بە ئەقڵییەتی كۆن .. هاوكێشەی تازە ناخوێندرێتەوە
January 14, 2017
راپۆرتەکان
ئەم جیاوازییە خاڵی گەوهەرییە لەنێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەلایەك، هەروەها كۆماری ئیسلامی ئێران و مالیكی و هاوشێوەكانی لەعێراقدا لەلایەكی دیكە، بۆ ئەمەش لەوانەیە هیچ دەوڵەتێك هێندەی ئێران هاوكاریی بەغداو دیمەشقی نەكردبێت لەشەڕی دژی داعشدا، بەڵام لە هەمانكاتدا كۆماری ئیسلامی ئێران ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش نییەو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشیش بە ئەندامی ئەو هاوپەیمانییە وەریناگرن، هۆكاری ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئامانج و ستراتیژیەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش شتێكەو ئامانج و ستراتیژیەتی ئێران و دیمەشق و مالیكی و هاوشێوەكانی لەعێراق شتێكی دیكەیە. راشكاوانەتر ئامانج و ستراتیژیەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەوەیە كە داعش وەك هێزێكی سەربازی تێك بشكێنرێت و خەلافەتەكەی بڕووخێنرێت و پاشان دەوڵەتی هاوچەرخ لەسەر بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی ئاشتی و پێكەوەژیان و سەقامگیری بونیاد بنێتەوە، بەڵام لەبەرامبەردا ئامانجی ئێران و رژێمی ئەسەدو مالیكی و هاوشێوەكانی لەعێراق ئەوەیە داعش لە رووی سەربازییەوە تێك بشكێنرێت، بەڵام لە رووی فیكر و سیاسەتەوە مەزهەبگەرایی شیعە جێگەی بگرێتەوە، ئەم دوو ئامانجە كە لە خاڵی یەكەمدا وەك دوو هاوپەیمانی دژی تیرۆر یەك دەگرنەوە، بەڵام لە خاڵی دووەمدا جارێكی دیكە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە بەرەیەكی دژی مەزهەبگەرایی شیعە خۆی دەبینێتەوە.
ئەم چەند دێڕە دەروازەیەكی باش بوو بۆ ورووژاندنی ئەو پرسیارە: ئایا بۆچی بەرژەوەندییەكانی نوری مالیكی لەگەڵ سەركردەكانی بزووتنەوەی گۆڕان و بەشێك لەپەرلەمانتار و سەركردەكانی یەكێتی و كۆمەڵی ئیسلامی و پەكەكە یەك دەگرێتەوە، بەڵام تا سەر ئێسقان دژایەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی كوردستانە؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا پڕۆفیسۆر مایكل نایتس تایبەتمەند لەسەر ئاسایشی كەنداو عێراق و ئێران لە وتارێكیدا بە ناونیشانی: (سەرۆكایەتی ترەمپ: ئایا كورتترین رێگەیە بۆ سەربەخۆیی كوردستان، یان سەرەتایەكی هەڵەیە؟) نووسیویەتی، راشكاوانە جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە لەئێستادا هەڵگیرسانی شەڕێكی دیكە لەبەرژەوەندیی كێدایە؟ لەوەڵامدا دەڵێت: لەوانەیە میلیشیاكانی حەشدی شیعە حەزی لێبكەن، بەڵام كوردو چینی سەرەكیی شیعە لەسەر ئاستی سیاسی و ئایینی حەز بەو شەڕە ناكەن، ئەمە لەوانەیە لایەنێكی سیاسیشی هەبێت، ئەویش ئەوەیە سەركردایەتی بارزانی و سەرۆك وەزیران عەبادی لەئێستا لەهەموو كات زیاتر پێویستیان بەیەكترییە لەبەر ئەوەی دوژمنێكی هاوبەشیان هەیە، بەڵام هەوڵێك هەیە بۆ لێكدوورخستنەوەیان كە ئەویش نوری مالكییە كە بە پشتگیری ئێران سەركردایەتی ئەو یاخیبوون و فیتنەیە دەكات.
