یەكێك لەمەرجەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ داڕشتنی ستراتیژیەتی دژی داعش دوورخستنەوەی نوری مالیكی بووە لەپۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق

یەكێك لەمەرجەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ داڕشتنی ستراتیژیەتی دژی داعش دوورخستنەوەی نوری مالیكی بووە لەپۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق
نوری مالیكی كەسێكی دۆڕاو لەناو شەڕێكی سەركەوتوودا
«یەكێك لەهۆكارەكانی كەوتنی موسڵ بە دەستی داعش سیاسەتی مەزهەبگەرایی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق بووە، دانیشتووانی موسڵ ئازارو مەینەتییەكی زۆریان بە دەستی هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە بینیبوو، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو نوری مالیكی هێزە ئەمنییەكانی بەسیاسی كردبوو، بەجۆرێك كە ببوونە هێزێكی مەزهەبگەرای شیعە لەدژی سوننەو بەمەش عەرەبی سوننە هەستیان بەوە دەكرد كە لەلایەن سوپایەكی مەزهەبگەرای شیعەوە داگیركراون، خەڵكی موسڵ هێندە ترسیان لەهێزەكانی مالیكی هەبوو، بەناچاری پێشوازییان لەداعش كرد.
دوای كەوتنی موسڵ لە زۆر لاوە داوا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كرا كە دەستبەجێ هێزی سەربازی بەكاربهێنێت، بەڵام سەرۆك ئۆباما بیری لەوە كردەوە، ئەگەر لەبری حكومەتێك (حكومەتەكەی مالیكی) كە خۆی بەرپرسیاری یەكەمی ئەم كارەساتەیە، هێز بەكاربهێنێت، ئەوا لەوانەیە ئاكامەكەی پێچەوانە بكەوێتەوە، راشكاوانەتر ئەگەر پشتگیری حكومەتەكەی مالیكی بكرێت و چالاكانە هێزی ئاسمانی بەكاربهێنرێت، ئەوا هیندەی دیكە سوننە لە پرۆسەی سیاسی دووردەخرێتەوەو دەبێتە هۆكاری ئەوەی ژمارەیەكی زیاتر لە هاووڵاتیانی سڤیلی عەرەبی سوننە بكوژرێن، بۆیە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڕیاریدا بەشێوەیەكی بنەڕەتی خۆی لەشەڕی ناوخۆی مەزهەبگەرایی نێوان سوننە و شیعە بەدوور بگرێت. لەبری ئەمە سەرۆك ئۆمابا رایگەیاند كە پێویستمان بە ئاراستەیەكی گشتگیرتر لەگەڵ بەغدا هەیە، یەكەمیان ئەوەیە دەبێت عێراقییەكان پۆستی سەرۆك وەزیران لەمالیكی وەربگرنەوەو بیدەنە سەرۆك وەزیرانێكی تازە، عەبادی لە پێویستیی بەشداریی هەموو پێكهاتەكان لەكابینەكەی تێگەیشتبوو، بۆیە هەوڵیدا هەموو پێكهاتەكان بەشداری پێبكات، ئەوە ماوەی دوو ساڵە ئەمریكا مامەڵە لەگەڵ حكومەتی عەبادی دەكات، لەماوەی ئەم دووساڵەدا توانراوە سوپایەكی تا رادەیەك پڕۆفیشناڵ و كەمتر مەزهەبگەرا بونیاد بنرێتەوە، ئەمەش باشترە لەوەی مالیكی و دەتوانرێت كاری لەگەڵ بكرێت. هەربۆیە كاتێك سەرۆك ئۆباما لە 2014 ستراتیژیەتی دژی داعش راگەیاند، ئاماژەی بەوەكرد كە ئەم ستراتیژیەتە ماوەی 36 مانگی دەوێت، هەتا جێبەجێ دەكرێت، ئێستا دوو لەسەر سێی ئەم ماوەیە تێپەڕیوە، ئەگەر هەتا ئەو كاتەی سەرۆكی نوێ دەست بەكار دەبێت، بتوانرێت بەشی هەرەزۆری ئەو خاكەی داعش داگیری كردووە، ئازاد بكرێتەوە، ئەوا ئەركی سەرەكیی ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا دابینكردنی سەقامگیری بۆ عێراق دەبێت.»
