كاتێك حزبی سیاسی دەبێتە فاكتەرێك بۆ تێكدانی هاوسەنگیی سیستمی سیاسی
December 13, 2016
راپۆرتەکان
فۆكۆیاما دەڵێت: گرفتی سەرەكیی نێوان ئەو دوو هاوپەیمانە، یان ئەو دوو حزبە، ئەوە نییە كە بە شێوەیەكی رێكوپێك و لەكاتی خۆیدا دەستاودەستی ئاشتییانەی دەسەڵاتییان نەكردبێت، بەڵكو گرفتی سەرەكی رەفتاری ئەم دوو حزبەیە لەگەڵ حكومەتدا، هەر ئەوەش بۆتە هۆكاری ئەوەی گەندەڵی و ناسەقامگیریی سیاسی دروست بێت و پاشانیش حكومەتی یۆنان نەتوانێت كێشە داراییەكانی چارەسەربكات و ببێتە كارەسات بەسەر ئەو وڵاتەوە، دیارە ئەمەش بەرەنجامی ئەوەیە ئەم دوو حزبە هەر كاتێك هەڵبژاردنیان بردبێتەوەو چووبێتنە دەسەڵات، هەموو پۆستە گشتییەكانی حكومەتی پێشوویان گسك لێداوەو لەشوێنی ئەوان ئەندام و كادری سەربە حزبەكەی خۆیان داناوە، بەمەش نەیانهێشتووە هیچ ئەزموونێكی حوكمڕانی و هەڵسووڕانی دامەزراوەیی لەناو حكومەتی یۆنان دروست بێت، بۆ ئەوەی كاتێك رووبەڕووی قەیرانێك دەبنەوە، بتوانن چارەسەری بۆ بدۆزنەوە.
هەر ئەم بیرمەندە سەبارەت بە سیستمی دیموكراتی هیندستانیش دەڵێت: هیندستان لەناو ئاسیادا لەدوای راگەیاندنی سەربەخۆییەوە لەساڵی 1947 تائێستا نموونەیەكی باشی دیموكراتییە لەئاسیادا، بەڵام كێشەی سەرەكیی سیستمی سیاسیی هیندستان ئەوەیە كە حزبە سیاسییەكانی هیندستان بەشێوەیەك مامەڵە لەگەڵ حكومەت ناكەن، هەتا حكومەت بتوانێت بڕیاری راست و دروست بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەربكات. لەمبارەوە ئاماژە بەنموونەیەك دەكات ئەویش ئەوەیە توێژینەوەیەك دەریخستووە، ئەو مامۆستایانەی لەگوندەكانی هیندستان دامەزراون، بۆ ئەوەی منداڵی ئەو گوندانە فێری خوێندەواری بكەن، نیوەیان مووچە وەردەگرن، بەڵام لە قوتابخانەكان دەوام ناكەن، ئەم بابەتە لەگەڵ ئەوەی چەندین جار بۆتە گەورەترین بابەتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان، بەڵام دوای چەندین ساڵ كە دووبارە لێكۆڵینەوە كراوە، دەبینن دیاردەكە زیادی كردووەو كەمی نەكردووە و بەهەمان رێژەو زیاتریش مامۆستایان لە قوتابخانەكاندا دەوام ناكەن. ئەوجا ئەگەر لەو نموونە دیاریكراوەوە بەراوردی هیندستان و ژاپۆن بكەین، ئەوا دەزانین بۆچی ژاپۆن ئەندامی گروپی هەشت دەوڵەتە گەورە پیشەسازییەكەی جیهانەو بۆچیش هیندستان هەر بەهەژاری ماوەتەوە. خۆ ئەگەر بەراوردی هیندسستان لە رووی ژمارەی دانیشتووانەوە لەگەڵ كۆماری چینی میللی بكەین، ئەوا دووبارە دەبینین كە سیستمە دیكتاتۆرییەكەی كۆماری چین لە رووی ئابوورییەوە، زۆر لە سیستمە دیموكراتییەكەی هیندستان سەركەوتووترە.
