نەخشەی كوردستان وەك هێماو مەدالیای تێكشاندنی تیرۆریستانی داعش

نەخشەی كوردستان وەك هێماو مەدالیای تێكشاندنی تیرۆریستانی داعش
راگەیاندنی داعش وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی و كەوتنی موسڵ و دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی، هەمووی تەنیا لەماوەی چەند مانگێكدا بوو، لەمەش خراپتر خەلافەتی ئیسلامی رەگ و ریشەی لەناو هەموو دەوڵەتانی ئەوروپای رۆژئاوا هەبوو، واتە لەیەك كاتدا هەم دەوڵەتیان راگەیاندبوو، هەمیش هەموو ئاسایشی دەوڵەتانی رۆژئاوایان خستبووە مەترسییەوە. جیهان رووبەرووی دوژمنێكی نەبینراو ببووەوەو هیچ ئەزموونێكیشی لە شەڕی نەبینراودا (invisible war) نەبوو، ئەمەش هەموو دەوڵەتانی جیهانی دووچاری شۆكێكی گەورە كرد. لە دوومانگی یەكەمی دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی، جیهان رووبەڕووی سێ كێشەی سەرەكی ببووەوە كە هیچیانی پێ چارەسەر نەدەكرا، كە بریتی بوو:
1- چۆن داعش بەم خێراییە سەری هەڵداو خەلافەتی ئیسلامی راگەیاند، بەبێ ئەوەی پێشتر ئەم رووداوە پێشبینی كرابێت؟
2- ئەو هۆكارانە چین ئەفسانەی داعشی دروستكردووەو هیچ هێزێك ناتوانێت لەسەر زەوی تێكی بشكێنێت؟

3- ئایا دەكرێت سوود لەچ ئەزموونێك وەربگیرێت بۆ ئەوەی سەركردەكانی جیهان بتوانن بڕیار بدەن و سنوورێك بۆ داعش دابنرێت؟
سەركردەكانی داعش كە بەشی زۆریان ئەفسەرو سەربازانی رژێمی پێشووی بەعسی عێراق بوون، بەشی ئەوە ئەزموونیان هەبوو كە ئەگەر پەلاماری كوردستان بدەن و رووبەڕووی هێزی پێشمەرگە ببنەوە تێكدەشكێن، بەڵام بێ وەڵامیی جیهان بۆ ئەو سێ پرسیارەو سەركەوتنە یەك بەدوایەكە گەورەكانیان، سەركردەكانی داعشی بەجۆرێك غروور كرد كە بیر لە هێرشكردنە سەر كوردستانیش بكەنەوە. لەگەڵ هێرشكردنیان بۆ سەر كوردستان، راستە لەسەرەتادا توانییان هەندێك پێشڕەوی بكەن و چەند ناوچەیەكی كوردستانیش داگیربكەن، بەڵام كە سەرۆك بارزانی بریاری شەڕی مان و نەمانی دا، ئیدی هەموو شتێك گۆڕا، هەروەك چۆن كە قوسەتنتین بڕیاری دا لە رۆماوە بەرەو قوسەتنتین جووڵا، ئیدی هەموو شتێك گۆڕا. بەهەمان شێوە كە مسعود بارزانی بڕیاری شەڕی مان و نەمانی دژی تیرۆریستانی داعش دا، ئیدی هەموو شتێك گۆڕاو وەڵامی ئەو سێ پرسیارە كە جیهان بەدەستیەوە دۆشدامابوو، درانەوەو بەجیهانی راگەیاند، ئەفسانەی داعش بەتاڵ دەكرێتەوە و هێزێك هەیە كە ناوی پێشمەرگەیەو دەتوانێت لەسەر زەوی تیرۆریستانی داعش تێك بشكێنێت. هەر ئەمەش جیهانی گەیاندە ئەو قەناعەتەی بڵێن (كوردستان سپارتای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەو دەبێت لەبەر قارەمانیەتی پێشمەرگە رێز لە كوردستان بگیرێت.)
