خوێندنەوەیەك بۆ كتێبی 100ساڵی سایكس پیكۆ سەربەخۆیی بۆ كوردستان و فیدڕاڵی بۆ عێراقی عەرەبی

خوێندنەوەیەك بۆ كتێبی 100ساڵی سایكس پیكۆ سەربەخۆیی بۆ كوردستان و فیدڕاڵی بۆ عێراقی عەرەبی
ئامۆژگای واشنتۆن بۆ دیراساتی نزیك ئەم هەفتەیە نامیلكەیەكی 98 لاپەڕەیی بەناونیشانی: (سنوورە دەستكردەكان.. 100ساڵی سایكس-پیكۆ. The Lines That Bind: 100Years of Sykes-Picot) بڵاوكردۆتەوە و لەلایەن پڕۆفیسۆر ئەندریۆ تالبەر توێژەری باڵا لە پرۆگرامی سیاسەتی عەرەبی و تایبەتمەند لە سیاسەتی سووریاو بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەوڵاتانی عەرەبی لەئامۆژگای واشنتۆن سەرپەرشتی كراوەو ژمارەیەك توێژەرو ئەكادیمیی تایبەتمەند لە دەوڵەتانی ناوچەكە بەشدارییان تێدا كردووە. لەبەر گرنگیی ئەم توێژینەوانە كە وەك پێشنیارێكە بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردنی ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا لەگەڵ كوردستان و عێراق، بە گرنگمان زانی پوختەیەكی بۆ خوێنەرانمان بڵاو بكەینەوە.


ئەندریۆ تالبەر
تایبەتمەند لەسەر سووریاو سیاسەتی عەرەبی:
دەبێت ئەمریكا بەرنامەیەكی سەركەوتووی سەربازی یان بەرنامەیەكی سیاسی پراكتیكی بۆ چارەسەر هەبێت
پڕۆفیسۆر ئەندریۆ تالبەر كە لەمانگی نیسانی 2016 سەرپەرشتی پەنێڵێكی كردووە بەبۆنەی تێپەڕبوونی 100ساڵ بەسەر سایكس پیكۆ-دا، لەو كاتەوە سەرپەرشتی ئەو پرۆگرامەی كردووە كە ئەم نامیلكە 98 لاپەڕەیەی لێ بەرهەم هاتووەو وەك پرۆسەیەك ئەوە دەخاتەڕوو كە كاتی ئەوە هاتووە سایكس پیكۆ كۆتایی بێت، پڕۆفسیۆر تالبەر كە پێشەكیی ئەم نامیلكەیەی نووسیوە، هەر لەسەرەتاوە ئاماژە بەوە دەكات ئێستا زۆربەی خەڵك باس لەوە دەكەن كە سایكس پیكۆ وەك ئەو رێككەوتنە نهێنییەی لەنێوان بەریتانیاو فەرەنسا بۆ دابەشكردنی میراتی عوسمانی گرێدرابوو، ئێستا لەبەریەك هەڵوەشاوەتەوە، ئەم رێككەوتنە نەیتوانی دەوڵەتی نەتەوەیی هاوچەرخ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بكات. هەروەها ئەو دەوڵەتانە كە بوونە ئەندامی كۆمەڵەی گەلانیش راستەخۆ لەلایەن پاریس و لەندەنەوە ئاراستە دەكران، ئەمەش وایكرد دەستەبژێری قەومی عەرەبی هەست بەوە بكەن كە رۆژئاوا بەسەر ناوچەكەیاندا باڵادەستە، ئەمە بووە هۆكاری گەشەسەندنی فیكری قەومی عەرەبی و هەوڵدان بۆ یەكگرتن، هەروەك یەكگرتنی نێوان میسرو سووریا لەساڵانی 1958-1961 ئەمەش هەوڵێك بوو بۆ ئەوەی پان عەرەبیزم جێگەی سایكس پیكۆ بگرێتەوە، بەڵام ئەمەش سەری نەگرت و هەڵوەشایەوە. پاش هاتنی داعش و راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی كە بە تەواوەتی بارودۆخی ناوچەكەی گۆڕی، بیر لەوە دەكرێتەوە كە سیستمێكی دیكە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێتەئاراوە، لەئێستاشدا كە رۆژ لەدوای رۆژ بارودۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێت، كاتی ئەوە هاتووە كە ئەمریكا بیر لەوە بكاتەوە كە یان بەرنامەیەكی سەربازیی سەركەوتووی هەبێت، یان بەرنامەیەكی سیاسیی پراكتیكی هەبێت كە توانای جێبەجیكردنی هەبێت بۆ ئەوەی كێشەكانی ئەو ناوچەیە چارەسەر بكرێت.
Top