كاتێك سەرۆكی پەرلەمان شایەنی پۆستەكەی خۆی نەبێت پەرلەمان دەكاتە ، ریمۆت كۆنتڕۆڵ بەدەست حزبەكەیەوە

كاتێك سەرۆكی پەرلەمان شایەنی پۆستەكەی خۆی نەبێت پەرلەمان دەكاتە ، ریمۆت كۆنتڕۆڵ بەدەست حزبەكەیەوە
مەحمود رەزا ئەمین ئامۆزای نەوشیروان مستەفای رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان و پەرلەمانتاری عێراقیی هەمان حزب بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر رێگرتن لە یوسف محەمەدی هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان و سەرۆكی ئەو كاتی پەرلەمان، نووسینێكی بەناونیشانی (لە ساڵیادی كودەتاكەی پارتیدا. دوو بیرۆكە و پێشنیارێك مرێنرا)، بڵاوكردۆتەوە كە تیایدا راشكاوانە دانی بەو راستییەدا ناوە، كە ئەو بێڕێزییەی یوسف محەمەد بەو رێككەوتنەی حزبەكانی كوردستانی كرد، كە دوای 19 كاتژمێر لە كۆبوونەوەی بەردەوام لە بەرەبەیانی 19ی ئابی 2015 پێی گەیشتن و پاشانیش پێداگیری كرد كە كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ تەواوكردنی كودەتاكەی گۆڕان گرێبدات، بەڵام شكستی هێنا و شكۆی پەرلەمانیشی شكاند، هەر هەمووی بە بڕیاری سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان بووە. واتە یوسف محەمەد وەك هەڵسووڕاوێكی ملكەچی ئەو بزووتنەوەیەیە (نەك سەرۆكی پەرلەمان!!) بڕیارەكانی بزووتنەوەی گۆڕانی جێبەجێ كردووە.
لەم پەرەگرافەی نووسینەكەی مەحمود رەزا ئەو راستییانەی سەرەوە بە ئاشكرا دەردەكەون: «جەعفەر ئیمێنكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و جێگری سەرۆكی پەرلەمان راسپێردرابوو دكتۆر یوسف محەمەد ئاگادار بكاتەوە كە نەگەڕێتەوە بۆ هەولێر، بەڵام دكتۆر یوسف محەمەد شەو نەچووبووە ژێڕ باری ئاگاداركردنەوەكەی جەعفەر ئیمێنكی جێگری، بۆیە سەر لەبەیانی رۆژی 12ی ئۆكتۆبەر كەوتەڕێ بەرەو هەولێر. لە بازگەی ئەو لای (پردێ) وە چەكدارانی پارتی رێگەیان لە دكتۆر یوسف و هاوڕێكانی بڕی و نەیانهێشت بچنە هەولێرەوە. بۆ پووچەڵكردنەوەی ئەو كودەتایە ئەو رۆژە دوو بیرۆكەم تەڕح كرد، یەكەمیان لێدانی خێوەتگە لە بازگەی پردێ. دووەم رێپێوانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، سەبارەت بە یەكەمیان دكتۆر یوسف پێویستی بە بڕیاری سیاسیی بزووتنەكەی بوو، ئەو پێشنیارەیان مرد، سەبارەت بە دووهەمیشیان، بیرۆكەم بۆ هاوڕێكەم باسكرد كە لەناو فیدراسیۆنی كۆمەڵە و رێكخراوە ناحكومەتییەكانە لە سلێمانی، پاش چەند رۆژێ بێدەنگی، زەنگم بۆ لێدا و لێم پرسی گەیشتە كوێ ؟ وتی ناكرێت، ئەویش مرد.»
ئەگەر بە وردی سەرنج لە قسەكانی مەحمود رەزا بدەین سەبارەت بەوەی كە پێشنیاری كردووە (یوسف محەمەد لە بازگەی پردێ خێوەتگە هەڵبدات) لەوەڵامدا دەڵێت: (یوسف محەمەد بۆ ئەم كارە پێویستی بە بڕیاری سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان بووە، كە ئەو بڕیارە نەبوو، پێشنیارەكەی منیش مرد)، كەواتە ئەم قسەیە كە كەسێكی وەك مەحمود رەزا دەیكات كە یەكێكە لە سەركردەكانی بزووتنەوەی گۆڕان و بنەماڵەی نەوشیروان مستەفا، ئەوە دەسەلمێنێت كە یوسف محەمەد هەرگیز نەیتوانیوە وەك سەرۆكی پەرلەمان رەفتار بكات، بەڵكو ئەو كاتەشی كە سەرۆكی پەرلەمان بووە لە چوارچێوەی رێككەوتنی (پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان)، ئەو تەنیا وەك هەڵسووڕاوێكی ملكەچی ئەو بزووتنەوەیە تەنیا و تەنیا ئەو بڕیارانەی جێبەجێ كردووە كە مەكۆی سەرەكیی بزووتنەوەكە لە گردی زەرگەتەوە فەرمانی پێكراوە، ئەوجا ئەو فەرمانە باش بووبێت، یان خراپ، یوسف محەمەد وەك سەربازێك بێ موناقەشەكردن جێبەجێی كردووە.
لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر سەرنج لە رووداوەكانی رۆژی 19ی ئابی 2015 بدەین، كە تیایدا چەندین ئەندام پەرلەمان وەك ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر ئەو ئاژاوەی یوسف محەمەد لە پەرلەمان بەڕێوەی دەبرد، دەستیان لە پەرلەمانتاری كێشایەوە، هەروەها ئەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەی كە فراكسیۆنەكانی (یەكگرتوو، شیوعی و سۆشیالیست) گرێیان داو راشكاوانە جەختیان لەوە دەكردەوە (ئەم فیتنە و ئاژاوەیە لە پێناوی چی؟ تەنیا چەند كاتژمێرێك پێش ئێستا هەموو حزبەكان بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە، رێككەوتن ئەو كۆبوونەوەیە نەكرێت.) پرسیارەكە ئەوە بوو ئەم پێداگیرییەی یوسف محەمەدی بەناو سەرۆكی پەرلەمان لەپای چییە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دوای شكستی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان، ئەبو تارای پەرلەمانتاری حزبی شیوعی بە رۆژنامەنووسانی دایەوەو گوتی: «پەرلەمان بە هەرزەكاری سیاسی بەڕێوە ناچێت.» ئەمەش مانای ئەوەیە هەموو حزبە سیاسییەكان گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كە یوسف محەمەد بێجگە لە هەرزەكارێكی سیاسی و بێ ئەزموون و نەشارەزا، شتێكی دیكەو ئەو كەسە نییە بزانێت مانای پۆستی سەرۆكی پەرلەمان چییە و رێزی لێبگرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە، سەرۆكی پەرلەمان لە هەموو پەرلەمانەكانی جیهاندا كاری ئەوەیە رێز لە ئیرادەی پەرلەمانتارو فراكسیۆنەكان و رێككەوتنی حزبە سیاسییەكان بگرێت، نەك پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بە ئاستێك بچووك بكاتەوە كە لەبەر خاتری حزبەكەی، ئیرادەی پەرلەمانتار و فراكسیۆنەكان و رێككەوتنی حزبەكان ژێر پێ بنێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان لەو كاتەوەی رێگەی نەداوە ئەم هەڵسووڕاوەی بزووتنەوەی گۆڕان بگەڕێتەوە بۆ هەولێر بۆ ئەوەی شكۆی پەرلەمانی كوردستان لەوە زیاتر نەشكێت، لە كۆبوونەوەی حزبە سیاسییەكانی كوردستاندا، تەنیا دوو پرسیاری لە بزووتنەوەی گۆڕان هەیە، یەكەمیان ئەوەیە: ئەگەر یوسف محەمەد بەشەخسی بەمجۆرە نابەرپرسیارانەیە مامەڵەی لەگەڵ شكۆی پەرلەمانی كوردستان كردووە، ئایا ئەم كەسە شایستەی ئەوەیە سەرۆكی پەرلەمان بێت؟ دووەمیان ئەوەیە: ئەگەر ئەو رەفتارە نابەرپرسیارانەی یوسف محەمەد بڕیاری سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕانەو ئەو جێبەجێی كردووە، ئایا پارتی دەتوانێت لەگەڵ حزبێك كە ئامانجی ئەوە بێت پەرلەمان بكاتە شوێنی ئاژاوەگێڕی و تێكدانی كوردستان، مامەڵە بكات؟
لەبەرامبەر ئەم پرسیارانەی پارتی، بزووتنەوەی گۆڕان عینادیی هەڵبژاردووەو داوادەكات، بارودۆخەكە بگەڕێتەوە بۆ پێش 12ی ئۆكتۆبەری 2015، ئەمەش بەو مانایەی جارێكی دیكە لەسەر هەمان تاس و حەمام، ئاژاوە لە كوردستان دروست بكرێتەوە، ئامێری سەرەكیش بۆ ئەو ئاژاوەو ناسەقامگیرییە پەرلەمانی كوردستان بێت. ئەمەش نەك تەنیا لای پارتی دیموكراتی كوردستان جێگەی قبوڵكردن نییە، بەڵكو لای بەشی زۆری حزبەكانی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش جیگەی قبوڵكردن نییە، لەبەر ئەوەی ئەو بڕیارەی پارتی لە 12ی ئۆكتۆبەر بۆ هەڵوەشانەوەی رێككەوتنەكەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان داویەتی، رێگرتن بووە لە ئاژاوەگێڕی و سووتاندنی كوردستان و بەهێزكردنی بەرەی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، ئەمەش بۆتە جێگەی رەزامەندی هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و هەموو ئەو دەوڵەتانەی كە بەفەرمی كونسوڵخانە و نوێنەرایەتییان لە هەرێمی كوردستان هەیە، رۆژ لەدوای رۆژیش زیاتر دەستخۆشی لەو سەركردایەتییە سیاسییە دەكەن كە سەقامگیری و ئاسایش و پێكەوەژیانی لە كوردستاندا پاراستووە.
Top