ئایا بزووتنەوەی گۆڕان لەناو پرۆسەی سیاسیدا هەڵدەكات؟
October 22, 2016
راپۆرتەکان
بۆیە كاری پێكەوەیی نێوان حزبە سیاسییەكان بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەكانی ناوخۆی كوردستان لە مانگی ئایاری 2015 دەست پێدەكات، یەكێك لەو پرسانەی كە گرنگ بوو بە شێوەیەكی لۆژیكانەو لەچوارچێوەی سازانی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، پرسی وادەی كۆتاییهاتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، ئەمەش بەو مانایەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پۆستە هەستیارە دەكرێت لەم بارودۆخە ئاڵۆز و هەستیارە تازەی بە هۆی شەڕی دژی داعشەوە لە كوردستان و ناوچەكە هاتۆتەئاراوە.
كەواتە پرسەكە بریتی بوو لەوەی حزبە سیاسییەكان چۆن لەسەر ویلایەتی سەرۆك بارزانی قسە دەكەن؟ ئایا دەیانەوێت ئەو لە ویلایەتەكەی بمێنێتەوە، یان كەسێكی دیكە بۆ ئەو پۆستە دیاری دەكەن؟ لەسەر ئەم پرسە سەرۆك بارزانی تەواوی كاری یەكلاكردنەوەی ئەم پرسەی دابووە دەست حزبە سیاسییەكان، وەك خۆی راشكاوانە رایگەیاندبوو، حزبەكان گەیشتنە چ رێككەوتنێك، هەر ئەو بڕیارە جێبەجێ دەكات.
رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان كە بە پیلان داڕێژەری ئەو ئاژاوەگێڕییە دادەنرێت كە لەماوەی ساڵی رابردوو لەكوردستاندا روویدا، ئەم پرسەی هەڵگێڕایەوە، لەو كاتەی پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی تازەی پێكهێنابوو بۆ ئەوەی سەرلەنوێ دەستووری كوردستان بنووسنەوەو لەناو دەستووردا پرسی سیستمی سیاسی لەكوردستاندا چارەسەر بكرێت، هات پرۆژەیاسای هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی دروستكرد، بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان سەریان لێ بشێوێت، یان بە تێگەیشتنی نەوشیروان مستەفا، لەبەر ئەوەی سەرۆك بارزانی زۆر مەبەستێتی لە پۆستەكەی بمێنێتەوە، ئەوا ئەم فێڵە سیاسییە بەسەر پارتی و سەرۆك بارزانی-دا تێدەپەڕێنێت.
بەڵام وەك بیرمەندی ئەمریكی ئۆسن رەنی لە كتێبی (سیاسەتی حوكمڕانی) ئاماژەی پێكردووە: «دەوڵەتمەدار سەیری نەوەكانی داهاتوو دەكات و سیاسەتمەدار سەیری سندوقی هەڵبژاردنی داهاتوو دەكات.» سەرۆك بارزانی وەك دەوڵەتمەدارێكی بەئەزموون سەیری ئایندەی كوردستانی كرد، ئەو لای گرنگ نەبوو، ئێستاش لای گرنگ نییە لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بمێنێتەوە، چەندین جاریش داوای لە حزبە سیاسییەكان كردووە كە كەسێكی دیكە دەستنیشان بكەن بۆ ئەوەی دەورو تەسلیمی لەگەڵ بكات، بەڵام ئایندەی سیستمی سیاسیی كوردستانی لا گرنگ بوو، كە بەجۆرێك بێت ئاشتی و سەقامگیری نەكەوێتە مەترسییەوە.
