چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی كوردستان پێویستی بەئیرادەی خێر و دووركەوتنەوە لە رق و كینەیە
November 30, 2016
راپۆرتەکان
بۆچی پرۆسەی سیاسیی كوردستان
لەحاڵەتی چەقبەستندایە؟
ئەمە سێیەمین جارە سەرۆك بارزانی داوا لە حزبە سیاسییەكانی كوردستان دەكات كە لەنێوان خۆیاندا كۆببنەوەو كێشەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكەن، لەهەر سێ جارەكەشدا ئامادەباشی خۆی پیشانداوە كە حزبەكان خۆیان بە ئازادی و بەبێ بەشداری بەڕێزیان، چۆنیان پێخۆشە ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن، با چارەسەری بكەن. بەڕێز بارزانی پێشوەختە بەو چارەسەرە رازییە كە حزبەكان لەناو خۆیاندا لەسەری رێكدەكەون، بەڵام حزبەكان نەیانتوانیوە لەناو خۆیاندا رێكبكەون.
دیارە لەناو كوردستاندا هەندێك حزبی سیاسی هەن كە بەو جۆرە سەیری ئاژاوەو ناسەقامگیریی وڵات دەكەن، وەك ئەوەی ئەركی سەرەكیی حزبی سیاسی ئەوە بێت كە ئاژاوەو ناسەقامگیری لە كۆمەڵگە دروست بكات و هەموو هەوڵی بۆ ئەوە بێت، بیانوویەك بدۆزیتەوە بۆ ئەوەی شەرعییەت بۆ ئەركە ئاژاوەگێڕییەكەی دروست بكات! ئەمەش لەبەر ئەوەیە بە نزیكەی 6-8 مانگ پێش ئەوەی وادەی سەرۆكایەتی هەرێم لەساڵی 2015 كۆتایی بێت، سەرۆك داوای لە حزبە سیاسییەكان كردبوو ئەو كێشەیە بە ئاشتییانە چارەسەر بكەن و وتیشی: «چۆنی چارەسەری دەكەن، من هەر ئەو بڕیارەی ئێوە جێبەجێ دەكەم.»
ئەوكاتەی بەڕێز بارزانی ئەم داوایەی ئاراستەی حزبەكان كردبوو، هیچ كێشەیەكی سیاسی لەنێوان حزبەكان بەگشتی و لەنێوان پارتی و گۆڕان بەتایبەتی بوونی نەبووە، تەنانەت كاتێك سەرۆك بارزانی بە سەرۆكایەتی شاندێكی هاوبەشی حكومەتی كوردستان لەئایاری 2015 سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای كردو لە پەنێڵێكدا كە ئامۆژگای ئەتڵەنتیك بۆی رێكخستبوو، ئەو پرسیارەیان لێكرد، ئایا دوای تەواوبوونی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم، بەنیازن چ بڕیارێك بدەن؟ سەرۆك بارزانی بەمجۆرە وەڵامی دایەوە: «پێش ئەوەی سەردانی واشنتۆن بكەم، ئەم پرسەم سپاردووە بە حزبەكانی كوردستان و ئەوان لەسەر هەرچییەك رێكبكەون، من بڕیاری ئەوان جێبەجێ دەكەم.»
ئەوجا بۆ ئەوەشی پێوەندی نێوان حزبەكان تۆندوتۆڵ و پتەوتر بێت، سەرۆك بارزانی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستانیشی بە حزبەكان سپارد، ئەمەش لەپێناوی ئەوە بوو كە حزبەكان هەست بەو بەرپرسیاریەتییە بكەن و بزانن بەرەو كام هەورازی سەخت و لوتكەی ئومێد هەنگاو هەڵدەگرن، بۆیە پێشنیاری بۆ كردن، ژوورێكی عەمەلیات بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی دابمەزرێت و هەموو حزبەكانی كوردستان لەو ژوورەدا ئەندام بن، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر ئەم ئەركە بەرپرسیاریەتیێكی مێژووییە، بە هەمووان شانی بدەنە بەرو ئەگەر دەستكەوتێكی مێژوویی گەورەشە با بۆ هەمووان بێت. هاوكات لەگەڵ ئەم هەنگاوە ئەرێنییانە، لیژنەیەكی نووسینەوەی دەستوور لەپەرلەمانی كوردستان پێكهێنرابوو بۆ ئەوەی سەرلەنوێ دەستوورێكی تازە بۆ كوردستان دابڕێژرێت و بەپێی ئەو دەستوورە سیستمی سیاسیی كوردستان لەلایەن گەلی كوردستانەوە پەسەند بكرێت.
