم كردووە، هەروەك چۆن ئەبراهام لنكۆڵن توانی شۆڕشی دژی كۆیلایەتی بەرپا بكات و خۆی بكاتە میراتی ئازادی بۆ ئەمریكییەكان، بەهەمان شێوە لە كۆتایی شەستەكانی سەدەی رابردووە تا كۆتاییهاتنی شەڕی ساردو لەبەریەك هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەتی پێشان لەماوەی شەش خولی سەرۆكایەتی ئەمریكادا، پێنجیان لەدەستی كۆمارییەكاندا بووە، بۆیە پارێتكی سیاسی وەك پارتی كۆمارییەكانی ئەمریكا كە لەمێژووی خۆیدا خاوەنی سیاسەتی شۆڕشی ئازادی دژی كۆیلایەتی بێت و خاوەنی سیاسەتی رووخانی یەكێتی سۆڤیەتی پێشان بێت بەشەڕی سەربازی، ئەوا چاوەڕێی ئەوەشی لێدەكرێت، ئەمجارەش لەمیانەی ئیدارەی داهاتووی ترەمپ-دا وەرچەرخان و گۆڕانكاریی گەورە لە سیاسەتی جیهانیدا دروست بكات.