راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و مانادانەوە بە فرەحزبی و پێكەوەژیان

راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و  مانادانەوە بە فرەحزبی و پێكەوەژیان
كاتێك بێدەنگی و دان بەخۆداگرتن دەبێتە ئەو زمانەی كۆدی جنێودان و رەفتاری تێكدان و ئاژاوەگێڕی
بەتاڵ دەكاتەوە

ساڵی پار پیلانی نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵكوتانە سەر بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەڤەری سلێمانی و راپەڕین و گەرمیان و هەڵەبجە بۆ ئەو مەبەستە بوو كە پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك وەك كاردانەوە هەموو بارەگاكانی بزووتنەوەی گۆڕان بسووتێنێت، ئەمەش ئەو ئامانجە بوو كەلتوری جنێودان و ئاژاوەگێڕی و بارەگا سووتاندن و یەكتری سڕینەوە و رەتكردنەوەی ئەوی دیكە، جێگەی سیاسەت و پیادەكردنی دیموكراتی و پێكەوەژیان بگرێتەوە، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان لەبری ئەم كاردانەوە ناشارستانییە، بێدەنگی و دان بەخۆداگرتنی كردە ئەو زمانەی كە كۆدی پیلانی جنێودان و ئاژاوەگێڕی و هەڵكوتانە سەر بارەگای حزبییەكان بەتاڵ بكاتەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەی گوشارێكی گەورەی ئەندامان و كادیرانی خۆی لەسەر بوو، كە هەموویان داوای كاردانەوەیان لێدەكرد، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری دا كەلتووری جنێودان و رەفتاری تێكدەرانە و ئاژاوەگێری و هەڵكوتانە سەر بارەگای حزبەكان كۆتایی پێبهێندرێت و، سیاسەت و فرەحزبی و پێكەوەژیان لەسەر قاعیدەیەكی ئەخلاقیی نوێ بونیادبنرێتەوە.
پارتی دیموكراتی كوردستان بە دان بەخۆداگرتن و بێدەنگی و پاراستنی بارەگاكانی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك، هەوڵیدا نەوشیروان مستەفا و گۆڕان بەهۆش خۆیان بێننەوەو بگەڕێنەوە بۆ ناو پرۆسەی سیاسی و چارەسەركردنی هەموو كێشەكان بە زمانی دیالۆگ و لێكتێگەیشن و دروستكردنی سازانی نیشتمانی لەسەر ئەو پرسانەی رەهەندی نەتەوەیی و نیشتمانییان هەیە، بەڵام غرووری نەوشیروان مستەفا و هەندێك لە هەڵسووڕاوانی ئەو بزووتنەوەیە، زمانی بێدەنگی و دان بەخۆداگرتنیان وەك تەسلیمبوون و چۆكدادانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرامبەر كەلتووری جنێودان و ئاژاوەگێڕی و سووتاندنی بارەگاكان لێكدایەوە، بۆ ئەمەش بەشێكی دیكەی بەرنامەی پیلانە داڕێژراوەكەیان بۆ تێكدانی سەقامگیری و تەناهی كوردستان ئەوە بوو، كە ژینگەی ئاژاوەگێڕی و كەلتووری جنێودان و یەكتری سڕینەوە بگوازنەوە بۆ ناو پەرلەمان، بۆ ئەوەی ژینگەی سەقامگیری و تەناهی هەولێر تێكبچێت و لەناو ئەو ژینگە ئاژاوەگێڕییەدا هێرش بكرێتە سەر كونسوڵخانەی دەوڵەتان و كۆمپانیا بیانییەكان بۆ ئەوەی كوردستان بەجێبهێڵن وپرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان شكست بهێنێت.
لەبەردەم ئەم پیلان و ئاژاوەگێڕییەدا، پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتە بەردەم چەندڕیانیی چەندین بژارە كە هەر باشەكەیان لەناو ئەو بژارانەدا، خراپەكەیان بوو، بۆیە بەناچاری لەنێوان بژارەی (خراپ و خراپتر و خراپترین)دا، بژارە خراپەكەی هەڵبژارد.
پارتی لە رۆژانی یەكەمی پیلانە ترسناكەكەی نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەی گۆڕان كە ئامانجیان ئەوە بوو كوردستان بسووتێنن، بە زمانی بێدەنگی و دان بەخۆداگرتن هەردوو بژارەی (خراپتر و خراپترینی) تێپەڕاندبوو، بۆیە مابووەوە بڕیار لەسەر بژارە خراپەكە بدات، كە ئەویش دانانی سنورێك بوو بۆ نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەی گۆڕان و هەڵوەشانەوەی ئەو رێككەوتنە بوو كە پارتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێی دابوو، ئەمەش بەو مانایەی كاتێك نەوشیروان مستەفا و بەشێكی بزووتنەوەی گۆڕان، بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی و حكومەت، بۆ تیكدانی پرۆسەی سیاسی و هەڵوەشانەوەی حكومەت تێگەیشتبن، ئەوا دەبێت ئەو لایەنە لەناو پرۆسە سیاسییەكە بكرێتەدەرەوە، ئەوجا لەبەر ئەوەی بەشێكی دیكەی پیلانەكەیان هەوڵدان بوو بۆ ئەوەی شكۆی پەرلەمانی كوردستان بشكێندرێت و لە دامەزراوەیەكی شەرعییەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆی كوردستان بگۆڕێت بۆ بەشێك لە كێشەكە و گۆڕینی خودی پەرلەمان بە ئامێرێكی سەربازی بۆ تێكدان و سووتاندنی كوردستان، ئەوا پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوازێكی مەدەنی و سەردەمییانە یوسف محەمەدی هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان و سەرۆكی ئەو كاتی پەرلەمانی ئاگادار كردەوە، ئەمجارەشیان وەك 19ی ئابی 2015، پەرلەمان نەكاتەوە بە ئامێرێكی سەربازی بۆ تێكدانی سەقامگیریی كوردستان، بەڵام ئەم هەڵسووڕاوەی بزووتنەوەی گۆڕان كە نەیدەزانی مانای پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان چییە، تەحەددای ئەم ئاگاداركردنەوە مەدەنی وسەردەمییانەیەی پارتی دایەوە و بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ هەولێر و رۆژی 19ی ئابی 2015 چۆن رەفتاری كردووەو پاشان تێكشكا، ئەمجارەیان هەمان رەفتار دووبارە بكاتەوەو تۆڵەی شكستەكەی بكاتەوە، هەر بۆیە كاتێك یوسف محەمەد لەسەر راسپاردەی نەوشیروان مستەفا نەیویست رێزی شكۆی پەرلەمانی كوردستان و رێزی خۆی وەك سەرۆكی پەرلەمان بگرێت، پارتی ناچار بوو پێی بڵێ فەرموو بگەڕێوە بۆ گردەكەی زەرگەتەو لەناو مەكۆی سەرەكیی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، پیلانە فاشیلەكەی خۆت و نەوشیروان مستەفای رێكخەرەكەت جێبەجێ بكە.

