هۆلاند پێی گووتین .. كوردستان بەشێكە لەهاوپەیمانی نیودەوڵەتی نەك عێراق
January 8, 2017
راپۆرتەکان
فرانسۆ هۆلاند بە هاتنی لە 12ی ئەیلوولی 2014 بۆ هەولێر ، كەمتر لە تەنها چل رۆژ بوو مسعود بارزانی وەك پێشمەرگە و فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی كوردستان ، بریاری شەڕی مان و نەمانی دژی تیرۆریستانی داعش دابوو، ئیرادەی پێشمەرگە یەكەم موژدەی تێكشكانی تیرۆریستانی بە جیهان راگەیاندبوو، هەر بۆیە هۆلاند لەسەردانەكەی ئەیلولی 2014 ئەو پەیامەی ئاراستەی جیهان كرد كە سەرەتای راگرتنی هێرشەكانی داعش و بەتاڵكردنەوەی ئەفسانەی داعش لە هەولێرەوە دەستی پێكردووە و هەر لێرەشەوە كۆتایی دێت، بۆیە لە هەولێرەوە پلانی سەربازی بۆ تیكشكاندنی دادەرێژرێت نەك واشنتۆن و پاریس و لەندەن و پایتەختەكانی دیكە، هەروەها و لە ئیرادەی پێشمەرگەوە جیهان فێر دەبێت چۆن سەنگەری تیرۆریستان تیكدەشكێنرێت و هەروەها هەر لەئیرادەی پێشمەرگەوە فێردەبین چۆن ژینگەی لەبار بۆ گەشەكردنی تیرۆریستان(homegrown terrorism) لەریشەوە هەڵدەكێشرێت و گیانی خۆشەویستی و پێكەوەژیان لە نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان پێكدەهێنرێت.
بەڵام سەردانی فرانسۆ هۆلاند لەگەڵ دەسپێكی ساڵی نوێ بۆ كوردستان، پەیامێكی دیكەی ئاراستەی جیهان كرد و پێی گووتن : هەولێری پایتەختی كوردستان .. بەغدای پایتەختی عێراق نیە ، هەروەها هەولێر تەنها پایتەختە لەبەرەكانی شەرەوە كۆتایی هاتنی داعشی لەكوردستان راگەیاندووە ،لەمەش زیاتر بە جیهانی راگەیاند كوردستان تەنها دەوڵەتە لە جیهاندا ، لەگەڵ ئەوەی لە هەندێك شوێن تەنها چەند كیلۆمەترێك لە تیرۆریستانی داعش دوورە ، بەڵام خەڵكەكەی بەتەواوی ئایین و نەتەوە جیاوازەكانەوە بەدڵنیایی ئاهەنگەكانی سەری ساڵیان بەریكردووە، هۆلاند بەجیهانی راگەیاند ئەو فرەكلتورییەی (multiculturalism) ئێستا لەفەرەنسا و تەواوی دەوڵەتانی یەكێتی ئەورپا و ئەمریكا بۆتە سەرچاوەی ترس و تۆقاندن و مەترسی لەبەر یەكهەڵوەشانی بەها بەرزەكانی لیبرال دیموكراتی، ئێستا لە كوردستانەكەی بارزانی فرەكلتوریی بۆتە سەرچاوەی هێز و خۆشەویستی و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان كەلتور و نەتەوەو ئایینە جیاوازەكان و دووبارە زیندوو كردنەوەی بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی و لیبرال دیموكراتی لە جیهاندا.
ئەم پەیامانەی هۆلاند كە لەمیانەی سەردانەكانی بۆ هەولێر و لەمیانەی پشكنینی پاسەوانی شەرەفی پێشمەرگە لەگەڵ مارشی ئەی رەقیب و سڵاوكردنی بۆ ئاڵای كورستان ئاراستەی جیهانی دەكات ، راشكاوانە ئەوە بە هەموو جیهان بە گشتی و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی دەڵێت: پێناسەی دەوڵەتی هاوچەرخ ئەو دەوڵەتەیە بتوانێت لەسەر زەوی تیرۆریستان تیكبكشكێنێت، لە سەر ئاستی سیاسیش دەوڵەتی هاوچەرخ ئەو دەوڵەتەیە بتوانێت لەچوارچێوەی رێزگرتن و پاراستنی بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی ، فرە كلتوری و فرە نەتەوەیی و ئاینیی بگۆرێت بۆ سەرچاوەی هێز و پێكەوە ژیانی ئاشتیانە، لە ئێستا كوردستان ئەمەی سەلماندووە بۆیە پێویستە هەموو دەوڵەتانی جیهانی ئازاد ببنە بەشێك لە پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەتی كوردستان وەك دەوڵەتێكی هاوچەرخ بۆ سەدەی بیست ویەك ، دەبێت دەنگی ئەندامانی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پێشوازی لەدەوڵەتی كوردستان بێت و ڤیتۆی ئەندامانی هەمیشەی ئەنجوومەنی ئاسایش دژی ئەو دەوڵەتانە بەكاربهێنرێت كە چاویان بە لەدایكبوون و سەربەخۆیی كوردستان هەڵنایەت