فیلیپ.ئێچ. گۆردن
راوێژكاری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا و رێكخەری سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەنداو لەكۆشكی سپی لەماوەی ساڵانی 2003- 2015، رۆژی 26ی ئۆكتۆبەر ئەم قسانەی لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ئامۆژگای ئەنجومەنی پێوەندییەكانی دەرەوە كردووە.

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێش ئەوەی شەڕی داعش بكات كۆتایی بە حوكمڕانیی مالیكی هێنا
كاتێك لە 10ی حوزەیرانی 2014 موسڵ لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە داگیركرا، ئەمریكاو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگییان هەڵبژارد، سەبارەت بەم بێدەنگییە پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەو كاتەی كە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، ئەمریكاو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەم هەڵوێستەیان وەرگرت؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارە فیلیپ. ئێچ. گۆردن كە ئەوكات راوێژكاری تایبەتی سەرۆك ئۆباما و رێكخەری سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەنداو بووە، لەتازەترین لێدوانیدا كە رۆژی 26ی ئۆكتۆبەر لەمیانەی دیمانەیەكدا لەگەڵ ئامۆژگای پێوەندییەكانی دەرەوە ئاماژەی پێكردووە، دەڵێت:
1. سەرۆك ئۆباما نەیدەویست راستەوخۆ بەشداری شەڕی دژی داعش بكات، لەكاتێكدا حكومەتەكەی مالیكی بەرپرسیاری سەرەكی ئەو كارەساتەیە كە لە عێراق روویداوە. هەربۆیە ئەگەر ئەمریكا پشتگیری مالیكی بكردایە، ئاكامی پێچەوانەی لێدەكەوتەوە.
2. ئیدارەی ئەمریكا كەوتنی موسڵی وەك ئاكامی شەڕی نێوان حكومەتێكی دیموكراتی و رێكخراوی تیرۆریستی داعش سەیر نەكرد، بەڵكو وەك شەڕی ناوخۆی مەزهەبگەرایی نێوان شیعەو سوننە سەیركرد، بۆیە بڕیاریدا خۆی لەشەڕی ناوخۆی نێوان عەرەبی شیعەو عەرەبی سوننە بەدوور بگرێت.
ئەم دووخاڵەی فیلیپ گۆردن ئاماژەی پێكردوون، شرۆڤەی بارودۆخێك نییە، بەڵكو ئاشكراكردنی كۆمەڵێك زانیاریی گرنگن سەبارەت بە تێڕوانینی ئیدارەی ئەمریكا بۆ فەشەلی نوری مالیكی لە حوكمڕانیی عێراقدا، راشكاوانەتر ئیدارەی ئەمریكی و سەرۆك ئۆباما، نوری مالیكی-یان وەك سەرچاوەی ئەو نەخۆشییە دەستنیشان كردووە كە بۆتە هۆكاری ئەوەی عەرەبی سوننە لەموسڵ ناچاربن پێشوازی لەتیرۆریستانی داعش بكەن. بۆیە ئەمریكا بیری لەوە كردەوە كە ستراتیژیەتێكی جیاوازو گشتگیرتر لەگەڵ بەغدا دەست پێبكات، هەنگاوی یەكەمیش بۆ داڕشتنی ئەم ستراتیژیەتە وەك فیلیپ گۆردن ئاماژەی پێكردووە، دەبێت نوری مالیكی كە حزبەكەی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكانی نیسانی 2014 بوو، رێگەی پێنەدرێت پەرلەمانی عێراق رایبسپێرێت بۆ ئەوەی كابینەی حكومەت پێكبهێنێتەوە. ئەم بڕیارەی ئەمریكا كە دواتر بووە بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان و دەوڵەتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش مانای ئەوەیە:
ئەمریكاو نەتەوەیەكگرتووەكان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی، راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی لەلایەن داعشەوە، بەو مانایە نییە كە رێكخراوی تیرۆریستی داعش زۆر بەهێزەو عەرەبی سوننە خوازیاری دامەزراندنەوەی خەلافەتی ئیسلامین، بەڵكو مانای ئەوەیە پەتای ئەم نەخۆشییە سیاسەتە هەڵەكانی نوری مالیكی بووەو عەرەبی سوننەش لەنێوان هێزە مەزهەبگەرا شیعەكەی مالیكی و هێزە تیرۆریستییەكەی ئەبوبەكر بەغدادی دووەمیان هەڵبژاردووە، بۆیە ئەگەر حوكمڕانیی مالیكی كۆتایی پێبهێندرێت، شەڕی دژی داعش ئاسانتر دەبێت.