دوای باسكردنی پرسی سەربەخۆیی لەگەڵ كۆشكی سپی پیلانی سووتاندنی كوردستان دەستی پێكرد

لە مانگی ئایاری 2015 و پێش ئەوەی سەرۆك بارزانی بە یاوەری شاندێكی هاوبەشی كوردستانی وەڵامی داواتنامە فەرمییەكەی سەرۆك ئۆباما بداتەوە، لە سلێمانی سەردانی مام جەلالی كرد، ئەوجا سەردانە فەرمییەكەی بۆ واشنتۆن دەست پێكرد. دیارە ئامانجی سەرەكیی بارزانی لەم سەردانەی و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك ئۆباما و جۆزیف بایدنی جێگری سەرۆك و وەزارەتی دەرەوەو پێنتاگۆن، بێجگە لە پیشاندانی یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان، كۆمەڵێك پرسی هەمەلایەنەی لەخۆی گرتبوو، بەڵام لەسەرووی هەموو ئەو پرسانەوە باسكردنی پرسی سەربەخۆیی كوردستان لەگەڵ سەرۆك ئۆباما و كۆشكی سپی ئامانجی سەرەكی سەردانەكەی بارزانی بوو. ئەمەش یەكەمینجار بووە لە مێژووی بزووتنەوەی رزگایخوازیماندا، كە سەرۆكی كوردستان راستەوخۆ و راشكاوانە باسی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان لەگەڵ سەرۆك و ئیدارەی كۆشكی سپی بكات و، لەبەرامبەردا سەرۆكی ئەمریكا و كۆشكی سپی دژی ئەو پرۆسەیە نەبن، بەڵكو سەرۆك ئۆباما و كۆشكی سپی پێشنیاریان بۆ شاندی كوردستان ئەوە بووە، پرسی سەربەخۆیی بكەنە پرۆسە و خۆتانی بۆ ئامادەبكەن، ئەمەش بەو مانایەی ئەو دەوڵەتی ئەمری واقیعەی ئێستا لەكوردستان بوونی هەیە، لەچوارچێوەی پرۆسەیەكی نیشتمانیدا، بەرەو قۆناخەكانی دیكە وەك، یەكلاكردنەوەی ئەم پرسە بە دیالۆگ لەگەڵ عێراق، رێككەوتن لەگەڵ هەردوو دەوڵەتی دراوسێ ( توركیا و ئێران) ئەوجا هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی هەنگاو بنێت.

بارزانی لەمیانەی ئەم سەردانەیدا لەلایەن چەندین ناوەندی فیكر و لێكۆڵینەوە، كۆڕ و كۆبوونەوەی لەگەڵ بیرمەندان و پسپۆڕان و دیپلۆماتكارانەوە بۆ گرێدرا و بەتایبەتی ئەوانەی بایەخ بە پرسی كوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەن، لەمیانەی ئەم كۆڕ و كۆبوونەوەدا پسپۆڕان و دیپلۆماتكاران زۆر مەبەستیان بوو لە زاری بارزانی-یەوە بە وردەكاری پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان ئاشنا بن، بۆیە سەرۆك بارزانی زۆر راشكاوانە پێی راگەیاندن «پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان دەستی پێكردووە.» دیارە پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان ماوەیەكی باشی دەوێت و لەو كاتەشدا سەرۆك بارزانی تەنیا یەك مانگی مابوو پۆستەكەی تەواو بێت، بۆیە ئەو پرسیارەی رووبەڕوو كرایەوە، ئایا سەبارەت بە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چی دەڵێن؟ ئەویش لەوەڵامدا پێی گوتن: «پێش ئەم سەردانە، ئەم پرسە دراوەتە دەست حزبەكانی كوردستان، ئەوان كۆدەبنەوە و لەسەر هەر شێواز و میكانیزمێك رێككەوتن، ئەوا منیش ئەو رێككەوتنە جێبەجێ دەكەم كە حزبەكان بڕیاری لەسەر دەدەن.» ئەمەش مانای ئەوەیە ئەوەی لای بارزانی گرنگە دەستپێكردنی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستانە وەك (پرۆسە)، نەك پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

