پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ كۆتایی داعش و كۆتایی حوكمڕانییە فاشیلەكەی عێراقە
October 26, 2016
راپۆرتەکان
رووخانی دیواری (بەرلین)ێكی دیكەیە لە سەدەی بیست و یەكدا
ئەڵمانیا لە ساڵی 1946 جیا لەوەی وەك دەوڵەت دابەشكرا بۆ دوو دەوڵەت، لەهەمانكاتیشدا بەرلینی پایتەختیشی بە دیوارێك بەسەر بلۆكی رۆژهەڵات و رۆژئاوا دابەشكرا، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەڵمانییەكان لەدوای ئەو شەڕە جارێكی دیكە گەڕانەوە بۆ پابەندبوون بە ئەخلاقی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەڵمانیاوە، ئەوەبوو لە ساڵی 1989 بە رووخانی دیواری بەرلین نەك هەر هەردوو ئەڵمانیا و بەرلین یەكی گرتەوە، بەڵكو كۆتاییشی بە سیستمی دووجەمسەری لە جیهاندا هێناو، سیستمی نوێی جیهانی راگەیاند.
ئەو وەرچەرخانە گەورەیەی رووخانی دیواری بەرلین بەدوای خۆیدا هێنا، نەك هەر چاوەڕواننەكراو بوو، بەڵكوو رۆژ لەدوای رۆژ رووداوی سەرسوڕهێنەری ئەوتۆی بەدوای خۆیدا دەهێنا كە نەك تەنیا پسپۆڕان و بیرمەندان پێشتر بیریان لێ نەكردبۆەوە، بەڵكو لەسەر ئاستی دیپلۆماتكار و بڕیارسازانیش كە رووبەڕووی ئەو وەرچەرخانە گەورەیە دەبوونەوە، خۆیان بڕوایان نەدەكرد ئەو وەرچەرخانە گەورەیە روویدابێت، هەروەك چۆن دینیس رۆس كە یاریدەری جێمیس بیكەری وەزیری دەرەوەی ئیدارەی بوشی باوك سەری لەوە سوڕمابوو، چۆن یەكێتی سۆڤیەتی پێشان بۆ دەركردنی عێراق لەكوەیت رازی بووە ببێتە یەكێك لە ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ئازادكردنەوەی كوەێت.
دیارە لەدوای سەرهەڵدانی داعش لە2014و پاشانیش راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی داعش لە عێراق و سووریا، ئەمجارەیان جیهان بە ئاشكرا جاڕی مردنی ئەو سیستمە نوێیەی جیهانی دا كە رووخانی دیواری بەرلین دروستی كردبوو، ئەوجا چۆن رووخانی دیواری بەرلین و راگەیاندنی سیستمی نوێی جیهانی رووداوێكی پێشبینینەكراو و مەزندەنەكراوبوو، بەهەمان شێوە دەركەوتنی داعش و دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامیش پێشبینینەكراو و مەزندە بۆ نەكراو بوو، هەر بۆیە لە ماوەی حوزەیران تا ئابی 2014، جیهان و دەوڵەتانی رۆژئاوا و بەتایبەتیش ئەمریكا دووچاری شڵەژانێكی گەورە بوون، ئەم شڵەژانە بە ئاستێك بوو كە هیچ كام لە (ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، یەكێتی ئەوروپا و ناتۆ و تەنانەت ئیدارەی ئەمریكاش) نەیاندەتوانی بڕیار بدەن، لەمەش زیاتر پسپۆڕێكی گەورەی وەك ماكس بوت كە راوێژكار و تایبەتمەندی بواری ئاسایش و بەرگری بوو بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، كتێبێكی بەناونیشانی (شەڕی نەبینراو) نووسی، لەم كتێبەدا جەختی لەسەر ئەوە كردبووەوە، چۆن ئیمپراتۆریەتی رۆم بەدەستی گروپێك لە چەكداری گەریلایی رووخێنرا، ئیمپراتۆریەتی ئەمریكاش بە دەستی تیرۆریستان هەمان چارەنووسی ئیمپراتۆریەتی رۆمی دەبێت.
بەڵام كە لە ئابی 2014 سەرۆك بارزانی بڕیاری شەڕی مان و نەمانی دژی تیرۆریستانی داعش داو خۆی چووە سەنگەرەكانی پشەوەی پێشمەرگەو هێرشەكانی تیرۆرستی داعشی راگرت، لەهەمانكاتدا گرێكوێرەی بڕیاردانیش نەك هەر بۆ ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا و ناتۆ كرایەوە، بەڵكو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش توانی بە كۆدەنگی هەر پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی بڕیارێكی نیودەوڵەتی دەربكات.