ئاماژەكردنمان بەو دوو نموونەیە، لاوازیی دوو سیستمی سیاسی دیموكراتیمان پیشان دەدا، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر هاووڵاتیانی دەوڵەتانی ئاسیا ئەو توانایەیان هەبێت كە نموونەی ژاپۆن و تایوان و سەنگافورا و كۆریای باشوور لەبونیادنانەوەی دەوڵەت و نەتەوە پیشانی جیهان بدەن، ئەوا هەموو ئەو فاكتەرانەی وەك سامانی مرۆیی و داب و نەریت و فاكتەری ئایینی كە لەو وڵاتانە بوونیان هەیە، هەمان فاكتەر و بگرە زیاتریش لە هیندستان بوونی هەیە، هەروەها ئەگەر سەیری قەیرانەكەی یۆنان و تەواوی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا بكەین، ئەوا بەهەمان شێوە دەبینین ئەو قەیرانە داراییەی كە لە ساڵی 2008 رووی لەهەموو دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا كرد، هەر هەمان قەیرانیش رووبەڕووی یۆنان بۆتەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی بۆ یۆنان بووە كارەسات و ئەمریكا و دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا تێیانپەڕاند؟ ئەوا لەهەردوو حاڵەتەكەدا بۆمان دەردەكەوێت ئەو پەتای ناسەقامگیری و گەندەڵییە سیاسییە لە هیندستان و یۆنان هەیە، لە دەوڵەتانی ژاپۆن و كۆریای باشوور و تایوان و سەنگافورا و یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا بوونی نییە. ئەمەش مانای ئەوەیە هیچ كێشەو قەیرانێك لەئیرادەی دەوڵەت و نەتەوە گەورەتر نییە، ئەگەر لەناو ئەو دەوڵەت و نەتەوەیە پەتای ناسەقامگیری و گەندەڵیی سیاسی بوونی نەبێت.
لەم روانگەیەوە ئەگەر خوێندنەوەیەك بۆ ناسەقامگیری و گەندەڵیی سیاسی لە ژینگەی ئاڵۆزی كوردستاندا بكەین، ئەوا راشكاوانە دەگەینە ئەو ئاكامەی كە هۆكاری قەیرانە داراییەكانی كوردستان بە پلەی یەكەم دابەزینی نرخی نەوت، یان سیاسەتی فرۆشتنی راستەوخۆی نەوت نییە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بەڵكو دروستكردنی ناسەقامگیری و ئەو گەندەڵییە سیاسییەیە كە حزبەكانی كوردستان بوونە بەربەست لەبەردەم ئەوەی پەرلەمان و حكومەت بتوانن كاری خۆیان بكەن. هەروەها حزبەكان بوونە لەمپەرو ئاستەنگ لەبەردەم ئەوەی حكومەت و پەرلەمان پێكەوە نەخشەیەكی رێگە بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی قەیرانە داراییەكان دابڕێژن.
لێرەوەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئەو پرسیارە لەخۆمان بكەین، ئایا چۆن هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەناو ئەو هەموو قەیرانەدا (قەیرانی دارایی و چەك و لۆجیستی سەربازی) توانی ئەو سەركەتنە مەزنانە بەدەست بهێنێت و هەموو جیهان سەرسام بكات؟ بێگومان وەڵامەكەی تەنیا ئەوەیە كە ئەو گەندەڵییە سیاسییەی لەناو پرۆسەی سیاسی بوونی هەیە، لەناو هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوونی نییە. خۆ ئەگەر خوانەخواستە ئەو گەندەڵی و ناسەقامگیرییە سیاسییە لەناو هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوونی هەبوایە، ئەوا خوا دەیزانی چ كارەساتێكی گەورە بەسەر كوردستاندا دەهات و كوردستان بوونی نەدەما، هەروەك چۆن ئێستا شارەكانی ئەنبار و تكریت و موسڵ و حەلەب بوونی نەماوە.
نەتەوەیەك خاوەنی سامانی مرۆیی پێشمەرگە بەهەموو ماناكانیەوە بێت، ئەگەر حزبە سیاسییەكان سەر لەم میللەتە نەشێوێنن، هەموو تاكێكی كوردستان بە ژن و پیاوەوە هەمان بیركردنەوەی پێشمەرگەیان هەیە، تواناكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەڵقوڵاوی ئەو رۆحە خۆڕسكەیە كە پێشمەرگەی تێدا پەروەردە بووە، نەك ئەو توانایە لەمەیدانەكانی مەشق و راهێنانی سەربازی دروست بوویت، بۆیە هەمان ئیرادە و گیان لەناو هەر تاكێكی كوردستان هەیە، ئەگەر حزبەكان ئەم توانایانە سڕنەكەن، ئەوا چارەسەكردنی كێشە داراییەكانی كوردستان لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش قورستر نییە. بەڵام حزبە سیاسییەكانی كوردستان بوونەتە هۆكاری دروستبوونی ناهاوسەنگی پرۆسەی سیاسی و بوونەتە فاكتەری ئەوەی كە حكومەت و پەرلەمان نەتوانن بڕیاری راست و دروست بدەن، هەموو هۆكاری ئەمانەش رەفتار و كاردانەوەی خودی حزبەكانە لەگەڵ یەكتری و ئەگەر بەقووڵایی كێشەكەدا رۆچین، دەبینین لە كوردستاندا بێجگە لەكێشەو عینادیی حزبە سیاسییەكان هیچ كێشەیەكی دیكە بوونی نییە.