ئەگەر سەرنج لە راگەیاندنی (دەستپێكردنی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان لە واشنتۆنەوە) بدەین كە سەرۆك بارزانی ئەم پرسەی بە ئامادەبوونی نوێنەرانی یەكێتی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان باسكردبوو، ئەوا راشكاوانە ئەوە دەخوێنینەوە كە مەبەستی بارزانی ئەوە بووە هەموو لایەنەكانی كوردستان خۆیان بە خاوەنی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان بزانن و پرسەكە لەوە بچێتە دەرەوە كە ئەمە پرۆسەی سەرۆك بارزانی، یان پرۆسەی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەڵكو ئەمە پرۆسەیەكی كوردستانییەو دەبێت هەموو لایەنەكان هەر یەك بە قەبارەی خۆی شان بداتەبەری بۆ ئەوەی پرۆسەكە سەركەوتوو بێت.
شاندی كوردستان بە سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی، بەو نییەت و ئامانجە گەڕانەوە كوردستان، كە ئاكامی ئەم سەردانە مێژووییە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان باس بكەن. ئەوە بوو لە رۆژی 18ی ئایاری 2015 هەموو حزبەكان پێكەوە رێككەوتن كە ژوورێكی عەمەلیات بۆ كاركردن لەسەر پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان دروست بكەن، هەروەها چەند سەرچاوەی باوەڕپێكراو بە گوڵان-یان راگەیاندووە كە نییەتی بارزانی دوای سەردانەكە، ئەوە بووە كە بۆ زیاتر پاراستنی یەكڕیزی نێوماڵی كوردستان، كۆبوونەوەی حزبە سیاسییەكان بۆ دەست بەكاربوون لە ژووری عەمەلیات بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان بباتە مەكۆی سەرەكیی بزووتنەوەی گۆڕان و شەخسی نەوشیروان مستەفا رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان رۆڵێكی كاریگەر لەو ژوورەدا بۆ سەرخستنی پرۆسەی سەربەخۆی كوردستان بگێڕێت، بەڵام بەداخەوە بە پێچەوانەی ئەو نییەتە پاك و نیشتمانییەی سەرۆك بارزانی، نەوشیروان مستەفا پیلانی بۆ پەكخستنی ئەم پرۆسەیە داڕشت و كوردستانی گێڕایەوە بۆ ناو گێژاوی ئاژاوە و ململانێی ناتەندروستی حزبایەتی.

لە نێوان 18ی ئایار و 23ی حوەزیران و 19ی ئابی 2015دا وەرچەرخانێكی دراماتیكی ترسناك
لە 18ی ئایاری 2015، هەموو خەڵكی كوردستان چاوەرێی ئەوەبوون، ژووری عەمەلیات بۆ سەرخستنی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان چۆن دەست بەكار دەبێت و حزبەكان چۆن هەموویان پێكەوە بەرنامە بۆ ئەم پرۆسەیە دادەڕێژن، بەڵام مخابن پیلانی نەوشیروان مستەفا ئەوە بوو، چۆن رێگری لەوە بكات ئەم ژووری عەمەلیاتە دەست بەكاربێت و پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان شكست پێبهێنێت.
ئەوەی لێرەدا گرنگە بۆ مێژوو بگوترێت، ئەوەیە كە هەتا دوای رۆژی 18ی ئایاری 2005، هیچ لایەنێكی سیاسی پڕۆژەی نەبووە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، تەنانەت پارتی دیموكراتی كوردستانیش، هەرگیز لەو قەناعەتەدا نەبوو كە لەكاتێكی ئاوا هەستیار و مێژووییدا، لایەنێكی سیاسی پیلانێكی بەوجۆرە بۆ تێكدانی پرۆسەی سەربەخۆیی و سووتاندنی كوردستان دابڕێژێت، بۆیە ئەگەر سەرنج لە رۆژەكانی نێوان 18ی ئایار و 23ی حوزەیرانی 2015 بدەین و بە تۆماری كۆنگرە رۆژنامەوانییەكانی شاندی پارتی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكاندا بچینەوە، ئەوا نییەتپاكیی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرامبەر هەموو لایەنە سیاسییەكان بەگشتی و بزووتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی گەیشتبووە ئەو ئاستەی راشكاوانە جەختیان لەوە دەكردەوە كە دەبێت هەموو لایەك پێكەوە سوود لە ئەزموونی یەكتری وەربگرین و ئەو قۆناخە هەستیارو ناسكە لە مێژووی نەتەوەكەمان بە سەركەوتوویی تێپەڕێنین. بۆیە لە دیدی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پرسەكان بەوجۆرە دەخوێندرانەوە، مادام بە یەكگرتوویی و یەكڕیزی گەلی كوردستان توانی لەبەرامبەر دەوڵەتێكی تیرۆریستی دڕندەی وەك داعش رابوەستێت و سەركەوتنی گەورە تۆمار بكات و سەرنجی هەموو جیهان رابكێشت و ئەم یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییەش بۆتە هەوێنی دەستپێكردنی پرۆسەی سەربەخۆیی، ئەوا پرسی تێڕوانینی جیاواز بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، یان هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، مەسەلەیەكی هێندە گەورە نییە حزبەكان نەتوانن لەسەری رێكبكەون، هەروەها لەدیدی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بەوجۆرە سەیری ئەم پرسە دەكرا، هەتا ئەگەر تێڕوانینی جیاوازی حزبەكان لەسەر ئەم پرسە لە چوارچێوەی كۆبوونەوەی نێوان حزبەكانیشدا نەگەنە رێككەوتن، ئەوا هاوكات پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی بۆ نووسینەوەی دەستووری كوردستان پێكهێناوەو دەكرێت ئەم پرسە لەناو نووسینەوەی پڕۆژەی دەستووری كوردستان چارەسەر بكرێت، پاشانیش گەلی كوردستان كە دەنگ لەسەر پڕۆژەی دەستوورەكە دەدات، ئەوا كێشەكە چارەسەر دەكرێت.

