تایبەتمەندیی عێراق و كوردستان وەك وێستگەی یەكەم بۆ سەركەوتنی راپۆرتەكەی ئۆلبرایت – هادلی

تایبەتمەندیی عێراق و كوردستان وەك وێستگەی یەكەم بۆ سەركەوتنی راپۆرتەكەی ئۆلبرایت – هادلی
لەدەستپێكی راپۆرتەكەی ئۆلبرایت- هادلی جەخت لەسەر ئەو خاڵە كراوە كە جێبەجێكردنی ئەم راپۆرتە دوو بەشەو هەردوو بەشەكەش پێكەوە جێبەجی دەكرێت، ئەو دوو بەشەش بریتین لە:
1. تێكشكاندنی داعش و كۆتاییهێنان بەشەڕی ناوخۆیی و توندوتیژی و توندڕۆیی.
2. دامەزراندنەوەی حوكمڕانییەكی تازە لەسەر بنەمای گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی بۆ سەدەی بیست و یەك.
ئەگەر ئەم پرسە گرینگە و ستراتیژیەتی تازەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێكەوە گرێبدەینەوە، هەست دەكەین، مادلین ئۆلبرایت و ستیفن هادلی، تەواوی ئەو نەخۆشییەیان دەستنیشان كردووە كە دەرهاویشتە نەرێنییەكانی بوونە هۆكاری سەرهەڵدانی توندڕۆیی ئایینی و سەرهەڵدانی رێكخراوە تیرۆریستییەكانی هاوشێوەی داعش و ئەلقاعیدە لەناوچەكەدا، ئەمەش مانای ئەوەیە لەگەڵ ئەوەی لەم راپۆرتەدا تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش كراوەتە ئەولەوییەت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە بە تەواوبوونی داعش، سەقامگیری بۆ ناوچەكە دەگەڕێتەوە، پێمان دەڵێت، هۆكاری سەرەكیی سەرهەڵدانی فیكری تۆندڕۆیی و دروستبوونی فیتنەی مەزهەبگەرایی لەنێوان شیعەو سوننە و سەرهەڵدانی قاعیدەو داعش، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سیستمی دەوڵەت لەم ناوچەیە شكستی هێناوە و هەندێك دەوڵەتی ناوچەكەش وەك ئێران، وەك دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ ناوچەكە ناكەن.


كەواتە دوای تێكشكاندنی داعش هەنگاوی یەكەم ئەوەیە بناخەی سیستمێكی دەوڵەتی تازە بۆ ناوچەكە دابمەزرێت، هەروەها وەك ستیڤن هادلیش دەڵێت: «دەبێت هەوڵبدرێت سیستمێكی ئیقلیمیی تازە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابمەزرێت.» ئەمەش مانای ئەوەیە لەم سیستمە ئیقلیمییە تازەیەدا، دەبێت بە شێوازێكی نوێ پێناسەی دەوڵەت بكرێتەوە. سەبارەت بەم سیستمە ئیقلیمییە تازەیەش دەوڵەت چەند ئەركێكی گرینگی دەكەوێتە سەرشان، لەوانە:
1. دەبێت دەوڵەتانی ناوچەكە پابەندبن بەو سیستمە ئیقلیمییەی كە دەوڵەت پێناسە دەكاتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە چیدیكە دەوڵەتە گەورەكانی ناوچەكە وەك سعودیە و توركیا و ئێران، نابێت بەشێوەیەكی گشتی دەستتێوەردان لەكاروباری دەوڵەتانی ناوچەكە بكەن و، بەشێوەیەكی تایبەتیش وەك ئێران نابێت بەناو هەناردەكردنی شۆڕش، یان بە بەرگریكردن لە شیعە نفوزی خۆی لە سەرتاسەری وڵاتانی ناوچەكە بڵاوبكاتەوە و دەستتێوەردان بكات.