ئەگەر سەرنج لەم باكگراوەندە بدەین، دەبینین سەرۆك بارزانی زۆر بە لۆژیكانە هەموو بابەتەكانی لەیەكدی جیاكردۆتەوە، ئەوەی پێوەندی بە حزبە سیاسییەكانەوە هەیە، داویەتیەوە بە حزبە سیاسییەكان، ئەوەشی پێوەندی بەدەسەڵاتی گەلەوە هەیە كە بڕیاری لەسەربدات، داویەتیەوە بەو لیژنەیەی نووسینەوەی دەستوور كە نوێنەری هەموو حزب و نەتەوەو ئایینەكانی كوردستانی تێدایە، بۆ ئەوەی رەشنووسی دەستوورێك ئامادەبكەن و گەل پەسەندی بكات.
بەڵام مخابن، نەوشیروان مستەفا رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان ئەم دوو كارتەی بە جۆرێك تێكەڵ كردو چەواشەكارییەكی ئەوتۆی درووستكرد، كە لەبری ئەوەی هەنگاو بۆ چارەسەكردنی كێشەكان و نووسینەوەی دەستوور و پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان هەڵبگرین، كەچی ئەو هەنگاوی بۆ دروستكردنی ئاژاوەیەكی ئەوتۆ هەڵگرت، خۆ ئەگەر لۆژیكی سەرۆك بارزانی نەبووایە، ئێستا حاڵی كوردستان زۆر لە فەلەستین خراپتر دەبوو.
نەوشیروان مستەفا هەوڵیدا ئەو پیلانەی بۆ تێكدانی سەقامگیری كوردستان دایڕشتبوو، بیكاتە پرۆژەیەكی هاوبەشی (یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو)، ئەم پیلانەشی بەجۆرێك داڕشتبوو، گرنگ نییە حزبەكان چۆن ئەو پرۆژەیە دادەڕێژنەوە، بەڵكو ئەوەی گرنگە بەناوی گۆڕینی سیستمی سەرۆكایەتی بۆ پەرلەمان، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك لەلایەن خەڵكەوە هەڵبوەشێننەوە. ئەمە لەكاتێكدا خودی نەوشیروان مستەفا زۆر باش دەیزانی، سەرۆك لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، یان راستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە، دوور و نزیك پێوەندی بە سەرۆك مسعود بارزانی-یەوە نییە، لەبەر ئەوەی هەر كامیان پێڕەو بكرێت، سەرۆك خۆی نایەوێت لەو پۆستەدا بمێنێتەوە. هەروەها نەوشیروان زۆر باشیش دەیزانی كە بیركردنەوەی سەرۆك بارزانی بەوجۆرەیە لەپێناوی تەبایی و یەكڕیزی ئامادەیە قوربانی بە هەموو شتێك بدات، هەروەك چۆن لەسەر پرسی نووسینەوەی دەستوور، كە ئەویش هەر نەوشیروان مستەفا كێشەی لەگەڵی هەبوو، سەرۆك بارزانی نەك هەر ئەو دەستوورەی نەگەڕاندەوە بۆ ئەوەی هەموار بكرێت، بەڵكو رازی بوو بەوەی كە دەستوورێكی دیكە سەرلەنوێ بنووسرێتەوەو لەژێر چاودێری ئەو پەرلەمانەش دەنگی لەسەر بدرێت كە سەرۆكەكەی هەڵسووڕاوێكی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، لەمەش زیاتر نەوشیران مستەفا و بزووتنەوەی گۆڕان چییان دەوێت با لەو دستوورەدا بینووسنەوە، بۆ ئەوەی هیچ بوارێك بۆ تێكدانی