بەڵام دیسان بەداخەوە، شەخسی نەوشیروان مستەفا كە سەرپەرشتی ئەو پیلانە ترسناكەی دەكرد، هەوڵیدا بە رێگەی زۆرینەی پەرلەمانی هەموو پرسەكانی كوردستان بهێنێتەوە خاڵی سفر، ئەمانە هەموو لەكاتیكدا بوون كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەرامبەر ئەو پیلانە ترسناكە خافڵگیربوو، نییەتپاكیی پارتی بەوجۆرە بوو بەرامبەر شەخسی نەوشیروان مستەفا، كە ئەو رۆڵی سەرەكی لە پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستاندا بگێرێت، بەڵام لەبەرامبەردا پیلانی رق و كینەی نەوشیروان مستەفا گەیشتبووە ئەوەی كودەتا بەسەر پارتی و كوردستاندا بكات، لەمەش زیاتر شێوازی مامەڵەی نەوشیروان مستەفا بە ئاشكرا لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بەجۆرێك بوو، بە نهێنیش بۆ دروستكردنی زۆرینەی پەرلەمانی و ئەنجامدانی كودەتاكەی بە جۆرێكی دیكە بوو، بۆیە لەم ژینگە ناڕۆشنەی نەوشیروان دروستی كردبوو، پارتی لەوە بێ ئاگابوو كە كودەتایەك بەڕێوەیە، بۆیە لە رۆژی 23ی حوزەیران نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنی پەرلەمان دروست بوو، كە خوێندنەوەی یەكەم بۆ یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كرا، ئیدی دەستەكانی پشتەوەی ئەو كودەتایە ئاشكرابوون، راستە هەندێك ئەندام پەرلەمانتاری لایەنەكانی دیكە ئەوانیش خافڵگیرانە ئامادەی كۆبوونەوەكەی 23ی حوزەیران بوون، بەڵام دواتر بۆ ئەو لایەنانەش روون بووەوە كە پرسەكە بریتیی نییە لە هەمواركردنەوەی یاسایەك، بەڵكو ئەمە كودەتایەكە بۆ لەباربردنی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان و دروستكردنی فیتنەو ئاژاوەیەكی گەورە لە كوردستاندا.

لەدوای 23ی حوزەیران كە لای نەوشیروان مستەفا بەشی یەكەمی پیلانەكەی بەسەركەوتوویی جێبەجێ كرابوو، غروورییەكی شێتانەی ئەوتۆ دروست بوو كە بێجگە لە بەتۆمەت بەشینەوە و پەرەپێدانی كەلتووری جنێودان و یەكتری سڕینەوە، گوێی لە هیچ شتێكی دیكە نەدەگرت، بەڵام لەبەرامبەردا لەدوای ئەو بەروارەوە هەتا 19ی ئابی 2015، لایەنە سیاسییەكان و هاوپەیمانان و نەتەوە یەكگرتووەكان زیاتر لەمەترسی ئەم پیلانە تێدەگەیشتن، هەربۆیە لەكاتێكدا نەوشیروان سەرمەستی ئەوە بوو بەشێكی پیلانەكەی بەسەركەوتوویی جێبەجێكراوە، بەڵام لەوە بێ ئاگا بوو كە بەشی دووەمی پیلانەكەی كە تەواوكردنی كودەتاكەیەتی بەتەواوەتی لای هاوپەیمانان و نەتەوە یەكگرتووەكان و بەشێكی حزبە سیاسییەكانی كوردستان ئاشكرابووە، بۆیە دیسان بەهەمان ریتم و رەفتاری پێش 23ی حوزەیران بە دوو شێوە كاری لەسەر پیلانەكەی دەكرد، لەسەر ئاستی قسەكردن لەگەڵ حزبەكان بەو شیوەیە قسەی دەكرد كە ئەم پرسە بە دیالۆگ چارەسەر دەكرێت، بە نهێنیش كاری بۆ ئەوە دەكرد، چۆن رۆژی 23ی حوزەیران بە زۆرینەی پەرلەمان بەشی یەكەمی پیلانەكەی جێبەجێ كرد، لە 19ی ئابیش بەشەكەی دیكەی جێبەجێ بكات، بەڵام بە یەك دوو رۆژ پێش 19ی ئاب، ئەمریكا و بەریتانیاو نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان بەهەموو قورسایی خۆیان هاتنە ناو پرۆسەكەو هەوڵیاندا هاوكاری لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی رێگە لەوە بگرن فیتنەو ئاژاوە لەكوردستان دروست بێت، بۆ ئەمەش بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان و بەریتانیا هەر پێنج لایەنە سیاسییەكە بۆ ماوەی 19 كاتژمێر كۆبوونەوەیان كرد بۆ ئەوەی رۆژی 19ی ئاب پەرلەمان ئەو كۆبوونەوەیە دوابخات، بەڵام نەوشیروان مستەفا غروورییەكەی گەیشتبووە ئەو ئاستەی ئەو فرسەتەی بۆ هاتۆتەپێشەوە لەدەستی نەدات و كودەتاكەی بەسەر پارتیدا تەواو بكات، هەربۆیە كاتێك لە رۆژی 19ی ئاب یوسف محەمەد كە پێداگیری كرد لەسەر ئەوەی هەر دەبێت پەرلەمان كۆبوونەوەی خۆی بكات، ئەوە بوو نیسابی یاسایی تەواو نەبوو، بەمەش بەشی دووەمی پیلانەكەی نەوشیروان مستەفا شكستی هێنا و كوردستان پێی نایە قۆناغێكی دیكەوە.