2. ئەو چوار دەوڵەتەش (عێراق و سووریا و لیبیا و یەمەن) كە پێویستیان بەدووبارە بونیادنانەوەی دەوڵەت و حوكمڕانی هەیە، دەبێت لەسەر بنەمای گرێبەستێكی تازە بۆ سەدەی بیست و یەك بونیادبنرێنەوە.
3. دەوڵەتانی دیكەی ناوچەكە وەك سعودیە و دەوڵەتانی كەنداو ئوردن و مەغریب و تونس و میسر، ئەم دەوڵەتانە وەك دەوڵەت لەبەریەك هەڵنەوەشاون، بۆیە دەتوانن بەپێی داوای هاووڵاتییەكانیان هەنگاوی گرینگ بۆ ریفۆرم هەڵبگرن و لەسەر بنەمای پەرەپێدانی سامانی مرۆیی دەوڵەت بونیادبنێنەوە، نەك لەسەر بنەمای سامانی نەوت، لەمبارەوە ئیماراتی عەرەبی نموونەیەكی سەركەتووە، هەروەها سعودیەش پرۆگرامی 2030ی راگەیاندووە، مەغریب كۆمەڵێك هەنگاوی باشی هەڵگرتووە، لەناو ئەو دەوڵەتانەشی كە پێیان دەڵێن دەوڵەتانی بەهاری عەرەبی، تونس جێگەی ئومێدە كە هەنگاوی باشتر هەڵبگرێت.
كەواتە ئەگەر سەیری ئەم ریزبەندییە بكەین كە راپۆرتەكە بۆ ستراتیژیەتی تازەی سیستمی ئیقلیمی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دایڕشتووە، دەبینین عێراق و كوردستان باشترین هەلیان هەیە بۆ ئەوەی ئەم ستراتیژە تازەیەی تێدا جێبەجێ بكرێت و ببێتە نموونەیەك بۆ دووبارە بونیادنانەوەی دەوڵەت و پێناسەكردنەوەی دەوڵەت لەناو ئەم سیستمە تازە ئیقلیمییەدا.


لێرەوە ئەگەر گریمانەی ئەوە بخەینەڕوو، ئایا لەسەر رۆشنایی ئەم راپۆرتە چۆن ئەم ستراتیژیەتە تازەیە لەعێراق و كوردستان جێبەجێ دەكرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە راپۆرتەكەی ئۆلبرایت – هادلی بەتەواوی دەیداتەوە، لەبەر ئەوەی لە عێراق و كوردستاندا سێ تەوەری سەرەكیی كاركردن هەن، كە دەبنە سێ كۆڵەگەی گرینگ بۆ جێبەجێكردنی ئەم ستراتیژیەتە تازەیە بە سەركەتوویی كە بریتین لە:
كوردستان جیا لەوەی ئەو وڵاتەیە كە پێش هەموو دەوڵەتانی ناوچەكە تیرۆریستانی داعشی تێكشكاندو خاكەكەی خۆی پاككردەوە، لەهەمان كاتدا خاوەنی حكومەتێكە كە لە رووی پرەنسیپەكانی لێبوردەیی و پێكەوەژیان و فرەحزبی و ئازادی رادەربڕینەوە نەك هەر هەنگاوی باشی بڕیوە، بەڵكو لەتەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئیسرائیل و توركیاشەوە حكومەتی بەو ئاستە سەركەوتووە بوونی نییە، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە ئەم حكومەتە كێشەی نییە، بەڵكو حكومەتی كوردستان كێشەی زۆر قووڵ و گرینگ و ریشەیی هەیە، بەشێك لەم كێشانە پێوەندییان بە خراپیی سیستمی دامەزراوەیی و گەندەڵی و گەندەڵی سیاسی هەیە كە جۆرێك لە حزبۆكراتی دروستكردووە، بەشێكی دیكەشی پێوەندی بە دەستتێوەردانی راستەوخۆی ئێران و وەكیلەكانی لەناو عێراقدا هەیە.