نێوماڵی كوردستان و ئاژاوەگێڕی و ناسەقامگیری لە كوردستان نەمێنێتەوە. بەڵام بەداخەوە، نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەی گۆڕان هەر سووربوون لەسەر ئەوەی كودەتاكەی خۆیان بە رێگەی دروستكردنی زۆرینەو كەمینەی پەرلەمانی جێبەجێ بكەن، شێتی و مەستیی ئەم پیلانە سیاسییە بەجۆرێك بەرچاوی گرتبوو، كاتێك لە 23ی حوزەیرانی 2015، خوێندنەوەی یەكەم بۆ یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لە پەرلەمان كرا، هەردوو فراكسیۆنی گۆڕان و یەكێتی كە شەوی پێشتر نەوشیروان مستەفا ئەندامانی هەردوو فراكسیۆنەكەی سوێند دابوو، لەگەڵ فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی، خۆیان پێنەگیراو بەئاشكرا لەمیانەی ئاهەنگگێڕانیان و گرتنی وێنەی سێلفی، پیلانی كودەتاكەی خۆیان ئاشكرا كرد، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا كاردانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرامبەر ئەم غەدر و ناهەقییە چی بوو؟ بێگومان هەڵوێستی پارتی لەناخدا تووڕە بوو بەرامبەر ئەو غەدر و ناهەقییەی بەرامبەر بە خۆی و پرۆسەی سیاسیی كوردستان دەكرا، بەڵام لەژێر زەبری لۆژیكی سەرۆك بارزانی، پارتی بێدەنگ بوو، ئەو واقیعەشی قبوڵ كرد و هیچ كاردانەوەیەكی نەبوو. بەڵام كاتێك لە 19ی ئاب یوسف محەمەدی هەڵسووڕاوی گۆڕان كە سەرۆكی پەرلەمان بوو و بە فەرمانی نەوشیروان مستەفا رێككەوتنی هەموو حزبەكانی ژێرپێ نا، سەرەنجامیش پیلانەكەی شكستی هێناو دۆڕاندی، ئەوجا نەوشیروان مستەفا پیلانی دووەمی خستەكار كە ئەویش پیلانی سووتاندنی كوردستان بوو، بەڵام ئەمجارەیان پارتی بەوجۆرە سنووری بۆ دانا، كە ناكرێت لەگەڵ حزبێكدا هاوپەیمان بێت، كە تێكدان و ئاژاوەگێڕی و سووتاندنی كوردستان بە ئەركی سەرشانی خۆی بزانێت.
لێكجیاكردنەوەی كارتەكان و
پراكتیزەكردنی داوای ئەمجارەی سەرۆك
لە20ی نۆڤەمبەری ئەمساڵ، بەڕێز بارزانی وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ دەستەبژێری سیاسی و رۆشنبیر و ئەكادیمی و رۆژنامەنووسانی كوردستان كە داوایان لێكردبوو ئەم چەقبەستوویی و گرێكوێرەیەی پرۆسەی سیاسی لە كوردستان بكاتەوە، بەڕێزیان لە پەیامێكی كورت و پوختدا، نەخشەڕێگەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كوردستان راگەیاند كە دووخاڵی سەرەكییە:
1. حزبەكان كۆببنەوەو كەسێك دەستنیشان بكەن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی سەرۆك بارزانی پۆستەكەی رادەست بكات.
2. حزبەكان رێكبكەون لەسەر سەرۆكایەتییەكی نوێ بۆ پەرلەمان و حكومەتێكی نوێ پێكبهێنن.