ئەم وەرچەرخانەی ئیرادەی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش دروستی كرد، بووە سەرەتای بڕیاری ئیدارەی باراك ئۆباما بۆ هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە بە رێگەی هێزی ئاسمانی، دابینكردنی هاوكاری هێزی ئاسمانی بۆ پێشمەرگە بووە هۆكاری ئەوەی پێشمەرگە لە راگرتنی هێرشەكانی داعشەوە بەرەو تێكشكاندنی داعش هەنگاو هەڵبگرێت، ئەمەش بووە بنەمایەك بۆ ئەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دی داعش بەسەرۆكایەتی ئەمریكا لە 11ی سێپتەمبەری 2014 ستراتیژیەتی دژی تیرۆریستانی داعش لەلایەن باراك ئۆباما و لەژێر ناونیشانی تێكشكاندن و لەریشەهەڵكێشانی داعش (destruction and degrade ISIS ) رابگەیەنێت و هەردوای راگەیاندنی ئەم ستراتیژیەتەش رۆژی 12ی ئەیلوولی 2014 سەردانی هەولێری كرد، ئەمەش مانای ئەوەیە دوای كەمتر لە 40 رۆژ لە بڕیارەكەی بارزانی و بەرگری قارەمانانەی پێشمەرگە، جیهان بەگشتی و دەوڵەتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش گەیشتنە ئەو قەناعەتەی بێجگە لە پشتگیری پێشمەرگە هیچ رێگەیەكی دیكە نییە بۆ ئەوەی لەسەر زەوی تیرۆریستانی داعش تێك بشكێنرێت، لەمەش زیاتر بێجگە لە پێشمەرگە هیچ سوپایەك لەم جیهانەدا بوونی نییە كە بتوانێت دیاردەی فرەكەلتووری و فرەئایینی لەئێستادا بكاتە سەرچاوەی هێز بۆ لێبووردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە. بۆیە تەنیا ئەم دوو تایبەتمەندییەی پێشمەرگە (تێكشكاندنی تیرۆریستان لەسەر زەوی و دروستكردنی ژینگەیەكی سیاسی بۆ لێبووردەیی و پێكەوەژیان) ستراتیژیەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەتێكشكاندنی داعش و لەریشەهەڵكێشانی فیكری داعش پێكەوە كۆدەكاتەوە، لەسەر ئەم بنەمایە كوردستانی دەوڵەتی ئەمری واقیعی ئەزموونی دیموكراتی، گۆڕا بۆ كوردستانی ئەمری واقیعی تێكشكاندنی تیرۆریستان و لە ریشەهەڵكێشانی فیكری داعش.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ئایا پێناسەی دەوڵەت و سەروەریی دەوڵەت، لەپێش هێرشی داعش بۆ سەر كوردستان و دوای هێرشی داعش بۆ سەر كوردستان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە مامەڵەی دەوڵەتانی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی دژی داعش و دەوڵەتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا و دەوڵەتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی دەیدەنەوە، كە لەدوای 2ی ئابی 2014ـەوە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ كوردستان رۆژ لەدوای رۆژ لەهەڵكشاندایە.
پرسیاری دیكە لێرەدا ئەوەیە، ئەگەر ئەم بایەخ و گرنگییەی كوردستان و هێزی پێشمەرگە لەو ئاستەدایە، بۆچی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەفەرمی پشتگیری كوردستان ناكات بۆ ئەوەی بەفەرمی سەربەخۆیی رابگەیەنێت و ببێتە ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش ئەو وەرچەرخانە خێراو بەردەوامانە دەیداتەوە كە لە بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدەن، هەروەها بەهەمان ئاستیش ستراتیژیەت و سیاسەتی ئەمریكاش بەرامبەر ئەو وەرچەرخانە خێراو بەردەوامانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بیر لەوە دەكرێتەوە چۆن سیستمی جیهانی گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی بەسەردا بهێنرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ واقیعی ئێستای جیهانی بگونجێت. بۆیە لەم چوارچێوەیەدا كە كوردستان بۆتە سەنگەری پێشەوەی تیكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و ژینگەیەكی سیاسی بۆ پاراستنی بەهاكانی مرۆڤایەتی، ئەوا هەموو جیهان چاوی لەسەر ئەوەیە ئیرادەی پێشمەرگەو سەركردایەتی بارزانی كۆپی بكاتەوە و لەشەڕی دژی تیرۆر و لەریشەهەڵكێشانی فیكری توندڕەوی سەركەوتنی پێ بەدەست بهێنێت، ئەوا كوردستان ئەو دەوڵەتەیە بەبێ دانپێدانان بۆ هاوتای دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و سەرۆكی كوردستانیش نەك هەر وەك سەرۆكی دەوڵەت، بەڵكو وەك سیمبولی تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و دروستكەری ژینگەی سەقامگیری و پێكەوەژیان و لێبووردەیی سەیردەكرێت و نەریتێكی تازەی دیپلۆماتی لەئاستیدا پیادە دەكەن، كەپێشتر بۆ هیچ سەرۆكێك نەكراوە، هەروەك چۆن سەرۆك ئۆلاند لە هەولێر بارزانی لەئامێز گرت و لە ریازیش شا سەلمانی پادشای سعودیە لە پێشوازیی بارزانی پیشانی دا، ئەمانە هەمووی پێمان دەڵێن ئێستا نەخشەی كوردستان بۆتە هێماو مەدالیای تێكشكاندن و لە ریشەهەڵكێشانی فیكری داعش، كە ئێستا ئەم دوو ئامانجە ئەولەوییەتی سیاسەتی هەموو دەوڵەتانی جیهانی ئازادە.
Top