قۆناخی راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و هەوڵەكانی نەوشیروان مستەفا بۆ سووتاندنی كوردستان
دوای ئەوەی لە 19ی ئابی 2015 یوسف محەمەدی هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر راسپاردەی نەوشیروان مستەفا پرۆسەی رێككەوتنی هەموو لایەنە سیاسییەكانی (بە شاهیدی بەریتانیا و ئەمریكا و نەتەوەیەكگرتووەكان) لە ژێرپێ نا، ئیدی پەرلەمانی كوردستان بووە لاشەیەكی بێگیان، ئەمەش بەو مانایەی چیتر پەرلەمانی كورستان نەیدەتوانی لەسەر هیچ پرسێك كۆبوونەوە بكات، یان بتوانێت هیچ كێشەیەك چارەسەر بكات.
پارتی دیموكراتی كوردستان دوای 19ی ئابی 2015 و ئەو شكستە گەورەیەی بەسەر پیلانەكەی نەوشیروان مستەفا هات، وەك لایەنێكی دۆڕاو لە پرۆسە سیاسییەكەدا مامەڵەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان نەكرد، بەڵكو جارێكی دیكە ئامادەباشی و نییەتپاكیی خۆی پیشاندا بۆ ئەوەی هەر پێنج لایەنە سیاسییەكە لەدەرەوەی پەرلەمان بگەنە سازانی نیشتمانی و پاشان لەسەر بنەمای سازانی نیشتمانی ئەو پەرلەمانەی پیلانەكەی نەوشیروان مستەفا بێگیانی كرد، جارێكی دیكە گیانی بكرێتەوە بەبەردا و پەرلەمان بكرێتە سەكۆی كۆكردنەوەی جیاوازییەكان و یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی نێوماڵی كوردستان، بەڵام ئەمجارەش دیسان بەداخەوە لەبری ئەوەی نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەی گۆڕان چاوێك بەخۆیاندا بخشێننەوە و ببنە هاندەر بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی نێوان حزبەكان بەردەوام بێت و پرۆسەی سیاسی بە تەواوەتی لەبار نەبرێت، كەچی لەو كاتەی لەناو شاری سلێمانی حزبەكان لە كۆبوونەوەدا بوون، بزووتنەوەی گۆڕان كۆمەڵێك هەرزەكار و مێرمنداڵی ناردە سەر ئەو ئۆتێلەی كۆبوونەوەكانی تێدا بەڕێوەچوو، ئەمەش بەو نیازەی لە ژێر هەڕەشەو گوشاری هەڵكوتانە سەر شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان، تا شاندەكە ناچار بێت تەسلیمی ئیرادەی خۆسەپێنی بزووتنەوەی گۆڕان ببێت، بەمەش كۆتایی بە كۆبوونەوەكانی پێنج لایەنە سیاسییەكە هات و نەوشیروان ئەمجارەیان خۆی لەگەڵ ئاژاوەو فیتنە و هەڵكوتانە سەر بارەگاكانی پارتی تاقیكردەوە، بەڵام ئەنجامی ئەمەش بە كردنە دەرەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە پرۆسە سیاسییەكە كۆتایی هات، لەمەش زیاتر بزووتنەوەی گۆڕان بە تەنیا مایەوە و هیچ حزبێكی سیاسی هەڵوێستی لەگەڵ وەرنەگرت، بەتایبەتیش كە نەوشیروان، عەلی باپیری بە نزیكترین هاوپەیمانی خۆی دەزانی و وای دانابوو ئەگەر هیچ لایەنێك دوای كردنەدەرەوەی گۆڕان لە پرۆسە سیاسییەكە نەكشێتەوە، ئەوا لانیكەم كۆمەڵی ئیسلامی دەكشێتەوە، بەڵام عەلی باپیر و كۆمەڵیش دوای نەوشیروان و گۆڕان نەكەوتن، بۆیە ئەمجارەیان بەتەواوەتی نەوشیروان مستەفا هەستی كرد كە لەناو ئەو گەمە سیاسییە دۆڕاوە، بەڵام ئەمجارەش لەبری ئەوەی بێتە سەر تەلەفزیۆن و دان بە شكستی خۆیدا بنێت، بە ناوی نەخۆشییەوە رووی كردە بەریتانیا و ماوەی زیاتر لە حەوت مانگ لەوێ مایەوە، پاشان لە 28ی نیسانی 2016 گەڕایەوە، ئەمجارەیان بەو نیازە گەڕایەوە كە گۆڕانكاری بەسەر هاوكێشەی هێز لە كوردستان بهێنێت و باری خواری خۆی راست بكاتەوە، بەڵام نەك هەر خۆی پێ راست نەكرایەوە، بگرە وەك هەڵسووڕاوەكانی خۆی لە پەیجی تایبەتی خۆیان بڵاوی دەكەنەوە، دوای ئەوەی ئەم جارەش شكستی هێنا، دەبوو نەوشیروان مستەفا هێندە بوێری تێدا بوایە كە دانی بەشكستی خۆیدا بنایە و كۆتایی بە ژیانی سیاسیی خۆی بهێنایە.

