فابریش بالۆنش : دەوڵەتە دروستكراوەكانی سایكس پیكۆ پێناسەی نەتەوەییان شێواندووە

فابریش بالۆنش : دەوڵەتە دروستكراوەكانی سایكس پیكۆ پێناسەی نەتەوەییان شێواندووە
لەتوێژینەوەیەكدا بە ناونیشانی (شام: لەبەریەك هەڵوەشان و دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەكان) پڕۆفیسۆر فابریش بالۆنش توێژەری باڵاو پسپۆڕ لە كاروباری سووریا و سیاسەتی عەرەبی و ئیسلامی لەئامۆژگای واشنتۆن، لەدەستپێكی باسەكەیدا باس لە گوتەیەكی پڕۆفیسۆر جۆن كەرەمی مێژوونووسی لوبنانی دەكات كە لەساڵی 2007 گوتوویەتی: «لە بەلكانیزەكردنەوە بۆ لوبنانیزەكردن..لوبنان لەساڵی 1975 تا 1990 بەدەست شەڕی ناوخۆوە ناڵاندوویەتی، بەڵام ئەوە ماوەی دوو دەیەیە شەڕ كۆتایی هاتووە، بەڵام هێشتا مەترسیی هەڵوەشانەوەی لەسەرە، هۆكاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەیانتوانیوە توانایەكی ئەوتۆ بۆ هاووڵاتیان دروست بكەنەوە كە بتوانێت بەوجۆرە پێناسەی نەتەوەیی بكاتەوە كە لەدەوڵەتانی رۆژئاوا پێناسەی نەتەوە دەكات.» سەبارەت بەم قسەیە پڕۆفیسۆر بالۆنش جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، ئەوەی پڕۆفیسۆر كەرەم بۆ لوبنان دەستنیشانی كردووە، تەنیا كێشەی لوبنان نییە، بەڵكو تەواوی دەوڵەتانی ناوچەكە بەدەست ئەو كێشەیەوە دەناڵێنن، بۆیە ئەو جەخت لەوە دەكاتەوە كە نەك تەنیا لوبنان، بەڵكو عێراق و سووریاش پێویستیان بە بەلكانیزەكردن هەیە.
سەبارەت بە كێشەی نەخشەی سایكس پیكۆ، دیراسەتەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە سایكس پیكۆ هەر لەسەرەتاوە بەمردوویی لەدایك بوو، هەر بۆیە ئەو نەخشەیەی كە بەریتانیاو فەرەنسا لەجەنگی یەكەمی جیهانی دایانڕشت، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی، واتە تەنیا دوای 30 ساڵ گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا هات، ئەمە لەگەڵ ئەوەی رێككەوتنەكەش هەر لەسەرەتا وەك خۆی جێبەجێ نەكرا، لەم لایەنەوە توێژینەوەكە ئاماژەی بەم خاڵانە كردووە:
1- لەنەخشەكەی سایكس پیكۆدا سووریاو لوبنان یەك دەوڵەتن، بەڵام لەساڵی 1945 لەیەكتری جیابوونەوەو سەربەخۆییان راگەیاند.
2- لەساڵی 1947 فەلەستین لەنێوان عەرەب و جوو دابەش بوو، لە ئایاری ساڵی 1948 جووەكان دەوڵەتی ئیسرائیلیان راگەیاند. پاشانیش سنووری دەوڵەتەكەی لەمیانەی سەركەوتنی سەربازی بەسەر عەرەبدا دیاری كرد.

ئەم دوو حاڵەتە ئەوە ئاشكرا دەكەن كە گۆڕانكاری لەسنوورەكانی سایكس پیكۆ كارێكی تازە نییە، بەڵكو جیا لەوەی هەر لەدوای جەنگی یەكەمی جیهانی گۆڕانكاری گەورە لەنەخشەكە كراوە، لەدوای كۆتاییهاتنی شەڕی دووەمی جیهانیش جارێكی دیكە گۆڕانكاری لەو سنوورانەدا كراوە، لەئێستاشدا كە تەواوی كێشەكانی ناوچەكە پێویستی بەوەیە كە نەخشەكە دووبارە دابڕێژدرێتەوە، ئەوا دەبێت پێداگیری لەسەر مانەوەی ئەو سنوورە دەستكردو مردووانە نەكرێتەوە.
لەبەشێكی دیكەی توێژینەوەكەو سەبارەت بەعێراق وەك دەوڵەتێكی دەستكرد، توێژینەوەكە ئاماژەی بەوە كردووە، عێراق هەر لەسەرەتاوە بە زەبری ئاگرو ئاسن بەیەكەوە هێڵدراوەتەوەو لەو رۆژەی عێراق بۆتە ئەندامی كۆمەڵەی گەڵان بە ئاگرو ئاسن بەرامبەر هەر داواكارییەك وەستاوەتەوە كە پێكهاتەیەك داوای ئۆتۆنۆمی كردبێت، هەر بۆ نموونە لەساڵی 1932 حكومەتی عێراق كۆمەڵكوژی دژی كریستیانەكان ئەنجامدا، تەنیا لەبەر ئەوەی داوای ئۆتۆنۆمییان كردووە، هەروەها هەتا ساڵی 1991 كورد لەعێراقدا كۆمەڵكوژ كراوە، تەنیا لەبەر ئەوەی دوای ئۆتۆنۆمی كردووە، لە ئێستاشدا ئەو ئاژاوەو پاشاگەردانییەی ناوچەكەی داگیركردووەو ئەو كێشە توندەی لەنێوان سعودیەو ئێراندا هەیە، هەموو هۆكاری ئەو دەوڵەتە لاوازو دەستكردنایە، هەموو ئەمانەش بوونەتە تەحەددی گەورەو نەمانی سایكس پیكۆ.
Top