ئەوكاتەی سەرۆك بارزانی بڕیاری شەڕی مان و نەمانی دژی داعشدا، گەورەترین كارەسات بەسەر بەشێكی گرنگی نەتەوەكەمان هاتبوو كە كوردانی ئێزدی بوون و بەشكێكی زۆری خاكی كوردستانیش لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە داگیركرابوو، بە سەدان هەزار هاووڵاتی كوردی ئێزدی و كریستیان و شەبەك و توركمان و عەرەبی سوننە و شیعەش ئاوارەی كوردستان ببوون، بەڵام وێڕای ئەم هەموو كارەساتەش، لەبەر ئەوەی بارزانی پێش هەموو كەسێك گەڕایەوە بۆ پابەندبوون بە ئەخلاقی شۆڕشگێری و نەتەوەیی و نیشتمانی پێشمەرگە كە دروشمەكەی (كوردستان یان نەمانە)، ئەوا نەك هەر توانرا ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان دووبارە ئازادبكرێنەوە، لە هەمانكاتدا ئەخلاقی پێشمەرگە جیهانی هێنایە ئەو قەناعەتەی كە دەبێت رێز لە كوردستان بگێرێت و كوردستان ببێتە وێستگەی یەكەمی دووبارە بونیادنانەوەی سیستمێكی نوێی جیهانی كە لەم سیستمە جیهانیە تازەیەدا، جارێكی دیكە پێناسەی دەوڵەت لەبەر رۆشنایی رێككەوتنی ویستفالیا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی هاوچەرخ دەكاتەوە، بەدیوێكی دیكەدا ئەو دەوڵەتەی پێشمەرگە سنوورەكانی دەپارێزێت و پێی دەگوترێت كوردستان، ئەو دەوڵەتە بەهێزەیە كە سەقامگیری و ئاسایش و پێكەوەژیانی لە نێوان ئایین و مەزهەب و نەتەوە جیاوازەكان دروستكردووە، لەهەمانكاتدا سنووری ئەم دەوڵەتەشی لە دڕندەترین دوژمنی مرۆڤایەتی پاراستووە كە ئەویش تیرۆریستانی داعشە.
كەواتە ئەم وەرچەرخانە ئەوەمان پێدەڵێت سیستمی دەوڵەت پێویستی بە سوپایەكە ئیرادە و ئەخلاقی پێشمەرگەی هەبێت و لەسەر بنەمای ئەم ئیرادە و ئەخلاقە ئەو سیستمە دادەمەزرێتەوە كە كۆتایی بە شەڕی ئایینی لە نێوان شیعە و سوننە دەهێنێت و سەقامگیری و ئاشتی بۆ ناوچەكەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگێڕێتەوە، دیارە شوێنی لەبار لەبەر رۆشنایی ئەم وەرچەرخانە گەورە و تازەیە بۆ ئەوەی دووبارە پێناسەی دەوڵەتی تێدا بكرێتەوە، دەوڵەتی عێراق دەبێت، وەك جوگرافیایەكی سەربەخۆ لە چوارچێوەی سنوورە تەقلیدییەكانی خۆیدا، دیارە دەستنیشانكردنی عێراقیش وەك بنەمایەك بۆ رێكخستنەوەو پێناسەكردنەوەی دەوڵەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دیسان دەگەڕێتەوە بۆ ئەخلاق و ئیرادەی پێشمەرگە، ئەمەش لەبەر ئەوەی بێجگە لەوەی پێشمەرگە دەوڵەتێكی هاوچەرخی پیشانی جیهان داوە، لەهەمانكاتدا ئەخلاق و ئیرادەی پێشمەرگە بۆ پێكەوەژیان و لێبوردەیی، عەرەبی سوننە و شیعەشی پێكەوە كۆكردۆتەوە، كە ئەم حاڵەتە لە هیچ شوێنیكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بوونی نییە.