نەوشیروان مستەفا بۆ سەرخستنی ئەم پیلانەی پەنای بۆ زۆرینەو كەمینەی پەرلەمانی برد، ئەمە لە كاتێكدا بوو كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەدەسەڵاتی خۆیدا بوو، رۆژێك بۆ ریفراندۆم لەسەر رەشنووسی پەسندكراوی دەستوور لە لایەن پەرلەمانەوە دیاری بكات، كە لە كۆی 97 پەرلەمانتار 96 پەرلەمانتار دەنگی لەسەر دابوو، بەڵام بۆ ئەوەی كۆدەنگیی نێوماڵی كوردستان تێكنەچێت، پارتی دیموكراتی كوردستان نەك هەر رازی بوو ئەو دەستوورە بگەڕێتەوە، بەڵكو رازی بوو لیژنەیەكی تازەش بۆ نووسینەوەی دەستوورێكی تازە دابمەزرێت.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی پرسی تێكەڵكردنی (یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ پۆستی سەرۆكی هەرێم) لەیەكتری جیابكاتەوە، بە دوومانگ بەر لە كۆتاییهاتنی وادەی ویلایەتەكەی، داوای لە پەرلەمانی كوردستان كرد، ئامادەباشی بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكرێت و لەكاتی خۆیدا هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان لە رێگەی هەڵسووڕاوەكەیەوە كە سەرۆكی پەرلەمان بوو، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كرد، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی كارتەكان بەتەواوی تێكەڵ و بكات و لێكجیاكردنەوەی ئاسان نەبێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان و نوێنەرانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان و چەندین حزبی سیاسیی دیكە كە بۆچوونیان لەگەڵ پرۆژەكەی گۆڕان جیاواز بوو، بەرامبەر ئەم پیلانەی نەوشیروان مستەفا راوەستانەوە، ئەوە بوو لە رۆژی 19ی ئاب بە زۆرینەی پەرلەمانی پرۆژەكەی نەوشیروان مستەفا شكستی هێنا. دوای ئەم شكستە ئیدی پەرلەمانی كوردستان بووە كارتێكی سووتاو و هیچ رۆڵێكی لە چارەسەركردنی كێشەكانی كوردستان نەما، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی دیكە هەوڵیدا پرۆسە سیاسیەكە بخاتەوەگەڕ و كێشەكان لە نێوان حزبە سیاسییەكاندا بە سازان چارەسەر بكرێت، بەڵام ئەمجارەشیان بزووتنەوەی گۆڕان لە مانگێك زیاتر بەرگەی نەگرت و هەوڵیدا ئاژاوە و فیتنەیەكی ئەوتۆ دروست بكات كە تەڕ و وشك پێكەوە بسووتێنێت، بۆیە لە ئەمجارەیان پارتی ناچار بوو لای خۆیەوە گۆڕان لە پرۆسەی سیاسی بكاتە دەرەوە.
دوای بەخۆداچوونەوەی گۆڕان
پەرلەمان كارا دەكرێتەوە
شێوازی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كە بەرنامەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان بووەو یوسف محەمەد جێبەجێی دەكرد، حزبە سیاسییەكانی كوردستانی گەیاندە ئەو قەناعەتەی بە راشكاوی بڵێن: كاری پەرلەمانی و سەرۆكایەتی پەرلەمان بە هەرزەكاری سیاسی بەڕێوە ناچێت. ئەمەش واتە بەدیوێكی دیكەدا سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان نابێ بدرێتە حزبێكی سیاسی كە بەشێوەیەكی هەرزەكارانەو بۆ مەبەستی تەسكی حزبایەتی شكۆی ئەم دەزگا شەرعییە ژێر پێ بنێت و یاری بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بكات.
لێرەوە كێشە و ئاستەنگی سەرەكی لەبەردەم كارابوونەوەی پەرلەمان ئەو خاڵە گرنگەیە كە حزبەكانی كوردستان دەستنیشانیان كردووە، ئەویش ئەوەیە ئایا پەرلەمانی كوردستان جارێكی دیكەش بكرێتەوە بە گەمەی بەردەستی هەرزەكارە سیاسییەكان؟ یان دووبارە بكرێتەوە بە ئامێرێك بۆ ئامانجی حزبێكی سیاسی كە دەیەوێت شكۆی پەرلەمانی كوردستان بشكێنێت؟
قسەكردن لەسەر ئایندەی پەرلەمانی كوردستان پێویستی بەوردبینی و لۆژیكێكی واقیعییانە هەیە. پرسەكە ئەوە نییە لایەك دەیەوێت پەرلەمان كارا بكرێتەوەو لایەكەی دیكە رێگر بێت. نەخێر، پرسەكە ئەوەیە پەرلەمان چۆن كارابكرێتەوە و چۆن هەڵەكانی رابردوو دووبارە نەبنەوە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم دوو پرسیارە هەموو لایەنە سیاسییەكان بێجگە لە گۆڕان هەر یەكەیان جۆرێك لە تێگەیشتن و وەڵامی لۆژیكانەی خۆیان هەیە، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفای رێكخەری، هەتا ئێستاش لەسەر عینادیی خۆیان سوورن و دەیانەوێت بە شێوەیەكی ئەبوجاسمانە رای خۆیان بەسەر هەموو خەڵكی كورستاندا فەرزبكەن، یان درێژە بەو بارە نائارامە بدەن، بۆ ئەوەی هەمیشە ژینگەی ئاژاوە دروستكردن لە كوردستاندا لەبار بێت.
