دەستپێشخەری سەرۆك بارزانی نەخشەڕێگە بۆ كۆتاییهێنان بە گەندەڵیی سیاسی

دەستپێشخەری سەرۆك بارزانی نەخشەڕێگە بۆ كۆتاییهێنان بە گەندەڵیی سیاسی
دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دوایین خاڵی لەسەر سنووری باشووری كوردستان لەتیرۆریستانی داعش پاككردەوە، سەرۆك بارزانی لەگەڵ راگەیاندنی پەیامی سەركەوتن داوای كرد، كێشەكانی كوردستان بە دیالۆگ چارەسەر بكرێن و دەبێت ئەو لوغمە سیاسییانەش كە بۆ پرۆسەی سیاسی دانراون، پووچەڵ بكرێنەوە، لەمەش زیاتر هەر دوای راگەیاندنی پەیامی سەركەوتن، سەرۆك بارزانی وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ خواستی خەڵكی كوردستان، سێ پێشنیاری كرد، كە لەپێش هەمووانەوە داوای كرد حزبەكان كۆببنەوەو كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستنیشان بكەن.
ئەگەر سەرنج لەم پێشنیارەی سەرۆك بارزانی بدەین، دەبینین ئەمە بۆ یەكەمینجارە لەمێژووی هەموو سەرۆكەكانی جیهاندا، سەرۆكێك لەدوای راگەیاندنی گوتاری سەركەوتن لەشەڕێكی جیهانیدا داوابكات لە پۆستەكەی خۆیدا نەمێنێت.
سەرۆك بارزانی ئەمەی لەپێناوی ئەوەدا كردووە كە كوردستان لە دوو مەترسی زۆر گەورە دووربخاتەوە:
1. پووچەڵكردنەوەی ئەو لوغمە سیاسییانەی بۆ پرۆسەی سیاسیی كوردستان دانراون، بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی لەكوردستاندا تێكبشكێنێت.
2. كۆتاییهێنان بەو ئیرهابە فیكرییەی دژی سەربەخۆیی كوردستان و پێشمەرگە لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان و بەشێك لە حزبەكانی دیكەوە بەڕێوەدەچێت.
ئەو دووخاڵەی سەرۆكی كوردستان ئاماژەی پێكردوون، هەردووكیان پێكەوە ئەو گەندەڵییە سیاسییەیە كە خەریكە دەبێتە مەترسی و تەحەددا لەسەر هەموو شتێكی جوانی ئەم كوردستانە، ئەمەش مانای ئەوەیە سەرۆك بارزانی ئامادەیە هەموو شتێك بكات بۆ ئەوەی كۆتایی بەو گەندەڵییە سیاسییە بێت و جارێكی دیكە پرۆسەی سیاسی كارا بكرێتەوەو هەموو تواناكان یەكبخرێن بۆ ئەوەی رێگەچارەیەك بۆ قەیرانە دارایی و سیاسییەكانی كوردستان بدۆزرێتەوە.
ئەزموون و لۆژیك و بڕوابوونی سەرۆك بارزانی بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان، هەمان ئەو لۆژیك و بڕوابوونەیە كە لەدوای راپەڕینی ساڵی 1991 لە دیداریكدا لەگەڵ هارڤارد پۆلتیكل ریڤیو ئاماژەی پێكرد: «میللەتی ئێمە میللەتێكی تەمبەڵ و هەژار نییە، ئێمە وڵاتێكی دەوڵەمەندو گەلێكی خاوەن ئیرادەمان هەیە، ئێمە تەنیا پێویستی ئەوەندەمان بە ئێوەیە هەتا تۆزێك دێینەوە سەرخۆمان، پاشان میللەتی ئێمە دەزانێت چۆن خۆی رێكدەخاتەوە.» سەرۆك بارزانی ئەم لۆژیك و ئەزموونەی لەماوەی دووساڵی رابردووی شەڕی داعش لەناو هێزی پێشمەرگەی كوردستان تاقیكردەوەو بە لۆژیكی خۆی توانی گەندەڵیی سیاسی لەناو ریزەكانی هێزەی پێشمەرگەی كوردستاندا بنبڕبكات و هێزی پێشمەرگە تەنیا سەرقاڵی پاراستنی كوردستان بێت و خۆی تێكەڵی پرۆسەی سیاسی و ململانێی حزبەكان نەكات. ئاكامی ئەم ئەزموونەش دوای پشتیوانی خوا ئەوە بوو كە هەموو جیهان سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی بینی. ئێستاش كە سەرۆك بارزانی ئەم دەستپێشخەرییەی راگەیاندووە بۆ ئەوەی حزبەكان كۆببنەوە هەتا ئەوەی كێشەكانی خۆیان چارەسەر بكەن و كەسێكیش دەستنیشان بكەن بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەربگرێت، ئەمە گەورەترین قوربانیدانە بۆ ئەوەی گەندەڵیی سیاسی كۆتایی پێبێت و حزبەكان بەخۆدا بچنەوەو پرۆسەی سیاسی بخەنەوە سەر راستەڕێی خۆی، هەروەكو بەشی هەرە زۆری حزبە سیاسییەكانیش لەوەڵامی ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆك بارزانیدا گوتوویانە: «ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆك بارزانی بواری موزایەدەی سیاسی بۆ هیچ لایەك نەهێشتۆتەوە.»
لێرەوە پێویستە حزبە سیاسییەكان سوود لەم فرسەت و دەستپێشخەرییەی سەرۆك بارزانی وەربگرن و راستگۆیانە بەخەڵكی كوردستان بڵێن كێشەكانیان چین. خۆ ئەگەر بیانەوێت بە جۆرێك لە مانۆڕی سیاسی مامەڵە لەگەڵ ئەم دەستپێشخەرییە بكەن و ئاستەنگ دروست بكەن بۆ ئەوەی گەندەڵیی سیاسی هەر بەردەوام بێت، ئەوا لەم حاڵەتەدا رێگەی دیكە نامێنێت بێجگە لەوەی سەرۆك و پێشمەرگەو خەڵكی كوردستان بەناچاری بەدوای رێگەیەكی دیكەدا بگەڕێن، ئەمەش لەپێناوی ئەوەی هەم كوردستان پارێزراو بێت، هەمیش چیدیكە خەڵكی كوردستان لەوناو ئەو هەموو قەیرانانەدا نەژین.
Top