دەوڵەتی كوردستان دەستكەوتە گەورەكەی هاوپەیمانیی نیودەوڵەتیی دژی داعش
November 9, 2016
راپۆرتەکان
لەگەڵ ئەوەی گەلی كوردستان وەك گەلێكی بەوەفا خۆی بە قەرداری هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش و لەسەرووی هەموویانەوە ئەمریكا دەزانێت، كە لەشەڕی دژی داعش بە فریای پێشمەرگە هاتوون و بوونە ئەو هۆكارەی كە خۆڕاگری و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بەرەدوام بێت و ئەفسانەی تیرۆریستانی داعش بەتاڵ بكاتەوە، بەڵام بڕیاری بوێرانەی مسعود بارزانی و قارەمانیەتی پێشمەرگە وەك تەنیا ئۆپشنی خێر لەبەردەم ئەمریكاو تەواوی دەوڵەتانی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی وایكرد ئەم گۆرانكارییە گەورەیە لە سیاسەتی ئێدارەی ئۆباما بەرامبەر كوردستان بێتە كایەوە.
دیارە لەماوەی ئەم دووساڵەدا زۆر دەوڵەتی دیكە وەك فەرەنسا و بەشی هەرە زۆری دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپاو ناتۆ، لەبەرامبەر كوردستاندا گۆڕانكاری گەورەیان لە شێوازی سیاسەت و مامەڵەی راستەوخۆیان لەگەڵ كوردستان كردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەمریكا وەك سۆپەرپاوەری جیهانی كە خۆی بە خاوەنی بەهێزترین هێزی سەربازی و ئابووری دەزانێت و توانای ئەوەی هەیە لەدەرەوەی ڤیتۆی ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی بڕیار لەسەر تەواوی كێشەكانی جیهان بدات، ئەوا بەم وەرچەرخانە گەورەیەی لە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر كوردستان هاتۆتەئاراوە، پێگەی كوردستانی گەیاندۆتە ئەو ئاستەی كە هێشتا كوردستان بەفەرمی نەبۆتە دەوڵەت، بەڵام وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و سەرۆكەكەی وەك سەرۆكی دەوڵەتێكی سەربەخۆ لە كۆشكی سپی و ئەلێزی پێشوازی لێدەكرێت.
لایەنێكی دیكە كە ئاماژەیە بۆ پێگەی كوردستان لەناو هاوپەیمانی نیودەوڵەتی دژی داعش، ئەوەیە كە بەشی هەرە زۆری دەوڵەتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە خواست و دەستپێشخەری خۆیان دەیانەوێت هاوكار و هاریكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بن لە مەشق و راهێنان و دابینكردنی پێداویستی سەربازی بۆ ئەوەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بەردەوام بێت، ئەم خواست و دەستپێشخەرییەی تەواوی دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش، هەوڵدانە بۆ ئەوەی ببنە لایەنێكی براوەی ئەم شەڕە كە مۆدێلی دەوڵەتی كوردستان و شێوازی شەڕی قارەمانانەی پێشمەرگە لەسەر زەوی بەسەر تیرۆریستانی داعشدا تۆماری كردووە. راشكاوانەتر ئەوانەی بە تێگەیشتنی نوێ سیاسەت دروست دەكەن و سیاسەت پیادە دەكەن، گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی ئەو دەوڵەتەی لە ژێر سێبەری لوولەی تفەنگی پێشمەرگە بەخۆڕسكی لەدایك بووە، مۆدێلی ئەو دەوڵەتەیە كە دوای رێككەوتنی ئاشتی ویستفالیا كۆتایی بەشەڕی ئایینی لە ئەوروپا هێنا، ئەوا دەوڵەتی كوردستان ئەو مۆدێلی دەوڵەتە دەبێت كە لەسەدەی بیست و یەكەمدا كۆتایی بەشەڕی ئایینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێت. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو دەوڵەتانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا لەئێستا بوونیان هەیە، هیچ پێناسەیەكی ئەو دەوڵەتەیان بەسەردا ناچەسپێت كە ماكس ڤیبەر و رێككەوتنی ویستفالیا بۆ دەوڵەتی هاوچەرخیان كردووە، لەناو ئەم جوگرافیا پان و بەرینەدا تەنیا كوردستان وەك دەوڵەتی ئەمری واقیع ئەو پێناسەی راڤەكردووە كە دەتوانێت سەقامگیری و ئاشتی و تەبایی و پێكەوەژیان لەناو جوگرافیای خۆیدا بۆ پێكهاتە جیاوازەكانی دابین بكات و لەهەمانكاتیشدا بتوانێت سنوورەكانی خۆی لە هەڕەشەو مەترسیی دەرەكی بپارێزێت، كە دیارە لە ئێستا تیرۆریستانی داعش گەورەترین هەڕەشەن نەك بۆ كوردستان، بەڵكو بۆ تەواوی جیهان. لەمەش زیاتر تۆماس فریدمان كە یەكێكە لە دیارترین بیرمەندو رۆژنامەنووسەكانی ئەمڕۆی جیهان، راشكاوانە دەڵێت: دەوڵەتی هاوچەرخ لەسەدەی بیست و یەكەم دەبێت ئەم مەرجانەی تێدا بێت، ئەوجا دەتوانین بەسەر تیرۆریستاندا زاڵ بین كە ئەو مەرجانەش بریتین لە:
1. دەوڵەتی هاوچەرخ لەسەدەی بیست و یەك، دەبێت سەرۆكێكی لێبووردەی هەبێت كە بتوانیت تەبایی و پێكەوەژیان لەنێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان دروست بكات.
2. ئەم دەوڵەتە دەبێت سوپایەكی هەبێت كە لەسەر زەوی توانای ئەوەی هەبێت سنوورەكانی خۆی لە هەڕەشەی تیرۆریستان بپارێزێت.
3. مامەڵەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەم دەوڵەتە هاوچەرخە دەبێت بە ئاستێك بێت، خۆیان ببنە مامان بۆ ئەوەی ئەم دەوڵەتە بەسەلامەتی لەدایك بێت.
ئەگەر سەیری ئەم سێ مەرجە بكەین كە تۆماس فریدمان بۆ دەوڵەتی هاوچەرخی دیاری كردووە، ئەوا ئەم مەرجانە لە تەواوی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهانی عەرەبی و ئیسلامی تەنیا لەكوردستاندا بوونیان هەیە، ئەمیش لەبەر ئەوەیە سەرۆك بارزانی ئەو سەرۆكە لێبوردەیەیە كە بەكردەیی سەلماندوویەتی لە دەوڵەتی كوردستاندا تەواوی ئایین و نەتەوە جیاوازەكان دەتوان بە ئاشتی و تەبایی و برایەتی پێكەوە بژین، هەروەها پێشمەرگەش ئەو سوپایەیە كە سەلماندوویەتی تەنیا سوپایە لەسەر زەوی دەتوانێت تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنێت.
لەسەر ئەم بنەمایە ئەگەر ئەو پرسیارە لەخۆمان بكەین، ئایا كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی بەگشتی و دەوڵەتانی هاوپەیمانیی دژی داعش، هەڵوێستیان بەرامبەر دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان چۆن دەبێت؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا ئەو كەس و لایەنانەی كە بە ئەقڵییەتی كۆنی پێناسەی دەوڵەت لەسەردەمی شەڕی سارد بیردەكەنەوە، دەڵێن، هێشتا كاتی باسكردنی دەوڵەتی كوردستان نییە، یان پێمان دەڵێن: دەوڵەتانی دەوروبەری كوردستان دژی رادەوەستن و ناهێڵن ئەم دەوڵەتە لەدایك بێت. بەڵام لەبەرامبەردا ئەوانەی بە ئەقڵیەتی تازە كار لەسەر دروستكردنی سیاسەت و رێكخستنەوەی سیستمی جیهانی دەكەن، بە راشكاوی دەڵێن: جیهان نەك نابێت دژی دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە بێت، بەڵكو دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆی پشت و پەنای ئەم دەوڵەتە بێت بۆ ئەوەی ببێتە مۆدێلێك بۆ تەواوی دەوڵەتانی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی.
