شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و گوتاری شەڕانگێزی گۆڕان

شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و گوتاری شەڕانگێزی گۆڕان
زمانی ئەو گوتارەی كە بزووتنەوەی گۆڕان لە ماوەی مانگی حوزەیران تا ئابی 2015 بانگەشەی پێدەكرد، راستیی وجودی ئەو بزووتنەوەیەی راڤە دەكرد، بۆیە ئەوانەی بە وشە ئەو گوتارە ترسناكەیان دادەڕشت، خۆیان ببوونە پاسەوان و سەربازی ئەو بزووتنەوەیە بۆ دروستكردنی مەترسییەكی گەورە لە میانەی پیادەكردنی ئەو گوتارەوە.
میشێل فۆكۆ سەبارەت بە مەترسیی گوتار دەڵێت: «ئەو كاتە گوتار دەبێتە جێگەی مەترسی كە شێتی تێكەڵی گوتار دەكرێت.» سەبارەت بەم تێكەڵكردنە فۆكۆ لە ساڵی 1963 كتێبێكی لەسەر شێتبوونی رەیمون رۆسیل-ی نووسەر و شاعیر و شانۆنووسی فەڕەنسی نووسیوە، لەم كتێبەدا ئەوەی لای فۆكۆ گرنگ نییە، شێتبوونی رۆسێلە، ئەمەش لەبەر ئەوەی چارەسەری شێتی وەك نەخۆشی لای پزیشكی دەروونی دەكرێت، بەڵام ئەوەی جێگەی مەترسییە ئەوەیە رۆسێل (شێتی و گوتار، یان نووسینی) تێكەڵی یەكتری كردووە، ئەمەش وایكردووە كە رۆسێل وەك تاك جێگەی مەترسی نەبێت، بەڵكو مەترسی ئەوەیە كاتێك رۆسێل وشەكان دەكاتە ئامێرێك بۆ شەڕ و شەڕی پیدەكات، ئەو گوتارە، یان ئەو دەقەی رۆسیل بەرهەمی دەهێنێت، تەنیا وڕێنەكردن نییە، بەڵكو دەقێكی ترسناكە.
ئەگەر لەسەر بنەمای تێكەڵكردنی (شێتێتی و گوتار) لە بیركردنەوەی فۆكۆدا، بەمیتۆدی دریدا گوتارەكەی گۆڕان لەبەریەك هەڵبوەشێنین، ئەوا وەك دریدا لە كتێبی (كاریگەری یان هێما (المهماز) وەك شێوازی نیچە)، ئاماژەی پێكردووە، ئەوا هەقیقەتی هیچ گوتارێك دەرناكەوێت، ئەگەر ئەو پەردەیەی ئەو گوتارەی شاردۆتەوە، هەڵنەماڵدرێت. دیارە هەڵماڵینی ئەو پەرەدەیەشی كە گوتارە ترسناكەكەی بزووتنەوەی گۆڕانی شاردۆتەوە، لەو خاڵەوە دەست پێدەكات كە بگەڕێینەوە بۆ ئەو بنەمایەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنی لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیە كردووە بۆ بەشداریكردنی لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، دیارە گرنگترین بنەماكان بریتین لە:
1. پارتی و گۆڕان لە 17ی نیسانی 2014 لەسەر بنەمای چوار ساڵی ئارامی بۆ كوردستان رێككەوتنیان بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم ئیمزا كرد، ئەمەش واتە چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆی كوردستان و كوردستان لەگەڵ بەغدا بە زمانی دیالۆگ و لێكگەیشن و سازانی نیشتمانی لەنێوان حزبەكان بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیری كوردستان بپارێزرێت.
2. پێكەوە كاركردنی گۆڕان و پارتی و حزبەكانی دیكە وەك یەك تیم لەناو پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی پەرلەمانێكی چالاك و حكومەتێكی كارامان هەبێت، سەبارەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا دیسان لایەنی كوردستانی وەك یەك تیم مامەڵە لەگەڵ بەغدا، یان بەشداری لە حكومەتی بەغدا بكەن.