ئەم وەڵامەی پڕۆفیسۆر نایتس پێمان دەڵێت، دیاردەی سەرهەڵدانی داعش و دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی، خودی نەخۆشییەكە نییە، بەڵكو دەرهاویشتەی ئەو ئەقڵییەتە كۆنەیە كە پێشتر نوری مالیكی حوكمڕانی عێراقی پێكردووە و ئێستاش بەپشتگیری ئێران بۆ تێكدانی هاوپەیمانی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، سەركردایەتی یاخیبوونێك دەكات بۆ ئەوەی توندڕەوی و رادیكاڵیەتی شیعەگەرایی جێگەی توندڕۆیی و رادیكاڵیەتی داعش بگرێتەوە.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا مەرجی یەكەمی بۆ هاوكاریی عێراق ئەوە بوو كە نابێت نوری مالیكی جارێكی دیكە سەرۆك وەزیرانی حكومەتی عێراق بێت، بەڵام كاتێك لە رێگەی میلیشیاكانی (حەشدی شەعبی)یـەوە هەوڵیدا جارێكی دیكە بگەڕێتەوە ناو پرۆسەی سیاسی و رۆڵی یاخیبوون و فیتنەیەكی دیكە بگێڕێت، مەرجی سەرەكی ئەمریكاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەسەر حكومەتەكەی مالیكی ئەوە بوو، بە یاسا حەشدی شەعبی رێكبخات بۆ ئەوەی وەك هێزێكی نیزامی لە ژێر فەرمانی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراقدا بێت، كە شەخسی حەیدەر عەبادی-یە. بەڵام وەك لەیەك دوو رۆژی رابردوو جارێكی دیكە گوێبیستی قسە ناماقووڵەكانی نوری مالیكی بووینەوە، كە داوا دەكات هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكشێتەوە بۆ سنوورەكانی رۆژی 19ی ئاداری 2003، ئەم ئەقڵییەتە كۆنە كاتێك ئەم قسانە دەكات، لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق ئاستی هاوپەیمانییەكان لەم ئاستەدان:
1- تەنیا چەند رۆژێك دوای قسە ناماقووڵەكانی نوری مالیكی، بن ئالی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا لەسەر دوای نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات و لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە پێشوازی لێدەكرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە كە بەرژەوەندی حكومەتی عەبادی و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر ئەوەندە نییە تەنیا پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا لە ئاستێكی باشدا بێت، بەڵكو لەبەرژەوەندی هەردوولایە كە بەغدا و هەولێر پێوەندییەكانیان لەگەڵ دۆستەكانی هەردووكیاندا باش بێت.
2- پێدەچێت نوری مالیكی و هاوشێوەكانی یان نەتوانن وەرچەرخان و گۆڕانكارییەكانی ئێستای نێوان هەولێرو بەغدا بخوێننەوە، یان هەر بەو ئەقڵییەتە كۆنە بیردەكەنەوە و لەواقیعی تازە ناگەن، بۆیە ئەگەر لەم واقیعە تازەیە تێبگەن، دەیانزانی ئیمزاكردنی پڕۆتۆكۆڵی سەربازی لەنێوان پێنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان بە ئاگاداری و رەزامەندی بەغدا مانای چییە. هەروەها دەیانزانی دوای ئەم پڕۆتۆكۆڵەش هاوپەیمانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق مانای چییە، سەمەرەی ئەقڵییەتی نوری مالیكی ئەوەیە سوپای عێراق بە رێككەوتن و لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەكەدا بەناوچە ئازادكراوەكانی پێشمەرگەدا دەچێت شەڕی دژی داعش دەكات، كەچی مالیكی بە هێزی میلیشیایی هەڕەشە لە پێشمەرگە دەكات. هەر بۆیە لەو كاتەی نوری مالیكی ئەو قسە بێ مانایانە دەكات، سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەیەك سەنگەردا دژی دوژمنێكی هاوبەش شەڕدەكەن و ناوچەكە لە تیرۆریستانی داعش پاك دەكەنەوە، ئەمەش جیاوازی نێوان ئەقڵییەتی كۆن و مەزهەبگەرایی مالیكی لەگەڵ گۆڕانكارییە ئیجابییەكانی سەر ئەرزی واقیع بەرجەستە دەكات.
3- سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی شاندێكی كوردستان دەچێتە بەغداو بە ئاگاداری ئەمریكاو هاوپەیمانی نێودەڵەتی دژی داعش لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران عێراق باس لەمیكانیزم و شێوازی ئاشتییانەی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، بەڵام نوری مالیكی و هاوشێوەكانی تازە بەتازە بە ئەقڵییەتی 100 ساڵ لەمەوپێش لە راگەیاندنەكانەوە هەڕشە لەكوردستان و پێشمەرگە دەكەن، مالیكی زۆر باش وەڵامدانەوەی پێشمەرگەشی وەرگرتۆتەوە.
4- ئەم ئەقڵییەتە كۆن و نەخۆشەی مالیكی و هاوشێوەكانی، هەردوو پەرلەمانی عێراق و كوردستانی پەكخستووەو بڕیارو راسپاردەكانیان كاری پێ ناكرێت، هەر بۆ نموونە پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كە هەڵسووڕاوێكی بزووتنەوەی گۆرانە، ویستیان بە رێگەی زۆرینەی پەرلەمانی ئاژاوەو كودەتا لە كوردستان بەرپا بكەن، بەڵام كە سنووریان بۆ دانراو رێگە نەدرا سەرۆكی پەرلەمان بێتە هەولێر، ئەوان وایاندانابوو كە هەموو جیهان دژی كوردستان هەڵدەستێت، بەڵام بەپێچەوانەوە دەرچوو ئەوان لە پرۆسەی سیاسی كرانە دەرەوەو هیچ لایەنێكی سیاسی دوایان نەكەوت، بەهەمان شێوە و بەپشتگیری نوری مالیكی و بە رێگەی پەرلەمانتارانی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و هەندێك لە پەرلەمانتارانی یەكێتی هەوڵیاندا بە رێگەی پەرلەمانی عێراق، سلێمانی بگێڕنەوە سەر عێراق، بەڵام حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق راشكاوانە بە پەرلەمانتارەكانی گۆڕانی راگەیاندبوو، مامەڵەكردن لەگەڵ سلێمانی وەك پارێزگایەكی عێراق پێچەوانەی دەستوری عێراقە و من لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كورستان مامەڵە دەكەم.
ئەم خاڵانە تەنیا چەند خاڵێك بوون لەكۆی ئەو یاخیبوونەی نوری مالیكی سەركردایەتی دەكات، بەڵام پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەوەی مالیكی خەوی پێوە دەبینێت لە ناو شیعەی عێراقدا بۆی دێتەدی، تا ئامانجی ئەوە بێت بە رێگەی هەڕەشەكردن لە كوردستان بۆی بێتەدی؟ وەڵامی ئەم پرسیارە د.حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەید عەمار حەكیم و سەركردەكانی شیعەی عێراق دەیدەنەوە كە ئامادەن لەسەر پرسی سەربەخۆیی كوردستان بە دیالۆگ و ئاشتییانە قسەبكەن، نەك نوری مالیكیەكی دۆڕاو كە جارێكی دیكە نەك هەر عێراقییەكان، بەڵكو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ریگە نادات تێكەڵ پرۆسەی سیاسی بێتەوە، یان خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق كاندید بكاتەوە، لەمەش زیاتر ئەوەی خۆی خستۆتە ژێرباڵی ئەو یاخیبوونەوە لە كوردستاندا درێژە بە رەفتارەكانی نوری مالكی دەداتەوە، ئەوا چۆن مالیكی لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا جێگەی نابێتەوە، بەهەمان شێوە ئەوانەشی دوای مالیكی كەوتوون لە پرۆسەی سیاسیی كوردستان جێگەیان نابێتەوە.
Share