مەترسیی ئاشوب و شەڕانگێزیی دۆڕاوەكانی شەڕی دژی داعش
November 5, 2016
راپۆرتەکان
سەبارەت بە دۆڕاوی سەرەكی كە داعشە، پێنج شەش مانگ پێش ئێستا بەرنامەو پلانی بۆ دوای دۆڕانەكەی بەناوی (پلانی ئینحیاز) ئامادەكردووە، ئەمیش یان ئەوەیە پاشەكشە دەكات بۆ بیابانەكانی نێوان نەینەواو ئەنبار، یان هەوار دەگوازێتەوە بۆ دیالەو لەوێوە دووبارە بە خەیاڵی خۆی دەست پێدەكاتەوە، داعش لەماوەی رابردوو تەواو هەستی بەوە كردووە كە دەدۆڕێت، بۆیە پێشوەختە بەرنامەی خۆی ئامادەكردووە.
لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و كوردستانیش دیارە مالیكی و ئەوانەشی لەكوردستانەوە پشتگیری مالیكی دەكەن، ئەوانیش هەر لەمانگی ئایاری 2016 ـەوە هەستیان كردووە دۆڕای دوای ئەو شەڕە دەبن، بۆیە لەمانگی ئایاری رابردووە پلانی خۆیان بەناوی «گۆڕینی هاوكێشەی هێز»ئامادەكردووە، لەمەشدا چۆن داعش پلانی خۆی نەشاردۆتەوەو ئەبومحەمەدی عەدنانی بەئاشكرا پێش كوژرانی وەك وتەبێژی دەوڵەتی ئیسلامی رایگەیاندووە، بەهەمان شێوە لەسەر ئاستی عێراق نوری مالیكی لەهەوڵی «گۆڕینی هاوكێشەی هێز»بووە بەدروستكردنی هاوپەیمانیی تازە لەگەڵ هێزگەلێكی عێراقی و كوردستانی بۆ ئەوەی لە هەر دەرفەتێكدا بێت، كودەتایەكی پەرلەمانی لە رێگەی زۆرینەو كەمینەی پەرلەمانییەوە بەسەر عەبادی-دا بكات، لەسەر ئاستی كوردستانیش، دیارە هەر لەمانگی ئایاری 2016ـەوە دوای ئەوەی نەوشیروان مستەفا لە لەندەن گەڕایەوە خەرێكی رێككەوتن بووە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی لە ژێر ناونیشانی «گۆڕینی هاوكێشەی هێز» لەكوردستان، ئەمەش هەر لە پێناوی ئەوە بووە كە كودەتایەكی پەرلەمانی دیكەی زۆرینەو كەمینە دژی سەرۆكایەتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامبدات، بۆ ئەمەش هەم ئەوانەی لە كوردستان پیلانی (گۆڕینی هاوكێشەی هێزیان) بەڕێوەدەبرد، سەردانی نوری مالیكی-یان كردو لەگەڵی كۆبوونەوەو هاوپەیمانی تازەیان گرێدا، هەمیش نوری مالیكی سەردانی سلێمانی كردو لەگەڵ سەركردایەتی گۆڕان و یەكێتی كۆبووەوە، بەڵام ئاكامی پلانی (گۆڕینی هاوكێشەی هێز)ی هەردوولا شكستی هێنا. ئێستا خەریكە هەموو ئەوانەی كە پلانی پێشوەختەیان بۆ دوای شەڕی داعش دادەڕشت، لەپرۆسە سیاسیی كوردستان و عێراقدا دەكەونە پەراوێزەو كاریگەرییان لەناو پرۆسەكەدا نامێنێت.