سەبارەت بەكێشەی خراپی دامەزراوەیی و ریفۆرم و گەندەڵی و بیرۆكراتییەتی حزبی لە كوردستاندا، ئەمە دابەش بووە بەسەر دوو تەوەردا، تەوەری یەكەمی كە پێوەندی بە ریفۆرم و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هەیە، زیاتر لە 15 مانگە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵمەتێكی فراوان و جددی بۆ ریفۆرم و كەمكردنەوەی گەندەڵی دەست پێكردووە، ئەم هەنگاوەی حكومەت لەگەڵ ئەوەی باری سەرشانی هاووڵاتییانی كوردستانی قورس كردووە، بەڵام بەپێی هەموو هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییەكان، هەموو ئاماژە بەوە دەكەن ئەم ئاراستەیەی حكومەتی كوردستان ئاراستەیەكی راستە بۆ ریفۆرمی راستەقینەو رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
بەشی دووەمیان كە لاوازی و سستیی دامەزراوەكانی كوردستانە، پێوەندی بە گەندەڵیی سیاسییەوە هەیە، ئەم گەندەڵییە سیاسییەش بەرهەمی رەفتاری حزبە سیاسییەكانی كوردستانە، راستەوخۆش پێوەندی بە دەستتێوەردانی ئێران و وەكیلەكانی ئێرانەوە هەیە لەناو عێراقدا، بە مانایەكی دیكە دەستتێوەردانی ئێران و وەكیلەكانی لەناو عێراقدا ئاستەنگی گەورەی لەبەردەم پرۆسەی سیاسیی كوردستان دروستكردووە، بە جۆرێك كە حزبەكانی كوردستان بەئاسانی نەتوانن بگەنە رێككەوتن و پرۆسەی سیاسی راست بكەنەوە.
ئەم ئەزموونەی كوردستان بەهەموو لایەنە باش و خراپەكانیەوە، پێش ئەوەی ئەم راپۆرتەش بوونی هەبێت، ئیدارەی ئەمریكا لەسەر ریتمەكانی ئەم راپۆرتە مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردووەو سەركەوتنی زۆر باشیشی بەدەست هێناوە، كە دەكرێت بەچەند خاڵێك ئاماژەی پێبكەین:



1. راپۆرتەكەی ئۆلبرایت – هادلی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە گەلان و سەركردەكانی ئەم ناوچەیە ئامادەبن بەرپرسیاریەتی تەواو بخەنە سەرشانی خۆیان كە تێڕوانینێكی جیاواز بۆ كۆمەڵگەكانیان پیشان بدەن، ئەمەش واتە ئامادەبن بەو شێوازە حوكمڕانی بكەن كە پابەندبن بە لێبووردەیی و پێكەوەژیانی نێوان نەتەوەو ئایینە جیاوازەكان و رێزگرتن لەمافەكانی مرۆڤ و بنەماكانی دیموكراتی. راپۆرتەكە دەڵێت: ئەگەر ئەم بنەمایانە بوونی هەبوو، ئەوا ئەمریكا ئامادە دەبێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی دەبنە هۆكاری توندوتیژی، لەم رووەوە كوردستان تەواو سەركەتوو بووە.
2. راپۆرتەكە داوادەكات، بونیادنانەوەی دەوڵەت لەسەر بنەمای پشتبەستن بێت بەسامانی مرۆیی و پەرەپێدانی توانای مرۆیی و بایەخدان بە كوالێتی خوێندن و چاودێری تەندروستی و دۆزینەوەی هەلی كار، لەم لایەنەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەهەموو ئەو بوارانە كەموكورتی زۆری هەیە، بەڵام پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە ئایا حكومەتی كوردستان نییەت، یان تێڕوانینی ئیجابییانەی هەیە بۆ ئەوەی لەسەر ئەم بنەمایە دەوڵەت دروست بكاتەوە؟ بێگومان حكومەتی كوردستان نەك هەر تێڕوانین و نییەت باشی خۆی بەم ئاراستەیە راگەیاندووە، بەڵكو تەواوی هەوڵی خۆی خستۆتەگەڕ و ئەو ئەجیندا قورسەی راپۆرتەكە داوای دەكات ئەم پرۆسەیە لەخۆی بگرێت. حكومەتی كورستان شانی داوەتە بەر ئەو ئەجیندا قورسە، بەڵام ستیفن هادلی راشكاوانە دەڵێت: ئەم ئەجیندا قورسە بەتەنیا بە حكومەتەكانی ناوچەكە هەڵناگیرێت، بەڵكو دەبێت (سندوقێكی پەرەپێدانی هەرێمی دروست بكرێت) و ئەم سندوقە هاریكاری ئەو حكومەتانە بكات بۆ ئەوەی ژێرخانی دارایی و كۆمەڵایەتی بونیاد بنێنەوە. ئەمەش پێویستی بە دەستپێشخەری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو هێزی دیكەی دەرەكی هەیەو پێویستە ئەو دەستپێشخەرییەش بكەن، لەبەر ئەوەی سەركەوتنی ئەو هەوڵانە لە بەرژەوەندیی ئەمریكا و تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە.
3. راپۆرتەكە كوردستانی وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ ئاماژە پێنەكردووە، هەروەها نەشیكردۆتە بەشێك لە پرۆسەی بونیادنەوەی حوكمڕانیی تازە لە عێراقدا، بەڵام داوادەكات ئەمریكا گوشاری تەواوی خۆی بخاتەسەر كوردستان و عێراق بۆ ئەوەی رێكبكەون، رێككەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەگەڵ ئەو حوكمڕانییە تازەیەی لەعێراقدا بونیاد دەنرێتەوە، ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی عێراق و كوردستان وەك كۆنفیدڕاڵی رێكدەكەون، یان وەك دوو دراوسێ لە ئایندەدا (ئەمەش وەك لە راپۆرتی ئایندەی عێراق دوای داعش) ئاماژەی پێكراوە، بەجێهێڵراوە بۆ وتووێژەكانی نێوان بەغداو هەولێر بۆ رێككەوتنێكی تازە، ئەمەش راشكاوانە مانای ئەوەیە راپۆرتەكە سیستمی حوكمڕانیی كوردستان وەك سیستمێكی سەركەتوو پێناسە دەكات و پێشنیاری ئەوەش دەخاتەڕوو كە پێویستە ئەمریكا هاوكار بێت بۆ چارەسەركردنی ریفۆرم و پەرەپێدان و دروستكردنەوەی ژێرخانی دارایی و كۆمەڵایەتی لەكوردستاندا.



