سەروەری تەقلیدی دەوڵەت ناتوانێت كێشە هاوچەرخەكان چارەسەر بكات

سەروەری تەقلیدی دەوڵەت ناتوانێت كێشە هاوچەرخەكان چارەسەر بكات
كاتێك بیرمەندان و سیاسەت دروستكەرانی رۆژئاوا دەڵێن، سەروەریی تەقلیدیی دەوڵەت توانای وەڵامدانەوەی هەموو مەترسی و هەڕەشەكانی سەدەی بیست و یەكەمی نییە، پێویستە سەروەریی دەوڵەت پێناسە بكرێتەوە، بۆ ئەوەی دەوڵەت بتوانێت هەم خۆی وەك دەوڵەت سنوورێك بۆ ئەو مەترسی و هەڕەشانە دابنێت، هەمیش پابەند بێت كە نەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی ئەو هەڕەشەو مەترسییانە دەوڵەتانی دیكەش بگرێتەوە.
دیارە هەڕەشەی سەرەكی كە پێویستە دەوڵەت سنووری بۆ دابنێت، ئەوەیە كە رێگەنەدات لەخاكەكەی ئەوەوە تیرۆرو تیرۆریستان بپەڕێنەوە، هەروەها دەوڵەت دەبێت ژینگەیەكی سیاسیی تەندروست بۆ پێكەوەژیانی نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەكان فەراهەم بكات.

لەسەر ئەم بنەمایە ئێستا تەواوی دەوڵەتانی جیهان كێشەی گەورەیان بۆ دروست بووە، تەنانەت وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاو ئەمریكاش كە شانازی بە فرەكەلتووریی كۆمەڵگەكانیان دەكەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەروەریی تەقلیدیی دەوڵەت بەشێوەیەك لەشێوەكان سڕبووەو وەك پێویست وەڵامدانەوەی نییە، ئەوا ئێستا لەكۆمەڵگەكانی ئەوروپا، شانازیی فرەكەلتووری لەزۆر رووەوە گۆڕاوە بۆ پێكدادانی كەلتووری لەنێوان موسڵمان و كریستیان، لەنێوان رەش پێست و سپی پێست، هەروەها لەنێوان رۆژئاواو رۆژهەڵاتیشدا، لەمەش زیاتر دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپاو ئەمریكا شانازییان بەوە دەكرد كە دەوڵەتەكانیان ژینگەیەكە كە بۆ ئازادی پێشوازی لەهەموو جیهان دەكەن، كەچی لەئێستادا حزبەكانی ئەمریكا و ئەوروپا بەدژایەتیكردنی پەنابەرو رێگرتن لەپەنابەر هەڵبژاردن دەبەنەوەو دەچنە ناو دەسەڵاتەوە.

ئێمە لەباشووری كوردستاندا كە تەنیا خاوەنی دەوڵەتێكی ئەمری واقیعی دانپێدانەنراوین، لەبەر ئەوەی ئەو كێشانەی رووبەڕووی هەموو دەوڵەتانی جیهان بۆتەوە، وەك دیاردەی (پێكدادانی كەلتوور و جیاوازیی نێوان پێست رەش و پێست سپی، یان كێشمەكێشی نێوان رۆژئاو رۆژئاوا) لەكوردستاندا بوونیان نییە، هەربۆیە كەمتر هەڵوەستە لەسەر ئەم لایەنە دەكەینەوە كە ئێستا جیهانی پێشكەتوو بەدەستیەوە دەناڵێنێت

لەسەر ئاستی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی كە ئێستا بەو ژینگەیە ناسراوە كە دەبێتە سەرچاوەی تیرۆرو توندوتیژی و هەناردەكردنی ئەم دیاردەیە وەك هەڕەشە و مەترسی بۆ ئەوروپا و رۆژئاواو تەواوی جیهان، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەوجۆرە سەیری ئەو دەوڵەتانە دەكات كە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان و پاشاگەردانی و بێ سیستمی لەناوچەكانی خۆیاندا، بۆیە هەموو هەوڵیان بۆ ئەوەیە جارێكی دیكە ئەو دەوڵەتانە بونیاد بنێنەوە، ئەوجا لەبەر ئەوەی ژینگەی سیاسیی كوردستان نەبۆتە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی تیرۆرو توندوتیژی و نەبووەتە هەڕەشەش لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان و پاشاگەردانی و بێ سیستمی ناوچەكە، ئەوا ئەم لایەنەش كەمتر بایەخی پێدەدەن.
لەناو تەنگژەی دەوڵەت بەشێوەیەكی گشتی لەجیهاندا، دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی بوونەتە سەرچاوەی تیرۆرو توندوتیژی، بەڵام كوردستان لەسایەی هێزی پێشمەرگەدا نموونەیەكی سەركەوتووی دەوڵەتی پیشانداوەو ئیرادەی پێشمەرگە ئەو توانایەی داوە بەدەوڵەتی كورستان كە وەڵامی ئەو تەحەددی و هەڕەشانە بداتەوە كە بەشێوەیەكی گشتی ئێستا دەوڵەت لەجیهان و بەشێوەیەكی تایبەتی لەوڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ناتوانێت وەڵامی بداتەوە. ئەمەش مانای ئەوەیە لەگەڵ ئەوەی كوردستان لەچوارچێوەی سیستمە كۆنەكەی جیهاندا بەفەرمی سەروەریی دەوڵەتی نییە، بەڵام ئیرادەی پێشمەرگە بەجۆرێك سەروەریی كوردستانی پێناسە كردۆتەوە كە زەمینەی ئەوەی خۆشكردووە، نەك هەر جیهان دانی پێدابنێت و رێزی لێبگرێت، بەڵكو لەگەڵ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، سەروەریی كوردستان جێگەی سەروەرییە تەقلیدییەكە دەگرێتەوە.»
Top