دەركەوتنی ئاماژە سیاسییە تازەكان
لەگەڵ دەستپێكی پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ
پاش نیوەڕۆی 17ی ئۆكتۆبەرو لەیەكەم رۆژی دەستپێكی پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ، سەرۆك بارزانی وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە میحوەری خازر سەركەوتنی قۆناخی یەكەمی پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵی راگەیاند، ئەوەی لە رێوڕەسمی ئەم كۆنگرە رۆژنامەنووسییەدا جێگەی سەرنجدان بوو، ئەوەبوو یەكێك لە فەرماندە سەربازییەكانی سوپای عێراق یاوەری سەرۆك بارزانی بوو لەو كۆنگرە رۆژنامەنووسییەدا، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ یەكەمین پرۆسەی هاوبەشی سەربازی لە نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراق، هەر هەمان رۆژ و بەهەمان بۆنەوە لە كۆنگرەیەكی دیكەی رۆژنامەوانیدا دكتور حەیدەر عەبادی دیسان رایگەیاند كە ئەمە یەكەمین جارە هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق پێكەوە شان بە شانی یەك دژی دوژمنێكی هاوبەش شەڕ دەكەن، لەمەش زیاتر لەدوای رۆژی 17ی ئۆكتۆبەرەوە هەموو میدیاكانی ناوخۆیی و جیهانیش لە كاتی رووماڵكردنی ئۆپەراسێۆنە هاوبەشەكەدا ئاماژە بە پێشمەرگەو سوپای عێراق، وەك دوو سوپای هاوپەیمان دەكەن، ئەم گۆڕانكارییە لە شێوازی گوتاری هەردوولا (كوردستان و عێراق) و رەنگدانەوەی لە میدیاكانی جیهاندا، كۆمەڵێك ئاماژەی سیاسیی تازەن كە دەكرێت وەك بنەمایەك ئایندەی عێراقی دوای داعشی پێ بخوێندرێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە:
1. دەوڵەتی عێراق هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە بەدرێژایی حكومەتە یەك لەدوا یەكەكانی عێراق بەو حكومەتانەشی لەدوای ساڵی 2003 دروستبوون، ئامانجی هەرە سەرەكییان ئەوە بووە كورد هێزێكی سەربازی نەبێت بۆ ئەوەی بەرگری لەخۆی بكات، تەنانەت دوای رووخانی رژێمی عێراق لە 2003 و لەسەردەمی باڵیۆز پۆل بریمەر وەك حاكمی مەدەنیی ئەمریكا لە عێراقدا، زۆر گوشاریان خستە سەر سەركردایەتی سیاسی كوردستان بۆ ئەوەی پێشمەرگە نەمێنێت، خۆ ئەگەر ئەو كاتیش پێداگیری سەرۆك بارزانی نەبوایە كە رایگەیاند هێزی پێشمەرگەی كوردستان هێڵی سوورە، ئەوا ئەمریكاش پشتگیری ئەو داوایەی دەكرد كە هێزی پێشمەرگە هەڵبوەشێتەوە.
2. لەماوەی ساڵانی 2003 – 2011، هەموو دوای كورد ئەوە بوو هێزی پێشمەرگە وەك بەشێك لە سیستمی بەرگری عێراق لەقەڵەم بدرێت و وەك سوپای عێراق مەشق و راهێنانی پێ بكرێت و پڕچەك بكرێ، پاشانیش بودجەی پێشمەرگە لەسەر بودجەی سەروەری وەك سوپای عێراق خەرج بكرێت، بەڵام هەموو حكومەتەكانی (عەلاوی، جەعفەری، مالیكی و عەبادی) ئەمەیان قبوڵ نەبوو، تەنانەت لە رێككەوتنی نێوان لایەنە كوردستانییەكان و عەبادی بۆ بەشداریكردنی كورد لەو كابینەیە، بڕیار درا بودجەی پێشمەرگە لە بودجەی سەروەریی عێراق خەرج بكرێت، بەڵام دیسان ئەم دكتۆر حەیدەر عەبادییەی كە ئێستا شانازی بە هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق دەكات، ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەوەی جێبەجێ نەكردووە.
3. لەگەڵ ئەوەی ئێستا وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رێككەوتنی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان ئیمزا كردووە، بەڵام لەماوەی ساڵی 2003-2011، ئەمریكاش ئامادەنەبوو بە هاوشێوەی سوپای عێراق مامەڵە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بكات، تەنانەت وەك ئامۆژگای واشنتۆن بۆ دیراساتی رۆژهەڵاتی نزیك لە توێژینەوەكەیدا لەسەر دروستكردنەوەی سوپای عێراق لەلایەن ئەمریكاوە ئاماژەی پێكردووە، ئەمریكا لە ساڵی 2003 – 2011 بڕی 25 ملیار دۆلاری بۆ سوپای عێراق خەرج كردووە، بەڵام لەبەرامبەردا لەماوەی ئەو هەشت ساڵەدا تەنیا بە بڕی 92 ملیۆن دۆلار هاریكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە، ئەمەش مانای ئەوەیە تەنانەت واشنتۆنیش بۆ جێبەجێكردنی سیاسیەتی خۆی لە عێراقدا، پشتگیری ئەوەی نەكردووە كە هێزی پێشمەرگە ببێتە سوپای كوردستان.