دانانی سنوور بۆ گۆڕان و نەوشیروان مستەفا نەمانی فیتنە و ئاژاوەگێڕی لە كورستاندا

دوو رۆژی دیكە ساڵێكی تەواو بەسەر 12ی ئۆكتۆبەری 2015 تێدەپەڕێت، ئەو رۆژەی پارتی دیموكراتی كوردستان ناچار بوو بڕیاربدا، رێككەوتنی خۆی لەگەڵ گۆڕان هەڵبوەشێنێتەوە و وەزیرەكانی بنرێتەوە بۆ ماڵەوە، ئەم بڕیارە كە پارتی بە بڕیارێكی خراپ و ناچاری دەزانێت، دروست وەك نەشتەرگەرییەكی قورس وایە كە پێت خۆش نییە نەشتەرگەرییەكە بكەیت، بەڵام ئەگەر ئەو نەشتەرگەرییە نەكرێت، ژیانی كەسەكە دەكەوێتە مەترسییەوە، بۆیە ئەگەر پارتیش ئەو بڕیارەی نەدابایە، ئەوا سەقامگیریی كوردستان دەكەوتە مەترسییەوە تا ئەو ئاستەی كە لەوانە بوو كوردستان بوونی نەمێنێت. بەڵام ئەوەی كە ئەزموونی ئەم ساڵە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستانی روون كردەوە، ئەوە بووە كە كاتێك ئەقڵییەتی نەوشیروان مستەفا لەناو پرۆسەی سیاسی بوونی نەبێت، ئەوا رەفتاری ئاژاوەگێڕی و فیتنە و قسەی سووك و جنێودان و ناوچەگەری لەناو پرۆسەی سیاسی كوردستاندا جێگەی نابێتەوە، لەمەش زیاتر ئەو كەلتووری یەكتری سڕینەوە و ناوچەگەرییەشی ئەقڵییەتی نەوشیروان مستەفا لەناو ژینگەی سیاسیی كوردستان دروستی كردووە، ئەوا بەدووركەوتنەوەی ئەو ئەقڵیەتە وردە وردە كاڵ دەبێتەوەو بەرەو نەمان دەچێت.

هەر بۆ نموونە ساڵێك لەمەوپێش، كۆمەڵێك هەرزەكار و مێرمناڵ كە بە ئەقڵی شەڕانگێزی نەوشیروان مستەفا جۆشدرابوون و فێركرابوون بەرامبەر بسڕنەوە، وەك لە ڤیدیۆی هەڵكوتانەكانی سەر بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناوچەكانی سلێمانی و راپەڕین و گەرمیان و سەیدسادق بە ئاشكرا دەیانبینین، زۆر بێباكانە شانازی بەوە دەكەن كە ئاگر لە بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەدەن و دەیانەوێت كادر و ئەندامانی پارتی لەناوچە و لقەكاندا بسووتێنن، لەمەش سەیرتر كە لەو ڤیدیۆیانەدا بەرچاو دەكەون، بە چەپڵەڕێزان و هوتاف كێشان ئاڵای پارتی و وێنەكانی سەرۆك بارزانی دەستووتێنن، بەڵام لەماوەی ساڵی رابردوودا كە ئەقڵی شەڕانگێزی نەوشیروان شكستی هێنا و سنوورێك بۆ ئەو ئەقڵییەتە دانراوە، ئەوا وەك لە خۆپیشاندانەكانی 27ی ئەیلوولی 2016 بینیمان، تا رادەیەكی زۆر رەفتاری تێكدەرانەو ئاژاوەگێڕانە كەم بۆتەوە، دیارە لە خۆپیشاندانەكانی ئەمساڵیشدا، هەوڵێك هەبوو لە هەمان سەرچاوەی ساڵی پارەوە بۆ ئەوەی ئاراستەی ئاشتیخوازانەی خۆپیشاندانەكان بگۆڕن بۆ ئاژاوە و توندوتیژی، بەڵام لەبەر ئەوەی خەڵك ئەو پیلانەی بۆ ئاشكرا ببوو، ئەوا ئەمساڵ رێگەیان نەدا، هەمان ئاژاوەگێڕی و فیتنەی ساڵی پار دووبارە ببێتەوە.