حكومەتەكەی نوری مالیكی بێجگە لە بەشێكی كەمی شیعە كە دارودەستەی خۆی بوون لە حوكمدا، هەموو پێكهاتەكانی دیكەی پەراوێز خستبوو، ئەمەش هۆكاری سەرەكیی سەرهەڵدانی شەڕی مەزهەبگەرایی لەنێوان شیعەو سوننە و شەڕی نێوان كوردو عەرەبە لەعێراقدا، ئەوجا بۆ ئەوەی هەوڵێك بخرێتەگەڕ بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسیی عێراق رێكبخرێتەوە، ئەوا هیچ رێگەیەكی دیكە لەبەردەمدا نییە، تەنیا ئەوە نەبێت مالیكی لە حكومەت و پرۆسەی سیاسی دووربخرێتەوە.
سیاسەتی مەزهەبگەرایی مالیكی، شەرەفی سەربازی سوپای عێراقی شكاندبوو، وایكردبوو كە سوپا هەست بە ئینتیمای نیشتمانی نەكات، هەر بۆیەش لەگەڵ دەركەوتنی چەند سەد چەكدارێكی تیرۆریستانی داعش، بەیەكجار زیاتر لە پێنج فیرقەی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق تەسلیم بوون، ئەو هەموو چەك و تەقەمەنی و ئامێر و كەلوپەلی سەربازییەشیان بۆ چەكدارانی تیرۆریستی داعش بەجێهێشت. ئەگەر فەتواكەی ئایەتوڵا سیستانی نەبوایە كە داوای رەشبگیری لە عەرەبی شیعە كرد، ئەوا بەغداش دەكەوتە بەر دەستی تێرۆریستانی داعش.
دیارە لەماوەی دووساڵی رابردوو كە نوری مالیكی لەپرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی لەعێراقدا دوورخراوەتەوە، وەك لایەنی ئەمریكیش راشكاوانە جەختی لەسەر دەكاتەوە، توانراوە هەنگاوبەهەنگاو حوكمڕانیی عێراق راستبكرێتەوەو هەروەها توانراوە سوپایەك بونیاد بنرێتەوە كە جۆرێك لە پڕۆفیشناڵی و كەمتر مەزهەبگەرایی پێوە دیار بێت و دەتوانرێت مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، ئەمەش نەك تەنیا ئەمریكا بتوانێت مامەڵە لەگەڵ حكومەت و سوپای عێراق بكات، بەڵكو وەك ئێستا دەبینین ئەوە بۆ یەكەمجارە لەمێژووی عێراقدا، سوپا و پێشمەرگە پێكەوە هەماهەنگی دەكەن و پێكەوە لەیەك سەنگەردا دژی تیرۆریستانی داعش دەجەنگن. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر دوورخستنەوەی نوری مالیكی لەحوكمڕانی و پرۆسەی سیاسی عێراق، مەرجی یەكەمی داڕشتنی ستراتیژیەتی شەڕی دژی داعش بووبێت، ئەوا دوای نەمانی داعش كە ستراتیژیەتی دووبارە سەقامگیركردنەوەو بونیادنانەوەی عێراق دەست پێدەكات، هێندەی دیكە مالیكی و ئەوانەی وەك مالیكی بیردەكەنەوە لە پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی دووردەخرێنەوە، خۆ ئەگەر لەئێستادا نوری مالیكی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە هاوشێوەی ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش سەیرنەكرێت، ئەوا لەو كۆنفرانس و كۆنگرە نێودەوڵەتییانەی دوای نەمانی داعش بۆ بونیادنانەوەی عێراق و ریشەكێشكردنی فیكری داعش رێكدەخرێن، هیچ دوور نییە نوری مالیكی وەك تاوانباری شەڕ و هۆكارێك بۆ بەهێزكردنی فیكری داعش لەلایەن دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكانی جەنگەوە بانگهێشت بكرێت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.