بەڕێز بارزانی وەك زەمینەسازی بۆ ئەم پرۆسە جددییە، داوای كردووە بە هەموو لایەك كاری جددی بكەن هەتا ئەو ئیرهابە فیكرییەی باڵی بەسەر سلێمانیدا كێشاوە، نەمێنێت.
ئەوەی لەو پەیامە كورتەی سەرۆكدا دەكرێت ئومێدو گەشبینی لەسەر هەڵبچنرێت، ئەوەیە كە سەرۆك بارزانی زۆر بەسادەیی ئەو كارتانەی ئیرهابی فیكریی نەوشیروان مستەفاو بزووتنەوەی گۆڕان و یەك دوو لایەنی دیكە كە بۆ مەبەستی ئاژاوەگێڕی و تێكدانی سەقامگیریی كوردستان تێكەڵیان كردووەو خەڵكیان پێ چەواشە كردووە، زۆر بە روونی لێكی جیاكردووەتەوە، بەدەنگەوە هاتنی حزب و لایەنە سیاسییەكانیش هەر لەئێستاوە ئاماژەن بۆ ئەوەی، ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا بەزوویی بەخۆیاندا نەچنەوەو بە ئەقڵێكی تازەوە نەگەڕێنەوە ناو پرۆسەی سیاسیی كوردستان، ئەوا دەكەونە پەراوێزەوەو لەناو پرۆسەی سیاسیدا شوێنێكیان بۆ نامێنێتەوە.
لایەنێكی دیكە كە پەیامەكەی بارزانی پێمان دەڵێت، ئەوەیە كە بارزانی بەم پەیامەی حزبەكانی كوردستان دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتیێكی مێژوویی بۆ چۆنیەتی پیادەكردنی فرەیی حزبی لەكوردستان و چۆنیەتی مامەڵەكردنی حزبەكان لەگەڵ فرەحزبی و داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژیەت بۆ كوردستان لەسەر بنەمای خاڵی هاوبەش و بۆچوونی هاوبەشی هەموو لایەك، نەك خۆسەپاندن و فەرزكردنی لایەك بەسەر لایەكی دیكەدا. لەمەش زیاتر سەرۆك چارەنووسی كوردستان و تەواوی دامەزراوە دەوڵەتییەكانی گەڕاندۆتەوە بۆ دەسەڵاتی حزبەكان و چۆنیەتی مامەڵەكردنی حزبەكان لەگەڵ ئەو دامەزراوانەی دەوڵەتدا، بەڵام سەرۆك بارزانی لەو پەیامەدا تەنیا یەك دەسەڵاتی سەبارەت بەخۆی نەداوەتەوە بە حزبەكان، ئەو دەسەڵاتەش ئەوەیە كە هەر پێشمەرگەیەو هەر بە پێشمەرگەییش دەمێنێتەوە تا ئەو رۆژەی دەوڵەتی كوردستان دەبێتە ئەندامی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئاڵاكەی شان بەشانی ئاڵای نەتەوەكانی دیكەی جیهان لە ئاسمانی ئازادیدا دەشەكێتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە سەرۆك بارزانی بێجگە لە ناوی پێشمەرگە هەموو پۆستێكی سیاسی رەتكردۆتەوە، بۆ حزبەكانیش مانای ئەوەیە دەبێت لە ئێستاوە شان بدەنە بەر بەرپرسیاریەتی بەبێ چەتری مسعود بارزانی هەوڵبدەن كێشەكانی خۆیان چارەسەر بكەن. بەدیوێكی دیكەدا ئەم پەیامە پێمان دەڵێت: لەئێستاوە حزبەكان چ بڕیارێك دەدەن و لەسەرچی رێك دەكەون، بەڕێز بارزانی ئەو بڕیارەی ئەوان جێبەجێ دەكات.