ساڵێك پێش ئێستا ژینگەی سیاسیی سلێمانی بە ئەقڵییەتی ناوچەگەرایی نەوشیروان مستەفا بەجۆرێك جۆش درابوو، كە هەڵسووڕاوەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بە ئاشكرا دژایەتی سەربەخۆیی كوردستانیان دەكردو زۆر بێباكانە باسی جیاكردنەوەی سلێمانییان لەكوردستان دەكردو بانگەشەیان بۆ دوو ئیدارەیی دەكرد، بەڵام ئەمساڵ لەگەڵ ئەوەی هەندێك لە هەڵسووڕاوانی ئەو بزووتنەوەیە بەهەمان شێوەی ساڵی پار قسە دەكەن، بەڵام خەڵك وەك پار گوێیان لێ ناگرێت و ئەوانیش لەوە تێگەیشتوون كە چیتر دەفیان دەنگی نایەت، بۆیە وردە وردە خەریكە ئەوانیش دەپووكێنەوە. بەڵام هەموو ئەمانە مانای ئەوە نین كە نەوشیروان مستەفا بە خۆیدا دەچێتەوەو هەڵەكانی راست دەكاتەوە؟ هەر بۆ نموونە ئەگەر سەیری مێژووی 50 ساڵی رابردووی ئەم كەسایەتییە بكەین كە چەندین جاری دیكەش لەمیانەی پرۆسەی سیاسیدا تێكشكاوە، بەڵام هیچ جارێك دانی بە هەڵەی خۆیدا نەناوەو هەوڵی نەداوە هەڵەكانی خۆی راست بكاتەوە، بەڵكو هەموو جارێك هەوڵیداوە ئاژاوەیەك دروست بكات بۆ ئەوەی شكستەكەی پێشتری پێ بشارێتەوە.

ساڵی پار نەوشیروان مستەفا زۆر باش دەیزانی لە پرۆسە سیاسییەكە شكستی هێناو كودەتاكەی سەری نەگرت، بەڵام دوای 7مانگ رۆیشتنی بۆ بەریتانیا كە گەڕایەوە سیناریۆیەكی دیكەی ئامادەكردبوو، گوایە ئەمجارە دەتوانێت هاوكێشەی هێز لە كوردستاندا بگۆڕێت و كودەتایەكی دیكە بەسەر پارتیدا بكات، ئەویش لەمیانەی رێككەوتنی نێوان یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان و پێكهێنانی سەركردایەتی هاوبەش، بەڵام ئەم رێككەوتنە تەنیا یەك دوو مانگی خایاندو لایەنە سیاسییەكان تێگەیشتن، ئەمەش پیلانێكی دیكەیە، بۆیە دوای ئەوەی بە كەباب خواردنێك سیمای پیلانەكەی ئاشكرا كرد، باڵی ناوەندی بڕیار لەناو یەكێتی جیابوونەوەی خۆی راگەیاند، بەمەش دەركەوت كە ئامانجی نەوشیروان مستەفا نەك هەر یەكریزیی نێوماڵی كوردستان و نێوان لایەنە سیاسییەكان نییە، بەڵكو ئامانجی ئەوەل و ئەخیری ئەم پیاوە تێكدان و ئاژاوەیە، هەروەك چۆن یەكێتی نیوماڵی یەكێتی نیشتمانی-یشی بە گۆڕینی ناوی كاندیدی پۆستی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تێكدا و سەرەنجامیش باڵی ناوەندی بڕیار جیابوونەوەی خۆی راگەیاند، خۆ ئەگەر بەتەنیا سەیری ئەو ناوە بكەین كە باڵی ناوەندی بڕیار بۆ خۆی دەستنیشانی كردووە، ئەمە زۆر ئاشكرا دیارە كە نەوشیروان مستەفا بۆتە هۆكاری ئەوەی ناوەندی بڕیار لەناو یەكێتی بوونی نەبێت و مەبەستی لە رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی ئەوە بووە كە هەموو یەكێتی و گۆڕان بریتی بێت لەیەك كەس و یەك بڕیار، كە ئەویش قسە و بڕیاری خۆی بێت.

ئەم جۆرە ئەقڵییەتە كۆنە كە لەشەستەكانی سەدەی رابردوو لە پرۆسەی سیاسی شكستی هێناوە، چیدیكە لەناو پرۆسەی سیاسی جێگەی نابێتەوە و ناشتوانێت لەگەڵ واقیعێكدا خۆی بگونجێنێت.
وەرچەرخانی هێز بۆ بەرژەوەندی سەربەخۆیی و ئایندەی پرۆسەی سیاسی لە كوردستاندا
ئەوەی ساڵێك پێش ئێستا نەوشیروان مستەفا مەبەستی بوو و بۆی نەهاتەدی، شكست پێهێنانی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان بوو. ئەوەی نەوشیروان پیلانی بۆ دانابوو، ئەوە بوو بزووتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی جەماوەری و یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك هێزێكی خاوەن پێشمەرگە و پارە دەتوانن یەكبگرن و هاوسەنگیی هێز بەرامبەر پارتی بگۆڕن، ئێستا فەرماندەی یەكەكانی 70 و 80 و وەزارەتی پێشمەرگە هەموویان پێكەوە لەژێر فەرماندەیی گشتی هێزەچەكدارەكانی كوردستان، پرۆسەی سەربەخۆیی بەرەو كەناری ئارام دەبەن.