- ئەگەر لێرەوە هەڵوەستە لەسەر بەشە عەرەبییەكەی عێراق بكەین كە لەم راپۆرتەدا لەهەموو لایەنەكانەوە جەختی خراوەتەسەرو یەكپارچەیی ئەم بەشە عەرەبییەی عێراق گرێدەداتەوە بە رێككەوتنی شیعە و سوننەوە، دەكرێت ئاماژە بە دوو ستوونی گرینگی دیكەی ئەم راپۆرتە بكەین، كە بریتین لە:
ئەو حكومەتەی ئێستا لە بەغدا هەیە، هەموو بنەماكانی حكومەتێكی نیشتمانی سەرتاسەری لەدەستداوەو ئەوەی ئێستا هەیە، حكومەتێكە كە هەژموونی شیعەگەرایی باڵی بەسەردا كێشاوە. واتە دەرهاویشتەی سیاسەتە هەڵەكانی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقەو حەیدەر عەبادی لەگەڵ ئەوەی هەوڵیداوە ئاراستەی ئەم حكومەتە راست بكاتەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبووەو هەر ئەوەندەی پێكراوە كە نەهێڵێت خراپتر بێت.

راپۆرتەكە سەبارەت بەم حكومەتەی ئێستای عێراق دەڵێت: وەك حكومەتەكەی ئەسەد پێویستی بە سیستمێكی حوكمڕانیی تازە هەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە چۆن سیاسەتی حكومەتەكەی ئەسەد بۆتە هۆكاری دەربەدەریی ملیۆنان كەس و هاندانی هەزاران كەس بۆ پێوەندیكردن بەداعشەوە، بەهەمان شێوە ئەو حكومەتەی لەسەر میراتی سیاسەتی نوری مالیكی دروست بووە و بە حەیدەر عەبادی راست ناكرێتەوە، دەبێت سیستمێكی تازەی حوكمڕانیی بۆ دروست بكرێت، ئەم سیستمە تازەیە دەبێت گەرەنتی بدات بە كۆمەڵگەی عەرەبی سوننە بۆ ئەوەی متمانەی پێبكات و بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بكات، ئەمەش لەسەر چ بنەمایەك دەبێت؟ بێگومان لەسەر بنەمای حكومەتێكی فیدڕاڵی دەسەڵات سنووردار لەبەغداو حكومەتی هەرێم، یان پارێزگاكان كە هەموو دەسەڵاتێكی فراوانیان هەبێت و خۆشیان لە چوارچێوەی بەلامەركەزیكردنی ئاسایش، ناوچەكانی خۆیان بپارێزن.