كەواتە ئێستا كوردستان لەچاوەڕوانی هەنگاوی پراكتیكی حزبەكانی كوردستاندایە، نەك بانگەشەی سەرۆك بۆ ئەوەی حزبەكان كۆببنەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە، دەبێت حزبەكانی كوردستان خۆیان بۆ ئەو بەرپرسیاریەتییە ئامادەبكەن كە ئەو پەیامەی سەرۆك دەیخاتە سەرشانیان، راستە لەم قۆناخەدا هەموو حزبەكانی كوردستان بۆ ئەوەی رایەڵەیەك لەنێوان خاڵە هاوبەشەكانی خۆیاندا دروست بكەنەوە، پێویستیان بە رێنمایی و راسپاردە و ئەزموونی سەرۆك بارزانی هەیە، بەڵام لەدوای ئەو پەیامەوە دەبێت وەك سوودوەرگرتن لە رێنمایی و راسپاردەی مەرجەعێك، یان رێبەری نەتەوە پەنا بۆ رێنمایی و راسپاردەكانی سەرۆك بارزانی ببرێت.
لایەنێكی دیكە كە دیسان ئەم پەیامە پێمان دەڵێت، ئەوەیە بەڕێز بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە بەركەوتەی مافی هەڵبژاردنی هیچ حزبێكی سیاسی نازانێت، بەپارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سەرۆك لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە دەنگی پێدراوە، بۆیە كاتێك باس لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكرێت و بارودۆخی كوردستان لەبار نییە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بۆ ئەو پۆستە بكرێت، ئەوا سەرۆك نوێنەرایەتی هیچ حزبێكی سیاسی ناكات بۆ ئەوەی ئەم پۆستە وەك بەركەوتەی حزبێكی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، بەپێچەوانەوە، ئەم پەیامەی بارزانی وەك پێشتریش بە حزبەكانی گوتووە: «رێبكەون لەسەر كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەیەكی كاتی تا هەڵبژاردن دەكرێت، یان لێگەڕێن بارودۆخەكە بەوجۆرە بڕوات تا دەگەینە هەڵبژاردن، یان خۆتان ئامادەبكەن هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت.»، بەڵام لە پەیامی ئەمجارەیاندا بەڕێز بارزانی راستەوخۆ داوای ئەوە دەكات كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم دەستنیشان بكرێت، بۆ ئەوەی تا هەڵبژاردنی داهاتوو بە هەموو شێوەیەك هاوكاری بكات. هەر بۆیە ئەگەر وردتر لەسەر ئەم وشانەی سەرۆك هەڵوەستە بكەین، درك بەوە دەكەین كە سەرۆك دەستنیشانكردنی كەسێكیش بۆ ئەو پۆستە بەمافی خۆی نازانێت، بەڵام وەك چارەسەرێكی كاتی ئەمە دەداتەوە بە رێككەوتنی حزبە سیاسییەكان، بۆیە هەتا ئەگەر ئەو كەسەی كە حزبەكانیش دەستنیشانی دەكەن، بەدڵی ئەویش نەبێت، سەرۆك بڕیارەكە جێبەجێ دەكات، بەڵام وەك ئەمانوئێل كانت لە كتێبی ئاشتی هەمیشەیی ئاماژەی پێكردووە، ئەگەر بمانەوێت كاروبارە سیاسییەكان بەسەركەوتوویی بەڕێوەبچن، كارێكی باش دەكەن لایەنەكان ملكەچی یاسای ئەخلاق بن و گوێ بۆ دەنگی ویژدان بگرن، دیارە لەم پرۆسەیەشدا كە سەرۆك رایگەیاندووە پرۆسەكە بەو جۆرە سەركەوتوو دەبێت كە هەموو لایەنە سیاسییەكان ملكەچی یاسای ئەخلاق و دەنگی ویژدانی گەل و نەتەوەی خۆیان بن، ئەم دوو بنەمایەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەموو حزبەكان بۆ ئەوەی بە سوودوەرگرتن لە راوێژ و رێنمایی و لۆژیك و ئەزموونی بارزانی ئەم پرۆسەیە بەرەو سەركەوتن بەرن، بۆ ئەوەی كوردستان لەم بارودۆخە ناسك و هەستیارەدا رووبەڕووی هەڵدێر و شكست نەبێتەوە.