ئەگەر سەرنج لەبەرواری رێككەوتنی نێوان گۆڕان و پارتی بدەین و بەراوردی بكەین بە كەوتنی موسڵ و راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی داعش، ئەوا یەكەمین دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان لە 4ی ئایاری 2014 بووە، متمانەدانی پەرلەمان بە كابینەی هەشتەم رۆژی 18ی حوزەیرانی 2014 بووە، ئەمەش مانای ئەوەیە، دوای تێپەڕبوونی 8 رۆژ بەسەر راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی داعش، هێشتا كابینەی هەشتەم دەستبەكار نەبووە، هەربۆیە كابینەی هەشتەم راستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵ وەرچەرخانێك كرد كە واقیعێكی تازەی چاوەڕواننەكراوی هێنابووە پێشەوە، كە دەبوو بەناچاری مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. بەمەش ئەو بەرنامەیەی كە بە دیفاكتۆ بووە بەرنامەی كاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو بەرنامەیە نەبوو كە كابینەكەی لەسەر پێكهێنرابوو، بەڵكو بووە بەرنامەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو واقیعە تازەیە. كە ئەویش واقیعی شەڕێكی سەپێنرابوو لەبەرامبەر دەوڵەتێكی تیرۆریستیدا. هەروەها مامەڵەكردن بوو لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە كە لەموسڵ و ناوچەكانی دەشتی نەینەوا روویان لە هەرێمی كوردستان كردبوو. هەتا داعش لە2ی ئابی 2014 هێرشی كردەسەر ناوچە كوردستانییەكانی نەینەواو شنگال و چەندین شوێنی داگیركردو كوردستان كەوتە بەردەم مەترسییەكی گەورەو ترسناك، بۆیە سەرۆك مسعود بارزانی بەناچاری بڕیاری (شەڕی مان و نەمانی)داو خۆی راستەوخۆ چووە بەرەكانی شەڕ.
دیارە دوای ئەوەی بارزانی بڕیاری شەڕی مان و نەمانی دا، قارەمانیەتی پێشمەرگە جیهانی سەرسام كرد، هەروەها ئەمریكاش بڕیاری دا كە لە ئاسمانەوە هێرش بكاتە سەر داعش و هاوكاری پێشمەرگە بكات، لەسەر ئاستی پرۆسەی سیاسیی عێراقیش كە چەند مانگێك بوو هەڵبژاردن ئەنجامدرابوو، هێشتا حكومەتی تازە پێكنەهێنرابوو، ئەمریكا و بەریتانیا و نەتەوە یەكگرتووەكان هەموو هەوڵی خۆیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی رێگری لە نوری مالیكی بكەن و خۆی كاندید نەكاتەوە بۆ پێكهێنانی حكومەت، لەبری ئەو حەیدەر عەبادی راسپێردرا بۆ ئەوەی كابینەیەكی تازە پێكبهێنێت. لەم كاتە هەستیار و ناسكەدا كە سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕ بوو، كۆبوونەوەی لایەنە كوردستانییەكان بۆ بەشداریكردنی لایەنی كوردستانی لە حكومەتەكەی عەبادی برایە مەكۆی سەرەكیی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە لە سلێمانی و لەوێوە بە ئامادەبوونی نەوشیروان مستەفا رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان، لایەنە كوردستانییەكان بڕیاریان دا، بەشداری لە حكومەتەكەی عەبادی بكەن، لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی كوردستانیش لە بەغدا، پارتی زۆر نەرمیی نواند و پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، كە بەركەوتەی هەڵبژاردنی پارتی بوو، درایە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئەوەی لایەنە كوردستانییەكان هەموو پێكەوە وەك تیم كاربكەن.