سەبارەت بەم ئاراستەیە، ئەوەی كاری ئەمریكای ئاسان كردووە، نییەت و تێڕوانینی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراقە، هەروەها تێڕوانینی جیاوازی مەرجەعییەتی نەجەفە لەتێڕوانینی مەرجەعییەتی قوم بۆ شێوازی حوكمڕانی لەعێراقدا، بۆیە لەم حاڵەتەدا وەك ئەم ستراتیژە نوێیە ئاماژەی پێكردووە، دەبێت سنوورێك بۆ دەستتێوەردانی ئێرانی دابنرێت، ئەوا تێڕوانینی حەیدەر عەبادی و مەرجەعییەتی نەجەف، پشتگیری لەحوكمڕانییەكی مەدەنی دەكەن نەك ئایینی (ولایەتی فەقی بە هاوشێوەی ئێران). ئەوجا لەبەر ئەوەی ئەم تێڕوانینە ئیجابییە بوونی هەیە، ئەمریكا دەتوانێت هاریكای حەیدەر عەبادی بكات بۆ ئەوەی خۆی وەك سەرۆك وەزیران سەركردایەتی ئەم ئاراستەیە بكات، ئامانجی راپۆرتەكەش ئەوەیە كە داوادەكات رێككەوتن لەگەڵ هاوپەیمانەكان بكرێت و هاوپەیمانەكان خۆیان (نەك ئەمریكا) سەركردایەتی پرۆسەكە بكەن.


گەورەترین كێشە كە هەردوو راپۆرتەكە بۆ عێراقی عەرەبی جەختی لەسەر دەكەنەوە، دروستكردنەوەی سوپایەكی نیشمانی دوور لەمەزهەبگەراییە، هەروەها چۆنیەتی مامەڵەكردنە لەگەڵ هێزی حەشدی شەعبی، سەبارەت بەم خاڵە حەیدەر عەبادی لەماوەی ئەو دووساڵەی سەرۆك وەزیرانە سوپای عێراقی تا رادەیەك لەمەزهەبگەرایی پاككردۆتەوەو خەریكە ئەو سوپایە لای عەرەبی عێراق متمانەی بۆ دروست دەبێتەوە، سەبارەت بە حەشدی شەعبیش لە شوباتی 2016 بە بریارێك حەشدی شەعبی وەك یەكەیەكی سەربازی راستەخۆ پێوەندار بە خۆیەوە چارەسەر كردووە، لە هەفتەی رابردووشدا پەرلەمانی عێراق یاسای حەشدی شەعبی پەسەند كرد، ئەم یاسایە لەگەڵ ئەوەی تێبینی زۆری لەسەرەو هێشتا حەشدی شەعبی بە مەترسی بۆ ئایندەی عێراق لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام لایەنە سەرەكییەكانی شیعە بەتایبەتی تەیاری موقتەدا سەدر روونكردنەوەی داوەو داوادەكات حەشدی شەعبی كۆمەڵێك مەرجی بەسەردا بسەپێندرێت، ئەم وەڵامدانەوەی عێراق و لایەنە شیعەكانی عێراق بۆ چارەسەركردنی حەشدی شەعبی لەگەڵ ئەوەی وەك پێویستیش نییە، بەڵام هەوڵێكە بە ئاراستەی چارەسەركردن، ئەمەش پێگەی حەیدەر عەبادی بۆ سەرۆكایەتی ئەم پرۆسەیە لە عێراقی عەرەبیدا بەهێزتر دەكات.
خاڵێكی دیكەی گرینگ كە جێگەی مەترسییەكی ئێجگار گەورەیە لە راپۆرتەكەدا، ئەگەری دووبارە هەڵگیرسانەوەی شەڕی مەزهەبگەرایی نێوان شیعەو سوننەیە، بێگومان دوورخستنەوەی ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆی مەزهەبگەرایی نێوان شیعەو سوننە، راستەوخۆ پێوەندیدارە بە رێگرتن لەدەستتێوەردانی ئێران و نەهێشتنی رۆڵی ئەو لایەنانەی كە بەوەكالەت سیاسەتی ئێرانی لەعێراقدا جێبەجێ دەكەن. لەوانەیە دەستنیشانكردنی ئەم خاڵە وەك خاڵی سەرەكی بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی شەڕی مەزهەبگەرایی نێوان شیعەو سوننە جێگەی پرسیار بێت، لەوەڵامی ئەم پرسیارەشدا دەڵێین راستە كێشەو ململانێی نێوان شیعەو سوننە رەگێكی قووڵی هەیەو دەگەڕێتەوە بۆ 1400 ساڵ پێش ئێستا، بەڵام فتیلەی ئەم ئاگرە خامۆشكراو بووە، هەتا ساڵی 1979 كە كۆماری ئیسلامی ئێران دامەزرا، پێشتر ئەم ململانێیە بەو ئاستە خوێناوییە بوونی نەبووە، هۆكاری ئەمەش ئەوە بووە كە مەرجەعییەتی شیعەی نەجەف بڕوای بەدروستكردنی حكومەتێكی ئایینی نییە هەتا شەڕی دەسەڵات بكات، هەتا ئێستاش مەرجەعییەتی شیعەی عێراق خۆی تێكەڵی حوكمڕانی نەكردووە، بۆیە ئەگەر دەستتێوەردانی ئێران رابگیرێت، ئەوا بە گەڕانەوە بۆ مەرجەعییەتی شیعەی نەجەف، شیعەكان دەبێت حكومەتێكی مەدەنی دابمەزرێنن، كە حكومەتیش لە هەژموونی شیعەگەرایی دوورخرایەوە، ئەوا ئەگەری شەڕی ناوخۆیی شیعەو سوننەش كەم دەبێتەوەو دەگاتە ئاستێك كە ئەمریكا بتوانێت بە ئاسانی هاوكاری حەیدەر عەبادی بكات كە حكومەتێكی تازە لەسەر ئەو بنەمایە دروست بكاتەوە كە عەرەبی سوننەی عێراق متمانەی پێ بكاتەوە.