رووبەڕووبوونەوەی ئیرهابی فیكری
ئەركی سەرشانی هەموو حزبەكانی كوردستانە
هیچ سیاسەتمەدارێك وەك نەوشیروان مستەفا شارەزای كەسایەتی و شكۆی سەرۆك بارزانی نییە، دەشزانێت سەرۆك مسعود بارزانی بێجگە لە پێشمەرگایەتی و گەیشتن بەسەربەخۆیی كوردستان هیچ ئامانج و تموحێكی دیكەی نییە. نەوشیروان مستەفا لەنزیكەوە كاری لەگەڵ سەرۆك بارزانی كردووەو باش دەزانێت كە سەرۆك بارزانی نەك هەر دژی خۆسەپاندن و تاكڕەوی و خۆ سەپاندنە، بەڵكو نە خۆی بیر لەو شێوازو مامەڵەیە لەگەڵ بەرامبەرەكەی دەكاتەوە، نە لەهیچ لایەكیشی قبوڵ دەكات بە شێوازی تاكڕەوی و خۆسەپێنی مامەڵە بكات.
نەوشیروان مستەفا زۆر باش دەزانێت، سەرۆك مسعود بارزانی پەروەردەی بەر دەستی جەنابی بارزانی-ی نەمرە، ئەوەش دەزانێت بارزانی-ی نەمر بەوجۆرە پەروەردەی كردووە كە هەتا ژیانی ماوە پێشمەرگە بێت، نەك سەرۆك، ئێستاش پەروەردەی سەرۆك بارزانی-مان بۆ كوڕەكانی خۆی بینیوە، كە ئەویش بە هاوشێوەی مستەفا بارزانی، كوڕەكانی بۆ پێشمەرگایەتی پەروەردە كردووە، نەك بۆ ئەوەی ببنە سەرۆك، ئەمەش مانای ئەوەیە مسعود بارزانی سەرۆكی حزب بێت، یان سەرۆكی كوردستان، ئەو هەر پێشمەرگەیەو هەر بە پێشمەرگایەتی دەمێنێتەوەو خزمەتكاری بۆ میللەتەكەی خۆی بە گەورەترین شانازی دەزانێت.
هەروەها نەوشیروان مستەفا زۆر باش دەزانێت، مسعود بارزانی لەپێناوی یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان و تەبایی حزبەكان ئامادەیە هەموو قوربانییەك بدات و واز لەهەموو دەستكەوت و بەرژەوەندییەكی پارتی دیموكراتی كوردستان بهێنێت، ئەو دەزانێت لەساڵی 1987 دوای ئەو هەموو شەڕی ناوخۆی شاخ و ئەو هەموو غەدرەی لەپارتی و حزبەكانی دیكەش كرا، سەرۆك بارزانی نەك هەر لاپەڕەی سپی لەگەڵ یەكێتی و نەوشیروان مستەفا هەڵدایەوە، بەڵكو هەموو هەوڵی خۆیشی خستەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو لایەنانەشی راستەوخۆ بەدەستی نەوشیروان مستەفا غەدریان لێكرابوو، وەك ئەوەی لە قرناقەو پشت ئاشان بەرامبەر حزبی شیوعی كردیان، ئەوانیش لاپەڕەی سپی هەڵبدەنەوە و بەرەی كوردستانی دابمەزرێت، هەروەها نەوشیروان مستەفا زۆر باش دەزانێت، سەرۆك بارزانی ئامادەیە واز لەمافی هەڵبژاردنی خۆی و پارتیش بهێنێت، بۆ ئەوەی یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی ماڵی كوردستان و پێوەندیی نێوان حزبەكانی كوردستان بپارێزێت.