دیارە مەترسیی گەورە لەپلانەكەی داعش دوای ئازادكردنی موسڵ، ئەوەیە كە كێشەی مەزهەبگەرایی نێوان شیعە و سوننە بكاتە بەرمیلێك بارووت و پاشان بەهەموو عێراقدا بیتەقێنێتەوە، دیارە ئەم پلانەی داعش وەك دۆڕاوی سەرەكیی شەڕەكە لەلایەن نوری مالیكی (ئەویش وەك دۆڕاوی شەڕەكە)ـەوە بەگەرمی پێشوازی لێكراوە، پێشوازی گەرمی مالیكی لە پلانەكەی داعش، بزواندنی هەستی مەزهەبگەرایی شیعەیە، نەك تەنیا لە عێراقدا، بەڵكو لەتەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەبەر ئەوەی كاتیك مالێكی دەڵێت: «شەڕی ئێمە وەك شیعە لەگەڵ شەڕی سووریا و یەمەن جیاوازی نییە»، ئەمە مانای ئەوەیە مالیكی تەنیا خۆی ئامادەناكات بۆ دروستكردنی فیتنەو ئاشوب لەگەڵ عەرەبی سوننەی عێراق، بەڵكو خۆی گرێدەداتەوە بە مەددی شیعەگەرایی لەسەرانسەری ناوچەكەدا، هەروەها پیشاندانی ئامادەباشییە بۆ ناردنی چەكدارانی حەشدی شەعبی بۆ سووریاو یەمەن، هەروەها هاتنی چەكدارانی شیعە لە یەمەن و باشووری لوبنان و سووریاوە بۆ فریای مالیكی لەو كاتەی دەكەوێتە تەنگانەوە، ئەم حاڵەتەی بەسەر مالیكی هاتووە، شەڕێكی دۆڕاوەو كەسێكی دۆڕاوی سەرلێتێكچوو بەڕێوەی دەبات، بۆیە نەك هەر سەركەوتوو نابێت، بەڵكو چارەنووسی لەگەڵ دۆڕاوی سەرەكیی شەڕەكە كە داعشە گرێدەداتەوە.
سەبارەت بە دۆڕاوەكانی شەڕی داعشیش لەكوردستاندا، لەئێستا لە هەوڵی ئەوەدان تانەوتەشەر بۆ پێشمەرگە و هەروەها بەشداری كوردستان لەشەڕی ئازادكردنەوەی موسڵ بكەنە جۆرێك لە فیتنەو ئاژاوەگێڕی لەكوردستان و لەگەڵ ئازارو مەینەتییەكانی خەڵكی كوردستان تێكەڵی بكەن، هەروەك چۆن ئێستا هاوپەیمانەكانی مالیكی بۆ تێكدانی رەوشی ئارامیی كوردستان، باری ناسەقامگیری دارایی و ئابووری كوردستانیان قۆستۆتەوەو دەوام و ژیانی دامەزراوەییان لەو ناوچانە پەكخستووە كە تیایدا باڵادەستن، ئەمەش لەپێناوی ئەوەیە كە ژینگەیەكی ئاڵۆزی سیاسیی ئەوتۆ دروست بكەن كە دوای ئازادكردنەوەی موسڵ، دۆڕاویی خۆیانی لەشەڕەكەدا پێ بشارنەوە.
بەڵام ئەوەی جێگەی بایەخەو سەرەتاكانی دەركەوتووە، ئەوەیە كە دۆڕاوەكانی شەڕی دژی داعش، ئەوجا چەكدار و تیرۆریستانی داعش بن، یان هەر كەس و لایەنێك كە بە دروستكردنی ئاژاوە و ئاشوب هەوڵی بۆ ناسەقامگیریی عێراق و كوردستان دابێت، دوای تێكشكانی داعش لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و كوردستاندا جێگەیان نابێتەوە، هەروەك چۆن یەكێتی ئەوروپا رێگەی نەدا یۆرگ هایدەر بە رێگەی سندوقی دەنگدانیش تێكەڵی پرۆسەی سیاسیی نەمسا ببێتەوە، ئەوا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش رێگەنادات كەسانی وەك مالیكی و ئەوانەشی لەگەڵ ئەو هاوپەیمانن تێكەڵی پرۆسەی سیاسیی عێراق و كوردستان ببنەوە.