گرنگە مالیكی پەند لە داعش وەربگرێت هیچ كامتان شەڕی حكومەتێكی دیموكراتیتان پێ ناكرێت
ئاشكرایە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، داگیركردنی شاری موسڵیان لەلایەن داعشەوە، وەك شەڕی نێوان حكومەتەكەی مالیكی و رێكخراوێكی تیرۆریستی لەقەڵەم نەدا، بەڵكو وەك شەڕی ناوخۆی نێوان شیعەو سوننە سەیریان كردو خۆیان لێ دوورەپەرێز گرت، بەڵام كاتێك لە ئابی 2014 داعش پەلاماری كوردستانی داو چەند ناوچەیەكی كوردستانی داگیركرد، جیا لەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان سەرۆك بارزانی شەڕی مان و نەمانی راگەیاند، هەموو جیهان (بە نەتەوە یەكگرتووەكان، دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا و ناتۆ و لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمریكا) پێكەوە هەموویان هاتنەدەنگ و بڕیاریاندا پشتگیری كوردستان و پێشمەرگە و سەرۆكەكەی بكەن. ئەم هەڵوێستەی جیهان بەرامبەر كوردستان دژی داعش، جیا لەوەی دانپێدانان بوو بە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان، لەهەمانكاتدا پیشاندانی پشتگیری و متمانەبوون بوو بەسەرۆكەكەی كە نموونەیەكی حوكمڕانیی سەركەوتووی لەناوچەیەكی ئاڵۆز و پڕكێشەدا پێشكەشی جیهان كردووە. لەبەرامبەریشدا ئەو هەڵوێستەی جیهان بەرامبەر مالیكی و حكومەتەكەی ئاماژە بوو بۆ ئەوەی كە جیهان چۆن سەیری خەلافەتەكەی ئەبوبەكری بەغدادی دەكات، بەهەمان شێوەش سەیری حكومەتەكەی مالیكی دەكات. لەمەش زیاتر كە ئەم هەڵوێستەی جیهان پەیامێكی راشكاوانەیە بۆ مالیكی و پێمان دەڵێت، ئەگەر بمانەوێت لەشەڕی دژی داعش سەركەوتوو بین، ئەوا هەنگاوی یەكەم ئەوەیە كە مالیكی و ئەقڵییەتی مالیكی بۆ سیاسەت و حوكمڕانی دەبێت لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانیدا بن.

دیارە لەو كاتەوەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بوونە ئاماژەیەك بۆ تێكشكاندنی تەواوی تیرۆریستانی داعش، لەسەر ئاستی سیاسیی ناوخۆی كوردستان و هەروەها ئاستی سیاسیی ناوخۆی عێراق، كەسان و لایەنێك هەن كە هەستیان بەوە كردووە لەم شەڕەدا دۆڕاون و لەهاوكێشەی پاش سەركەوتنی شەڕەكە هیچ پێگەیەكیان نابێت و خۆری سیاسییان ئاوا دەبێت، ئەوا لە ئێستا وەك سەیردەكەین ئەو كەس و لایەنانە لە دژی سەركەوتنی شەڕی دژی داعش و قارەمانیەتی پێشمەرگە هەوڵی گرێدانی هاوپەیمانی دژ بە كوردستان و پێشمەرگە دەدەن، هەموو رق و كینە و هەناسەساردیی دۆڕاوی خۆیان دەكەنە رق و كینە و دژی سەرۆكی كوردستان هەڵیدەڕێژن، ئەمە لەكاتێكدایە هەموو جیهانی ئازاد، پێشمەرگە وەك سوپای كوردستان و سەرۆكەكەی وەك سیمبولی تێكشكاندنی تیرۆریستان سەیر دەكات.

ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو لە قسەكانی نوری مالیكی لە میانەی دیمانەیەكی لەگەڵ سایتی (n-news) لەسەر هەرێمی كوردستان و شەخسی سەرۆك بارزانی كردی، جۆرێكە لەهەستكردن بە دۆڕانێكی سیاسیی گەورەی ئەوتۆ كە جارێكی دیكە بۆی پڕناكرێتەوە، راشكاوانەتر لەمەش ئەوەیە كە ئێستا ئەقڵییەت و فیكری نوری مالیكی و ئەوانەشی پشتگیری نوری مالیكی دەكەن، وەك ئەقڵییەت و فیكری هیتلەر لەدوای شەڕی دووەمی جیهانی سەیردەكرێت، تەنانەت هەتا ئەگەر ئەو جۆرە ئەقڵییەتانە لە رێگەی پرۆسەی هەڵبژاردنیشەوە بێنەوە ناو پرۆسە سیاسییەكە، ئەوا چۆن لەساڵانی رابردوو یەكێتی ئەوروپا هەموو پێوەندییەكی خۆی لەگەڵ حكومەتی هاوپەیمانی نەمسا هەڵپەسارد، تەنیا لەبەر ئەوەی هاوپەیمانییان لەگەڵ حزبەكەی یۆرگ هایدەر كردبوو، كە ریشەی حزبەكەی هایدەر دەگەڕایەوە بۆ زیندووكردنەوەی نازیزم، لەئێستاشدا ئەگەر سەرنج لە شێوازی مامەڵەكردنی ئەمریكا لەگەڵ شەڕی داعش بدەین، دەبینین كۆڵەگەی سەرەكیی ئەو ستراتیژیەتە ئەوەیە كە مامەڵە لەگەڵ نوری مالیكی نەكات كە هەڵبژاردنەكانیشی بردۆتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە هەتا ئەگەر نوری مالیكی و حزبەكەی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقدا زۆرینەی دەنگدەرانیش بە دەست بهێنن، ئەوا بێجگە لەوەی نوری مالیكی وەك شەخس رێگەی پێنادرێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق كاندید بكات، لەمەش زیاتر ئەگەر نوری مالیكی لەسەر ئەم ئەقڵییەتە شەڕانگێزییەی بەردەوام بێت كە دەبێتە سەرچاوەی فیتنەو شەڕانگێزی لەنێوان شیعەو سوننەو كوردو عەرەب لە عێراقدا، ئەوا هەتا نوری مالیكی سەرۆكی ئەو حزبە بێت، هیچ لایەنێكی نیشتمانی كە بەتەنگ ئایندەی عێراقەوە بێت، مامەڵەی لەگەڵ ناكات و دەبێت لە پرۆسە سیاسییەكە بكرێتەوە دەرەوە.

لەوانەیە ئەمجۆرە خوێندنەوەیەی كە ئێستا بۆ ئایندەی مالیكی و حزبەكەی دەكرێت، لای خەڵكانێك بە ئاسانی هەرس نەكرێت، لەبەر ئەوەی هەتا ئێستا لەبەر مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش وەك خۆی مامەڵە لەگەڵ شەخسی مالیكی و حزبەكەی نەكراوە، بەڵام كاتێك پەتای دۆڕانی حوكمڕانی و سیاسی بەو ئاستە سەر لە مالیكی تێكدەدات كە بانگەشە بۆ بازنەی شیعەگەرایی و شەڕی بەوەكالەت لە بەغدا بۆ دیمەشق و باشووری لوبنان و حوسییەكانی یەمەن دەكات، ئەوا لای هەموو كەسێك ئاشكرا دەبێت كە خۆی و حزبەكەی لە لیستی تیرۆریستیدا بە هاوشێوەی حزبوڵای لوبنانی تۆماردەكرێت، بەتایبەتیش كە ستراتیژیەتی سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا دوای نەمانی داعش ئەوجا (هیلاری بێت، یان ترامپ)، بریتی دەبێت لە كۆكردنەوەی هەموو هەوڵەكان بۆ ریشەكێشكردنی فیكری داعش و ئەو فیكرەشی كە داعشی بەهێز كردووە، بۆیە ئەگەر هەتا ئێستا فیكر و ئەقڵییەتی مالیكی بۆ سیاسەت و حوكمڕانی بە هاوشێوەی فیكر و ئەقڵییەتی تیرۆریستانی داعش لەسەر ئاستی جیهان مامەڵەی لەگەڵ نەكرابێت، ئەوا لە ستراتیژیەتی گێڕانەوەی سەقامگیری و دووبارە بونیادنانەوەی عێراق لە دوای داعش، ئەوا چۆن مامەڵە لەگەڵ فیكری داعش دەكرێت، بەهەمان شێوەش مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەقڵییەت و فیكرە مەزهەبگەراییەی مالیكیش دەكرێت، كە هۆكاری سەرەكی بووە بۆ بەهێزكردنی فیكری داعش و دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی لەعێراقدا.
Top