لەمێژووی پەنجا ساڵی رابردووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا، زۆر سیاسەتمەدار سەردەمانێك رەخنەیان لە جەنابی بارزانی-ی نەمر و سەرۆك مسعود بارزانی گرتووە، بەڵام پاش ماوەیەك كە گوێیان بۆ وێژدانی كوردایەتی گرتووە، بەخۆیاندا چوونەوە و خۆزگەیان خواستووە ئەو حاڵەتانە هەر روویان نەدایە، بە درێژایی ئەم مێژووە هەموو ئەو خەڵكە سیاسییانەی هەڵەیان بەرامبەر بارزانی-ی نەمر و سەرۆك مسعود بارزانی كردووە، بێجگە لە نەوشیروان مستەفا هەموویان بەخۆیاندا چوونەوەو كۆتاییان بە رق و كینە و دووبەرەكی و لێكترازانی نێوماڵی كوردستان هێناوە، بەڵام تەنیا كەسێك كە ناتوانێت بە خۆیدا بچێتەوە و لەسەر ئیرهابی فیكری و بەرهەمهێنانی جنێو و قسەی سووك و ناشیرین بە هێماكانی ئەم وڵاتە بەردەوامە، نەوشیروان مستەفایە كە بزووتنەوەی گۆڕانیشی هەر لەسەر بنەمای ئیرهابی فیكری و بەرهەمهێنانی جنێودان و قسەی سووك و ناشیرین بە هێماكانی ئەم وڵاتە دامەزراندووە.
بەڕێز مسعود بارزانی لەپەیامەكەیدا كە ئاماژە بە زۆڵم و غەدری زەعیم سەدیق و تەحەددای كوردانەی خەڵكی شاری سلێمانی دەكات، ئەمە تەنیا ئاماژەیەك نییە بۆ ئەو دەیان كەسەی كە ئامادەبوون لەناو حامیەی سلێمانی كۆن (پاركی ئازادی ئێستا) زیندەبەچاڵ بكرێن، بەڵام جنێو بە شۆڕش و رێبەری شۆڕشی كوردستان نەدەن، بەڵكو ئەمە ئاماژەیە بۆ رەگ و ریشەی فیكری كوردایەتی لەم شارە سەربەرزەدا كە لە ساڵی 1930 تەنیا شاری كوردستان بوو، تەحەددای ئەوەی كرد، نابێت كوردستان بەشێك بێت لە عێراق و لەشەڕی بەردەركی سەرای سلێمانیدا، شەهید عەولە سیس بەخوێنی خۆی دروشمی (كوردستان، یان نەمان)ی نووسییەوە. ئەو وەسفەی سەرۆك بارزانی بۆ شاری سلێمانی، ئاماژەیە بۆ تێكەڵبوونی فیكری شۆڕشگێڕی نەتەوەیی بارزانی-ی نەمر لەگەڵ ژینگەی كوردایەتی و بیری نەتەوەیی ئەم شارەدا، كە لەچلەكانی سەدەی رابردوو جەنابی بارزانی-ی نەمر، لەسلێمانییەوە بڕیاری شۆڕشی سەرتاسەری كوردستانی داو گەڕایەوە بۆ بارزان و شۆڕشی دووەمی بارزانی راگەیاند.