ئەمەش مانای ئەوەیە بارودۆخی كوردستان لەماوەی حوزەیرانی 2014 هەتا كۆتایی مانگی كۆتایی مانگی شوباتی 2015، تەنیا بریتی بووە لە بەرگریكردن لەكوردستان و رەواندنەوەی مەترسیی داعش لەسەر كوردستان و دابینكردنی چەك و پێداویستی بۆ پێشمەرگە، لەمەش زیاتر لە ئابی 2014ـەوە تا مانگی شوباتی 2015 واتە دوای رزگاركردنەوەی شنگال و كۆبانێ، بۆیە سەرۆك بارزانی بێجگە لە سەرقاڵبوونی بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی شەڕی دژی داعش (لە كۆبانێ تا جەلاولا) نەیتوانیوە هیچ كارێك لەسەر پرسی ناوخۆی كوردستان بكات، یان راشكاوانەتر ئەم پرسەی بۆ حكومەت و حزبەكان جێهێشتبوو، هەر بۆیە كاتێك لە شوباتی 2015 بە داوەتی فەرمی بانگهێشتی كۆنگرەی میوشن بۆ ئاسایشی جیهان كرا، كە ئەمە یەكەمین جار بوو كەسایەتییەك بانگهێشت بكرێت و سەرۆكی دەوڵەت نەبێت، دیسان بارزانی لە كۆنگرەی میونشن سەرقاڵی پێداویستی و چەكی پێشمەرگە و پشتگیری بۆ كوردستان بوو، بۆیە دەتوانین بڵێین سەرۆك بارزانی نەپەرژابووە سەر ئەوەی لەگەڵ حزبەكانی كوردستانیش كۆبوونەوە بكات و تەنانەت پێش ئەوەی ئەم فیتنەو ئاژاوەیە دروست بێت، سكرتێر و سەرۆكی حزبەكانی كوردستان دەچوونە بەرەكانی شەڕ بۆ ئەوەی سەردانی بارزانی بكەن، یان كۆبوونەوەی لەگەڵدا بكەن.
لەدوای مانگی مارتی 2015، بارودۆخی كوردستان لەمیانەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە وەرچەرخانێكی ئەوتۆ گەورەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەخۆیەوە بینیبوو، كە گەیشتبووە ئەو ئاستەی پێش ئەوەی خۆمان باسی ئەوە بكەین كە كوردستان شایستەی ئەوەیە خاوەن دەوڵەتێكی سەربەخۆ بێت، زۆر لەدەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا و ناتۆ راشكاوانە بە شاندەكانی كوردستانیان رادەگەیاند كوردستان شایستەی سەربەخۆییەو ئەگەر خۆتان دەوڵەت رابگەیەنن، ئەوا ئێمە ئامادەین پشتگیریتان بكەین، لەناو ئەم بارودۆخە گەشبینییەدا، كوردستان خۆی بۆ سەردانی ئەمریكا ئامادەدەكرد كە پێشتر بە فەرمی لەلایەن كۆشكی سپییەوە سەرۆكی كوردستان بانگهێشت كرابوو، بۆ ئەم سەردانەش سەرۆك بارزانی هەوڵیدا ئەم سەردانانە بكاتە هۆكارێكی دیكە بۆ یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی نێوماڵی كوردستان و لەسەر ئەم بنەمایەش بەسەرۆكایەتی شاندێكی هاوبەش چووە كۆشكی سپی و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك ئۆباما، لەدوای ئەم سەردانەوە كوردستان دەرگایەكی دیكەی گەشبینی بە روودا كرایەوە، بەڵام مخابن بزووتنەوەی گۆڕان لەبری ئەوەی فاكتەرێكی سەرەكی بێت بۆ ئەوەی ئەو دەستكەوتە گەورانە بقۆزرێتەوە، كەوتە داڕشتنی گوتارێك كە ئەو دەرفەتەی بۆ كوردستان هاتۆتەپێشەوە، نەتوانرێت سوودی لێوەربگیردرێت، فۆكۆ گوتەنی مەترسییەكە لەوەدا نەبوو كە یوسف محەمەد پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی ژێرپێ نابوو، بەڵكو مەترسییەكە لەوەدا بوو، حزبایەتی وەك شێتی تێكەڵی گوتاری دامەزراوەیەكی شەرعی وەك پەرلەمانی كوردستان كردبوو.
Top