لەبەرامبەردا پارتی دیموكراتی كوردستان و تەواوی حزبە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە دەبێت بزووتنەوەی گۆڕان وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، لەو ماوەیەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لای گۆڕان بووەو یوسف محەمەد وەك هەڵسووڕاوی ئەو بزووتنەوەیە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كردووە، ئایا ئەو شێوازەی یوسف محەمەد پیادەی كردووە، رەفتاری كەسی ئەوە، یان ئەو سیاسەتی بزووتنەوەی گۆڕانی جێبەجێ كردووە؟ دیارە هەتا ئێستاش بزووتنەوەی گۆڕان و رێكخەرەكەشی خۆیان لەوەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەدزنەوەو نایانەوێت ئەم دوو حاڵەتە بۆ خەڵكی كوردستان روون بكەنەوە، بەڵام پێداگیری بزووتنەوەی گۆڕان و رێكخەرەكەی كە داوادەكەن بارودۆخەكە بۆ پێش 12ی ئۆكتۆبەر بگەڕێتەوە، بە شێوەیەكی زمنی ئەو وەڵامەمان پێدەڵێ، كە یوسف محەمەد بێجگە لە سەربازێك بۆ جێبەجیكردنی بڕیارەكانی رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان هیچ شتێكی دیكەی نەكردووە و ئەو رەفتارەی كردوویەتی بڕیاری سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان بووە، وەك مەحمود رەزا-ش لە نووسینەكەیدا ئاماژەی پێكردووە، یوسف محەمەد بۆیە خیمەی بۆ مانگرتن هەڵنەدا، لەبەر ئەوەبوو پێویستی بە بڕیاری سیاسیی گۆڕان هەبوو، ئەوانیش ئەو بڕیارەیان بۆ دەرنەكرد.
دیارە بزووتنەوەی گۆڕان و رێكخەرەكەی زۆر بە راشكاوی قسەی خۆیان كردووە، بەوەی دەبێت بگەڕێنەوە بۆ پێش 12ی ئۆكتۆبەری 2015، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا مەبەست لە گەڕانەوە بۆ پێش 12ی ئۆكتۆبەر چییە؟ ئەگەر مەبەست لە پێش 12ی ئۆكتۆبەر رۆژانی 10 و 11ی ئۆكتۆبەری 2015یە كە بارەگاكانی پارتی دەسووتێندران، ئەوا هیچ كەسێك ئەوە قبوڵ ناكات، ئەگەر مەبەستیش 19ی ئابە كە تیایدا یوسف محەمەد رێككەوتنی هەموو حزبە سیاسییەكانی ژێرپێ ناو كارتی پەرلەمانی سووتاند، ئەوا هەموو خەڵكی كوردستان و حزبە سیاسییەكانیش ئەوە قبوڵ ناكەن، ئەگەر مەبەستیش 23ی حوزەیرانی 2015 یە، كە سازانی نیشتمانی ژێرپێ نراو مەترسیی فیتنەیەكی گەورەی لە كوردستان دروست كرد، ئەمیشیان كەس قبوڵی ناكات، خۆ ئەگەر مەبەستیش ئەوەیە بگەڕێنەوە بۆ ئایاری 2015 كە خۆئامادەدەكرا بۆ ئەوەی ژووری عەمەلیات بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی دەست بەكاربێت و لەبری ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان پیلانێكی ترسناكی داڕشت، ئەوا بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستان و سەقامگیری و تەناهی كوردستان ئەو گەڕانەوەیە قبوڵ ناكات.