گرینگی و جیاوازی راپۆرتەكەی ئۆلبرایت – هادلی لەوەدایە، ئەم راپۆرتە بەشێكی لەسەر بنەمای سەردانی مەیدانیی هەردوو سەرۆك (مادلین ئۆلبرایت و ستیفن هادلی)یە بۆ دەوڵەتانی ناوچەكەو دیداریان بووە لەگەڵ سەرۆك دەوڵەت و حكومەت و كۆمپانیاو رێكخراوەكانی مەدەنی دارێژراوە، بەشێكی دیكەی وەڵامی ئەو پرسیارانەیە كە میدیایەكی وەك سكای نیوزی عەرەبی بەشێوەیەكی فراوان لەوڵاتانی عەرەبی ئەنجامی داوەو هەوڵی داوە بزانێت هاووڵاتییانی عەرەبی لەسەر شەقام چ ئامانج و داواكارییەكیان هەیە. هەروەها وەك پڕۆفیسۆر جیمس زەغبی كە یەكێكە لەبەشداربووانی ئەم راپۆرتەو سەرۆكی (دامەزراوەی زەغبیە بۆ ئەنجامدانی راپرسی لەوڵاتانی عەرەبی) راشكاوانە ئاماژەی بەوەكرد، دوای كارەساتی 11ی سێپتەمبەر، بیرمەندانی ئەمریكا راستەوخۆ ئەو پرسیارەیان ورووژاند (بۆچی رقیان لێمانە؟) واتە بۆچی هاووڵاتییانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رقیان لە ئەمریكایە؟ زەغبی لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێت: هاووڵاتییانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رقیان لەبەهاكانی دیموكراتی ئەمریكا نییە، بەڵكو رقیان لەوەیە كە كاری شایستەی خۆیان دەست ناكەوێت، حكومەتەكانی ناوچەكە وەڵامی خواستەكانیان ناداتەوەو ئەمریكاش پشتگیرییان دەكات.
دیارە بۆ حكومەتی تازەی عێراقی عەرەبیش گرینگە، لەسەر بنەمای خواستی هاووڵاتییانی عەرەبی عێراق (شیعەو سوننە) ئەو حكومەت و حوكمڕانییە تازەیە دابمەزرێت، لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر دەستتێوەردانی ئێران رابگیرێت، كە جۆشی فیتنەی مەزهەبگەرایی دەدات، ئەوا لەئێستاوە روونە هاووڵاتی عەرەبی عێراق (شیعە بێت، یان سوننە) وەك سەرجەم هاووڵاتییانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هیندەی خەمی خۆشگوزەرانی و ئاسایش و سەقامگیری و پەرەپێدان و دۆزینەوەی هەلی كاریەتی، هیندە بیر لەشەڕی خوێناوی مەزهەبگەرایی نێوان شیعەو سوننە ناكاتەوە.
Top