لە ئێستادا تەنیا لایەنێك كە وەك تاكتیك خۆی گرێداوەتەوە بە سیاسەتەكانی نەوشیروان و دەیەوێت ئەوەی بە خۆی ناكرێت لە رێگەی گۆڕان و نەوشیروانەوە ئەنجامی بدات، عەلی باپیر و بەشێك لە كۆمەڵی ئیسلامی-یە، ئامانجی ئەم هاوپەیمانییە تاكتیكییەی عەلی باپیر لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، تەنیا رەهەندێ لەخۆی دەگرێت و ئەویش لە دژایەتی سەربەخۆیی كوردستاندا یەكدەگرنەوە، ئەم ئامانجەش هیچكام لە عەلی باپیر و نەوشیروان مستەفا نەیانشاردۆتەوە، دیارە لەم قۆناخەدا ئەگەر نەوشیروان مستەفا لەوپەڕی شكستی سیاسیدا نەبوایە، ئەوا رێككەوتنی تاكتیكی ئاشكرای لەگەڵ هیچ لایەكدا نەدەكرد، ئەوجا ئەگەر ئەو لایەنە عەلی باپیر و كۆمەڵی ئیسلامی-یش بێت.

دیارە عەلی باپیر و بەشێكی كۆمەڵی ئیسلامی دەزانن، كە هیچ ئایندەیەكی گەش لەناو پرۆسەی سیاسی كوردستاندا چاوەڕێی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا ناكات، تەنیا ئایندەیەك كە چاوەڕێی بكات، ئەوەیە كە گۆڕان لەگەڵ باڵی زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی یەكبگرێتەوە و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، لەم حاڵەتەشدا كە عەلی باپیر هەمان رێگەچارەی نەوشیروان مستەفای لەبەردەمدا نییە كە پەنای بۆ بەرێت، ئەوا بەشێوەیەكی تاكتیكی خۆی بە نەوشیروانەوە گرێداوە، بەڵام لەم لاشەوە هەر بەشێوەیەكی تاكتیكی خۆی بە پرۆسەی سیاسیی كوردستانەوە گرێداوە، راشكاوانەتر نە دەتوانێت بڕیار بدات خۆی لەپەرلەمان و حكومەت و پرۆسەی سیاسی بكشێنێتەوە، نە دەشتوانێت وەك لایەنێكی سیاسیی سەربەخۆ بریار بدات خۆی بكاتەوە بە بەشێك لە پرۆسە سیاسییەكە. ئەم سیاسەتە تاكتیكییەی عەلی باپیریش لەگەڵ ئەوەی بۆ ژینگەی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كوردستان جۆرێك لە نیگەرانی دروستكردووە، بەڵام ئەگەر خۆی بەلایەكدا ساخ نەكاتەوە، ئەوا سەرەنجام دەبێت وەك بزووتنەوەی گۆڕانەكەی نەوشیروان مستەفا بیر لە خۆهەڵوەشاندنەوە، یان خۆ تێكەڵكردنەوە لەگەڵ حزبێكی دیكە بكات، بەڵام ئەم ئەگەر و رێگەچارەیە ئەگەر بۆ گۆڕان و نەوشیروان مستەفا رێگەچارەیەكی لەبار بێت، لەسەر ئەو بنەمایەی یەكێتی و گۆڕان وەك سەعدی ئەحمەد پیرەی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت هەر یەك حزب بوون، ئێستاش دەبنەوە بەیەك حزب، بەڵام بۆ عەلی باپیر و كۆمەڵ نە لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی و نە لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی هەمان بنەما نییە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی بەرنامەیەكی لەو شێوەیە هەبوو كە بزووتنەوە و كۆمەڵ و یەكگرتوو بە یەك لیست وەك لیستی ئیسلامی بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن.

بچووك بوونەوەی بازنەی ئەقڵییەتی شەڕانگێزی نەوشیروان مستەفا و عەلی باپیر، بۆ هەردووكیان و بەشێك لە گۆڕان و بەشێك لە كۆمەڵی ئیسلامی، ئەمە مانای ئەوەیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیشدا، جۆرێك لە بۆچوونی جیاواز بەرامبەر بۆچوونەكانی نەوشیروان مستەفا و عەلی باپیر دروست بوون و هەستێك هەیە و پەی بەوە بردووە كە شوێنكەوتنی كوێرانە كارەساتی گەورە بەسەر ئایندەی ئەو دوو حزبەدا دەهێنێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك حزبی سەرەكی لە كوردستان و بڕوابوونی بە فرەلایەنی و پێكەوەژیان و كۆبوونەوەی هەموو هێزە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستان لەسەر پرۆسەی سەربەخۆیی و هەوڵدان بۆ ئایندەیەكی گەش لە كوردستاندا، هەمووكات ئامادەی ئەوە بووە لەگەڵ هەر لایەنێكی سیاسی لاپەرەی تازە هەڵبداتەوەو ئاژاوەو ناسەقامگیری كۆتایی پێ بهێنێت، بۆیە هەر لەم روانگەیەوە لەگەڵ ئەوەی بەرهەمی سیاسەتە راستەكانی پارتی لەماوەی ساڵی رابردوو توانی لەبارودۆخێكی ناسك و هەستیاردا و بە هاوكاری حزب و لایەنە سیاسییەكانی دیكە كۆنتڕۆڵی ئەو بارودۆخە ناهەموارە بكات و سەقامگیری كوردستان بپارێزت، لە ئێستاشدا كە بەرەو گۆڕانكاری گەورە هەنگاو هەڵدەگرین و كوردستان لەدوا قۆناخەكانی سەربەخۆیی نزیك دەبێتەوە، كاتی ئەوەیە هەموو لایەك پەند لە هەڵەكانی رابردوو وەربگرن و هەموو لایەك بە گیانی یەكتری قبوڵكردنەوە لاپەڕەیەكی تازە بكەنەوە و بەرەو ئایندەیەكی گەش پێكەوە هەنگاو هەڵبگرن.
Top