پەیامەكەی بارزانی بۆ شاری سلێمانی ئەو پرسیارە لای خەڵكی سلێمانی دەورووژێنێت بەوەی ئایا دەبێت ئەو ئیرهابە فیكرییە چی بێت كە دەیەوێت مێژووی شۆڕشگێری و بیری نەتەوەیی ئەم شارە شۆڕشگێڕەی كوردستان پێچەوانە بكاتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەچەند خاڵێك دەدەینەوە:
1. لە بیستەكانی سەدەی رابردوو شێخ مەحمودی حەفید وەك رەنگدانەوەیەك بۆ رەگداكوتانی بیری نەتەوەیی لە شاری سلێمانی، ئەوەی گوتووە: «ئەگەر عەرەب خۆی لەكورد بەگەورەتر بزانێت و ئینكاری مافی كوردستان بكات، ئەوا من چەند نوێژم بە عەرەبی كردووە، هەموویان بەكوردی دەكەمەوە.» ئەمە مانای ئەوەیە ئەگەر عەرەب دەوڵەتی كوردستان بە شایستەی كورد نەزانێت، بەو زمانەش خواپەرستی ناكات، كە پەروەردگار فەرموویەتی. پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەگەر 100 ساڵ لەمەوپێش ئەمە رای پادشای كوردستان بووبێت بەرامبەر دەوڵەتی كوردستان، ئایا ئەمە چ ئیرهابێكی فیكرییە، ئێستا لەناو شارەكەی شێخ مەحمودی حەفیدو لە تەنیشت مەزاری كاك ئەحمەدی شێخ-ـەوە، خەڵكانێك هەبن بە ئاشكرا دژی دەوڵەتی كوردستان بن؟! ئایا ئەمە ئەو پرسیار نییە كە پەیامەكەی سەرۆك ئاراستەی خەڵكی سلێمانی دەكات، بۆ ئەوەی دژی ئیرهابی فیكری رابوەستنەوە؟
2. لەساڵی 1930 لەناو ئەو شارەی كە عەولە سیس-ی دژی لكاندنی كوردستان بە عێراقەوە تێدا شەهید كرا، ئێستاو دوای 86 ساڵ بەسەر ئەو خوێنەی لەبەردەركی سەرای سلێمانی رژا، لەهەمان شار، ئارامی شێخ محەمەد كە هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕانە لەو شارەوە بەدەنگی بەرز هاوار دەكات و داوا لەحكومەت و پەرلەمانی عێراق دەكات، لەگەڵ سلێمانی وەك پارێزگایەكی عێراقی مامەڵەبكات نەك كوردستانی! پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئەمە چ ئیرهابێكی فیكرییە ژینگەی كوردایەتی و بیری نەتەوەیی سییەكانی سەدەی رابردووی شەڕی بەردەركی سەرای سلێمانی گۆڕیوە، بۆ چەپڵەڕێزانی ژمارەیەك هەرزەكاری سیاسی كە داوادەكەن، سلێمانی بخرێتەوە سەر عێراق؟
3. ئەم پەیامەی سەرۆك هەندێك دێڕی شاراوەی دیكەی تێدایە كە خەڵكی نیشتمانپەروەری سلێمانی ئەو دێڕە شاراوانەش دەخوێننەوە، ئەو دێڕانەش ئەوەن، كە لەهەر چوار پارچەی كوردستاندا، سلێمانی تەنیا شارە كە بیری قێزەوەنی ناوچەگەری تێدا شین نەبووە، سلێمانی وەك كوردستانێكی بچووك لەسەردەستی سلێمان پاشای بابان دروستكراوە، شارێك هەموو هێماكانی كەڵەپیاوەكانی هەموو كوردستانن، هەر خانەوادەیەكی سلێمانی كە درەختی خانەوادەكەی دروست دەكات، بەشانازییەوە ئاماژە بۆ ئەو رەگ و ریشە كوردستانییە دەكات كە ئەم درەختە هەیەتی و لەسلێمانیدا گەشەی كردووە، پرسیاری پەیامەكەی سەرۆك ئەوەیە: ئایا دەبێت ئەو ئیرهابە فیكرییە چی بێت كە وای كردووە لەناو شاری سلێمانی (كوردستانە بچكۆلەكە) خەڵكانێك هەبن، شەرم لەمێژووی ئەم شارە جوانەی كوردستان نەكەن و بە ئاشكرا باسی ناوچەگەری و دووئیدارەو سێ ئیدارەیی و دابەشبوونی كوردستان بكەنەوە، یان باسی سۆرانی و بادینانی بكەن؟!ش