ئەوجا كاتێك بە روانگەی ئەقڵییەتی تازە پرۆسەی سەربەخۆیی دەوڵەتی كوردستان دەخوێنینەوە و سەرنجی ئەو رووداوگەلە خێرایەش دەدەین كە لەسەر ئەرزی كوردستان روودەدەن، ئەوا دەگەینە ئەو قەناعەتەی دەوڵەتی كوردستان تەنیا بریتی نییە لە ئاوات و خەونی چەند ساڵەی نەتەوەی كوردو گەلی كوردستان، بەڵكو وەك گەورەترین دەستكەوتەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش سەیر دەكرێت و هەموو هەموو هاوپەیمانیی نیودەوڵەتییش پارێزگاری لەم دەستكەوتە گەورەیە دەكەن و پشتگیری ئەو سەرۆكە دەكەن كە بە كردەیی، برەوی بە لێبووردەیی و پێكەوەژیانی لەنێوان نەتەوەو ئایینە جیاوازەكان داوەو هاوكارو هەماهەنگی پێشمەرگە بووە كە بۆتە ئەو سوپا نموونەییەی كە لەسەر زەوی نەك تیرۆریستان تێكدەشكێنێت، بەڵكو فیكر و ئەقڵییەتی تیرۆریستانیش لە ریشە هەڵدەكێشێت.
لێرەوە ئەگەر ئەو پرسیارە بكەین، ئایا لەسەر چ بنەمایەك دەوڵەتی كوردستان وەك گەورەترین دەستكەوتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی تیرۆر سەیردەكرێت؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە گرنگە بگەڕێینەوە بۆ چەمكی دەستكەوت و سەركەوتن لەسیاسەتی ئیدارەی جۆرج دەبلیو بوش بەرامبەر بە عێراق. ئاشكرایە جورج دەبلیو بوش كاتێك پرۆسەی ئازادكردنی عێراقی بە رووخانی رژێمی سەدام حوسێن دەستپێكرد، ئامانجی شەڕەكەی راگەیاند كە دوای سەدام حوسێن عێراقێك بونیاد دەنێتەوە كە دیموكراتی و فیدڕاڵی و فرەیی و پەرلەمانی بێت، بەڵام هیچ كام لەم دەستكەوتانە بەدینەهاتن و بەپێچەوانەوە عێراق بووە نەوایەكی ئارام بۆ تیرۆریستان و شەڕی مەزهەبگەرایی نێوان شیعەو سوننە، هەربۆیە كاتێك پرسیار لە ئیدارەی بوش دەكرا، ئێوە دەڵێن لەشەڕی عێراق سەركەوتووین، ئایا سەركەوتن لای ئێوە مانای چییە؟ دیارە ئەم پرسیارە لای ئیدارەی بوش بێ وەڵام بوو، بۆیە شەڕەكە بە شەڕێكی دۆڕاو لەقەڵەم درا، بەڵام ئەگەر سەیری ستراتیژیەتی شەڕی دژی داعش بكەین كە باراك ئۆباما رایگەیاندووە و بریتییە لە تێكشكاندن و لە ریشە هەڵكێشانی فیكری داعش، ئەوا هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەسەر زەوی بە هاوكاری ئەمریكاو هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی، تیرۆریستانی داعشی لە رووی سەربازییەوە تێكشكاندووە، هەروەها لۆژیك و لێبووردەیی سەرۆك بارزانی فیكری داعشی ریشەكێش كردووە، كەواتە ئەگەر ئێستا ئەو پرسیارە لەئیدارەی ئۆباما بكرێت و پێیان بڵێن: ئێوە دەڵێن لە ستراتیژیەتی شەڕی دژی تیرۆر سەركەوتووین، ئایا سەركەوتن لای ئێوە مانای چییە؟ بێگومان هەر بەرپرسێكی ئیدارەی ئۆباما دەڵێت: سەركەوتنی ستراتیژیەتی دژی تیرۆر هاوكاری ئەمریكایە بۆ سەركەوتنەكانی پێشمەرگەو پاراستنی ئەو كوردستانەیە كە جیا لەوەی تەبایی و پێكەوەژیانی بۆ پێكهاتە جیاوازەكانی دروستكردووە، لەهەمانكاتدا بۆتە شوێنی حەوانەوە بۆ هەموو دەربەدەرەكانی شەڕی داعش لە عێراق و سووریا، هەر لەسەر شێوازی كوردستانیش ئایندەی ناوچەكە بونیاد دەنرێتەوە.