كەواتە ئەگەر لەسەر ئەم باكگراوەندە ئەم هەمانگی و هاوكارییەی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بخوێنینەوە، ئەوا راشكاوانە هەست دەكەین كە رێككەوتنی نێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق بە ئامادەبوونی ئەمریكا، رێككەوتنی نێوان دوو سوپای نیزامی دانپێدانراوە كە پێوەندی نێوان كوردستان و عێراقی لەسەر بونیاد دەنرێتەوە.
دیارە ئەم دانپێدانانەی دەوڵەتی بە عێراق بە هێزی پێشمەرگە وەك سوپای كوردستان لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنی لێكتێگەیشتنە هاتووە كە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان ئیمزای كردووە، رەهەندی جێگەی بایەخیش لە رێككەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن ئەوەیە كە دەوڵەتی عێراق رازی بووە پێنتاگۆن ئەم رێككەوتنە لەگەڵ پێشمەرگە ئیمزا بكات.
هەنگاوهەڵگرتنی ئەمریكا بە رازیكردنی عێراق بۆ مامەڵەی راستەوخۆی نێوان پێنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمەش مانای ئەوەیە سیاسەتی تازەی ئەمریكا بەرامبەر عێراق، ئەو سیاسەتە كۆنەی دوای ساڵی 2003-2014 نییەو راستە پێداگیری لەسەر یەكپارچەیی عێراق دەكات، بەڵام جوگرافیای عێراق لەناو پێكهاتە سەرەكییەكانی (كوردو شیعەو سوننە) لەسەر بنەمای لێكجیاكردنەوەی هەرسێ پێكهاتەكە دادەڕێژێتەوە.
ئەگەر وردتر شرۆڤەی رێككەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو پێنتاگۆن بكەین، ئەوا راشكاوانە ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت، كە ئەمریكا گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە پێویستە كوردستان و عێراق هەر یەكەیان خاوەنی سوپای خۆی بێت، لەمەش گرنگتر ئەوەیە ئەمریكا بە ئاشكرا و راستەوخۆش مامەڵە لەگەڵ هەردوو سوپاكە دەكات و هەموو هەوڵی خۆیشی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی هەماهەنگی و هاوكاری لە نێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق دروست بكات، بۆ ئەوەی پێكەوە عێراق بپارێزین. لە ئێستاشدا وەك لەزاری سەرۆك وەزیرانی عێراقیشەوە گوێمان لێ دەبێت، حكومەتی عێراق شانازی بەم هەماهەنگی و هاوكارییەی نێوان سوپای كوردستان وسوپای عێراق دەكات.
لێرەدا گرنگە هەڵوەستەیەكی دیكە لەسەر ماناو مەغزای هێزی پێشمەرگە وەك سوپای كوردستان بكەین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كاتێك عێراق رازی دەبێت كە هێزی پێشمەرگە سوپای كوردستان بێت و ئەمریكا وەك سوپایەكی نیزامی رێككەوتنی سەربازی لەگەڵ ئیمزا دەكات، ئەوا ئیتر كوردستان وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی پێناسەكەی ماكس ڤیبەری بەسەردا جێبەجێ دەبێت و ئەو شەرعیەتە نێودەوڵەتییەی هەیە كە هێز بەرهەم بهێنێت، ئەو هێزەش بەكاربهێنێت بۆ پاراستنی تەواوی جوگرافیای كورستان لە هەڕەشە دەرەكی و ناوخۆییەكان، ئەمە مانای ئەوەیە كۆڵەگەی سەرەكیی سەروەریی دەوڵەت كە شكۆی سوپا دیاری دەكات، ئێستا ئەو شكۆیە هێزی پێشمەرگەی كوردستانە.
ئەم ئاماژە سیاسییە تازەیەی كە لەیەكەمین رۆژی دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ كوردستان و عێراق ئاماژەی پێدەكەن، مانای ئەوەیە دوای ئازادكردنەوەی موسڵ، كوردستان وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ نابێتە لایەنێك لە دووبارە بونیادنانەوەی بەشە عەرەبییەكەی عێراق لە نێوان عەرەبی شیعە و سوننەدا، بەڵكو دەبێتە نموونەیەكی سەركەتوو بۆ رێكخستنەوەی شیعە و سوننە و رێكخستنی هێزەكانی عەرەبی سوننە و شیعە وەك هێزێك كە هەر لایەكیان ناوچەكانی خۆیان بپارێزن.